کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پرۆژەكەى تاڵەبانى سنورێك بۆ مەلا بەختیار و هەوڵیك بۆ كەنار خستنى پاشماوەكانى ڕیفۆرم لە ناو یەكێتیدا

Saturday, 07/03/2009, 12:00


کوردستانپۆست: دووباره‌ ئه‌م وتاره‌ بڵاوده‌کاته‌وه‌ به‌ هۆی هاتنه‌جێی ئه‌و پێشبینییه‌ی برای نووسه‌ره‌ که‌ پێش زیاتر له‌ دوو مانگ له‌م نووسینه‌دا پێشبینی ده‌رکردنی ریفۆرمخوازه‌کانی له‌ ریزی یه‌کێتی بنه‌ماڵه‌ی جه‌لال کردبوو..

تاڵەبانى لەساڵیادى ماددەى 140ى جوانەمەرگدا چى پێشكەش كردین؟ لە كۆتا سەردانى تاڵەبانى بۆ هەرێمى سلێمانى,لەسەر وەختى فڕێنى(عەباسى بن فیرناس) لە دەست ئاسایشى سلێمانى,لە قەڵاچۆڵانى مەركەزى بڕیارەكانى حكومەتەوە پێى ڕاگەیاندین كەوا پرۆژەیەكى بۆ هێناوین بەناوى (هەنگاوەكانى چاكسازى و نوێبوونەوە)كە مەبەست لێى جیاكردنەوەى حیزبە لە حكومەت و سنوردانانە بۆ دەستێوەردانەكانى حیزب لە ناو حكومەت, ڕاگەیاندنەكانى هەرێمى سلێمانى بە شێوەیەك هەواڵەكەیان بڵاو كردەوە كە ئەنەمەن هەتا ئەم ساتەوەختەو لەماوەى 17 ساڵى ڕابردوودا هیچ كەسێك دەركى بەوە نەكردووە كە ئیفلیجى حكومەت لە دەستێوەردانى حیزبیەوە سەرچاوەى گرتووە.پێش ئەوەى قسەیەك لەبارەى تەوجیهاتە حیزبیەكەى(پرۆژە)كەى تاڵەبانیەوە بكەم پێویستە ئەوە وەبیر تاڵەبانى بهێنمەوە كە هەموو ئەوانەى كە تۆ بەسەگت شوبهاندن لە بەرنامەیەكى كەناڵى كوردسات ,ئەو كەناڵەى كە موڵكى خانەوادەكەى جەنابتەو بووجەكەى لەسەر حكومەتە,یەك قسەیان هەبوو ئەویش جیاكردنەوەى حیزب و حكومەت بوو!عەجەب ئێستا تاڵەبانى دەرك بەو خەتەرە دەكات كە دەستێوەردانى حیزب لە حكومەت چ كارەساتێك دەخوڵقێنێت؟پرۆژەكەى تاڵەبانى پاش چى؟پاش ساڵێك تێپەڕین بەسەر" ماددەى جوانەمەرگى 140"؟بەڵێ پاش ئەوەى بەهۆى دەستێوەردانى حیزبى و ململانییە ناشەریفانەكانى بەرپرسانى حیزبى و یەكێتى و پارتى و یەكێتى و كوتلەكانى لە نێوان خۆیاندا بووە هۆى سەبەبى جوانەمەرگ كردنى مادەى 140 ئەو كاتە تاڵەبانى دەركى بەوە كرد كە ململانیەو دەستێوەردانەكانى حیزب لە حكومەت ئەگەرى ئەوەى هەیە دهۆك و هەولێرو سلێمانیش بەدەردى كەركوكى جوانەمەرگ ببات......

بۆ ئەوەى قسەیەكیش لەسەرتەوجیهاتە حیزبیەكەى تاڵەبانى بكەین پێویستە ئەوەبڵێین ئەوەى تاڵەبانى نوسیوێتى و ناوى ناوە پرۆژە هیچ نییە جگە لە ڕەشكردنەوەى كاغەز,هیچ هونەرێكى تێدا نییە,چونكە تاڵەبانى كارى پێشكەش كردنى پرۆژە نییە بەڵكو كارى جێبەجێكردنى پرۆژەیە,هەر تەنها لە ماوەى ئەم چەند ساڵەى دوا یدا هێندەى تەمەنى تاڵەبانى پرۆژە پێشكەش كراوە ,هەریەك لەو پرۆژانەش هەزار هێندەى پرۆژەكەى تاڵەبانى دەوڵەمەندترو باشترو شیاوتربوون بەڵام بۆ ئەو هەڵا هەڵایەى بۆ نەكرا,من پرۆژەكەم خوێندەوە یەك شتێكى تازەى تێدانەبوو كەمن نەمبیستبێت و , ئەتوانم بڵێم ئەگەر پرۆژەكەى تاڵەبیانى هەڵسەنگاندنى بۆ بكرێت لەگەڵ پرۆژەكانى تردا زۆر كەموكوڕترو سادەترە لە تەواى پرۆژەكانیتر.

ئەوەى من لەو تەوجیهاتەى تاڵەبانى تێگەشتووم ئەوەیە كەلەم چەند خاڵەدا كۆی دەكەمەوە:
1-سنوردانانێك بۆ دەستەڵاتەكانى مەلا بەختیار:
لەماوەى غیابى تاڵەبانى لە سلێمانى مەلا بەختیار لە ڕێگەى ڕیكخراوە دیموكراتیەكانەوە بەشێوەیكى مونەزەم و بەبەرنامەیەكى زیرەكانە خەریكى شوێن پێهەڵگرتن و لاسایكەرەوەى كارەكانى تاڵەبانى بووە,لەهەموو شوێنێك و بە هەموو شێوەیەك تەداخولى ئەرك و كارەكانى حكومەتى ئەكرد ,دەستێوەردانەكانى مەلا بەختیار لە كارەكانى حكومەت بە ڕادەیەك بوو مەترسى لەسەر كەمكردنەوەى هەیمەنەى تاڵەبانى دروست كردبوو,یەكێك لەو هێڵە سورانەى كە مەلا بەختیار بەزاندبووى كاڵاكردنەوەى هەیمەنەى مام جەلال بوو لە ناو نەوەى نوێ,كاركردن بوو بە ئاراستەى خۆ كردنە مەرجەع بۆ نەوەى نوێ و تێپەڕاندنى گشت داواكاریەكانى گەنجان و لاوان بە فیلتەرى مەلا بەختیاردا ,ئەمەش بۆخۆى گەورەترین مەترسیە بۆسەر تاڵەبانى چونكە ئەگەر نەوەى دوێنێ ناو یەكێتى تاڵەبانیان بەمەرجەعى خۆیان زانیبێت ئەوەش لەبەر ئەوەى توانویانە بەكەمترین ماوە خۆیان بگەیەننە لاى و سكاڵاو داواكاریەكانیان بۆ جێبەجێبكرێت ,بەڵام نەوەى تازەى ناو یەكێتى ئەو دەرفەتەیان پێنادرێت خۆیان بگەیەننە تاڵەبانى بۆیە مەلا بەختیار ئەو فیلتەرەیە كە بەشێوەیك كار ئەكات كە وەك مەرجەع و شوێنى داواكاریەكانى نەوەى نوێى ناو یەكێتى لێبێت.
2-كەم كردنەوە و كەنار خستنى ئەندامانى بەرى ڕیفۆرم لەناو یەكێتىدا:
یەكێتى لەماوەى ئەم چەند ساڵەى دوایدا ناكۆكیەكانى گەشتووەتە ئەوەى كە بەرپرسەكانى حساب بۆ یەكترى نەكەن ,بەشێوەیەك كە هەندێك بەرپرسى حیزبى یەكێتى هەیە كە ئەوەندەى لە پارتیەوە نزیكە ئەوەندە لە سەكردایەتیەكەى خۆیەوە نزیك نییە,بەرپرسانى یەكێتى ئەوانەى لەناو حكومەتدان نامەو پێشنیارى هیچ كەس و لایەنێك بەلایانەوە گرنگ نییە هێندەى نامەو داواكریەكانى كوتلەكەى خۆى,گەڕاندنەوە و ڕەتكردنەوەى داواكاری بەرپرسێكى حیزبى كە سەر بە باڵەكەى خۆى نەبێت زۆر بەلایەوە ئاساییە ئەگەرچى داواكاریەكش بۆ بەرژەوەندى یەكێتیش بێت و ئەو بەرپرسەش پلەى حیزبى لەو بەرزتربێت.بەڵام لەبەرامبەر ئەوەدا بەهیچ شێوەیەك ئەوە ڕوونادات كە داواكارى سەر بە باڵەكەى خۆى جێبەجێنەكات ئەگەرچى بۆ بەرژەوەندى یەكێتیش نەبوبێت.ئەوەى لێرەداو لەم مەسەلەیەدا دەكەوێتە بەرچاو و یاساكە دەیانگرێتەوە بەپرسە حیزبى و حكومیەكانى سەر بەباڵى ڕیفۆرمن,چونكە ئەمان سەربەخۆ و لە نێوان خۆیاندا كارەكانیان ئەنجام دەن و نامەو داواكارى یەكترى ڕەتناكەنەوە,ئەمەش بەلاى تاڵەبانى و هەندێك بەرپرسەوە شتێكى ئاسایى نییەو جێگەى قبوڵ نییە بۆیە هەستاون بە بەرتەسك كردنىوەى كارو پرۆژەكانى ئەندامانى سەر بە باڵى ڕیفۆرم,هەرچى بەرپرسە حیزبى و حكومیەكانى سەر بە باڵەكەى تاڵەبانى هەموو شتێك بەلایانەوە ئاساییە,چونكە ئەوان ڕێكەوتنى ستراتیژیان لەگەڵ پارتیدا هەیە بڕیاریان داوە كە بەرژەوەندیەكانى یەكتر بپارێزن.
-هەڵەبجەى شەهید
[email protected]
تێبینى:
هەر دواى بڵاوكردنەوەى پرۆژەكەى تاڵەبانى ئەم وتارەم نارد بۆ رۆژنامەى هاوڵاتى بەڵام چاوەڕوانیەكى زۆر بڵاونەكرایەوە دواتر لە دوانگەى سایتى سبەى بڵاوم كردوە,بۆیە بەباشم زانى جارێكیتر لە كوردستانبۆست بڵاوى بكەمەوە,چونكە پێم وایە تاڵەبانى بە جدى سنورى بۆ مەلا بەختیار دانا و دڵنیاشبن ئەندامان و لایەنگرانى باڵى ڕیفۆرم بەیەكجارى لە یەكێتى دور ئەخرێنەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە