بەغداو پرسى قەرەبووكردنەوەى كەسوكارى ئەنفالكارەوەكان
Monday, 14/04/2014, 12:00
1258 بینراوە
لەرۆژە مەینەتبارەكانى بەناو ئەنفال و یادى گەورەترین جینۆسایدى گەلەكەماندا دەژین كە تیایدا 182هەزار رۆڵەى ئەم وڵاتە بوونە قوربانى، ئەو رۆژانەى كە بوونە مۆتەكەى سەر دڵى رژێمەكەى سەدام و دواجار لەگۆڕى نا، رۆژانێك كە ئەمرۆى ئازادو دوور لە كۆمەڵكوژى بەرهەمێنا.
ئەوەى پێویست بوو لەم رۆژانەدا سارێژ كرابێت برینى كەسوكارى ئەو قوربانیانەیە كە تائێستاش لەناو نەهامەتى و كوێرەوەریدا دەژین و هەندێ جار ئاوات بۆ ژێرگڵى رۆڵەو كەسوكارە شەهیدەكانیان دەخوازن، هۆكارى ئەمەش كەمتەرخەمى ئەم دەسەڵاتەى كوردستانە كەبەرهەمى خوێنى رۆڵەكانى ئەوانە.
كورد ئەمرۆ بەشێكى پێكهێنەرى ئەو دەسەڵاتەیە كە دواى سەدام حسەینى دكتاتۆر هاتووەتە كایەو بەرپرسیاریەتى گەورەى لەئەستۆیە كە ئاوڕ لە كەسوكارى قوربانییەكانى خەڵكى كوردستان بداتەوە.
حكومەتى ئێستاى عێراق میراتگرى چاك و خراپى حكومەتى رووخێنراوى سەدام حسەینەو دەبێت چارەسەرى هەموو پرسە خوڵقێنراوەكانى سەردەمى رابردوو بكات، وەك چۆن ئەم حكومەتە پابەندە بەدانەوەى قەرزەكانى سەر حكومەتى رابردوو بەهەمان شێوە دەبوو پابەند بووایە بە دانەوەى قەرزى هاووڵاتیانى خۆى، لەم رووەوە دەبێت بەغدا قەرەبووى هەموو زیانەكانى گەلانى عێراق بكاتەوە كە بەهۆى سیاسەتە شەڕەنگێزییەكانى دەسەڵاتى رووخاوى بەعسەوە دووچارى بوون.
راستە میدیاى عێراقى و لێدوانى بەرپرسانى بەغدا ئاماژەى تیایە بۆ تاوانەكانى رژێمى سەدام، بەڵام تائێستا حكومەتى فیدراڵى بەغدا كەمیراتگرى حكەمەتى پێشووە بەشێوەیەكى فەرمى لەسەر تاوانەكانى رژێمى سەدام داواى لێبوردنى لەگەلى كورد نەكردووە، چونكە ئەم داواى لێبووردنە دەرهاوێشتەى سیاسى و یاسایى و ئەخلاقیى بەدوادا دێت و بەغداش نایەوێت بۆ بەرژەوەندى كورد خۆى بخاتە ژێر بارى ئەو دەرهاوێشتانەوە.
دانپیاهێنانى فەرمى دەسەڵاتى ئێستاى بەغدا بەتاوانەكانى ئەنفال و هەڵەبجەو ئەوانیتر بەغدا ناچار دەكات قەرەبووى زیانەكانى هاوڵاتیان بكاتەوەو بەغداش هەمیشە خۆى لەم مافەى گەلى كورد دزیوەتەوە، چونكە تا ئێستا فشارێكى بەهێز لەسەرى لەئارادا نەبووە كە ناچارى بكات پابەند بێت بەدانەوەى قەرزى مادى و مەعنەوى گەلەكەمان.
سەركردایەتى سیاسى كوردستان شلگیرانە مامەڵەى لەگەڵ كەیسى ئەنفال و مەسەلەى قەرەبووى كەسوكارى قوربانییەكاندا كردووەو بەدەگمەن وەك خاڵێكى ریزبەندكراوى ناو ئەجێنداى دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا جێگاى كردووەتەوە. بۆ نموونە ئێستا كە نێوانى هەولێرو بەغدا ئاڵۆزەو كێشەكانى نێوانیان گەیشتووەتە ئاستێكى هەستیار ئەوەى غیابى هەیە لەناو پرس و كێشەكانى نێوان هەرێم و ناوەنددا ئەنفال و قەرەبووى زیانلێكەوتووانە كە جگە لەوەى پرسێكى مرۆییە رەهەندێكى سیاسى و ستراتیژى نەتەوەیى گرنگیشى هەیە.
زۆرترین قسەو باسەكان لەئێستادا لەنێوان كوردو حكومەتى ناوەندیدا لەسەر پرسى نەوت و فرۆشتنیەتى لەلایەن هەرێمەوە، لەكاتێكدا پرسى جینۆسایدى كوردو پابەندنەبوونى ئەو دەسەڵاتەى دواى سەدام هاتووە بەو بەرپرسیاریەتیانەى دەكەوێتە ئەستۆى گەلێك لەنەوت گرنگترە، هەروەها پرسى ناوچە دابڕاوەكانى كوردستانیش لەپێش هەمان پرسەوەیە، بەڵام چونكە بەرژەوەندى دەسەڵاتدارانى كوردستان لەنەوتەكەدایە بەداخەوە خراوەتە پێش ئەنفال و خاك و سنوورى كوردستانیشەوە.
ئەوەندە كێشەى تر لەنێوان ئێمەو عێراقى نوێدا خوڵقێنراوە خەریكە لەیاد دەچێتەوە كە پێش ئەم دەسەڵاتەى ئێستاى بەغدا گەلى كورد هەوڵى لەناوبردنى دراوەو بەهەزاران رۆڵەى كراوەتە قوربانى و خاك و ئاوى سوتماك كراوە.