مەچۆ بۆ دەنگدان ، دەنگدانی تۆ خیانەتە!
Wednesday, 11/09/2013, 12:00
2403 بینراوە
گرنگ نیە کێن ئەوانەی دەنگیان داوە، یان دەنگ بەکێ ئەدەن ، بەڵکو مەترسی ئەوەیە کێ دەنگەکان ئەژمێرێت و جییان ئەکاتەوە ! ستالین
زۆر کەس هەن، کە توانای باشیان هەیە زیرەک و ئازا و دڵسۆزن، ئەمانە هەرگیز ئامادەنین بچنە پەرلەمانی کوردستانەوە، خۆیان هەڵدەبژێرن، چونکە ئەوانە تێدەگەن ئەوانەی بۆ پەرلەمان براوون بۆ ئەوەیە تا بیان خەسێنن و کۆمپانیا بازرگانیەکان بازرگانیان پێوە بکەن، بۆیە دەبنە بەشێک لە فریودانی خەڵک. ئەیا ئەمانە وانەیەک نین تاکی کورد لێوەی فێربێت؟ لەم ژینگە پیسەی کە ئێستا هەیە، هەڵبژاردن درۆیە و گەوجاندنی خەڵکە بە ئاڕاستەی بەردەوامی ئەم ژینگە پیسە؟
17 شوبات و ڕۆژانی دوایی وانەیەک نیە بۆ ئەوەی لێوەی فێر بیت کە تۆ خۆراکی ئەم بازگانە سیاسیانەی کە زیاتر لە (40) ساڵە لە سەر سکی کۆمەڵگا ئەلەوەڕێن ؟ ئەوان نەبوون هانی خەڵکیاندا بێنە سەر شەقامەکان ؟ دوایش پێیان نەوتن گێرەشێوێن و تێکدەر ؟ دوای مەسعودیان نەهێنا بۆ گردەکە ؟ میلحەکەیان وەرگرتەوە ؟ دۆسیەی قوربانیەکانیان داخست ؟ چیان بۆ کردن ؟ تەنانەت شەهامەتی ئەوەشیان نەبوو لەو پەرلەمانە بکشێنەوە . ئێستاش داواتان لێدەکەن لە بەر خاتری خوێنی ئەو شەهیدانە بچن بۆ دەنگدان و دەنگیان پێبدەن ! کەسو کاری قوربانیەکانیش بۆ کردنەوەی بنکە بازرگانیەکان بەکار ئەهێنن !
ساڵی 1999 نەوشیروان مستەفا ئاوا ئەڵێت : پێویستە خەڵک بەرامبەر هەموو هەڵەیەک بە چالاکی رابوەستێت ، من لایەنگری ئەوە نیم خەڵک شۆڕش بکات دژی ئەم حوکومەتە یان هەر حوکومەتی هەولیر یان هەر حوکومەتێکی کوردی کە هەیە ، بەڵام پێم خۆشە خەڵک ئەو شیوە شارستانییە بە کاربهێنێ بۆ زەخت کردن و هێنانی گوشار بۆ ئەوەی ئەگەر هەڵەیەکیان بینی لە سەرکردایەتی یەکێک لەم حیزبانە یان سارکردایەتی یەکێک لەم حوکمەتانە ناچاریان بکەن بۆ ئەوەی ڕاستی بکەنەوە ، بەلام نەک پشێوی و ڕوخان و پەلاماردان ، بەڵکو دەتوانن ڕێگەی تر بگرن ، گروپی زەخت کۆبکەنەوە). شەوی 17 لە سەر 18-02-2011 نەوشیروان مستەفا ئاوا ئەڵێت :
ئەو بەتۆی هاوڵاتی ئەڵیت : من بەشێکم لەو ژینگە پیسە ئیتر تۆ بۆ فریو ئەخۆیت ؟ دەتەوێت چیت بۆ بگۆڕیت و چی بە دەست بخەیت ؟ ئەمشەو ژنێکی تریش بوو بە قوربانی بانگەشەکانی ئەمانە ، ئەمانەش تێکڕا لە سەر گرد و بەرزاییەکانی داگیریان کردووە ئەتریقانەوە .
کوبا
دوای سەر بەخۆ بوونی کوبا ساڵی 1933 هاتنە سەر حوکمی ڕژێمی (ماکادۆ) بە سەرۆکایەتی (باتێستای) دیکتاتۆر ، خەڵک هەموو ئەو ساڵە لە ڕاپەڕین و خۆپیشانداندا بوون ، ساڵی (1934) خەڵک بە شۆشی چەکداری ڕژێمی دیکتاتۆری (ماکادۆ)ی ڕووخاند . کەچی (حیزبی کۆمەنیست) کە ئەو کات کاریگەرترین حیزب بوو ، بە بیانوی ترسی دەرەکەی داوای لە خەڵک کرد بە تایبەتی جوتیاران دەست لە شۆڕش هەڵگرن و خەڵکی ناردەوە ماڵەوە با ناوی هەڵبژاردن و ڕیفۆرم و چاک سازیەوە درێژەیان بە حوکمەتە دیکتاتۆریەکەی (باتێستا)دا ، چەندین ساڵ ئاوا خەڵکیان فریودا . تا دادوەرێکی وەک (کاسترۆ) لە دەرەوەی ئەو بازرگانانەی خەڵک فریو ئەدا ، شۆڕشی بەرپا کرد و کۆتایی بەو گەمەیە هێنا بە خەڵکی ئەکەن .
ئێران
هەر کاتێک هەست بەمەترسی خۆپیشاندان ئەکەن ، خێرا یەکێک لە بەرپرسانی ئەو ووڵاتە دەمامکێک ئەکاتە دەمووچاوی و شیعاری ڕیفۆرم بەرز ئەکاتەوە و خەڵک فریو ئەدات و ئەیباتە سەر سندوقی دەنگدان و بەتاڵی ئەکەنەوە و ئەیخەنە خزمەتی ئەو ژینگە پیسە بۆ چەندی ساڵ . بەر لە (16) ساڵ پێش ئێستا (محەمەد خاتەمیان) هێنا بە ناوی شیعاری ڕیفۆرم و گۆرانەوە خەڵکی بردە سەر سندوقی دەنگدان و (8) ساڵ خەڵکی ئیرانی فریودا بێ ئەوەی هیچ شتێک بکات ، خەڵکی هەمووی بەتاڵ کردەوە بە جۆرێک (8) ساڵی دوای ئەوەش (ئەحمەدی نەژاد) حاکمدارێتی کرد .لەماوەی ڕابردووش هەڵبژاردن بوو لە ئێران ئەیان زانی ڕێژەیەکی کەم بەشداری هەڵبژاردن ئەکەن ، خێرا کۆنە عەمامە بە سەرێکی خۆیان هێنا (حەسەن ڕۆحانی) بە ناوی ڕیفۆرم و چاکسازی ، زیاتر لە (19) ملێۆن خەڵکی ئێرانی بردە سەر سندوقەکانی دەنگدان ، ئەمیش باشتر نابێت لە (محمەد خاتەمی) چونکە ئامانە هەموو بەشێکن لەم ژینگەیە و پارێزگاری لیدەکەن هەر جارەی لە ژێر دەمامکێکدا . وولاتی (زیمبابۆی) بەهامان شێوە .
کۆمەڵگای کوردی لە سەر زێراب دانیشتووە !
مێژووی ئەمانە هەمووی پڕیەتی لە خیانەت و تاوان و فەسادی ، لە باتی دادگای کردنیان کەچی هەموویان سەرۆکی حیزبن و خەڵک دووایان کەوتوون و خۆیان کردووە بە داکۆکیکاری و بەشێک لەمێژووی پیسی ئەمانە ! پارتی هەڕەشەی بلاو کردنەوەی بەڵگە لە مێژووی (نەوشیروان مستەفا) ئەکەن ! ئەوان چەندین سالە لە سەر ئەو مێژووە یاری بە خەڵک ئەکەن ، دەست بۆ سۆزی خەڵک ئەبەن و بانگەشەی هەڵبژاردنی پێ گەرم ئەکەن تا زۆرترین کەس بچیتە سەر سندوقی دەنگدان . لە ماوەی ڕابردوو دەستیان بۆ ئەم مێژووانە ئەبرد خەڵکیان پێ بەکوشت ئەدا ، خۆشیان دەتریقانەوە ، دوایش پێکەوە خوێنی خەڵکیان حەڵاڵ ئەکرد . ئێستاش هەمان گەمە ئەکەن کۆمەڵیک لە شایەرەکانیان دێنن دەبنە دەم راست و خەڵکی پێ فریو ئەدەن ، ئەیان بەنە سەر سندوقی دەنگدان کێش لەم گەمەیە ئەکوژرێت خوێنی حەڵاڵی خۆیانە دوای هەڵبژاردن ئەیخۆنەوە . کورد تا ئەم مەیتانە لە کۆڵی خۆی نەکاتەوە شەقێک لە کەللەی سەریان و مێژوویان نەدات ئەمە بەشی ئەبێت ، ئەبێت چێژ لە ئەحمەقی و مەرگی خۆی ببینێت . ئەمانە هەموویان یەک دیوی دراوێکی قەڵبن جیاوازیان نیە ، لە یەک قوتابخانە پەروەردە بوون و لە یەک سەرچاوە ئاویان خواردۆتەوە ، دەست بۆ هەموو یاریەکی گڵاو ئەبەن تا درێژە بەم ژینگە پیسە بدەن کە تەنیا خۆیان تیایی سود مەندن .
پێش هەڵبژاردن هەمووشت یەکلا بۆتەوە !
سلێمانی ئەو شارەیە کە زۆرترین شەڕە پەڕۆی تێدا دەکرێت ، کەچی ڕۆژی هەڵبژاردن (%70) ی ئەوانەی بۆیان هەیە دەنگ بدەن دەنگیان داوە ! دهۆک ئەڵێت شارێکە لە وڵاتێکی تر بێدەنگ و ئارام، کەچی ڕۆژی دەنگدان (%90) بەرەو ژووری ئەوانەی بۆیان هەیە دەنگ بدەن دەنگیان داوە ! هەولێر بەهەمان شێوە زۆرترین کەس چووە بۆ دەنگدان و پارتی و یەکێتی زۆرینەی دەنگەکانیان هێناوە ! کۆمسێۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بە دەستی خۆیانە ، خۆیان دەنگەکان جیا دەکەنەوە، بە چ مەنتیقێک ئەتوانیت لە پارتی و یەکێتی زیاتر دەنگ بێنیت ؟ تەزویرات ، دەنگی مردوو ، پۆلیس ،ئاسایش ، هێزی میلیشیاکان ، فەرمانبەری حیزبی و بەر سێبەر ، هتد ... ئەمانە هەمووی هی پارتی و یەکێتین تۆ چۆن ئەتوانیت دەنگ زیاتر بێنیت ؟ ئەگەر دەنگی زیاتریش بێنیت بەرامبەریان چۆن ئەتوانیت حوکم بکەیت ؟ دەسەڵات تا کوێیە ؟ لە کاتێک (مەسعود) هەموو دەسەڵاتێکی هەیە . ئایا (گۆڕان) ئەمانە هەمووی نازانێت ؟ بێگومان ئەیزانێت ، بەڵام ئەو بەشێکە لەو ژینگەیە و تۆ فریو ئەدات تا درێژە بەم ژینگە پیسە بدەن . مەچۆ بۆ دەنگدان ، کە چوویت بۆ دەنگدان وەک ئەوەیە بچیتە سەر گۆڕی بارزانی و بڵێێت : بژی پارتی و بارزانی . بۆ مێژوو ئەمەتان پێدەڵێم : سبەینێ پارتی و یەکێتی زۆرینە دێننەوە ، ماوەیەک بەوە فریوتان ئەدەن کە تەزویریان کردووە ، پاشان حوکمەت و پەرلەمان پێک دێننەوە و باوەش بە یەکتریا ئەکەن و ئەو (شایەرانەیان) دێننە سەر تەلەفزێۆن کە ئێستا ئەوە پێویستە ئاشتەوای نیشتیمانی بکرێت ! ئەگەر لە ئێستا تۆ لەم گەمانە نەگەیت دڵنیات ئەکەم کوردستان ئەبێت بە سێ گۆشەی بەرمۆدا ، کۆمەڵگای کوردی لە ناو ئەم سێ هێزە (پارتی و یەکێتی و گۆڕان) ئەیهاڕن بۆ چەندین ساڵی داهاتوو ، هاوشان لەگەڵ هێزە ئیسلامیەکانی ئەردۆگان .
چارەسەر
تۆ ویژدانی خۆت ئاسودە بکەو مەبە بە بەشێک لەم یاریەوە خزمەتیان مەکە ، مێژوو سبەی ڕۆژێ بە درۆ نانوسرێتەوە ، خۆت مێژوو بۆ خۆت ئەنوسیتەوە بە کردار و هەڵوێستەکانی ئێستات . خۆت بەتاڵ مەکەرەوە ، لە خۆتەوە دەست پێبکە فریوی ئەم یاریانە مەخۆ ، دەبێت بە یەک چاو سەیری هەموویان بکەیت ، ئەمانە هەموویان بەشیکی ئەو ژینگە پیسەن پێکەوە دروستیان کردووە ، هەریەکیان لە ژێر دەمامکێکدا سوچێکیان گرتووە و درێژەی پێدەدەن ، دەبێت لایەکیان وا خۆی نیشان بدات (خائینە ، فەسادە ، مافیایە) لاکەی تریشیان هەڵگری هەموو جوانیەکان بێت ، تا تۆی پێ فریو بخۆیت . ئەگەر تۆ نەچیت من نەچم ئەو نەچیت یەکەمین زەنگی مەرگی ئەوانەیە ، دڵنیابە بێ ئەوەی یەک بناسین ، بێ ئەوەی قسەمان کردبێت ، پێکەوە دێینە سەر شەقامەکان و یەک ئەگرینەوە و تەقینەوەکان دروست ئەکەین و گۆرانی ڕاستەقینە ئەخوڵقێنین .
بوی ئەوەی تێبگەیت هەموو شتەکان پێش هەڵبژاردن یەکللا بۆتەوە دەتوانیت سود لەم وتارە ببینیت (چۆن نەوشیروان 2 ساڵی ولایەتی مەسعود بارزانی درێژ کردەوە) .