کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


بیره‌وه‌ری نیو سه‌ده‌ بۆ نیشتمان

Wednesday, 20/03/2013, 12:00








پارتی ئاو ده‌ڕیژێت یه‌کێتی پێێ لێ ده‌نێت


لێره‌و له‌م ئاماده‌کردنه‌دا که‌سێک ده‌توانێت بونیادی یه‌کێتی به‌سه‌رکرده‌و دامێنیه‌کانیه‌وه‌ تێ بگات ، چۆن کاریان کردووه‌ چۆن به‌ئێستا گه‌یشتون ، . هه‌میشه‌ یه‌کێتی له‌به‌ر (ڕیاکشون) ــ ڕه‌دلفیعلی ــ پارتی دابووه‌ ، بۆیه‌ وه‌کو په‌نده‌ کوردیه‌که‌ (گه‌وره‌ ئاوده‌ڕیژێت بچوک پێێ تێ ده‌خشێنێت) .. هه‌رچی گه‌نده‌ڵی یه‌ له‌پارتیه‌وه‌ ده‌ستی پێ کردووه‌ به‌چاولێکه‌ری وکۆپی کردنی ناشیانه‌ی یه‌کێتی کۆتایی هاتوه‌ .. نامه‌وێت زیاتر درێژه‌ی بده‌مێ چونکه‌ بابه‌ته‌ خۆی درێژه‌ زۆر به‌وردی که‌سێکی وه‌کو (لالۆ عه‌بدوڵره‌حمان پێنجوێنی) که‌له‌ خۆی به‌شدار بووه‌ له‌ سه‌ره‌تای شۆڕشی ئه‌یلولدا و دواتر له‌ وانه‌ی سه‌ربه‌باڵی مه‌کته‌بی سیاسی (جه‌لالل) دابوه‌ ودواتر وه‌کو سه‌ره‌تای به‌شدار بونی له‌ کۆمه‌ڵه ی ره‌نجه‌ده‌رانی کوردستان و ده‌ستپێکی هه‌شانه‌وه‌ی داوی ئاشبه‌تاڵی 1975، له‌گه‌ڵ یه‌کێتی نیشتمانی دا له‌ ژیان نامه‌یه‌کی ورد ، به‌ بێ پیاهه‌ڵدان و درۆده‌له‌سه‌ ، ژیاننامه‌ی خه‌باتی په‌نجا ساڵه‌ی خۆی به‌نزیک له‌سه‌ربودی ژیانی خۆی چیرۆکه‌کان ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ که‌سێک بیه‌وێت به‌ساده‌یی و بێ درۆ زیاده‌ڕه‌وی ، بکه‌وێت به‌سه‌ر ڕاستیه‌کان دا ، ئه‌م ‌ بیره‌وه‌ری نامه‌یه‌ گرنگیه‌کی بێ پایانی هه‌یه‌ . ده‌زانیت سه‌رکرده‌ی یه‌کێتی و مه‌کته‌بی سیاسی کادێره‌ پێشکه‌وتوه‌کانی و پێشمه‌رگه‌ ساده‌کانی چۆن به‌ڕاستی هه‌بون خه‌باته‌که‌یان چیه‌و چۆن بووه‌.. لێره‌داو له‌م به‌شه‌ی دا،ڕاستیه‌ک ده‌رده‌که‌وێت .. کاتێک جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رکۆنه‌ی ئه‌وانه‌ ده‌کات چۆن ژێرخانی ئابوری وڵاتیان هه‌راج و ئاودیو کردووه‌ یان ناوی (ئاڕ ئاڕ) ناوی ده‌بردن ، واته‌ جور ئاڕی (ڕاو روت) که‌ران ، تێ ده‌گه‌یت چۆن خۆی بنیات نه‌ری ئه‌و مۆراڵه‌ بووه‌ ، هه‌روه‌ها چۆن گێل گێل دوای فیکه‌ی پارتی که‌وتون ، به‌وه‌ی به‌پاره‌و سه‌ختی حه‌رام ویستویانه‌ ده‌نگی هه‌ڵبژاردن به‌رنه‌وه‌ ، ده‌لێت : (که‌رێک به‌پاره‌ی به‌فر بکڕرێت ، ئاو ده‌یبات) تاگه‌یشتون به‌م باره‌ نه‌خوازراوه‌ی ئێستایان . .بۆ زیاتر .. بفه‌رمون بۆ خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌که‌ :




{ سه‌ره‌تای ساڵی 1992حیزبه‌سیاسیه‌کانی کوردستان بڕیاریان داکه‌له‌مانگی ئایاری هه‌مانساڵدا هه‌ڵبژاردن بۆ پێکهێنانی په‌رله‌مانی کوردستان ئه‌نجام بدرێت .حیزبه‌کوردستانیه‌کان به‌تایبه‌تی هه‌ردوپارتی سه‌ره‌کی (ی.ن.ک)و (پ.د.ک)ململانێیه‌کی سه‌خت له‌نێوانیانداهه‌بو ،هه‌رلایه‌کیان خۆی به‌ گه‌وره‌ترین و به‌هێزترین حیزب ئه‌زانی .

ئه‌وکاته‌ یه‌کێتی نیشتمانی خاوه‌نی داراییه‌کی ئه‌وتۆنه‌بو ، بۆیه‌ بۆ هه‌ڵسوراندنی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن زۆر پێویستی به‌پاره‌ بوو .له‌دوایڕاپه‌ڕین وه‌ک سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی دارایی یه‌کێتی نیشتمانی پشتی به‌چه‌ند پڕۆژه‌یه‌کی بازرگانی بچوک و گومرگه‌کانی سه‌رسنور به‌ست بوو.

له‌یه‌که‌یک له‌ ڕۆژه‌کانی سه‌ره‌تای ساڵی 1992 عومه‌رفه‌تاح و شیخ دارۆی شێخ نوری هاتن بۆلام بۆ ماڵه‌وه‌ .پاشکه‌مێک دانیشتن و هه‌واڵ پرسین کاک عومه‌ر وتی :مام جه‌لال پێییوتم که‌سه‌ردانت بکه‌ین ، ڕیزوسڵاوی هه‌یه‌ بۆت ، له‌م ڕۆژانه‌دا زۆر باسی دڵسۆزی و ده‌سپاکی تۆی بۆ کردین .

ئه‌مزانی ئه‌و پێشه‌کی وپیا هه‌ڵدانه‌ له‌ خۆوه‌ نیه‌و براده‌ران بۆ ئیشێکی گرنگ منیان بیرکه‌وتۆته‌وه‌ . عومه‌رفه‌تاح به‌رده‌وام بو له‌قسه‌کانی و وتی : ئه‌وی ڕاستی بێت بۆ ئیشێک هاتووم بۆ لات که‌ پێت ڕابگه‌یه‌نم ، مام جه‌لال ئه‌رکێکی یه‌کێتی پێ راسپاردویت که‌ ئه‌بێت ڕه‌تی نه‌که‌یته‌وه‌ .

وتم : فه‌رموو ، ئه‌وه‌ی به‌من بکرێت بۆ شۆڕش درێغی ناکه‌م.

کاک عومه‌ر وتی : هه‌ندێک شۆفڵ وحه‌فاره‌مان کڕیوه‌،ئه‌مانه‌وێت بیانفرۆشینه‌وه‌،چونکه‌ خه‌رجی پێشمه‌رگه‌و ماڵه‌ شه‌هیده‌کانمان زۆره‌ ،هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردنمان له‌ پێشه‌. ئه‌م شۆفڵ وحه‌فارانه‌ دزراونین و مافی که‌سیان پێوه‌ نیه‌و خۆمان بۆ قازانج کڕیومانه‌. براده‌رانی پارتی به‌ مام جه‌لالیان وتووه‌ که‌ قه‌رارگای هه‌مزه‌ی ئێرانی(*)داوای په‌نجا شۆفڵ و حه‌فاره‌یان لێکردوون که‌بۆیان بکڕن و دواتر به‌ قازانج پێیان بفرۆشنه‌وه‌ ،براده‌رانی پارتی ئێستا خه‌ریکی ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ن له‌گه‌ڵ
قه‌رارگای هه‌مزه‌ ، بۆیه‌ به‌مام جه‌لالیشیان وتووه‌ که‌ ئه‌وان خه‌ریکی ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ن که‌ دواتر ئێمه‌ڕه‌خنه‌یان لێ نه‌گرین .

قه‌رارگای ره‌مه‌زانیش(**)له‌کرماشان په‌یوه‌ندیان به‌ کاک دانای ئه‌حمه‌د مه‌جیده‌وه‌ کردووه‌ و پێیان وتووه‌ که‌ ئێمه‌ش وه‌ک یه‌کێتی ئه‌توانین شۆفڵ وحه‌فاره‌ بکڕین وخۆیان بۆمان بفرۆشنه‌وه‌ ،بڕیاره‌ کاک داناخۆی ئه‌وکه‌سانه‌ بهێنێته‌ سه‌رسنوور که‌ئه‌یانه‌وێت شۆفڵ و حه‌فاره‌ بکڕن.

وتم: ئه‌و کاره‌بۆمن زه‌حمه‌ته‌ ، چونکه‌ من هیچی لێ نازانم .
کاک عومه‌ر وتی : له‌ راستیدا ئێمه‌ ئه‌مانه‌وێت تۆ ئه‌م ئه‌رکه‌ بگریته‌ ئه‌ستۆ ،چونکه‌ زیاتر متمانه‌مان به‌ تۆیه‌ و نامانه‌وێت خه‌ڵکی تر ئه‌وکاره‌ بکات و پاره‌مان بخوات . له‌ براده‌رانی خۆشمان کێ به‌ باش ئه‌زانیت و لێی دڵنیایت که‌ هاوکاریت بکات ،له‌گه‌ڵ خۆت بیبه‌ .

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ کاری من نه‌بوو ، به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ستیاری کا‌ره‌که‌و بارودۆخی دارایی ئه‌وکاته‌ی یه‌کێتی ،ئه‌نجامدانی ئه‌و ئه‌رکه‌ نوێیه‌م خسته‌ ئه‌ستۆ .هاوڕی حه‌مه‌سه‌عید کادرێکی ده‌ست پاک و دڵسۆزی(ی.ن.ک) بوو،بۆیه‌ ئه‌وم هه‌ڵبژارد که‌له‌و ئه‌رکه‌ نوێ یه‌ هاوکاریم بکات .ڕۆژانی دواتر براده‌رانی مه‌ڵبه‌ندی یه‌ک که‌سێکیان به‌ناوی ڕه‌ئووف که‌ریم پێ ناساندین که‌له‌ فرۆشتنه‌وه‌ی شۆفڵ و حه‌فاره‌کان هاوکاریمان بکات، چونکه‌ من و هاوڕی حه‌مه‌سه‌عید نرخی شۆفڵ وحه‌فاره‌کانمان نه‌ئه‌زانی ، دواتر زانیاریم پێ گه‌یشت که‌ هه‌ر ڕه‌ئووف که‌ریم شۆفڵ وحه‌فاره‌کانی بۆ یه‌کێتی کڕی بوو.

پاش چه‌ند ڕۆژێک قافڵه‌یه‌کمان له‌ شۆفڵ و حه‌فاره‌کان به‌ره‌و ده‌ربه‌ندیخان نارد،بۆئه‌وه‌ی له‌سنوری سه‌رته‌ک وبه‌مۆ به‌ئاماده‌ بوونی براده‌رانی خۆمان و
قه‌رارگای ره‌مه‌زان بفرۆشرێن. پێشتر براده‌رانی سه‌رکردایه‌تی ئاگاداری کوردۆ قاسمیان کردبوو که‌ له‌ نێوانی ده‌ربه‌ندیخان و سنوور هاوکاریمان بکات . شه‌و له‌ مه‌ڵبه‌ندی یه‌که‌وه‌ به‌ڕێکه‌وتین ، ئه‌وکاته‌ جه‌لال به‌گی زڕگوێز فه‌رمانده‌ی به‌تالیۆن بوو،خۆی وکۆمه‌ڵێک پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵماندا هاتن. پێش قافڵه‌که‌ من و هاوڕی حه‌مه‌سه‌عید و ڕه‌ئووف که‌ریم چوین بۆ که‌لار، له‌وێ له‌گه‌ڵ کوردۆقاسم سه‌باره‌ت به‌ هه‌مان بابه‌ت قسه‌مان له‌گه‌ڵ دا کرد. کاک کۆردۆ وتی : خه‌متان نه‌بێت ، پێشتر پێشمه‌رگه‌کانم ئاماده‌ کردووه‌، خۆمان هه‌مو ده‌زگاکان له‌ ده‌ربه‌ندیخانه‌وه‌ ئه‌به‌ین بۆ سه‌رته‌کی به‌مۆ ، ئێوه‌ش بڕۆن بۆ سنوور .

ئێمه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ چوین بۆ کۆمیته‌ی ڕیکخستنی ده‌ربه‌ندیخان، له‌وێ پێیان وتین که‌ قافڵه‌که‌ نه‌گه‌یشتووه‌ ، ئێمه‌ش بۆ سلێمانی گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانین که‌ بۆ دیار نه‌بوون. له‌ گه‌ڕانه‌وه‌مان له‌ عه‌ربه‌ت شۆفڵه‌کانمان بینی که‌به‌ فه‌رمانی به‌رپرسی لیزنه‌ی هاوبه‌شی به‌ره‌ی کوردستانی کاک نه‌به‌ز (خوله‌ی جگه‌ر)شۆفڵ وحه‌فاره‌کانی گرتبوو، چونکه‌ چه‌ند که‌سێک کاک نه‌به‌زیان تێگه‌یاندبوو که‌ ره‌ئووف ناوێک ئه‌و شۆفڵ وحه‌فارانه به‌قاجاخ ئاودیوی سنور ئه‌کات. کاک نه‌به‌ز هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وکاته‌ یه‌کێتی بوو ، به‌ڵام له‌ پلانی فرۆشتنی ئه‌و ده‌زگایانه‌ ئاگادار نه‌کرابووه‌وه‌ . پاشان ئێمه‌ چوین بۆ سلێمانی و سه‌باره‌ت به‌ گرتنی ده‌زگاکان له‌ گه‌ڵ عومه‌ر فه‌تاح قسه‌مان کرد، کاک عومه‌ریش به‌ته‌له‌فون قسه‌ی له‌گه‌ڵ کاک نه‌به‌ز کرد ، کاک نه‌به‌ز وتی: هه‌ڵه‌که‌ له‌ خۆتانه‌وه‌ بووه‌ ، بۆ ئاگاداری منتان نه‌کردووه‌ ، چونکه‌ ڕاپۆرت بۆمن هاتووه‌ که‌ ئه‌و شتانه‌ به‌قاچاخ ئاودیوی ئێران ئه‌کرێن، بڕوام پێ بکه‌ن من نه‌مزانیووه‌ که‌ئه‌و شتانه‌ موڵکی یه‌کیتین و هی خۆمانن ، پێم وابووه‌ که‌به‌ قاچاخ ئه‌ڕوات.

هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ هه‌موو شۆفڵ وحه‌فاره‌کانیان گه‌راندبووه‌وه‌ بۆ سلێمانی بۆ باره‌گای هێز له‌ ته‌نیشت زانکۆی سلێمانی، فایه‌ق تۆفیق ناسراو به‌ فایه‌قه‌ ره‌ش که‌ به‌رپرسێکی پارتی بوو(پێم وایه‌ ئه‌و کاته‌ له‌ ئاسایشی سلێمانی بوو)، پرسیاری له‌مام جه‌لال کردبوو که‌ ئایا یه‌کیتی ئاگاداری فرۆشتنی ئه‌و شتانه‌یه‌ ؟ مام جه‌لال له‌ وه‌ڵامدا پێی وتبوو ئه‌و ده‌زگایانه‌ نه‌هی حوکومه‌تی عێراقه‌ تاڵان کرابن و نه‌هی به‌ره‌ی کوردستانییه‌، به‌ڵکو یه‌کیتی نیشتمانیی به‌ پاره‌ی خۆی کڕیویه‌تی و بۆ قازانج ئه‌یانفرۆشێته‌وه‌.

پێشتر ئاماژه‌م پێ کردووه‌ که‌ کڕینی شۆفڵ وحه‌فاره‌کان و فرۆشتنیان به‌ ئێران بیرۆکه‌ی براده‌رانی (پ.د.ک) بوو، چونکه‌ ئه‌وان پێش (ی.ن.ک) کڕین و فرۆشتنیان به‌ شۆفڵ وحه‌فاره‌وه‌ کرد بوو ،هه‌ر ئه‌وانیش به‌ سه‌رکردایه‌تی یه‌کیتییان وتبوو که‌ شۆفڵ وحه‌فاره‌ ئه‌کڕین و ئه‌یفرۆشنه‌وه‌ به‌ ئێران. جاری دووه‌م به‌دوجار هه‌ندێک له‌و شۆفڵ وحه‌فارانه‌مان به‌ره‌و سه‌رته‌ک نارد، به‌ڵام له‌نزیک عه‌ربه‌ت کۆمه‌ڵیک چه‌کدار بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ڕێگایان پێ گرتبوون و ده‌ستیان به‌سه‌ر قافڵه‌که‌دا گرتبوو،ئه‌وه‌نده‌ی نه‌مابو له‌سه‌ر ئه‌و چه‌ند ده‌زگایه‌ شه‌ڕو پێکدادان ڕو بدات و کوژراوو برینداری لی بکه‌وێته‌وه‌.پاشان عومه‌ر فه‌تاح و نه‌وزادی نوری به‌گ پێشنیازیان کردکه‌له‌ خه‌تی چۆمانه‌وه‌ شۆفڵه‌کان ببرێن بۆ ئێران، عومه‌ری سه‌ید عه‌لی که‌ به‌رپرسی دارایی (ی.ن.ک) بوو،پێشنیاره‌که‌ی پی باش بوو پاشان مه‌جیدی حاجی عه‌لی دیاری کرا بۆ ئه‌وه‌ی شۆفڵ وحه‌فاره‌کان له‌ ڕێگای قه‌لاچوالانه‌وه‌ ببات بۆ چۆمان.

گواستنه‌وه‌و فرۆشتن و ساغکردنه‌وه‌ی شۆفڵ و حه‌فاره‌کان له‌و زستانه‌ سه‌خته‌دا،ماوه‌یه‌کی زۆرو زه‌حمه‌تێکی زۆریویست و زۆر پێوه‌ی ماندوو بووین، چونکه‌ به‌چه‌ند جارێک و هه‌ر جاره‌ی له‌ شوێنێکه‌وه‌ ئه‌بران بۆ ناو ئێران. ئه‌و زستانه‌ زۆر سارد بوو، به‌فرێکی زۆر باری بوو، زوربه‌ی ڕیگاکان گیرابوون ،به‌ هۆی نه‌بوونی ئۆتۆمبیله‌وه‌ به‌پی له‌نێوانی گونده‌کانی سه‌ر سنوور هاتو چۆمان ئه‌کرد . هه‌وای ساردی ئه‌و زستانه‌ زۆر په‌رێشانی کرد بووین. به‌هۆی سه‌رماو سۆڵه‌وه‌ کۆمه‌ڵیک پارچه‌ی شۆفڵ وحه‌فاره‌کان ته‌قین. بۆ چاککردنه‌وه‌یان له‌ سلێمانیه‌وه‌ وه‌ستامان بۆ بردن.براده‌رانی سه‌رکردایه‌تی زۆر به‌په‌له‌ بوون بۆ فرۆشتنیان. چونکه‌ وه‌ک پێشترباسم کرد بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی 1992 زۆر پێویستیان به‌پاره‌بوو . به‌شیکی زۆری شۆفڵ و حه‌فاره‌کان له‌ بانه‌و شاره‌ سنوریه‌کان فرۆشران . هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌کیان بۆ فرۆشتن نێردران بۆ تاران.

ماوه‌ی چه‌ند مانگێک بۆ ساغکردنه‌وه‌ی شۆفڵ وحه‌فاره‌کان و په‌یداکردنی پاره‌ بۆ (ی.ن.ک) تابۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی 1992 به‌کاری بهێنێت ، له‌گه‌ڵ هاوڕی حه‌مه‌سه‌عید له‌ سنوری شاری بانه‌و سه‌قز مامه‌وه‌. له‌و زستانه‌ سه‌خته‌دا که‌ نه‌وت و کاره‌با نه‌بوو، له‌و ماوه‌یه‌دا که‌ بارودۆخی کوردستان به‌ هۆی گرانی و پاشاگه‌ردانییه‌وه‌ زۆرناخۆش و خراپ بوو، به‌ هۆی دزو پیاو خراپ که‌ ژماره‌یان له‌ زیاد بووندا بوو، خه‌ڵکی له‌ ژیان و ماڵیان دڵنیا نه‌بوون، له‌و بارو دۆخه‌ هه‌ستیاره‌دا حه‌مدی هاوسه‌رم به‌ته‌نیا له‌ماڵێکی چۆڵی قه‌راغ شاری سلێمانی به‌جێهێشتبوو .دوای ئه‌وه‌ی گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ سلێمانی، حه‌مدی بۆی گێرامه‌وه‌ که‌ له‌و ماوه‌یه‌دا له‌به‌ر دزو پیاو خراپ که‌ بۆ که‌مترین بڕی پاره‌ یان پچوکترین پارچه‌ ئاڵتون خه‌ڵکیان ئه‌کوشت زۆر نائارام بووه‌ ، هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خانووه‌که‌مان نزیکی شه‌قامی شه‌ست مه‌تری بوو، شه‌وان نه‌یتوانیوه‌ به‌ئارامی بخه‌وێت و ڕۆژ بکاته‌وه‌.

یه‌ک دوو ڕۆژ دوای گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ سلێمانی ، مام جه‌لال داوای کرد که‌ من و هاوڕێ حه‌مه‌سه‌عید له‌باره‌گای خۆی له‌ قه‌ڵاچوالان له‌گه‌ڵی کۆببینه‌وه‌، له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا مام جه‌لال باسی نزیکبوونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان و فرۆستنی شۆفڵ وحه‌فاره‌کانی له‌گه‌ڵدا کردین و ره‌خنه‌ی لێگرتین که‌ بۆچی ده‌ستو بردمان نه‌کردووه‌ و هه‌مویان نه‌فرۆشراون و نه‌کرا ونه‌ته‌ وه‌ به‌پاره‌ .

وتم: به‌هۆی بارینی به‌فرێکی زۆره‌وه‌، هه‌موو ڕیگاکانی هاتوو چۆ گیرابوون، براده‌رانی خۆمان نه‌یانتوانی بوو ئه‌و شۆفڵ وحه‌فارانه‌ی که‌ مابوون بنێرن بۆ سه‌رسنوور ، هه‌روه‌ها له‌ئه‌نجامی سه‌رماو سۆڵه‌ پارچه‌ی هه‌ندیکیان ته‌قیبوون ، به‌هۆی بردنی فیته‌رو خه‌ڵکی شاره‌زا بۆ چاککردنه‌وه‌یان ، فرۆشتنی ژماره‌یه‌کیان دواکه‌وت.

مام جه‌لال وتی: باشه‌که‌من له‌ تاران بووم ، بۆچی منتان ئاگادار نه‌کرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ به‌رپرسانی حوکومه‌تی ئیران بڵێم ڕێگاو بانه‌کانمان بۆ پاک بکه‌نه‌وه‌؟
وتم : زیاتر له‌یه‌ک مه‌تر به‌فر باری بوو ، ئه‌وان فریانه‌یه‌که‌وتن ڕێگاو بانه‌کانی خۆیان پاک بکه‌نه‌وه‌ ، ئێستا چۆن ئه‌یانتوانی ڕێگاو بانه‌کانی ئێمه‌ پاک بکه‌نه‌وه‌.

پاشان هاوڕی حه‌مه‌سه‌عید سه‌باره‌ت به‌هه‌مان بابه‌ت قسه‌ی بۆ مام جه‌لال کردو پێی وت که‌ بۆ فرۆشتنی ئامێره‌کان، ئه‌وه‌ی له‌تواناماندا بوو بێت کردومانه‌و درێغیمان نه‌کردووه‌. مام جه‌لال وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: تۆ هیچت نه‌کرووه‌.

پاشان وتی: ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان شکست بهێنین ، ئێوه‌ به‌رپرسیارن.

ئه‌وقسه‌یه‌ی مام جه‌لالم زۆر پێ ناخۆس بوو، بۆیه‌ به‌هه‌ڵچوونه‌وه‌ وتم: جائه‌وه‌ چ په‌یوه‌ندییه‌کی به‌ ئێمه‌وه‌ هه‌ییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دزیتان لێ نه‌کرێت ، ئێوه‌ خۆتان یه‌خه‌تان گرتین و بێ خواستی خۆمان به‌زۆر ئه‌م ئه‌رکه‌تان به‌ئێمه‌ سپارد. ماوه‌یه‌کی زۆره‌ هه‌ردوکمان خه‌ووئیسراحه‌تمان له‌ خۆمان حه‌رام کردووه‌،له‌به‌رئه‌وه‌ی خه‌رجیه‌ک که‌متر بکه‌ین و پاره‌یه‌کی زیاتر بۆ یه‌کیتی بگه‌ڕێته‌وه‌ .له‌بانه‌ و سه‌قز له‌سه‌ر ورگی خه‌ڵک ژیاوین ، ڕووبه‌رووی ده‌یان خه‌ڵکی فێڵبازو ساخته‌چی بوینه‌ته‌وه‌ و موجازه‌فه‌مان به‌ژیانی خۆمانه‌وه‌ کردووه‌، نه‌مانهێشتووه یه‌ک دینارمان به‌فیڕۆ نه‌داوه‌. مه‌کته‌بی سیاسیه‌که‌ی خۆت که‌مته‌ر خه‌م بوون نه‌وه‌ک ئێمه‌ ،چونکه‌ پێش ئه‌وه‌ی به‌فرو سه‌رما و سۆڵه‌ ده‌ست پێبکات ، له‌شاری سه‌قزه‌وه‌ بروسکه‌مان کرد بۆ براده‌رانی مه‌کته‌بی سیاسی بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو شۆفڵ و حه‌فاره‌کان بنێرن بۆ سه‌ر سنوور ، به‌ڵام ئه‌وان هه‌ڵنه‌ساون به‌ جێ به‌جێکردنی ئه‌رکی خۆیان.

له‌کۆتاییدا مام جه‌لال نامه‌یه‌کی بۆ عومه‌ری سه‌ید عه‌لی نوسی داوای لیکردین که‌ نامه‌که‌ی بۆ ببه‌ین.

به‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌ مام جه‌لال وتی" ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌رنه‌چین، ئه‌وا ئێوه‌ به‌رپرسیارن" من و هاوڕی حه‌مه‌سه‌عید زۆر دڵگران بووین، هه‌ر بۆیه‌ بێ خواحافیزی ڕۆیشتین.دواتر چوین بۆ باره‌گاکه‌ی نه‌و شیروان مسته‌فا له‌ نزیکی (گب عدلی)سلێمانی . کاک نه‌و شیروان له‌وێ نه‌بوو ، به‌ڵام عومه‌ری سه‌یدعه‌لی ومولازم عومه‌رو نه‌وزادی نوری به‌گ له‌وێ بوون، نامه‌که‌ی مام جه‌لالم دا به‌ عومه‌ری سه‌ید عه‌لی، پاشان به‌که‌مێک هه‌ڵچونه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ی نێوان ئێمه‌و مام جه‌لال قسه‌م له‌گه‌ڵ کاک عومه‌ر کرد و ره‌خنه‌م له‌ مام جه‌لال گرت.

کاک عومه‌ر وتی : ئه‌وه‌ بۆ چی واتوڕه‌یت، خۆ مام جه‌لال قسه‌ی خراپی نه‌وتووه‌؟
وتم : چۆن ئه‌توانێت قسه‌ی خراپ به‌رامبه‌ر به‌ من بکات؟ وه‌ڵڵا ئه‌گه‌ر هه‌موو خه‌بات و پێشمه‌رگایه‌تییه‌که‌م به‌چاشایه‌تی بۆ حساب بکرێت، له‌هیچ که‌سێک قبوڵ ناکه‌م که‌ قسه‌ی خراپ به‌رامبه‌ر به‌ من بکات. من له‌وه‌ تووڕه‌م که‌ مام جه‌لال ئه‌ڵێت " ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا بیدۆڕێنین، ئه‌وا من و هاوڕی حه‌مه‌سه‌عید به‌ر پرسیارین"
ئه‌وه‌ که‌ی قسه‌یه‌، خوای ئه‌کرد یه‌ک ده‌نگمان نه‌ ئه‌هێنا ، ئه‌وه‌ چ په‌یوه‌ندیه‌کی به‌ئێمه‌وه‌ هه‌یه‌؟

ئه‌و نامه‌یه‌ی مام جه‌لال بۆی نووسی بوو، کاک عومه‌ر دایه‌ ده‌ستمان و وتی: فه‌رموون نامه‌که‌ی بخوێننه‌وه‌ بزانن چی بۆ منیش نوسیوه‌ ، ئاخر ناردنی حه‌فاره‌ و شۆفڵه‌کان چ په‌یوه‌ندیه‌کی به‌منه‌وه‌ هه‌یه‌ ؟ که‌ی داوای شتی وا له‌من کراوه‌؟

مام جه‌لال له‌ نامه‌که‌ی دا بۆ کاک عومه‌ری نووسی بوو" ئێوه‌ راستگۆ نه‌بوون و درۆتان کرد، چونکه‌ ئه‌وان داوای شۆفڵ وحه‌فاره‌کانیان کردووه‌ ، ئێوه‌ بۆتان نه‌ ناردون ".

کاک عومه‌ر وتی : کاک عومه‌ر فه‌تاح له‌ سوریایه‌، جیهازی بۆ بکه‌و سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌له‌یه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵ بکه‌.

وتم : بۆچی من جیهاز بۆ کاک عومه‌ر بکه‌م؟

وتی : ئاخر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ به‌سه‌ر ئێوه‌و منیشدا شکاوه‌ته‌وه‌، که‌ی داواله‌من کراوه که‌‌ ئامێره‌کان بۆ ئێوه‌ بنێرم، کاک عومه‌ر فه‌تاح به‌رپرسی یه‌که‌می ناردنی ئامێره‌کان بووه‌ ، بۆچی ئه‌بێت به‌سه‌ر ئێمه‌دا بشکێته‌وه‌ و خه‌تا بار بکرێین.

وتم : ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ منه‌وه‌ نییه‌و له‌سه‌ر ئه‌و مه‌وزوعه‌ش قسه‌ له‌گه‌ڵ کاک عومه‌ر ناکه‌م، خوای ئه‌کرد ئه‌ماندۆراندو یه‌کیتیش ته‌فرو تونا ئه‌بوو.

ڕۆژانی دواتر ئه‌و پارانه‌ی که‌ که‌وتبووه‌ لای من و هاوڕی حه‌مه‌سه‌عید، ته‌سلیمی دارایی (ی.ن.ک) مان کرد. پاشان داوامان له‌ عومه‌ری سه‌ید عه‌لی کرد که‌ حسابیان له‌گه‌ڵ دابکه‌ین ، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ره‌ئووف که‌ریم ئه‌ی وت " چه‌ند شۆفڵ وحه‌فاره‌یه‌کم به‌پاره‌ی خۆم و به‌قه‌رزکریووه‌ و هێشتا بڕێک له‌و قه‌رزه‌م له‌یه‌کێتی وه‌رنه‌گرتووه‌ته‌وه‌" . بۆیه‌ من و هاوڕی حه‌مه‌سه‌عید بڕیارماندا که‌ سه‌ره‌تا ئه‌بێت هه‌موو حساباته‌کان له‌گه‌ڵ ڕه‌ئووف که‌ریم یه‌کلا بکه‌یننه‌وه‌، چونکه‌ پێمان وابوو که‌ ئه‌و هه‌ویره‌ ئاو زۆر ئه‌کێشێت و دواتر توشی گله‌یی و عه‌یبه‌ ئه‌بینه‌وه‌ ڕۆژێک له‌گه‌ڵ هاوڕی حه‌مه‌سه‌عیدو ره‌ئووف که‌ریم ، له‌ماڵه‌که‌ی خۆم ماوه‌ی سێ ڕۆژ دانیشتین و حساباتی هه‌موو ئامێره‌ فرۆشراوه‌کانمان کرد، نزیکه‌ی شه‌ش ملیۆن دیناری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ قازانجی کرد بوو.

ئه‌نجامی حسابه‌که‌مان کرد به‌چوار نوسخه‌ ، بۆ من و هاوڕی حه‌مه‌ سه‌عید و ره‌ئووف که‌ریم و عومه‌ری سه‌ید عه‌لی . ڕه‌ئووف که‌ریم نزیکه‌ی( 000، 580) پێنجسه‌دو هه‌شتاهه‌زار دینارو پانزه‌ ملیۆن تمه‌ن که‌ ئه‌و کاته‌ هه‌ر یه‌ک دینار به‌رامبه‌ر به‌ چوار تمه‌ن بوو قه‌رزاری یه‌کێتی بو .

کاک ره‌ئووف وتی : له‌ماوه‌ی ده‌ ڕۆژدا پاره‌که‌ ته‌سلیمی یه‌کێتی ئه‌که‌م.
دواتر ڕه‌ئووف که‌ریم هه‌موو قه‌رزه‌که‌ی به‌ یه‌کێتی نه‌دایه‌وه‌ له‌ مه‌ڵبه‌نده‌وه‌ چه‌ندین جار بانگیان کردو هه‌ره‌شه‌یان لێکرد، دواتریش به‌ فه‌رمانی سه‌رکردایه‌تی خانوه‌که‌ی حیجزی خرایه‌ سه‌ر، به‌ڵام هه‌تا نوسینی ئه‌م بابه‌ته‌ ، کێشه‌که‌ چاره‌سه‌ر نه‌کراووه‌ برێکی زۆری پاره‌که‌ی نه‌گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ دارایی یه‌کیتی . } (***)


تێبینیه‌کان :
ــــــــــــــــــ

(*)
(**)ئێران سنوری عێراقی کردو بو به‌سێ یه‌که‌ی به‌ڕیوه‌بردنی سه‌ربازی بۆ سوپای پاسداران له‌ باکوری سنوره‌وه‌ بۆ باشوری عیراق به‌م جۆره‌ بو 1/قه‌رارگای ڕه‌مه‌زان 2/قه‌رارگای هه‌مزه‌ 3/ قه‌رارگای خاته‌مول ئه‌نبیاو.

(***)
بیره‌وه‌ری نیو سه‌ده‌ بۆ نیشتمان .. نوسینی لالۆ عه‌بدولڕه‌حمان پێنجوێنی .
ساڵی 2012چاپی یه‌که‌م ..
به‌شی ..سه‌رچاوه‌ی دارایی بۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن،.. لاپه‌ره‌ 700بۆ707.



14/3/2013‌




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە