مرۆڤ و ڕۆح... ئەفلاتون و خیام و شتی تر
Wednesday, 26/03/2014, 12:00
4565 بینراوە
مرۆڤ ئەو بونەوەرە عەقڵانییەی كەشایەنی ڕێزو هەندێجار نەهامەتییە لەدوای ملوێنەها ساڵ بەردەوامە لەئاوەدانكردنەوەی ئەو زەوییەی كەلەپێناویدا دروست بووە ، خوێندنەوەیەكی زانستیانە بۆ مرۆڤی جەستەلاوازو ڕۆح بەهەیبەت لەسەرتاسەری دونیا گەلێكجار تێزی پڕكەموكوڕی و نابابەتی بەرهەم هێناوە ، بەومانایەی كەخودی مرۆڤ بەبەراورد لەگەڵ بونەوەرەكانی تر خاوەنی عەقڵ و دڵێكی سەیرە هەرلێرەشەوەیە ئەو كەموكوڕییانە دەستپێدەكەن بەمانایەكی تر ئەوە ئەو"دڵ"ە سەیرەیە كەبەردەوام دەگۆڕێت لەبەرامبەریشدا عەقڵە كەڕێگا دیارو تاریكەكانی بیركردنەوە تاقیدەكاتەوەو ڕازی نابێت كەڕێگاكانی بگەنە شوێن و جێگایەك كەلەئەنجامدا ڕەوڕەوە كۆن و زەریفەكەی لەكاربكەوێت ، مرۆڤ كەزیاد لەپێناسەیك و زیاد لەئاوات و زیاد لەبوونی خۆی داوادەكات هەمیشەلای هەرەبیرمەندە ناودارەكان و بیركەرەوەكان بووەتەجێگای مشتومڕە خەڵوەتییەكانیان و كاتیش هەبووە خەڵوت كێش ڕۆچونی قوڵی ناچاری كردوە تەپاوتل نەكات هەتاباشتر خۆی بداتە دەست ئەو بیركردنەوە پۆزەتیڤەی كەبڕوای هەبووە دەیگەیەنێتە ئامانج ، "ئەمڕۆچونە " لەناو خەڵوەتداو پاشان مانەوە لەوژینگە تایبەت و زەحمەتەدا وەك لێرەو لەوێ دەیبیستین و هەندێكجاریش تاقی دەكەینەوە لەتوانای هەمووكەسدا نیەو نەبووە بەڵكو ئەوكەسانەی بەمكارە هەستاون هەمی جدی و ئیلهامی هەست پەشۆكاندنیان توشبووە ، هەروەكو چۆن ئەفلاتون لەدەمەتەقێی "خوان"دا بۆمان دەگێڕێتەوە كە چۆن شەوێك سوكراتی ماڵوێران ئیلهامێكی بیركردنەوە یان تێڕامانێكی پۆزەتیڤ لەجێگاكەی خۆی دا ڕەپ و ڕاست بەپێوە دەیوەستێنێ و ئەو وەستانەشی هەتا بەرەبەیانییەكی زوو بەردەوام دەبێت ، ئەفلاتون كاتێ ئەم باسە دەگێڕێتەوەو پاشان ئەیكات بەگیراوەیەكی سەرەكی و تاقانە بۆباسی خوانەكەی لەماڵی ئەجاسۆن ، ئەیەوێت وەستانی سوكرات لەوئێوارەیەدا بكات بەدەستپێكی ئەوكتێبەی هەربۆیە ئەو بۆچونەی لەوێوە سەرچاوەدەگرێ كەسوكرات كەسێك نیە ساڵەكانی تەمەنی بەقسەی خۆش و بۆش تەواو كردبێت ئەوەندەی وێنەیەكی گفتوگۆیی یاخود وینەیەكی وشەیی بۆئێمەو جەماعەتی خوانەكە ئەكێشێ كەسوكرات بیروباوەڕەكانی تەنها لەوەدا كورتنابنەوە كەئەجاسۆن خاوەنی ماڵەكەو دروستكەری خوانەكە بۆی كێشاوە ، ئەوكەسانەی كەلەوخوانەدا بوونیان هەیە لەڕاستی دا ئیشی ئەم بابەتە نیە كەقسەیان لەبارەوەبكات لەبەرئەوەی كەسەئامادەكانی ناو ئەوخوانە هەرچەندە ئەفلاتون قسەیان بەدەمەوە هەڵدەبەستێ كەسانێكن خاوەنی بیرۆكەو هەندێجار عەقڵی پەتیشن سەبارەت بەبیركردنەوە لەمرۆڤ ، ئەو عەقڵانەی كەقسەدەكەن لەو دەمەتەقێیەدا بەجیاوازی دەربڕین هەموویان و بەتایبەتی مرۆڤە كۆمیدیەكە زانیارییەكی نایاب و كەم وێنە دەخەنە سەرئەوباسەی كەپەیوەستە بەمرۆڤ و كەتایبەتە بەڕۆح و بەبیركردنەوە لەتواناو هەندێجار گاڵتەجاڕییەكانی خودی مرۆڤیشەوە.
بەهەرحاڵ حسابكردنێكی ورد بۆمرۆڤ لەلایەن خودی مرۆڤەوە زۆر لەمێژە بەردەوامەو بەبڕوای منیش هەتا ئێستا بێجگە لەچەند دەرئەنجامێكی سەرەتایی كەلەبواری پێكهاتەی عەقڵ و بواری پزیشكی و كەمێكیش دەرونی خۆی دەبینێتەوە نەیتوانیوە لەجومگە سەرەكییەكان وەكو ڕۆح تێبگات ئەمە بێجگە لەوەی كەئێمە لەمێژودا ڕوبەڕوی كتێبخانەیەكی گەورەدەبینەوە كەدەربارەی مرۆڤ و خواستەكانی ، مرۆڤ و ئەندێشەكانی ، مرۆڤ و جاویدانی ، مرۆڤ و لوتكەی كەرێتی ، مرۆڤ هتد.. نوسراون ، مرۆڤ كەئەمڕۆ جیاوازتر لەسەدەكانی تر ، بەبێ ترس و پرس كۆنترۆڵی نزیكەی هەموو شتەكانی كردوەو بەئاسانی تێگەشتوە كەئەوە مەیمونەو حەزی لەمۆزەو ، ئەوە فیلەو لەمشك ئەترسێت و ، ئەوەنازانم چیە!. بەڵام ئێمە تائێستا ئەوەنازانین بۆچی لەو گاڵتەجاڕییانە تێناگات كەعەقڵی ناكامڵی لێرەو لەوێ هەمووكات بەرهەمی دەهێنێت ، مرۆڤ ئەگەر بەگشتی لەمسەری دونیاوە بۆئەوپەڕی هەڵسەنگێنین و پاشان ئاراستە جیاوازەكانیان پێچەوانەی یەكبكەینەوە هەرچەندە واشە بەڵام سەرئەنجام لەخاڵێكدا ئاراستەكانیان یەكدەگرنەوە ، ئەویش ئەوەیە كەهەموویان مرۆڤن و لەدەرشەنجامیشدا بەدەرلەجەستەو ڕەنگ ، دین و زمان ، لەڕۆح دا ئەوخاڵە هاوبەش و گەورەیە ئەدۆزینەوە كەیەكسانە بەهەمووشت !. كەواتە مرۆڤ چیە ، ئایا مرۆڤ ئەو بونەوەرەیە كەساڵەكانی تەمەنی دیاری كراوەو پاشان ژیان ئاوایی دەكات و دوای ماوەیەكیش لەبیرئەچێتەوە ، ئایا مرۆڤ كەهەتائێستاش نازانین بەتەمای چیەو خاوەنی ئەو عەقڵە پڕلەكێشەو خۆبەزلزان و نەگبەتەیە چۆن ڕووئەدات لەدوای مردنی كۆتایی بەوهەموو كێشمەكێش و بیركردنەوانەبێت كەڕۆژانێك لەبوونی ئەودا بونیان هەبووە ، ئایا ئەم پرسیارە گەورەیە یەكێك نیە لەوپرسیارە "سەرەتانیانەی" كەهەموومان بەزاناو نەزانەوە لەبەردەمیدا سەرگەردانین !. ئایا ئەو پرسیارە سەرەتانییە ئەم بابەتە پشتڕاست ناكاتەوە كەمرۆڤ بێجگە لەتێگەشتنێكی سەرەتایی لەسەر خواستە سەرەتایی و نەخۆشییەلاوەكییەكانی چیتر تێگەشتووە !. ئایا مرۆڤ بێجگەلەوەی كەئەزانێ ئەمە ڕەشەو ئەویتر پرتەقاڵی ، ئەمەخواردنێكی ئەمریكی و ئەمەش تاسكەبابی ، هتد ... چیتر ئەزانێ دەربارەی پرسیارەكەی تر، دیارە بێ نرخكردنی تواناكانی مرۆڤ جەوهەری ئەم بابەتە نیە ئەوەندەی بەراوردێكە لەئاست ئەو پرسیارە جدییانەی كەخودی مرۆڤ بەدرێژایی ژیان ڕوبەڕوی دەبێتەوە ، هەرلەسەرەتای دەستپێكردنی ژیانەوە ئەم پرسیارانە هەرهەبوون و بەپێی زەمەن و سەردەمەكانیش شێوازی داڕشتنەوەی پرسیارەكان گۆڕانكاریان بەسەرداهاتووە ئەگینا پرسیارە جدییەكانی ئێستای سەدەی بیست و یەك هەرئەوپرسیارانەن كەلەسەدەی خیام دا هەبوون ، هەمان ئەو ئەوپرسیارانەی كەئەم بابەتەو دەیان بابەتی دیكەی لەم چەشنەی لەپێناودا نوسراوە هەرئەوپرسیارانەن كەلەسەردەمە كۆنەكانیشدا بەشێوازی تەرحكردنی جیاواز هەبوون ، ئەم پرسیارانە هیچ كاتێك موڵكییەتیان نەبووە بەومانایەی ئەوپرسیارانە بەوەرەسە بۆهیچ كەسێك نەماونەتەوە ئەوەندەی لای هەموو ئەوكەسانە دروست بووە كەژیانی خۆیان بۆبیركردنەوەو تێڕامان تەرخانكردوە ، ئەوپرسیارانەی كەلەڕابردوو ئێستاو داهاتودا كراون و دەكرێن ئەوانە پرسیارگەلێك نەبوون شكڵی چەمك وەربگرن ، یان پرسیار گەلێك نەبوون وەك مۆدیل سەرەتایان هەبێت و پاشان كۆتایی ، ئەوپرسیارانە وەك چۆن لە "ئاو" یان "خۆشەویستی" دەچن بەوشێوەیە هەتا ئاو یان خۆشەویستی مابێت ئەوپرسیارانەش ئەمێنن و بەردەوام لای ئەوچەند سەدكەسەی كەلەهەموو سەردەمەكاندا دەژین ناوبەناو شرۆڤە ئەكرێ ، ئەوپرسیارانە كەمرۆڤ ڕێبازی دەستەجەمعی پێنادات كۆمەڵێك هۆكاری هەیە وەئەگەر ئەوهۆكارانەش ڕوونبكەینەوە دەبێت بگەڕێینەوە بۆئەو گاڵتەجاڕیانەی كەمێشكی ناكامڵ و بیركردنەوەی نێگەتیڤ بەرهەمی دەهێنێت ، لەم ڕوانگەیەشەوە مرۆڤ بەمانایەك لەماناكان یاخود ڕەگەزێك لەڕەگەزە سەرەكییەكانی لەوەدا خۆی نمایش دەكات كەئەم مرۆڤە ئەو ڕەگەزە بەهێزەیە ڕێگرە لەبەردەم ئەوەی كەگرنگی نەدات بەم پرس و بوونە زۆرگرنگە ، ئەوڕێگرە گەورەیە ئەگەر لەیەك مەفهومدا كورتی بكەینەوە "حازر بەدەستی مرۆڤ " خۆیەتی ، بەومانایەی ئەوڕەگەزە سەرەكییەی كەبەناوی "ڕێگر" خۆی لەحازر بەدەستی واتە "ئامادەباشی و خۆتەسلیم كردن" دا دەبینێتەوە ، یان بەمانایەكی تر مرۆڤ حەزی لەوشتانەنیە كەدواخراون واتە تەسجیل كراون ، ئەوەندەی شەیدای ئەوشتانەیە كەحازرو ئامەدەن لەبەردەمیدا وەئەگەر نمونەش بێنینەوە ئەو نمونەیە دەهێنینەوە كەزۆربەی مرۆڤەكان بخرە ناو تاقیكردنەوەیەك و لەنێوانی دووئەگەردا بیهێڵەرەوە ، ئەگەری یەكەم ئەگەر تۆبەهەشتت ئەوێت ئەبێت بەمشێوەیە ڕەفتار بكەیت بەڵام ئەوەت لەیاد نەچێ كەبەهەشت ئەنجامەكەی واتە كاتێكی نادیاری هەیەو تەسجیل كراوە ، ئەگەری دووەم ئەمە جوانترین سەیارەو باشترین ژیان و ڕازاوەترین ماڵ و لەئەنجامدا حازرو ئامادەش ، بێگومان لەم كاتەدا مرۆڤ خورپەكانی بەلای كامە لەئەگەرەكاندا دەڕوات ، بەبڕوای من كەمن كەمێك مرۆڤ ئەناسم بۆلای ئەگەری دووەم ئەڕوات هەرچەندە دەزانێ ئەگەری یەكەم چەندە گرنگە ، بەڵام لەبەرئەوەی تەسجیل كراوە لەیادی دەكات و ئەوەندە گوێی پێنادات ، بێگومان ئەو مرۆڤەی كەئەگەری دووەم هەڵدەبژێرێ خۆی دەزانێ كەئەگەری یەكەم دەستكەوتێكی بێ وێنەیەو لەتەواوی دونیادا هاوشێوەی نیە ، بەڵام ناتوانێت خۆی ڕابگرێت لەبەرئەوەی ئەگەری دووەم ئامادەباشەو لەئەنجامیشدا بەدڵ ئەگەری دووەم هەڵدەبژێرێت ، كەواتە مرۆڤ چیە!. ئایا مرۆڤ خۆی لەخۆی دا نەبووەتە خەمو پەژارە ، خۆی لەخۆی دا مایەی پێكەنین و هەندێجار پێچەوانەكەی نیە ، ئایا مرۆڤ كەخوای گەورە ڕێزی لێناوە بۆچی بەشێوازێكی دەستەجەمعی لەخەمی سەرەكی خۆی ناكۆڵێتەوە ، یان لەمبارەیەوە حەق نیە ئەو گلەییە لەمرۆڤ بكرێت لەبەرئەوەی مرۆڤ لەگەڵ توانا زۆرەكانی لەبواری ئاوەدانكردنەوەو تەكنەلۆجیاو مۆدێلاتی یەكتربڕدا ، توانای ئەوەی نیە كەلەجەوهەرە سەرەكییەكەدا كەلەهامانكاتدا ئامانجە سەرەكییەكەشە بكۆڵێتەوە ، ئایا ئەو حەقە لای كێیە كەبتوانێ گللەییەكی لەمشێوەیە لەمرۆڤ بكات و لەئەنجامدا ئەو ڕێگایەشی نیشانبدات كەگرنگی بەپرسە گرنگەكەش بدات ، یان مرۆڤ كەی و چكاتێك ئەم باسە گرنگەی لەیادكردوە ، ئەی ئەگەر لەیادی كردوە كوا دەرئەنجامە كۆتاییەكانی ئەم تێفكرین و لێكۆڵینەوە دورو دژوارەی كەئەنجامیداوە ، ئەم پرسیارە وجودیانە كەهندێكجار بەهۆی سەختیانەوە وەك نوكتەو قسەی خۆشی لێدێت مرۆڤ ناچار دەكات دەستبەرداری ئەو ڕێبازە بكات كەڕێگاكانی ئەوەندە شوم و چارەڕەشە دەیگەیەنێتە بێ شوێنی ، هەروەكو چۆن "خیام" لەدوو دێڕی چوارینەیەكی دا ئەستێرەناس و زاناكانی بواری مرۆڤ ناسی بەشێوەیەك لەقەڵەم ئەدات كەوائەزانن هەموو شتێك ئەزانن ، بەڵام دواتر ئەڵێ ئەوانیش وەك من نەزان و سەرگەردانن ، ئەم وەڵام و شێوازی خۆبەدەستەوەدانە هیچ كاتێك مرۆڤ تووشی ئەو چارەڕەشییەناكات وەكو لەوەی كەخیامی ماندو لەوئاستەدا باسی دەكات ، ئەو كەئەستێرەو مانگ و مرۆڤ و شتی تر بەجێگای مشتومڕی زانایان ئەبینێ لەهەمانكاتدا لەوئاستەشیاندا دانانێت كەبتوانن لەوەتێبگەن كەهەیە ئەوەندەی بەكەسانی بڕوا سوتاوو عەبدی خۆشباوەڕ پێناسەیان دەكات ، خیام لەمبارەیەوە كۆمەڵێكی زۆر بۆچونی هەیە كەدەكرێت هەندێكیان بۆئەم سەردەمەش و سەردەمانیتریش تازەبن ، خیام هەرچەندە زۆر لەدوای ئەفلاتون ژیاوە بەڵام لەهەندێك بۆچوندا ئاراستەكەی لەگەڵ ئەفلاتون جوت دەبێت ، خیام بەشعرو ئەفلاتون بەدیالۆگی عەقڵی لەچەند پرسێكی زۆرگرنگدا سەبارەت بەم بابەتە یەكدەگرن ، لەبۆچونی ئەفلاتون دا بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بەڕۆحەوە هەیە كەبەبڕوای من هەمێكی سەرەكی ئەم بابەتەشە ڕێك لەگەڵ خیام یەكدەگرن و مرۆڤیش هەستێكی بۆدروست دەبێت كەئەم دووبۆچونە یەك بۆچونن و بەداڕشتنی جیاواز نوسراونەتەوە ، لەبۆچونی ئەفلاتوندا ڕۆح ئامادەییەكی هەمیشەیی هەیە هەروەكو چۆن لای خیامیش هەمان شێواز لەبۆچون هەیە ، لەمڕوانگەیەشەوە ئەفلاتون جەستەو ڕۆح وەك بەندیخانەو بەندكراو بەراورد دەكات ، هەرچی خیامیشە بەهەمانشێوە ئەوپرسە ئەدركێنێ ، ئەگەر ئێمە زۆربەی بۆچونەكانمان بەدیدی ئەفلاتونەوە ببەستینەوە سەبارەت بەڕۆح كەكرۆك و جەوهەری بابەتەكەیە ئەبێت لەوێوە دەستپێبكەین كەئەفلاتون بڕوای وایە كەمرۆڤ لەخودی خۆی داو لەیەك كاتدا زیندانییەو زیندانیشە ، واتە خۆی بەندیخانەیەو هەرخۆشی بەندكراو ، ئەو وابیرئەكاتەوە كەڕۆح بەندكراوەكەیەو جەستەش ئەو بەندیخانە نابووتەیە كەڕۆحەكەی واتە بەندكراوە بەستەزمانەكەی لەئامێزگرتووەو بەدرێژایی ئەو ژیانە هەراسانی كردوە ، ئەفلاتون بەتایبەتی لەدوو دەمەتەقێدا كەلەهەردوو كتێبی "خوان" و "ڤایدون" دا بەئاشكرا باسی ئەمەدەكات ، ئەو دووكتێبە كەدوو سەرچاوەی گرنگن بۆمرۆڤ ناسی و بیركردنەوە لەمرۆڤ ، لەدوای ئەو هەموو ساڵە بایەخی خۆیان هەیەو كاتێك ئەیخوێنینەوە ناتوانین خۆمان لەوهێزە پڕسەنگ و بێ سنورانەی زانستی بیركردنەوە فەرامۆشبكەین ، بەمانایەكیتر هەریەكێك لەئێمە كاتێ فایدۆن یان خوان بخوێنێتەوە ئەگەر هەست نەكات ئەفلاتون لەلایەوە دانیشتوەو ئەیەوێت بەزۆر بێ عەقڵی لەكۆڵبكاتەوە ئەوەكەسێكە لەبێئاگایدا ئەژی و پێویست ناكات خۆی بۆئەو شێوەیە لەخوێندنەوە تەرخان بكات ، لەڕاستی دا ئەوەی ئەفلاتون لەو دووكتێبەدا باسی لێوەدەكات و پاشان بەرامبەری لێئاگاداردەكاتەوە والەمرۆڤ دەكات كەگومان لەخۆی بكات و دەست بۆجەستەی خۆی بەرێت و لەوخورپانە بكۆڵێتەوە كەبەخێرایی ئەو تێدەپەڕێنن ، ئەو دووكتێبە دووكتێبن لەوچل و چەند كتێبەی ئەفلاتون كەبەبڕوای لێكۆڵەرەوان ئەدوانەیان لەگەڵ كۆمار زۆرترین گرنگیان بەم باسەداوە ، هەروەكو چۆن ئەشزانین كەخۆكوشتنەكەی سوكرات لەكتێبی فایدۆن دا باسكراوە كەئەوباسەش ئەوەندەی پەیوەندی بەگومان و هەندێكجار دڵنیابوونی سوكراتەوە هەیە سەبارەت بەوەی رۆح هەیە یان نا نیوئەوەندە پەیوەندی بەو دادگاییەوە نیە كەگوایە ئەو لەوپێناوەدا خۆی دەرمانخوارد كردوە ، ڕەنگە بەشێك لەم باسە بێجگە لەپەراوێز نوسین بۆئەو دوو دەمەتەقێیە هیچی تر نەبێت لەبەرئەوەی ئەفلاتون هەمیشە لای ئەوكەسانەی كەبیردەكەنەوە میوانێكی ڕەزاقورس نیە ئەوەندەی كەسێكە لەئازیزان و هەمیشە ئەوە كێشت دەكات كەدوور نەكەویتەوە لەحەكایەتە بچوك بچوك و ئەودیالۆگە عەقڵیانەی كەپڕن لەبومەلەرزەی جدیەت و مەنتقیەت ، ئەوە ئەفلاتونە پێش چەند سەد ساڵ لەدستپێكردنی زاین دەڵێت : مرۆڤ جەستەی بەندیخانەیەكەو رۆحیشی بەندكراوێكە ، ئەوە ئەفلاتونە جەستە بەدارو خۆڵ ئەشوبهێنێت و ڕۆحیش بەجەوهەرێكی موحتەرەم ، ئەوە ئەفلاتونە باس لەپوكانەوەی جەستە دەكات و پاشان شوێنێك كەخۆی دوودڵە كوێیە بۆ ڕۆح دەستنیشاندەكات ، ڕەنگە بەلای ئەفلاتونەوە ئەوكاتە گرنگ نەبووبێت كەئەوشوێنە كوێیە كەنیشتنەوەی ڕۆحی بەشێوەیەكی ئەبەدی لێ سەقامگیردەبێت ئەوەندەی شێوازی ئەركەكانی زانیوە ، ئەو ڕەنگە هیچ كتێبێكی ئاسمانی ئەو سەردەمەی نەدیبێت لەبەرئەوەی ئەو لەپێش زایندا هەبووەو ئەو دینانەی لەوسەردەمەشدا هەبوون بڕواناكرێت هیچ زانیارییەكی ئەوتۆی لەبارەیانەوە هەبووبێت ، لەوانەشە هەیبوبێت ، بەڵام هیچ سەرچاوەیەكی ئەوتۆ ئەوە پشتڕاست ناكاتەوە كەئەفلاتون بەهرەی لەوشێوازە وەرگرتبێ ، هەرچەند لەمیژودا ئەوە باسكراوە كەئەفلاتون دوای گەڕانێكی زۆر لەدەوروبەری ئەوجیهانەی لەوكاتەدا هەبووە ئینجا "ئەكادیمۆس"ە كەی دامەزراندوە ، بەڵام ئەمە بەڵگەنیە لەسەرئەوەی كەئەفلاتون ئیلهامی پێشینەیی وەرگرتبێت ، بەهەرحاڵ هەرچی "خیام"ە لەمڕوانگەیەوە ناتوانین لەگەڵ ئەفلاتون دا بەراوردی بكەین بەومانایەی هەركەسێك لەمبوارەدا لەگەڵ پیاوێكی ڕیش پانی خاوەن بیركردنەوەی پۆزەتیڤ كەئەفلاتونە بەراورد بكەین لەئەنجامدا دەبێتە قوربانی ، بەڵام دەتوانین لایەنە باش و خاڵە هاوبەشەكانی خیامیش ببینینەوە هەرچەندە خیام هەندێكجار لەوپەڕی بێ ئاگایدا شتی هەڵبەستووە ، بەڵام ئەوەش بەهەمان شێوە ناچێتە ئەوخانەیەوە كەخاڵی بكەینەوە لەئاستی زانین ، بێگومان خیامیش لەمڕوانگەیەوە خاوەنی بیروباوەڕەو لەچەند خاڵێكیشدا ئاراستەكانی لەگەڵ ئەفلاتون دا جوت دەبن ، هەرچەندە خیام زۆربەی ئاراستەكانیشی خۆی لەپرسیاردا دەبینێتەوە بەڵام لەبەرامبەریشدا ئەوەپرسیارە ئەوبابەتانە ئەجوڵێنێ ، خیام لەڕێگای چوارینەكانییەوە كۆمەڵێك پرسیارو هەندێجار وەڵامی دیارو تاریك ئاراستەی ئەوزەمەنە دەكات كەخۆی لەناویدا بوونی هەبووە ، خیام كاتێ لەگەڵ گۆزە قسەدەكات ئەبێت ئەوەی زانیبێت كەخۆڵی جەستەی هاوشێوەیەكی خۆیەتی كەلەسەردەمێك لەسەردەمەكاندا ژیاوە ، بۆیە تێبینی ئەوەدەكرێت كەخیام كاتێ لەگەڵ گۆزە ئەدوێ شێوازی گفتوگۆكەی لەوشێوازەوە نزیكە كەمرۆڤێك لەگەڵ مرۆڤێكدا بدوێت ، كاتێ خیام ئامۆژگاری خەڵك دەكات كەبەهێواشی بەسەر زەوی دا بڕۆن دیارە هەستی بەوەكردوە كەئەو خۆڵو خاكەی ئەكەوێتە ژێر قاچەكان جەستەی قرچۆك و پوكاوەی مرۆڤەكانی پێشوترە كەسەردەمێك لەوەوپێش بوونیان هەبووە ، ئەم بۆچونەش زۆرنزیكە لەوبۆچونانەی ئەفلاتون بەتایبەتی ئەوبۆچونانەی كەلەهەردوو كتێبی خوان و ڤایدۆن دا هاتوون ، خیام لەزۆر ڕووی ترەوە بوونی مرۆڤ و ئامانجەكانی شیدەكاتەوەو لەڕاستیشدا هەرچەندە هەستی بەبوونی ڕۆحیش كردوە بەڵام وەك لەچوارینەكانی دا ئاماژەی بۆكراوە ئەو زۆر شەیدای ئەوەنەبووە كاچاوەڕێی ئەوڕۆژەبكات هەروەكو چۆن لەمەسەلەی بەهەشت و دونیادا چوارینەیەكی هەیەو دونیا بەشێوەیەك پێناسەدەكات كەئەتوانرێت بكرێتە بەهەشت لەبەرئەوەی ئەو وابیرئەكاتەوە كەئەولەدونیادا بەهەشتێك دروست بكات ئیتر چیداوە لەبەغدا ، وەك چۆن دەڵێت : بائێمە لیرە بەهەشتێك سازكەین .. پیاوی فەقیر هەتا دەگاتە بەغدا دوورە.
ئەمێنێتەوە بڵێم هەوڵدان بۆكەشفكردنی لایەنە شاراوەكانی مرۆڤ بەتایبەتی ئەوەی ڕۆحەو پەیوەندی بەدونیای جاویدانەوە هەیە كارێكی زەحمەت و هەندێجار مەحاڵە ، بەومانایەی مرۆڤ بێجگە لەودەقە ئاسمانیانەی كەڕێچكەیەكیان لێوە دیاری كردوە یەك سەرچاوەی تر ی لەبەردەستدا نیە كەهەموو ئارەزووەكانی و تێروانینەكانی سەبارەت بەوباسە گرنگە تێربكات ، هەرچیەكیش لەڕوانگەی ئەم بابەتەوە نوسراوە وەك خیام ئەڵێ هیچ نیە بەخەیاڵ شتێكی بۆهەڵداوە.
www.facebook.com/yadi.smora