کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


ئه‌شکه‌وت موڵکی گشتییه‌، نابێته‌ موڵکی تاکه‌که‌س

Saturday, 07/02/2009, 12:00

2647 بینراوە


تێکدانی ئه‌شکه‌وتی (به‌ستون)ه‌ شوێنه‌وارناس و چاودێرانی شوێنه‌وار له‌ کوردستان و ئه‌وڕوپا و رای گشتی کوردستان تووڕه‌ده‌کات. شوێنه‌وارناسانی کورد ئه‌مه‌ به‌ "خیانه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییش ده‌بینن."
به ‌پێی ناڕه‌زایه‌تی نامه‌یه‌ک ئه‌شکه‌وتی (به‌ستون) له‌ ناوچه‌ی سۆران که‌ مێژووه‌که‌ی بۆ پێش مێژووی مرۆڤی نیانده‌رتاڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئێستا له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچوون دایه‌. له‌ به‌رامبه‌ردا، قائیمقامی قه‌زای سۆران ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ به‌ درۆ ده‌خاته‌وه‌.
له‌ ناڕه‌زایه‌تی نامه‌یه‌که‌دا که‌ له‌ لایه‌ن پۆلێک له‌ رۆشنبیرانی سۆران و رواندز ئاڕاسته‌ی رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ کراوه‌، ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌ڕوو که‌ ئه‌و ئه‌شکه‌وته‌ مێژووییه‌، له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی تێکدان دایه‌ له‌ لایه‌ن سه‌رمایه‌دارێکی بارزانی. لای خۆیه‌وه‌ قائیمقامی سۆران ئه‌و هه‌واڵانه‌ به‌ قسه‌ی هه‌ڵبه‌ستراو ده‌زانێ و ده‌ڵێ "ئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رمایه‌داره‌ ده‌یکات، جێی خۆیه‌تی ئه‌وپه‌ڕی شانازی پێوه‌بکرێ نه‌ک کۆمه‌ڵێک به‌ ناو رۆشنبیر قسه‌ی له‌و جۆره‌ بڵاوبکه‌نه‌وه‌."
ئه‌و پۆله‌ رۆشنبیره‌ی سۆران و رواندز نووسیویانه‌ "له‌ به‌رنامه‌یه‌کی که‌ناڵی کوردستان تیڤی پارتییدا، چه‌ند شوێنه‌وارناسێکی رووسی باسی ئه‌و ئه‌شکه‌وته‌یان کردوو مێژووه‌که‌یان بۆ به‌ر له‌ مێژووی مرۆڤی نیانده‌رتاڵ گه‌ڕانده‌وه‌."
قائیمقامی سۆران کرمانج عیزه‌ت، نایشارێته‌وه‌ که‌ ئه‌و ئه‌شکه‌وته‌ شوێنێکی مێژووییه‌ و پێویستیشی به‌ پاراستن هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌ درۆ ده‌خاته‌وه‌ که‌ هیچ که‌س و لایه‌نێک "جگه‌ له‌ خزمه‌تکردن به‌ ئه‌شکه‌وته‌که‌، مه‌به‌ستی هیچی تریان هه‌بێ."
رۆشنبیره‌کانی سۆران و رواندز، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ "که‌ سه‌رمایه‌داره‌، تەماحى لەم ئەشکەوتە کرد و هەرچى لەماوەى دوو ملیۆن ساڵدا لە ئەشکەوتەکە کۆببوه‌وه‌ لە خۆڵ و بەرد و پاشماوەى مرۆڤى هەرەکۆن و تا ئێستا دەریهێناو فڕێیدا، تا ئەشکەوتەکە بۆخۆى بکاتە شوێنێکى گەشتوگوزارى هەروەک موڵکى حکومەتى هەرێم کوردستان و موڵکى کورد نەبێت."
له‌ به‌رامبه‌ردا، کرمانج عیزه‌ت ده‌ڵێت "ئه‌و ئه‌شکه‌وته‌ تا ئێستاش مه‌ڕدار و خاوه‌ن حه‌یوانه‌کان بۆ خۆیان به‌کاریان هێناوه‌. سیمای شوێنه‌وار و شتی وای پێوه‌ دیار نه‌بووه‌. ئه‌و یه‌کێکه‌ له‌و کوڕانه‌ی که‌ حه‌زی به‌ زیندووکردنه‌وه‌ی شوێنه‌ دێرینه‌کان ده‌کات و کوڕێکی نیشتیمانپه‌روه‌ره‌ و حه‌زی له‌ نوێکردنه‌وه‌ی شوێنه‌واره‌ دێرینه‌کانه‌."
کرمانج عیزه‌ت روونیشیکرده‌وه‌ "ئه‌وه‌ هه‌ر به‌ که‌ڵکی سیاحه‌ت نایه‌ت، گه‌ر ئه‌و مه‌به‌ستی خزمه‌ت نه‌بێ مه‌به‌ستی سیاحه‌ت بێ، شوێنی گرنگتر هه‌یه‌ بۆ سیاحه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی به‌کاری بێنێ. ئه‌و شوێنه‌ ته‌نها به‌ که‌ڵکی شوێنه‌وار دێ، ئه‌مه‌ش کاک کاروان کردوویه‌تی له‌سه‌ر حیسابی خۆی. رێكیخستۆته‌وه‌ و دیواره‌کانی راستکردوونه‌ته‌وه‌. رێگایه‌کی خۆشکردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵک سه‌ردانی شوێنه‌که‌ بکات. ئه‌گه‌ر ئینسانێک ئیشێکی له‌و جۆره‌ی کرد، پێویسته‌ ده‌ستخۆشی لێبکرێ نه‌ک ئاوا ته‌فسیری خراپی بۆ لێکبدرێته‌وه‌."
له‌ ناڕه‌زایه‌تی نامه‌که‌دا ده‌نووسن "کۆمەڵێک چەکداریان بردبوونە ئەشکەوتەکە بۆ ترساندنى خەڵک. ڕۆژێک ئێمە سێ کەس چووین تا ببینین چى دەکەن؟ کە چووین دیتمان چەکدارەکان چادریان داناوە لە سەر ڕێگا. ئەمبەر و ئەوبەرى ئەشکەوتەکەیان گرتووە. نەیانهێشت بچینە نێو ئەشکەوتەکە."
ده‌رباره‌ی بوونی چه‌ند پاسه‌وانێک که‌ باسله‌وه‌ده‌کرێت تایبه‌ت بن به‌ پڕۆژه‌که‌ و سه‌رپه‌رشتیاری پڕۆژه‌که‌ داینابن بۆ ئه‌وه‌ی هیچ که‌سێک له‌ پڕۆژه‌که‌ نزیک نه‌بێته‌وه‌، کرمانج عیزه‌ت گوتی "پاسه‌وانی ژینگه‌ی داناون بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک ناوچه‌یه‌کی شوێنه‌وار بپارێزێت و له‌ داهاتوودا خه‌ڵک بتوانێ سه‌ردانی بکات. ئه‌و قسانه‌ زۆریش دوورن له‌ راستییه‌وه‌"
ئه‌و گوتی "باشه‌ ئه‌وانه‌ گه‌ر رۆشنبیرن بۆ نایه‌نه‌ لای ئێمه‌ و بتوانین له‌ یه‌کتری بگه‌ین، خۆ دڵنیام گه‌ر ئه‌و مه‌وزوعه‌ بۆ ئه‌وان روونبێته‌وه‌ له‌ مه‌سه‌له‌که‌ بگه‌ن، هه‌رگیز شتی وا ناڵێن. بۆ ته‌نها شت ئه‌ده‌نه‌ راگه‌یاندن؟ بۆ نایه‌ن راسته‌وخۆ بچینه‌ شوێنی مه‌سه‌له‌کان و گفتوگۆ بکه‌ین؟."
سه‌باره‌ت به‌ بوونی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی له‌ نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی ئه‌شکه‌وته‌که‌دا، قائیمقام ده‌ڵێت "ئه‌و ئینسانێکی دڵسۆزه‌. ده‌یه‌وێت گرنگی به‌ شوێنه‌واره‌ مێژوویی و دێرینه‌کانی ناوچه‌که‌ی بدات و هیچی تر."
کرمانج دڵنیایی خۆشی دووپاتده‌کاته‌وه‌ له‌ نه‌بوونی هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی ئه‌ودا "خۆزگه‌ سه‌دان که‌سو کادیری دڵسۆزی تری وه‌ک ئه‌و هه‌بووایه‌ که‌ کاری له‌و جۆره‌یان بکردایه‌ له‌سه‌ر ئیمکانیاتی خۆی."
خالید ره‌شید، هونه‌رمه‌ند و پسپۆڕ و لێکۆڵه‌ره‌وه‌ی شوێنه‌وارناسی کورد له‌ سوێد له ‌ئه‌وڕوپا رایگه‌یاند "به‌پێی قسه‌ی خودی شوێنه‌وارناسه‌ رووسه‌کان که‌ سه‌ردانی ئه‌شکه‌وته‌که‌یان کردووه‌، 10 ده‌ ساڵی ده‌وێت تا هه‌ندێک له‌ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ ئه‌شکه‌وته‌که‌ ته‌واده‌بێ. جگه‌ له‌وه‌ش، هیچ که‌سێک بۆی نییه‌ ته‌نها به‌ردێک له‌و شوێنانه‌ هه‌ڵگرێ که‌ مێژووه‌که‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چاخه‌ به‌ردینه‌کان. ئه‌وه‌ گه‌وره‌ترین نه‌زانیی حکومه‌تی هه‌رێمه‌."
"ئه‌مه‌ ئه‌وپه‌ڕی خیانه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییشه‌ که‌ ده‌سته‌ڵاتی کوردیی نه‌زان له‌ باشووری کوردستاندا کوردوویه‌تی. هه‌رگیز ئه‌مه‌ قبوڵناکرێ. ئه‌وه‌ ئه‌وپه‌ڕی جه‌هله‌ به‌رامبه‌ر شوێنه‌واری کوردستان ده‌کرێ. ئێمه‌ ناچارین شکات له‌ یونسکۆ بکه‌ین چونکه‌ ده‌سته‌ڵاتی کوردی گوێناگرێ." خالید ره‌شید، به‌ توندی و تووڕه‌ییه‌وه‌ وایوت.
چاودێرێکی شوێنه‌واری کوردستانیش له‌ ئه‌وڕوپا پرسیاری ئه‌وه‌یکرد "با حکومه‌ت ئاشکرای بکات به‌ پێی کام دۆکیۆمێنت و نووسراو رازیبووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و شوێنه‌واره‌ ئاوای لێبکرێت؟ شوێنێک ملیۆنێک ساڵ زیاتر مێژووه‌که‌ی بێت چۆن ده‌بێ به‌ ده‌ رۆژ لێکۆڵینه‌وه‌ حکومه‌ت قبوڵیبکات ده‌ستکاری بکرێت."
خالید ره‌شید، که‌ هاوکات چه‌ند لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی بۆ زانکۆی ستۆکهۆڵم له‌باره‌ی شوێنه‌وارناسییه‌وه‌ ئه‌نجامداوه‌ ئه‌وه‌شی ئاشكراکرد که‌ ئێستا کۆمه‌ڵێک رۆشنبیر و نووسه‌ر و شوێنه‌وارناسی کورد له‌ ئه‌وڕوپا، خه‌ریکی شکاتکردنن له‌ لای (یونیسکۆ) رێکخراوی (کۆمۆس) له‌ پاریس له‌ سه‌ر تێکدانی ئه‌و شوێنه‌واره‌ مێژووییانه‌ی کوردستان که‌ (ئه‌شکه‌وتی به‌ستونه‌)ش یه‌کێکه‌ له‌وان. ئه‌و‌ به‌ باشی زانی حکومه‌ت به‌زووترین کات ته‌حقیقێکی ورد و چڕوپڕ له‌ مه‌سه‌له‌که‌ بکا، چونکه‌ "به‌رپرسانی شوێنه‌وار له‌ کوردستان، له‌ مه‌سه‌له‌که‌ ناگه‌ن."
وتیشی "ته‌نقیبات له‌ناو ئه‌و ئه‌شکه‌وته‌ ده‌ ساڵی ده‌وێ،‌ ئه‌مه‌ زۆر خه‌ته‌ره‌. چۆن ده‌بێ به‌رپرسه‌که‌ی شاره‌وانی نه‌زانێ که‌ ته‌نها لابردنی یه‌ک ده‌نکه‌ خۆڵ له‌ شوێنێکی وادا پێچه‌وانه‌ی قانوونه‌. ئاخر ده‌بێ هه‌ر که‌سێک پارچه‌یه‌ک خۆڵ لاده‌بات، ده‌بێ پسپۆڕ بێ له‌ ئه‌شکه‌وت، له‌ هه‌موو عێڕاقدا پسپۆڕی ئه‌شکه‌وت نییه‌، ته‌نانه‌ت من له‌ سه‌فه‌ره‌که‌مدا له‌ کوردستان، بۆمده‌رکه‌وت پسپۆڕی شوێنه‌واریش له‌ کوردستاندا نییه‌. به‌پێی یاسا و زانست ده‌بێ له‌ لابردنی هه‌ر ده‌نکێک خۆڵ هه‌موو حسابێ بکرێ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ که‌ له‌ کوردستان شتی وانییه‌."
خالید ره‌شید ته‌ئکیدیشی له‌وه‌ کرده‌وه‌ ئه‌وانه‌ی به‌وکاره‌وه‌ ه‌هڵساون "چاوچنۆک و تا دوێنێ برسیی بوون و ئێستا موڵکی گشتی تێکده‌ده‌ن. ئێمه‌ چه‌ندان پڕۆژه‌مان ته‌قدیمکردووه‌ که‌چی که‌س گوێناگرێ. ئه‌وانه‌ هه‌رگیز له‌ سیاسه‌ت تێناگه‌ن. ئێمه‌ ده‌ڵێین ده‌بێ حیسابی میللیمه‌تر بکرێ، که‌چی ئه‌وان حیسابی کیلۆمه‌تریش ناکه‌ن."
رای گشتیی سۆران وایده‌بینێت ئه‌و ئه‌شکه‌وته‌ ده‌بێته‌ موڵکی تایبه‌تی ئه‌و سه‌رمایه‌داره‌، به‌ڵام قائیمقامی سۆران وایده‌بینێت "ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌که‌ ته‌واوبوو، هیچ رێگرییه‌کی له‌وه‌دا نییه‌ که‌ پڕۆژه‌که‌ بداته‌وه‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان. ئه‌و ته‌نها خزمه‌ته‌که‌ی گرتۆته‌ شان."
ئه‌و وتیشی "ئه‌وانه‌ی وابیرده‌که‌نه‌وه‌ شوێنه‌وار که‌ موڵکی گشتییه‌ ببێته‌ موڵکی تاکه‌که‌س، ئه‌سڵه‌ن رۆشنبیر نینه‌ و له‌ هیچ شوێنێکی دونیاش شتی وانییه‌. ئه‌وه‌ سه‌روه‌تی نیشتیمانییه‌. من عه‌جایه‌بم به‌و که‌سانه‌ دێ که‌ وابیرده‌که‌نه‌وه‌."
سه‌باره‌ت به‌ بوونی هیچ گرێبه‌ست و په‌یمانێكیش که‌ دوای ته‌واوبوونی پڕۆژه‌که‌، پڕۆژه‌که‌ بدرێته‌وه‌ حکومه‌تی هه‌رێم، کرمانج عیزه‌ت وتی "ئێمه‌ هیچ گرێبه‌ستێکی وامان مۆرنه‌کردوه‌. له‌ کاتی ته‌واوکردنی پڕۆژه‌که‌ی ئه‌شکه‌وتی شانه‌ده‌ریش، ته‌نها شوێنه‌که‌ی نۆژه‌نکرده‌وه‌ و ته‌سلیمی حکومه‌تی کرده‌وه‌. به‌ هه‌مان شێوه‌ش، ئه‌وه‌ی له‌و ئه‌شکه‌وته‌شدا ده‌یکا، هه‌ر هه‌مان شته‌ و هیچی تر."

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)