بەرپرسێكى باڵاى یەكێتى باخێكى گەورەى هاوڵاتییەك لە كەلار داگیردەكات
Thursday, 02/05/2013, 12:00
بەهاى موڵكەكە بەپەنجا دەفتەر دۆلار دەخەمڵێندرێت
بەرپرسێكى باڵاى یەكێتى باخێكى گەورەى هاوڵاتییەك لەكەلار داگیردەكات
تایبەت بەرایەڵ
گۆڤارى رایەڵ موڵكێكى تر ئاشكرادەكات كە لەلایەن عەدنانى حەمەى میناى ئەندامى سەركردایەتى یەكێتیەوە داگیركراوە، كە موڵكەكە موڵكى هاوڵاتییەكە بەناوى (مەحمود حەداد).
موڵكەكەى مەحمود حەداد كەلەلایەن ئەو بەرپرسەوە داگیركراوە بریتییە لەباخێكى گەورە كە لەسەر رووبەرى پانزە دۆنم زەوى دروستكراوە، بەوتەى خاوەنەكەشى ئەگەر ئەو موڵكە بفرۆشرێت پەنجا دەفتەر دۆلار دەكات.
ئەو باخەى كە داگیركراوە دەكەوێتە پشت گۆرستانى شێخ عەبدولرەحمان لەبەرانبەر قەڵاى شێروانە و لەساڵى 1996 عەدنانى حەمەى مینا داگیرى كردووە، خاوەنەكەشى ئاماژەبەوەدەكات هەركاتێك دەرفەتى بۆ برەخسێت پەنا دەباتە بەر دادگا.
مەحمود حەداد خاوەنى موڵكە داگیركراوەكە لەلێدوانێكدا بۆ گۆڤارى رایەڵ، رایگەیاند"باخەكەم كە عەدنانى حەمەى مینا داگیرى كردووە پانزە دۆنم زەوییە و ئێستا ئەگەر بفرۆشرێت پەنجا دەفتەر دۆلار دەكات".
ئەو هاوڵاتییە باسیلەوەكرد موڵكەكەى دەكەوێتە پشت گۆرستانى شێخ عەبدولرەحمانەوە لەبەرانبەر قەڵاى شێروانە، وتى"زەویەكەم تاپۆى نەبووە بەڵكو هەموو ئەو زەویانە عەقدى زراعین".
هەروەها وتیشى"ساڵى 1996 عەدنان موڵكەكەمى داگیركردووە".
دەربارەى ئەوەى چۆن پەناى نەبردووەتە بەر دادگا، مەحمود حەداد وتى"شكاتم نەكردووە، بەڵام ئەگەر بزانم شكات سودى دەبێت دەچمە دادگا و شكات دەكەم".
ئاشكرابوونى داگیركردنى ئەو موڵكە لەلایەن عەدنانى حەمەى میناوە، لەكاتێكدایە گۆڤارى رایەڵ لەژمارەكانى پێشووتریدا موڵكێكى ترى ئاشكراكرد كەدەكەوێتە سەر جادەى لیواكە و لەلایەن هەمان بەرپرسەوە داگیركراوە.
بەپێى زانیاریەكانى گۆڤارى رایەڵ، ماوەیەكە گفتووكۆ كەوتووەتە نێوان ئەو بەرپرسە و تیلەكۆییەكانەوە لەسەر موڵكە داگیركراوەكە، كە عەدنانى حەمەى مینا ئامادەیى نیشانداوە لەبەرانبەر موڵكەكەیان پێند دەفتەر دۆلاریان پێدەدات.
بەڵام تیلەكۆییەكان كەخاوەنى موڵكەكەن پێیانراگەیاندووە موڵكەكە پارەیەكى خەیاڵى دەكات و موڵكى خۆیانە، ئیتر بۆچى پێنج دەفتەر وەرگرتن لەبەرانبەر داگیركردنیدا بەڵكو رۆژێك لەرۆژان لێى دەسێننەوە.
سەرچاوەیەكى ئاگادار كەنەیویست ناوى بڵاوبكرێتەوە، سەرسورمانى خۆى نیشان دەدات لەوەى كە بەرپرسێك بانگەشەى كوردایەتى بكات، كەچى بەردەوام سەرقاڵى پارە كۆكردنەوە و داگیركردنى موڵكى خەڵك بێت.
سەرچاوەكە بەرایەڵى راگەیاند"ئەگەر یاسا سەروەر بێت نابێت بەرپرس ماڵى خەڵك داگیر بكات بەڵكو دەبێت هاوكارى ئەو خەڵكانە بكات كەموڵكەكانیان داگیركراوە بۆئەوەى موڵكەكانیان وەربگرنەوە".
بەوتەى سەرچاوەكە، هەر ئەو جۆرە كارانەى بەرپرسانە كە خەڵكى بەتایبەت گەنجانى لەدەسەڵات تۆراندووە و وایانلێهاتووە ئینتیمایان بۆ نیشتیمان نەماوە، چونكە"بەرپرس بانگەشەى نیشتیمانپەروەرى و خزمەتكردنى خەڵك دەكات، كەچى موڵكى خەڵك داگیردەكات".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست