کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نە قەندیل هەموو کوردستانە، نە هەموو کوردستانیش قەندیلە

Tuesday, 25/10/2011, 12:00


ئۆجەلان دەڵێت:
(ئەگەر بارزانی نیشتمانپەروەرە کاری بە پاراستنی ئاسایشی تورکیاوە چییە؟ پاسەوانی بۆ تورک لە لایەن بارزانیییەوە، مانای دوژمنایەتییکردنی کوردە، بۆیە ئێمەش دوژمنین بە بارزانی). ڕۆژنامەی ئەلحەیات: ژمارە: 11960 لاپەڕە: (7): (20 / 11/ 1995).
******************
 بە پێوە بمرم مەردانەترە لەوەی، هەموو ژیانم لەسەر ئەژنۆ بڕۆم.
***********************
شەڕ دژی بنەماڵەی بارزانی، نەک تەنها شەڕێکی پیرۆزە، بەڵکو ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانییشە.
******************
ئاشکرایە ئەزمونی پارتی کرێکارانی کوردستان چ لە ڕووی مێژووییەوە، یان لە ئاستی خەباتیی سیاسیی و چەکدارییان،  لە هەموو پارتەکانی دیکەی سەرجەم کوردستان جیاوازه‌، ئەو جیاوازییەشە، هاوسۆزیەکی لە ناو جەماوەری کورددا دروست کردووە. ئێمە لێرەدا هێندەی مەبەستمانە ده‌مانه‌وێت لەو جۆرە پەیوەندییە شاراوه‌یه‌ بگەین (ئه‌گه‌ر هه‌یه‌)، که‌ لە نێوان بنەماڵەی بارزانی و پەکەکه‌ هه‌یه‌، ئێمه‌  قسەمان لە سەر شێوازیی خەبات و ئامانجەکانی هیچ لایەکیان نییە، کە لە پاش بە دیلکردنی ئۆجەلان هاتۆتە دی.
ئەدەبیاتی سیاسیی و دیدی پەکەکە لەسەرەتای دروست بوونییەوە تا ئەو چاوپێکەوتنەی ئۆجەلان لە گەڵ ڕۆژنامەی ئەلحەیاتی لەندەنی، هەمیشە  سیاسه‌تیان بەو ئاڕاستەیەدا بووە، کە دژ بە عەشرەتگه‌ریی و خیانەتی بنەماڵەی بارزانی بووه‌، بەڵام لەم چەند ساڵەی دوایەوە، هه‌ست ده‌که‌ین نزیک بوونەوەی ئەو بنەماڵەیه‌ لە پەکەکە، تا ئەو ئاستەی لە حەڤدەی شوباتیشدا په‌که‌که‌ نەیتوانی پشتگیریی لە شەقامی کوردی باشوور بکات، ئەو شەقامەی، که‌ هەمیشە هاوسۆز و هاو خەمی کوردانی باکوور، بەگشتیی و پەکەکە بە تایبەتی بوون، بۆ نمونه‌ گەنجێکی کورد وه‌ک (شەهید سیروان) تیایدا خۆی فیدای ئۆجەلان کرد و ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، کەچی ئێمە پێچەوانەی هاوسۆزیمان لە پەکەکە بینی.

ئەگەر مه‌به‌ست له‌و سیاسه‌ته‌ مانه‌وه‌یان بێت له‌ چیای قه‌ندیل، یان  خەبات تەنیا چیا بێت، ئەوا لە کوردستاندا زاگرۆس و ئاگریی داخ و جودیش چیان، ئێمە قەندیلمان بەو کچ و کوڕە ئازایانەوە بەلاوە پیرۆزە، کە بەرگریی لە سەنگەرە نەبەزیوەکانیان دەکەن، بەڵام دۆزی کوردی بە تەنیا لە قەندیلدا نییە!  هەر شار و گوندێکی ئەم نیشتمانەی کورد، قەندیلێکە بۆ هەموو مرۆڤە ئازادییخوازەکانی کورد و مەیدانی خەباتە. ئازادکردنی سەری ڕەش و سەلاحەدین له‌ بنده‌ستی بنمه‌ماڵه‌ی بارزانی، وەک ناسۆرێک بە جەستەی کوردستانەوە، مۆڵگە و سیمبوڵی خیانەت و ڕیسواکردنی کوردە، بۆیە ئەرکی هەموومانە بە گەریلاکانی پەکەکەشەوە. ئەوە بکەنە ستراتیژی سیاسەتی خۆیان، کە ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی، ناچێتە خانەی جەنگی کورد لەگەڵ کورددا، بەڵکو شەڕ لەگەڵ ئەو بنەماڵەیەدا مانای شەڕکردنە لەگەڵ میت و جەندرمەی تورک، مانای ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ تانکەکانی 31ی ئاب، مانای تۆڵەکردنەوەی خوێنی شەهیدەکانی حەڤدەی شوباتە. ئەگەر گوللەیەکمان بەدەستەوە مابێت بۆ پارێزگاریی کردن لە ئاسایشی نەتەوەیی کوردیی، بە دڵنیایەوە دەڵێن بەر لە هەر کەس بارزانی شایەنی بەرکەوتنی ئەو گوللەیەیە، چونکە لە هەموو دوژمنێک، بنەماڵەی بارزانی مەترسیی و سامناکترە بۆ شەڕی ناوخۆی کورد.

ئازادیی و مێژوو:
بۆیە دەگووترێت، کە ئازادیی ئەبەدیە، چونکە دیالێکێکی نەبڕاوەی لەگەڵ مێژوودا هەیە. ئازادبوونی نەتەوەیەک ئەوەیە، ئەو میللەتە خاوەنی مێژوو بێت و لە هەمان کاتدا بابەتیش بین بۆ مێژووەکەمان.
ڕووداوەکانی جیهان و ناوچەکە گەلانی ناوچەکەی خستۆتە بەردەم ئەزمونێکی مێژوویی زیندووی وەهاوە، کە مرۆڤیی لە ژێرکاریگەریی مێژووەوە دەرهێناوە و رەوای ئەوەی پێدەداوه‌ ڕاستەوخۆ تاک بەتاکی کۆمەڵگەکان پەیوەست بکات بەخۆیەوە، کە بەشداربن لە داڕشتن و تۆمارکردنی مێژووەکەیدا.
لە پراکتییکدا، تیۆریەکەی ماکس فیبەری هێناوەتە دی، کە (سیاسەتکردن بریتی نییە لە ئیدارەکردن، بەڵکو بریتیە لە دژایەتی). دۆزینەوەی دژە بەرامبەرەکان و دیاریکردنی دوژمنی ناوخۆ، بریتییە لەو ئەرکە مێژووییەی دەکەوێتە سەرشانی هەر یەکێک له‌ ئێمه‌ی کورد. ئەوەی لە جیهانی عەرەبی و ناوچەکە و جیهاندا دەگوزەرێت، شەپۆلێک نییە، که‌ ئێمه‌ وابزانین پاش ماوەیەک دادەمرکێتەوە، وەک ئەو پێناسەیه‌ی دیکتاتۆرەکان خۆیانی پێ فریودەدەن، بەڵکو رێگاخۆشکردنە بۆ زەمینەی نەتەوەیی و نەخشەی ئازادیی گەلان، کە لەم ساتە مێژووە زیندووەی ئیستاماندا بەهاکانی ئازادیی و مرۆڤ بوون دەبەخشێتەوە بە کۆمەڵگا و بەتاکەکان. هەر وەک چۆن دەیان ساڵە سەرکردە عەرەبەکان، بۆ مانەوەی دەسەڵاتی رەهای خۆیان، ترسی دوژمنی دەرەکیان لە ناخی تاک بە تاکی هاوڵاتیی عەرەبدا دەچاند و مەملەکەتێک لە زیندان و تۆقاندنیان  بە ناوی مەترسی داگیرکەر و مەترسی ئیسرائیل، بەسەریاندا سەپاندبوو، بەردەوام هەموو میللەتیان سەرکوت و سەرکز کردبوو، ئاوا سەرکردە کوردەکانی ئێمه‌ش بە هەمان شێوە ترسی تورکیا، مەترسی ئێران و عێراقیان بەسەرماندا سەپاندووە. لێشمان ناگەڕێن تا خۆمان ئەو ترسە بڕەوێنینەوە، هه‌ر وەک لە کوشتنی جەندرمە تورکەکاندا دیمان ئیدانەی خەباتی شکاندنی ترسی کوردیان کرد، کە بە خۆیان جگە لە مۆڵگەکانی هەواڵگریی، ڕێگەیان داوە جەندرمەکانی تورکیا، هەزارانیان لە بنکەکانی ئامێدی و باتوفەدا، باشوری کوردستانیش داگیر بکه‌ن.

ترساندنی  میلله‌تێک، به‌وه‌ی به‌ دوژمنه‌که‌ی بڵێیت به‌ توانایه‌!
ئەگەر میللەتێک فێری ترس بکەیت، ناتوانێت مێژوو بیناسێتەوە، مێژوو حەقیقەتێک نییە لە ناو ترسدا بوونی هەبێت، بەڵکو ئەوە سیاسەتێکی ڕادیکال و دروستە، کە گەل دروست دەکات، ئیرادە دەبەخشێتە مرۆڤ و بەهاکانی ئازادیی و مێژووی پێ ڕەوا دەبینێت.
(ئەریک فرۆم) لە باسی ترس لە ئازادیی ئەمەی جوان شیکردۆتەوە، کاتێک دەڵێت:
 ملکەچی مرۆڤ بۆ ڕابەر و دەستەڵاتە ڕەهاکەی دیکتاتۆرەکان لەو کەشەوە دێتەدی، کە خەڵک چاوپۆشی لە ئازادییەکەی خۆی بکات لە پێناو ئەوەدا کە ئاسایش بەردەوام بێت. بەڕای ئێمە بڵاوکردنەوەی ترس لە نمونەی لیبیای قەزافی و سوریای ئەسەد و کوردستانی بنەماڵەی بارزانی، بە هەمان میتۆد و ئامانجی سێ کوچکەی (ئاسایش و گوێڕایەڵی و جەنگاوەریی) مانیفێستی فاشییەکانە، کە ئەمانە دەیسەپێنن بەسەر کۆمەڵگادا. خۆغافڵ کردنمان لە ئازادیی، تەنها بۆ ئەوەیە کە ملکەچی مۆراڵ و بەرژەوەندییەکانی بنەماڵەی بارزانیمان بکات، لەهەمانکاتدا لە پرۆسەی بەهاکانی مرۆڤ بونیشیدا غافڵ دەبین، چونکە مرۆڤایەتی پەیامێکە لە ناو مێژوودا، ئەو پەیامەش تەنیا بە رابواردن نایەتەدی وەک ئەو بنەماڵە و مۆدێلی حوکمڕانی ئیمارەتەکانی نەوتی دورگەی عەرەبی بانگەوازی بۆ دەکەن، بەڵکو پەیامی مرۆڤایەتییمان لە مێژوودا پرۆسەیەکە خود و جەوهەری خۆمانی تیادا بەدی دەهێنین.

ئێستا بە پێوە بمرم مەردانەترە لەوەی، کە هەموو ژیانم لە سەر ئەژنۆ بڕۆم
دکتۆر نۆرمان گاری فینکلشتاین، وەک جولەکەیەکی ئیسرائیلی، ئازادیی مرۆڤبوونەکەی خۆی، ئەو ئازاییەی پێبەخشیوە، کە راستییەک بڵێت، ئازایەتیی مرۆڤی ئازاد وەک پەندێک نیشان ده‌دات، کە لە بەر گرنگی ئەو وانانەی بۆ هەموو مرۆڤێکی ئازا و ئازاد پێویستە ئێمە بەشێک لەو قسانەی دەکەینەوە، کە لە دیدارێکیدا دەیڵێت:

(ئێوە خۆتان ئازادن دەتانەوێت کێ سەرکردەتان بێت، کێ بکەنە نوێنەری خۆتان، بەڵام پرەنسیپێکی سەرەکی هەیە، کە هەموو کەس دەبێت مافی بەرگریکردن و ڕووبەڕوبوونەوەی داگیرکەرانی نیشتمانەکەی خۆی هەبێت. ئەوە کەمترین مافێکە، مرۆڤ دەبێت هەیبێت. ڕژێمی ستالین و کۆمۆنیستەکانی سۆڤیەت باخچەیەکی پڕ گوڵزار نەبوون بۆ گەلانی ژێر دەستەڵاتی خۆیان، ڕژێمێکی دڕندە و بێ بەزەیی بوو، بە ملیۆنان مرۆڤیان تیرۆر کرد، بەڵام زۆربەمان پشتگیری بەرگرییەکەیمان دەکرد لە شکست هێنان بەرامبەر بە نیازیەکان. ئەوکاتەی نازییەکان زۆربەی ئەوروپایان داگیرکرد، سەرباری ئەوەی دەمانزانی سوپای سوور چەندە دڕندەیە، بەڵام لە دژی نازییەکان کۆمەکمان کردن. هێزەکانی بەرهەڵستکاربوون، کە مەدالیای بەرگری و شەرەفمەندانەمان کرد بە ئێخەیانەوە، ئۆپۆزیسیۆنە کۆمەنیستەکان شەرەفی ئەو مەدالیایان پێ بڕا بە هەموو دڵڕەقیەکیانەوە، چونکە بەرگرییان لە وڵاتەکەیان کرد. من ڕێز لە هەموو بەرگرییەکی ئازایانەی وەها دەگرم لە پێناو نیشتمان و نەتەوەدا، بە حیزبوڵای لوبنانیشەوە. ئەگەر دەتەوێت خۆت گێل بکەی لەوەی لە پێناو هەڵنەگیرسانی جەنگدا ئازادیی لە دەست بدەیت، ئەوە تۆ ئازادیت، بەڵام لە پێناو دۆخی داگیرکراوی هەر نیشتمانێکدا شەڕی بۆ بکەیت، یان تۆ داگیرکراویت، چەندە خۆتی لێ بەدوور بگریت. چەندە ئەو یارییە بە خۆت بکەیت، کە خۆ پاراستن لە جەنگی بەرگریی و ئازادبوونت هێندەی تر، تۆ ڕیسواتر و کۆیلەتر دەکات. ئەو کەس و دەسەڵاتەی کە تۆی داگیر کردووە، بە بەرگری نەکردن و بانگەشەی ئاشتی، تۆ ئازاد ناکات، ئەگەر تۆ وەها تێبگەیت، ئەوە تۆ خۆت فریو دەدەیت. لە جەنگی ناوخۆی ئیسپانیادا ژنێک هەبوو بە ناوی لاپاسیۆناریاوە گوتەیەکی بەناوبانگی هەیە، کە وتویەتی، هەر ئێستا بە پێوە بمرم مەردانەترە لەوەی، کە هەموو ژیانم لەسەر ئەژنۆ بڕۆم. من هەرگیز پێت ناڵێم تۆ دەبێت چۆن بژیت و چی بکەیت لە ژیانتدا، تۆ ئازادییت حەزبکەیت هەموو ژیانت کڕنۆش بە کڕنووشەوە لەسەر ئەژنۆت بڕۆیت، بەڵام ناشتوانم ڕێز لەو هەڵبژاردنەت بگرم، کە بتەوێت ملکەچانە بژیت، دەزانم مرۆڤ حەزی لە ژیانە، ناتوانم ئەو مافەت لێبستەنمەوە، کە نەژیت، بەڵام چۆن ڕێزێکی گەورەتر و نەوازشانەم بۆ ئەو کەسانە نەبێت، کە دەیانەوێت بە پێوە بمرن نەک ژیانێکی ملکەچانە؟ ناتوانم ڕێزی ئەوانە زیاتر نەگرم، کە هەڵوێستیان بۆ ئازادبوونیان هەیە، گەر بۆ ساتێک بێت و ژیانیشی لە پێناودا ببەخشن. من دەزانم هەر کەسێک چەکی بەرگری لە ئاست ستەمکار و داگیرکاراندا دابنێ، توشی شەڕ نابێت، ئەمە ڕاستییەکی بەڵگە نەویستە، بەڵام لە بەرانبەر ئەوەدا کە ئەو شەڕە روونەدات، مرۆڤی کۆیلە لە دایک دەبێت، ئەوەی کە لە سەرشانی منە ئەوەیە ڕێزیش لەو کۆیلانە بگرم، بەڵام ڕێزگرتنی من هیچ لە نرخی کۆیلەبوونیان کەمناکاتەوە. من باوەڕناکەم کەس هەبێت عەزی لە شەڕ و جەنگ بێت ، کێ هەیە ئارەزووی ماڵوێرانی هەبێت؟ تەنانەت هیتلەریش ئارەزووی جەنگی نەکردووە، ئەویش حەزی کردووە بە بێ جەنگ ئەوروپا داگیربکات.
بۆیە دەڵێم من ئەم قسانەی دەیکەم مەبەستم لەوە نییە بڵێم چێژی جەنگ دەکەم، بەڵام نایشارمەوە هیچ ڕێگایەکی تر لەبەردەم بەدیهێنانی ئازادیدا نییە، تەنها خەباتکردن نەبێت. بەداخەوە دەڵێم، کە ئەوە تەنیا کۆیلایەتییە، بێ کۆشش، بێ خەبات، بە بێ خوێنڕشتن دێتە دی، من تێناگەم چۆن مرۆڤێک دەتوانێت داوای ئازادیی بکات، کە کۆیلایەتی پێ باشتربێت؟ من ناتوانم ئافەرینی ئەو سەرکردە دۆڕاوانە بکەم، کە لە پێشوازیی داگیرکاریی نیشتمانەکەیاندا دەبنە قەرەقۆزێک و خەنی دەبن بە دیداری ئەوانەی دەستیان لە ماڵوێرانی و ڕیسواکردنی نەتەوەکەیاندا هەیە، فەرشی سور لە بەر پێیاندا بۆ ڕادەخەن! ئا لەو کاتانەدا ناتوانم هاوسۆزیی کارەساتە مێژوویەکانیان بم، ئا لەو عاڵەتەدا من ڕێزی داگیرکارەکە دەگرم، نەک سەرکردەیەکی سوک و ڕیسوا. ئایا دەزانن، بۆچی سەرکردەی جولەکە هەمیشە براوەن؟ چونکە سەرکردە سیاسییە جولەکەکانمان پێمان دەڵێن و دەیڵێنەوە: هیچ کاتێک کارەساتەکانتان لە یاد مەکەن، هیچ کاتێک لە ئاست تاوانە نەتەوەییەکاندا بەخشندە مەبن، ئەمە ئەو گرەوەیە، کە سەرکردەی سیاسیی جولەکە وای کردووە، بۆیە هەمیشە ئێمەی جولەکە دەیبەینەوە و منیش لەگەڵ ئەو بیرکردنەوەیەدام. من هەزارجار زیاتر ڕێزی ئەو جولەکەیە دەگرم، کە هەرگیز کارەساتەکانی لەیاد ناکات، هەرگیز لە تاوانە نەتەوەییەکاندا بەخشندە نییە، بەڵام ناتوانم بێز لەو سەرکردە عەرەبە دۆڕاوە نەکەمەوە، کە کاتێک دەبینێت ئیسرائیل و ئەمەریکا وڵاتەکەیان وێران و خاپور دەکات، کەچی لەپاش دێت و فەرشی سوور بۆ سەرکردە و رابەرانی ئەو ماڵوێرانییە ڕادەخات و ملی خۆی دەشکێنن بۆ بینین و دیدارێک. من باوەڕناکەم کەسێک گێل نەبێت ستایشی ئەو جۆرە سەرکردە ڕیسوایانە بکات. ئەگەر نەتەوەیەک لەو جۆرە سەرکردەیەی قبوڵ بێت، نابێت هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەبێت نەتەوەکانی دیکە ڕێزی لێبگرن. لە بیرتان بێت کاتێک نازییەکان بەشێکی زۆری ئەوروپایان داگیرکرد زۆرینەی ئەوروپییەکان ئەو کۆیلە بوونەیان قبوڵ کرد، ئەو کاتانەش، کە باس لە بەرهەڵستکارانی فەرەنسی دەکرا هێندە ژمارەیان کەم بوو، زۆرینەی خەڵکی گاڵتەیان پێی دەکرد، تەنانەت ژمارەیەکی کەم، لەسەدا بیستی فەرەنسییەکان ڕۆژنامە و هەواڵەکانی مقاوەمەی فەرەنسییان دەخوێندەوە، ڕەنگە لە سەدا دەی فەرەنسییەکان بڕیاری بەرگریان دابێت، چونکە ترسابوون، نازییەکان لە بەرانبەر کوشتنی هەر نازییەکدا چوارسەد هاوڵاتی فەرەنسیان دەکوشتەوە، ئەو کاتەش زۆرینەی فەرەنساییەکان دەیانگوت ئێمە دەمانەوێت بژین، بۆیە مقاوەمەیان ناکەین، بەڵام من ئەمڕۆ لە ئێوە دەپرسم: ئایا ئێوە ئێستا کامیانتان بەلاوە جێگەی ڕێزە؟ ئەو ڕێژە کەمەی مقاوەمەیان دەکرد و بۆ ئازادیی و خۆیان بەکوشت دەدا؟ یان ئەو زۆرینەیەی، کە دەیانگوت ئێمە مقاوەکە ناکەین و دەمانەوێت بژین؟)

دەستەڵات تەنیا بە دەستەڵات دەڕوخێت
ئەگەر زاڵبونی دەستەڵات بەسەر یاساکاندا دەردێک بێت، ئەوا دەرمانەکەی گەڕانەوەی سەروەریی یاسایە بەسەر دەستەڵاتدا.
ئەگەر کۆیلە بوون دەردێک بێت، دەرمانەکەی تەنیا گەڕاندنەوەی ئازادییە، بۆ رزگاربوون لە کۆیلایەتیی.
ئەگەر هێزی ستەمکار دەردێک بێت، گومانی نییە دەرمانەکەی تەنیا بەرگرییکردنە. ئەوە تەنیا دەستەڵاتە دەتوانێت ڕووبەڕوی دەستەڵات بێتەوە و بیروخێنێت.

 ئامانجی سیاسەت ئازادییه‌ و گەلانی ناوچەکە بڕیاریان داوە بەخۆیان دەستەڵات بگرنە دەست و ئامانجە سیاسییەکانیان دیاری بکەن، کە ئازادیی و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤبوونە. هەر کاتێک دەستەڵات نەتوانێت بە ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی خۆی هه‌ڵبستێت، ئیدی شایەنی درێژە پێدان و مانەوە نییە، نەخوازە ئەو دەستەڵاتە لە لایەن بنەماڵەیەکەوە بەڕیوەببرێت، که‌ بێ گوێدانە ڕای گشتی خەڵک، مافەکانییان زەوت بکات و بە ناوی ئەوانیشەوە قسە بکات و بڕیار بدەن، ئه‌مه‌ لە شێوەی کوردستاندا، کە بنەماڵەی بارزانی بەهەمان پرەنسیبی خێڵەکی خۆیان بەڕێوەی دەبەن.

گرنگترین ئەرکەکانی دەستەڵاتی سیاسیی، کە بریتیە لە:
1 - پارێزگاریی نیشتمانە، کە توانای بەرگریکردن لە خاک مەرجێکی سەرەکی بوونی دەسەڵاتی سیاسییە، کە دەسەڵاتی بنەماڵە لە کوردستاندا لە بری بەرگری بە ئاشکرا و بە بەرچاومانەوە مەسعود و نێچیرڤان بارزانی دەیکەنە قوربانی کوژرانی 25 ژەندرمەی تورک.
2 - پاراستنی یاسا و ئاسایشی نەتەوەییە، کە ئەوەی مانا و یاسایەک بێت لە کوردستاندا بوونی نییە، جگە لە یاسای خێڵ و سەردانە نایاسییەکانی نێچیرڤان بارزانی و حسابنەکردنیان بۆ حکومەتە کارتۆنییەکەی بەرهەم ساڵەح، بەڵگەی زاڵبونی بڕیارەکانی خێڵی بارزانە بەسەر یاسا و ئاسایشی نەتەوەیمانەوە.
3 - بەڕێوەبردنی سیستەمی سیاسییە، کە لە کوردستاندا سیستەمی سیاسییش، لە بری پاراستنی بنەماکانی دیموکراتی و یەکەکانی دەستەڵاتە جیاوازەکان و موڵکایەتی گشتی و تایبەتی و دەستور، کۆمەڵگا و هەموو نەتەوەی کورد کراوە بە سوخرەکێش بۆ بنەماڵەی بارزانی، شتێک نییە بە ناوی سیستەمی سیاسیی، کە لەم هەرێمەدا پەیڕەوبکرێت.
4 - ئیدارەکردنی ئابووریی، کە بریتیە لە خزمەتگوزاریی و پارێزگاریی بەکاربەر و بەهەرم هێنان و نەخشە و پلانی گەشەکردن و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامانی نەتەوەیی، دەبینین چ تاڵانی و بەفیڕۆدان و هەڕاجخانەیەک لە ئیدارەی ئابوریی و سامانی گشتیی و نەتەوەی کورددا ڕوودەدات، بنەماڵە چۆن هەموو ئەو جومگە ئابورییانەیان بۆ خۆیان قۆرخ کردووە.
5 - پشتگیریی و پەرەپێدانی فەرهەنگییە، ئەم دوا ئەرکەی دەستەڵاتیش دیارە چۆن تەرخانکراوە بۆ خزمەتکردن بنەماڵە و حیزبەکانیان. سەدان دەزگای تەلەڤزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامە و ئامڕەزەکانی دیکەی ڕاگەیاندنییان داناوە بۆ سڕکردنی عەقڵی مرۆڤی کورد و بە شایی و گۆرانی گوتنەوە ملیۆنان دۆلاری سامانی گشتی دەکەن بە قوڕگی ئەو ماشینە زەبەلاحەیاندا، کە نەیتوانیوە لە گۆرانیبێژ زیاتر هونەرێکی رەسەن، یان شاکارێکی زانستیی و ئەدەبی بەرهەم بهێنرێت.
ئەمە ئەرکە سەرەکییەکانی هەر دەستەڵاتێکی سیاسییە لە دنیادا، کە جگە لە حکومەتەکانی بنەماڵەی ئەسەد و قەزافی و بارزانی و تالەبانیی و هاوڕێکانیان، لە کۆی هیچ حکومەتێکی دیکەدا بوونی نییە، کە بەوجۆرە پێچەوانەی ئەرکەکانی فەرمانڕەوایی ئەمانە کردوویانە و کۆمەڵگای پێ بەڕێوە دەبەن..

بۆیە ئێمە وەکو کوردستانپۆست ده‌ڵێین، که‌ دیمەنی خۆشاردنەوەی قه‌زاقفیی، برا گەورەی تاله‌بانی و بارزانی، کە لە گونجێکی ئاوەڕۆدا و کوشتنەکەی، لە دیمەتی کوشتنی ئەو فەرهەنگە جامانە سەوزەبوو، کە 42 ساڵە گەلی لیبیا لە زیندانێکی سەوزییدا کۆیلەکردبوو، ئه‌م رووداوه‌ نوقڵانەیەکیشە بۆ کوشتنی فەرهەنگی جامانە سوورەکانی کوردستان و بۆ هەتاهەتایە وەک نیرۆن و ئیڤان ڕەهیب و چۆمبی، مێژوو بە نەفرەتەوە باسیان بکات.

 با وه‌کو سه‌ره‌تایه‌ک ئێمەش نەفرەت لە بنەماڵەی خیانەتکاری کوردی بکەین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە