بڕوامان وایە كە گەلانی ئێران ناهێڵن " سەدام حوسین " ێكی تر دروست بێت !.
Wednesday, 10/02/2010, 12:00
بەپێی بۆچوون و شرۆڤەكانی چاودێرە سیاسی و ڕۆژنامەگەرییەكان و لە بەر رۆشنایی ئەو زانیاری و راپۆرتانەی دەگەنە دەستمان لە ناوخۆی ئێرانەوە وای دەردەخەن كە رەوشی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی ئەو وڵاتە بەرەوو ئاقارێكی ترسناك دەڕوات كە ئەگەری ئەوەی هەیە هەموو ڕەووشەكە لە ژێر كۆنترۆڵ و دەست بە سەراگرتن دەرچێت و ئەو كاتەش ئەوەی قوربانی زۆر دەدات گەلانی ئێرانە . ئەوەشی كاول و وێران دەبێت خودی وڵاتەكەیە !! كەواتە ئەوەی زەرەرناكات و ڕەنگە دەربازبێت لە سزای گەل و نیشتمان ، سەرانی ئەو ڕژێمەن لە پێش هەموویانەوە سەری ئاخوندەكان عەلی خامەنئی و سەرۆكی ڕژێمەكە ئەحمەدی نەژادە و سەرانی خوێن ڕشتن و تاوان دەرهەق بە گەلانی ئێران، سەركردە و بەرپرسەكانی ئەرتەش و بەسیج و سوپای پاسداران و پۆلیس و دەزگا سیخوڕییەكانی ئەو ڕژێمەیە!! ئەوەتا ڕژێمی ئیسلامی كۆماری ئێران بە سەرۆكایەتی خوێن ڕێژێكی وەك ئەحمەدی نەژاد. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زەبر و زەنگی لە سەر گەلانی ئێران زێتر دەبێت و بە حوكمی ئاگر و ئاسن ، سات لە دوای سات پانتایی ئازادییە گشتیەكان بەرتەسك دەبێتەوە وحوكمی لە سێدارەدان و كوشتن و بڕین دژی هەموو نەتەوەو گەل و ئایین و مەزهەب و پێكهاتەكانی ئێران درێژەی هەیە...!! ئەمە سەرەڕایی ئەوەی ئەحمەدی نەژاد . یاسا و رێساو ڕێنماییەكانی دەری دەكات و پەیڕەوی دەكرێت لەلایەن دەزگا داپڵۆسێنەرەكانی ڕژێمەوە، ئێران بەرەو دیكتاتۆریەتیەكی لە شێوازی سەدام حوسین دەبات !! كە لەم كاتەشدا، مەحاڵە قووتار بێت لە بەردەم زەبر و سزای نێودەوڵەتی !! ئەمڕۆ لە ئێراندا مافەكانی مرۆڤ لە ئاستی شەرمەزارییدایە، سەربەستیەكانی تاك خراوەتە ژێر لوولەی تفەنگی هێزە خوێن ڕێژەكانی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران و ژێر پۆستاڵی هێزەكانی بەسیج و پاسدارو هێزە سیخوڕییەكانی " ئیتیلاعات " وەیە و هەموو نەتەوەو گەلانی ئێران بێبەش كراون لە سادەترین مافەكانی مرۆڤ . ئێران سەرتاسەری وەك بەندیخانەیەكی لێهاتووە. بە دەیان و بگرە بە سەدان لە ڕۆڵەكانی گەلانی ئێرانی ڕۆژانە ڕاپێچ دەكرێن بۆ گونجی بەندیخانە ریسواو بەدناوەكانی ڕژێم ، بۆ نموونە ئەوین و زنجان و كرمان و زیندانە نهێنیەكانی سەربازی و پاسداران و بەسیج و وەزارەتی ئیتلاعات و لە سێدارەدان و گوللە بارانكردنی ڕۆڵەكانی ئێران بە شێواز و ژمارەیەكی زۆر و خەتەرناك ڕۆژانە بەردەوامە . كوشتن و ئەتككردنی كوڕان وكچان و گەنجانی ئێران لە لایەن هێزە خوێن رێژەكانی ڕژێمەوە بەردەوامە . نەبوونی ئارامی و ئاسایش باڵی كێشاوە بە سەر هەموو ناوچە و دەڤەرەكانی وڵاتی ئێراندا . تا ئەو ئاستەی كەس لە سەرو سامان و ماڵ و گیانی خۆی دڵنیانیە !!! ڕەوشەكە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە تاریكیەوە دەڕوات بەرەو تاریكتر . چارەنووسی گەلانی ئێران بە دەستی سیاسەتی شۆڤێنی و چەوت و گەوجانەی ئەحمەدی نەژادەوە بەرەو ئاكامێكی نادیار مل دەنێت، كە پێمان وایە لە ئەمڕۆی ئێراندا كەسێك نیە بزانێ سبەینێ چیی لێ بە سەردێت و ئاكامی بە كوێ دەگات .
ئەمڕۆ ئێران و گەلانی ئێران بە دەست كەسێكی ملهوڕ و نەزانی وەك ئەحمەدی نەژادەوە بەرەوە هەڵدێر دەرۆن . كە ئاكامەكەی ئەوەندە پڕ مەترسیە . كە ناتوانین كەسمان وێناو مەزەندەی بكەین .
جا لەبەر ئەم هۆكارانەی ئاماژەمان پێكردن، دەگەینە ئەو ئاكامەی كە ئێران بەرەوە دیكتاتۆریەتێكی تەواو دەڕوات، كە ئەگەر واش بڕوات و كۆتایی بە ڕژیم و سیاسەتەكانی ئەحمدی نەژاد نەیەت ، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەڵێین نەك هەر ئێران و گەلانی ئێران بەڵكو سەرجەم ناوچەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست بەرەو جەنگ و شەڕێكی وێرانكاری و خوێناوی دەچێت كە مەحاڵە بزانین زەرەرو زیانە گیانی و ماڵیەكان چەند بێ شوومارو سامناك و تراژیدی دەبێت !! ئەوەتا گەلانی ئێران لە ژێر سایەی ئۆپۆزسیونی ئێرانی بازوویان لێ هەڵكردووەو ڕۆژانە خوێن و شەهید دەكەنە گوڵاڵە سوورەی سەر یەخەی ئازادی ئەو گەل و نیشتیمانە . كە بەو شێوازی خەبات و تێكۆشانەشیان خۆشەویستی و سۆزی هەموو جیهانی مافپەروەرو ئازادیخوازییان بۆ لای خۆیان راكێشاوەو جێگای رێزو و ستایشن و بەدەستی بەتاڵ و بە سنگی ڕووتەوە رووبەڕووی دەزگا داپڵۆسێنەرەكانی ڕژێم دەبنەوە كە پێمان وایە ئەمڕۆ یا سبەی كۆتایی بەم ڕژیمە دەهێنن و تاجی ئازادی و سەربەستی لەسەر دەنێن و رژێمی ئاخوندە ملهوڕو نەزانەكانی سەركورسی دەسەڵات لەو وڵاتەدا بە كۆتا دەهێنن و گەلان و نەتەوەكانی ئێران بە هەموو جیاوازی بیرو ڕا و ئاتنی ئایینیەوە سیستەمێكی حوكمڕانی و دیموكراسی و فرەیی بنیاد دەنێن كە ئەمەش نەك هەر ئومێد و خەونی دێرینی گەلانی ئێرانە . بەڵكو هی هەموو گەلانی ناوچەكە و جیهانی ئیسلامیشە . بۆیە ئێمە دڵنیایین كە گەل و نەتەوەكانی ئێران ناهێڵن و ڕێگا نادەن دیكتاتۆرێكی وەك ئەحمەدی نەژاد بە دەردی سەدام حوسێنی عێراق میللەتانی ئەو وڵاتە دووچاری شەڕو جەنگی كاولكاری بەرێت. ڕژێمی ئەحمەدی نەژاد جگە لەم نەگبەتی و نەهامەتیانەی هێناویەتی بەسەر گەلانی ئێراندا ، بەڵكو بە ڕێگا و شێوازی سیاسەتە چەوت و گەوجەكەیەوە خەریكە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش بەرەو جەنگێكی ئەتۆمی بەرێت و بە ملهوڕی و نەزانینەوە باس لە بە دەستهێنانی چەكی ئەتۆمی دەكات . كە ئەمەش بە دژی هەموو خواستی گەلانی جیهان و مرۆڤایەتیە . چونكە رژێمێكی وا ترسناك و كەسێكی وەك ئەحمەدی نەژاد گەر بێت و ببێتە خاوەنی لەو جۆرە چەكە ، دەبێت ئەوە بزانین كە ئیتر جیهان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بە تایبەتی هەرگیز ئارامی و ئاسوودەیی بەخۆوە نابینێ و ئاشتی جیهان دەخاتە ژێر هەڕەشەی لە ناوچوون و مەحف بوونەوە.. بۆیە دەڵێین دەبێت هەموومان و هەموو جیهان و مرۆڤایەتی دەستی هاوكاری بۆ گەل و نەتەوەكانی ئێران درێژبكەین و بە هەموو جۆرو شێوازێك هاوكارییان بكەین تا رزگار و قوتار بن لەم رژێمە دیكتاتۆرییە خوێن ڕێژەی دژ بە مرۆڤایەتیە . بۆ ئەوەی گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان ڕەووتی ژین و ژیان پیادە بكەن بە ئاسودەیی و هێمنی و ئارامی، لەگەڵ ئومێدێكی بەرزمان بە نزیك بوونەوەی ڕۆژی ئازادی و سەربەستی گەلانی ئێران .
سەرۆكی دەزگای ئیسرائیل كورد
2010/2/10
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست