مێدیای ئەهلییش لە ناو خۆیاندا وەک گۆڕان پێویستییان بە چاکسازییە
Monday, 27/02/2012, 12:00
ڕەخنەگرتن لە میدیای ئەهلی و گۆڕان، بۆتە پێداویستییەکی بەپەلە، بەهۆکاری ئەوەی، ئەو میدیایەش ئەگەر چاوی رەخنەی نەچێتە سەر و چاوپۆشییان لێبکرێت، ئەوا چەند نەخۆشییەکی مەترسیدار، کە کەوتۆتە نێو لەشی (پارتی و یەکێتی)، ئەوا بۆ ئەمانیش گەرای زیاتر لە چەقی بڕیاردان دروست دەکات. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەو میدیایە سەرتاپای هەڵەیە، یان بڵیین لەسەر رووداوەکان کاریگەریی و خزمەتیان لەسەر نییە، چونکە ڕۆڵی هەر لایەن و کەسایەتییەک لە مێژوودا بەکەس ناشێوێنرێت. من لەو بارەیەوە کۆمەلێک سەرنجی خۆم دەخەمە روو:
1. بڕوابوون بە ئازادیی رادەربرێن: ئەو میدیایە گەرچی لە رۆژنامەو مینبەرەکانی خۆیانەوە، سەرتاپای رەخنەگرتنە لە دەسەڵات، بەوەی دەسەڵاتی کوردیی باوەڕی بە ئازادیی سیاسیی و دیموکراسیی نییە، بەلام خودی میدیای ئەهلییش بۆ خۆشیان، بە دەست هەمان نەخۆشییەوە دەناڵێننن. بۆ راستیی قسەکانم دەڵێم، کەی بینیوتانە لە مینبەرەکانیانەوە، بوار بەو هەناسە ئازادانە بدەن، کە رەخنە و قسە لە سەر خۆشیان بکەن؟! ئەگەر نمونەیەک. لەسەر رۆژنامەی ئاوێنە بهێنینەوە، ئەو کاتەی (شوان ئەحمەد)ی نووسەر، باسی گەندەڵییەکانی دەزگای سەردەمی کرد و لە رۆژنامەکەیان بڵاویکردەوە. دوای ئەوەی بەختیار عەلی و ڕیبین هەردی و ئاراس فەتاح، سەنگەریان لێگرتن و داکۆکیان لە گەندەڵیەکانی دەزگای سەردەم و شیرکۆ بێکەس کرد، ئیتر ڕۆژنامەی ئاوێنە هەموو دۆسیەکەی داخست ! بۆیە شوان ئەحمەد نووسینەکانی گواستەوە بۆ کوردستانپۆست، هۆکارە سەرەکییەکەش ئەوەبوو، کە ئەوانە نووسەری ئاوینە بوون، ئەمە جگە لەوەی ڕیبین هەردی، برای خاوەن کۆمپانیای ئاوێنە بوو.! تەنانەت قسەکردن لەسەر ئەم کەسایەتییانە و رەخنەگرتن لێیان لای بەشیکیان، دەخرێتە دەرەوەی رەخنە و نابێت بە هیچ جۆرێک قسە لەسەر ئەمانە بکرێت، ناوی رەخنەگریش دەخرێتە لیستی رەشەوە.
2. پێشێلکاری ئازادیی سیاسیی و مافی مرۆڤ: کاتێک نووسەرێکی میدیای ئەهلیی واتە نووسەرێکی خۆیان رووبەرووی گرتن و ئەشکەنجەدان دەبێتەوە، ئەم میدیا ئەهلییانە جاڕی جەنگ دەدەن و سەرتاپای ماڵپەرەکانیان دەکەنە هەواڵ و کەمپین دروستکردن بۆ نمونە وەک ئەم هەواڵانە: (سەرنووسەری هاولاتی لە زاخۆ ئازار دەدرێت. یان لێدانی ئاسۆس هەردی، گرتن و سکالا زۆرەکانی سەر ئەحمەد میرە) ئیدی سەرتاپای مالپەرەکانیان دەبێتە کەمپینکردن و یەک لە دوای یەک هەواڵی لەسەر دادەبەزێنن، بەڵام کاتێک برایمی کاکە ئەحە یان سەید ئەکرەم، دەگیرێت لە قوربانیەوە دەکرێنە جەلاد، میدیا ئەهلییەکان کەمترین هەواڵ و زانیاریی و بەدواچوونی لەسەر بڵاودەکەنەوە. راستی ئەمانەش ئەگەر بچنە سەر ئەرشیفەکانیان، لەمانگی یەکەمەوە، راستی قسەکانم دەردەکەوێت، جگە لەوەش کەسێکی وەک کارزان کەریم شوێن بزر دەکرێت، کە دیاردەیەکی زۆر مەترسیدارە ، بەڵام ئەمان بە دیرێکێش لە سەری نانووسن یان گەورەی ناکەن، چونکە لە سەر نووسینێک گیراوە، کە لە کوردستانپۆستدا بڵاوی کردۆتەوە، یان ناسیح عەبدولڕەحیم و سەباح عەلی قارەمان گیران و دادگاییکران، یان هەوڵی کوشتنیان درا، هیچیان لەسەر بڵاونەکردنەوە، چونکە ئەمانە دیسان نووسەری کوردستانپۆست بوون، بەلام لە کاتێکدا مەریوان قانع و بەختیار عەلی تەنیا سکالایان لەسەر تۆمار دەکرێت میدیای گۆران و ئەو ڕۆژنامانە، ئەوەندەی گەورە دەکەن و فووی پیدادەکەن، جاڕی شەر لەگەل دەسەڵات دەدەن، تەنانەت هانی گەنجانیشیان دا، کە خەڵک بێنە سەرشەقام، بەڵام هەر ئەو میدیایەی گۆران کادیرێکی بزوتنەوەکەی خۆیان وەک برایمی کاکە ئەحەی دەگیرێت، بە بەراورد بە مەریوان و بەختیار و رێبین کەمترین هەواڵیشی لە سەربلاو دەکاتەوە. کاتێک هەمان پێشیلکاری بە مەترسیدارتریش لەسەر زۆر کەسایەتی تر روودەدات، بە هەموویان کەمترین هەواڵ و بەدواچوونی لەسەر دەکەن! ئیتر بۆیە دەڵێین، داکۆکییکردن لە پڕەنسیبەکانی مافی مرۆڤ لەلای ئەم میدیایانە بە پلەی چێنایەتی و ناسییاوییە.
3. ناودەنگ دەرکردن و خۆبەزلزانینیان: ئەمەشیان یەکێکە لە نەخۆشییەکانی تری ئەم میدیایانە. ئەوەی لە نزیکەوە لەگەلیان هەڵسوکەوت بکات، یان ئاگاداریان بێت، بەشی زۆری ئەو کەسایەتییانە لە سەر رووداوێک هەوڵی ئەوە دەدەن ناویان ببێتە ناو ناوانەوە، بۆ ئەمە سڵ لە هیچ رەفتارێک ناکەنەوە، کە دواترینی سەردانییکردنی رۆژنامەنووسە جل پڕتەقالییەکانە بۆ لای یەکێتی، کە پێچەوانەی هەموو نووسین و داواکانیان بوو، تەنانەت کەسیکی وەک ئاسۆس هەردی، هیشتا سەری چاک نەبۆتەوە، کە بەدەستی کارگیری مەکتەب سیاسیی ئەو پارتە، لێی درا، کەچی سەردانیان دەکات، ئەمە جگە لەوەی ئەگەر سەیری داگرتنی هەواڵەکان بکەین لەسەر خۆیان، بە روونی دەبینین وەک کەسایەتییەکی گەورە دەیانەوێت خۆیان نمایش بکەن، نمونەیەکی تر لەسەر نەبەز گۆران بهێنمەوە، کاتی خۆی بۆ کوردستانپۆستیشی دەنووسی، بەڵام کاتێک کوردستانپۆست لە سەر کەمال رەئوفی هاوڵاتیی نووسی و رەخنەی ڵیگرت لەسەر ئەوەی کە کەمال رەئوف ستایشی مەلا مستەفای کرد و ماستاوی بۆ بنەماڵەی بارزانی کرد، هەروەها کوردستانپۆست لەسەر کارە ناشیرنەکانی بەختیار عەلی بابەتی بڵاودەکردەوە، ئیتر یەکسەر نەبەز گۆران بە کوردستانپۆستی راگەیاند پێی وتن ئێوە پەلاماری هاوڕێکانی من دەدەن، لە کاتێکدا ئەوەی لە کوردستانپۆستدا نووسرا، وەکو رەخنەگرتن، هەمان بیروبۆچوونەکانی نەبەز گۆران بوو، بەڵام چونکە کەمال رەئوف و بەختیار عەلی هاوڕێی نەبەز بوون، ئیتر نەدەبوو رەخنەیان لێبگیرێت و ئەمەی پێ هەرس نەدەکرا. لەم نمونانەدا بەدیاردەکەوێت، ئەمانە چۆن کەسیایەتی خۆیان لێدەگۆڕێت!
لێرەدا بە پێچەوانەوە نمونەیەکی جوانی سەرپەرشتیاری کوردستانپۆست بهێنمەوە (کەمال جەمال موختار)، کە 10 ساڵ زیاترە مەترسیدارترین شەری بەرپرسانی پارتی و یەکێتی دەکات، کەچی کەمترین نووسینی بەناوی خۆیەوە هەیە، مەسەلەکە ترسیش نییە، چونکە کۆی کێشە و بەرپرسیارەتییەکە و نووسینی زۆربەی نووسەرەکانیش بە پلە یەک بە سەر کەمال جەمال موختاردا دەشکێتەوە، بۆیە زۆر لە نووسین و کارو چالاکی دیکەی هەبووە، ناوی خۆی لێدەرکردووە و باسی نەکردووە، خوێنەر ئەگەر سەرنج بدات کەمترین ناوی کاک کەمال جەمال موختار لە کوردستانپۆستدا دەبینێت.
4. دروستکردنی کۆمەڵێک کەس، بەوەی پیرۆزن و لە دەرەوەی رەخنەن: کۆی میدیای ئەهلی و بەتایبەتی ئاوێنە و میدیای گۆران، تا پێیان دەکرێت هاوشێوەی پارتی، کە بارزانی بە پیرۆز رادەگرن، ئەوانیش بەهەمان ئەخلاق رەفتار دەکەن و کەسەکانی لای خۆیان پیرۆز دەکەن لە نمونەی (مەریوان و بەختیار و رێبین هەردی و ئاراس فەتاح.... سەیر بکەن ڕیبین، بەختیار، ئاراس، داکۆکی لە گەندەڵی سەردەم دەکەن، بوار نادەن رەخنەیان لێ بگرن)، بەختیار عەلی نووسینی هەیە (هەموو ئەوانەی رەخنەی لێدەگرن، ئەم بەختیارە بە ڕێویان دادەنێت و خۆشی بە شێر لەقەڵەم دەدات) کەچی ئاوێنە بایەخی پێدەدات و بۆی بڵاوکردەوە و پارەشی پێ دەدات !، ئاوێنە ئەو بوێرییە لە خۆیدا نابینێت بە بەختیار بڵێت: ئەوە سوکایەتییە تۆ بەو پرەنسیبانەی ئێمە کە لە لاپەرەی ڕۆژنامەکەمانەوە بانگەشەی بۆ دەکەین! یان میدیای گۆران، لە گەرمەی خۆپیشاندانەکان دەیان هەواڵیان لەسەر ئەم پۆلە نووسەرە بلاوکردەوە، وەکو ئەوەی وا دێنەوە، وا هاتنەوە، وا گەیشتن، وا دابەزین، واو واوی گەڕانەوەیان بۆ کوردستان، لە کاتێکدا دەیان کەسایەتیی خەمخۆری گەلەکەمان لە هەندەران دەیان کار و چالاکییان کرد، وەک پاڵپشتی بۆ نارەزایەتییەکانی خەلکی کوردستان لەناو پەرلەمان و حیزبە ئەوروپیەکان، کەچی هیچیان بڵاو نەدەکرانەوە، یان دەیانکرد بە هەواڵی دەیەم، لەکاتێکدا بە پێی قسەی بەرپرسە باڵاکانیان کاریگەری باشی ئەو چالاکیانە زۆر بوو لە سەر دەسەڵات ... یان با کەناڵی کەی ئێن ئێن پێمان بلێ سەدان کارو چالاکی گەورە و سەرتاسەری ئەوروپی و بوێرانەی ڕێکخراوێکی وەک چاک لە 2007 بۆ 2011 ئەنجام دران (بەئاستی یەکێک لەو نووسەرانە بڵاویان کردبێتەوە) لەکاتێکدا ئەوان نووسین بوو ئەوانی تر کار و چالاکی سەرتاسەری ئەوڕوپی بوو، بۆ مێژوو بلێم سایتی سبەی پێچەوانەوەی KNN رەفتاری لەم بارەیەوە کردووە. بۆیە پرسیار ئەوەیە بوارنەدان بە رەخنەگرتن لێیان و پیرۆزکردنیان... ئایا ئەمە نەخۆشیەکی کوشندە نییە، کە ئێوە لە بەرگێکی تردا دەیژێننەوە؟ ئایا ئەو هەموو میدیایە تەپڵ بۆ ئەوانە لێدەدات و چاوپۆشی لە هەڵەکانیان دەکات، ئەگەر بۆ عەزە شیتتی دیبەگەشیان بکردایە نەدەبوو بە قارەمان و ناودار؟ لە هەموو وڵاتان کەسانی دیار لە مێدیا گرنگیان بەئاستی رەفتارەکانیان پێدەدریت، واتا چەندە ناو دەنگیان هەبێت بەڵام چاوپۆشی لەهەڵەکانیان ناکرێت . کەوابو ئەمانە پەیکەر و بتیش بۆ نووسەرانیش دروست دەکەن و بە زۆریش دەیسەپێنن بەسەرماندا، تا رادەیەکیش لە کەسانی ساویلکە ئەم نووسەرانە پیرۆزکراون.
5. نەبوونی گیانی داوای لێبووردن بەرامبەر هەڵەکانیان: دەیان جار لە سەر مینبەرەکانی تێڤێ یان لاپەرەی رۆژنامەکان داوا لە بەرپرسانی پارتی و یەکێتی دەکرێت، کە لە بەرامبەر هەڵەکانیان داوای لێبوردن بکەن، بەڵام مێدیای ئەهلیی و گۆڕانیش ئەگەر بە هەمان عەقڵ رەفتار لە ئاستی قەبارەی خۆیان بکەن، هاوشیوەی بەرپرسانی پارتی و یەکێتی ئەنجامی دەدەن، کەچی لووتبەرزانە ئامادەنین داوای لێبووردن بکەن. لە نمونەی دانی مەدالیای سۆرانی مامە حەمە بە عماد ئەحمەد (گەرچی پێشنیازی کەمال رەئوفی هاوڵاتیی بووە)، بەڵام هەموویان بەشدارن، یان واژوکردنیان لەسەر بەیاننامەیەکی عێراقچییانە، کە لە کوردستانپۆست چەندین نووسین و کەمپینی بەدوا هات، یان لەسەردانیکردنی ڕۆژنامەنووسە جل پڕتەقالییەکان، بۆ لای یەکێتی، من بە سەرنووسەرێکی ئەم رۆژنامانەم ووت لەسەر بەیاننامە عێراقچییەکە، داوای لێبوردن بکە، لە وەڵامدا وتی: کاکە ئێمە سەد واژوی وامان کردوە و تێپەڕیوە! ئەمە هەمان قسەی جەبار فەرمانی بە بیر هێنامەوە، کە لەسەر تیرۆرکردنی حەمە حەلاق پێیان ووتبوو: خەلک زۆر لێمان پەستە، ئەویش لە وەڵامدا، وتبوی مەترسە ئەمە بۆ ماوەیەکە، خەڵک لە بیری نامێنیت.
6. پاوانخوازی لە شوێنە گرنگەکانیان: ئەگەر مرۆڤ سەیربکات ئاوێنە لاپەرەی کۆتایی بەردەوام بۆ نوسینەکانی (ئاسۆس هەردی و شوان موحەمەدە) هاولاتی بۆ (کەمال رەئوف)، لڤین بۆ (ئەحمەد میرە)... هوشیار عەبدوڵای کەی ئێن ئێن.... ئەمە جگە لەو هاورێیانەیان کە رەخنەیان لێناگرن یان دەیانناسن لە نزیکەوە، ئەوا دیدار و گۆشەکانیان پێ دەدەن. پرسیار ئەوەیە: تۆ بڵێی کەسی تر وەک ئەمان توانای نووسینی نەبێت، یان شایستەی چاوپێککەوتن و دیدار نەبێت؟ ئاخر ئەوانە گۆشەیەک یان رۆژنامە و گۆڤارێکیان لەبەردەستدایە، وا بۆ خۆیان و ئەحبابەکانیان مۆنۆپۆل دەکەن، ئەی بۆ ناهەقی بارزانی و تالەبانی بکەین، کە داهاتی کوردستان بە ملیاردەها دۆلار دەدزن و پاوانی کورسی دەکەن بۆ کەسوکاری خۆیان، جایزە رەخنەیان لێبگرن، لە کاتێدا ئەمانیش بە هەمان عەقڵ بە ئارەزوی خۆیان رەفتار دەکەن؟
7. زاڵبوونی عەقلی سلێمانچێتی لە ناویان دا: ئەگەر مرۆڤ سەیریان بکات لە ئاخافتن و نووسینیان بەردەوام باس لە جوانی سیاسیی سلێمانی دەکەن، تەنانەت مرۆڤە قێزەوەنەکانیشیان، هەوڵی جوانکردنی دەدەن، کە لێرەدا ئەگەر نمونەی شیرکۆ بێکەس بهێنیەوە.... شیرکۆ دەمێکە شاعیری یەکێتییە و هەرگیز شاعیرێکی بوێر نەبووە و خاوەنی یەک هەڵوێست نەبوو، قەت نەبینراوە واژوەیەک یان رەخنەیەک لە سەر یەکێتی بکات و بڵێ، بە پێچەوانەوە لەشەڕەکانی یەکێتی لەگەل پارتییدا، رەخنەی لە پکک گرتووە و لە سەنگەری یەکێتییدا بووە. من بۆخۆم لە رادیۆیەکی کوردیی لە سوێد سالی 2000 گوێبیستی شێرکۆ بووم، گوێم لێبووە چۆن بەرامبەر بە پکک زۆر بە ناشرینی دەڕشایەوە دەیوت: پکک بە فیتی دوژمنان، ئەزمونی کوردیی تێکدەدات. ئەمە جگە لە گەندەڵییەکەی کە ئاشکرا بوو، کەچی سەیربکەن، بردیانە سەرای ئازادیی هەوڵیان دا لەتاوانەکانی پاکی بکەنەوە، لە سەر گەندەڵیەکەشی ڕووناکبیرە ناودارەکانی شاری سلێمانی وتیان ئەمە شاعیرێکی ناودارە و ئەگەر گەندەڵیشی بە بەلگەوە لێ ئاشکرا بکرێت لەدەرەوەی رەخنەیە، بەڵام فەرهاد پیربال هەمان رەفتار و ئاخافتنی کرد رووی رەش کرا (کە من لەگەڵ هەموو رەخنەکاندام دژی فەرهاد پیرپاڵ و خۆشم بەشداربووم) ئەگەر بڵێین شیرکۆ بێکەس بەرامبەر مەسەلە نیشتمانیەکان هەڵوێستی هەبوو، ئەوا فەرهادیش هەیبووە، ئەگەر بڵێن شیرکۆ هەلویستی بەرامبەر ئازادیی سیاسیی هەبوو ئەوا راست ناکەن تەنیا ئەوانەی دژی پارتی بووە، فەرهادیش بەهەمان هەناسەوە ماوەیەک کاری دەکرد.... بۆیە دەتوانین بڵێین ئەگەر ئەوەی لەگەڵ شیرکۆ (رەحمان رەحیم نەوەک شەیتان رەجیم) رەفتارتان کرد بەرامبەر فەرهادیش رەفتار بکرایە تۆ بڵی فەرهادیش وا رەفتاری بکردایە و ناشیرین بوایە؟ یان وەک یەکیان لێ نەدەهات؟
تێبینی: لێرەدا من نامەوێت هەردوو کەسایەتییەکان لە رووی توانای شیعری و زمانەوانییەوە بەراورد بکەم، دیارە هەموومان لەسەر توانای شیرکۆ کۆکین، دەمەوێت ئەوە بڵێم: ئەگەر فەرهاد پیرپاڵ خەڵکی سلێمانی بوایە بە شێوەیەکی تر رەفتاری لەگەڵدا دەکرا، هەر هیچ نەبوایە لە سەرای ئازادی پەلاماری نەدەدرا، ئاخر زۆر کەسی لاواز و بێهەڵویستی تریش هەبوو، دەبوو وەکو فەرهاد رەفتاری لەگەڵدا بکرێت، کەچی نەکرا!
8. شەفافیەت: ئەو میدیایانە زۆر داوای شەفافیەت لە دەسەڵات دەکەن، بۆیە ئێمەش مافی خۆمانە داوایان لێبکەین، کە وەک سەرنووسەر و خاوەن کۆمپانیا و ماڵپەر و رۆژنامەکانیان، ئەوانیش شەفافانە داهات و موڵک و ماڵ و ئەو موچانەی وەریدەگرن، لەگەل خەرجی مێدیاکانیان بۆ خوێنەر باس بکەن؟ بۆ ئەوەی گومان و فسکە فسکی لە پشت گومانەکانی خەڵک برەوێتەوە. ئاخر ڕۆژنامەنووس چۆن دەتوانێ بە مووچەکەی سەیارەی دوا مۆدیل و خانوی گران بەهای هەبێت؟
9. میدیای ئەهلی یان ئۆپۆزیسیۆن: کاتێک ئەم میدیانانە قسە دەکەن وا دەزانن بەس ئەوان ڕۆڵیان لە رووماڵەکردن و گۆڕینی ئەو بارودۆخەدا هەیە، بێ ئەوەی ئاماژە بە رۆڵی کوردانی هەندەران وەک (کوردستانپۆست و ڕیکخراوێکی وەک چاک و سەرەتا و ئێستای ژوورەکانی پالتالک.. ئاماژە بکەن کە 10 ساڵە بێوچان دەیان کار و چالاکی و دۆسیەی گەورەیان ئەنجام داوە و کردۆتەوە ، دەتوانین لەم بارەوە بڵێین، هەرچی ترس و جەبەروتی ئەو دەسەڵاتە هەبوو لە ئەورپاوە شەقە بەهێزەکەی پێکەوتووە، یان ترسەکەی شکاوە. من وای دەبینم، میدیای ئەهلی، بزوتنەوەی گۆران، کوردانی هەندەران بەهەموو بەشەکانی،.... هەریەکەی لەشوینی خۆی کاریگەری هەبووە و تەواوکەریی یەک بوون.
10. جوانکردنەوەی دەسەڵات: ماوەیەکی زۆرە خەلکانێکی زۆر هەوڵدەدەن رەفتارەکانی پارتی وەک ئەسەد و قەزافی بناسینن و یەکێتیش وەک بن عەلی و موبارەک، چونکە ئەوە ماهیەتیان بووە.، بەلام بەردەوام میدیای ئەهلی، بە پلەی جیاواز هەوڵدەدەن لەو رەفتارانە دایان ببڕینن، ئیتر یان لە گەرمەی خۆپیشاندانەکان نامەی مەرحەمەت بۆ تالەبانی دەنێرن. دوای 19 ئاپریلیش لەم مالپەری چاودیرەوە کەمال رەئوف خۆی لە بڵندا دەبینێتەوە و دەیەوێت پەیامێک بە هەموو گەلی کورد بدات و دەڵێت دەمانەوێت لاپەریەکی نوێ لەگەل پارتی و یەکێتی بکەینەوە دواتر هەرسێ سەرنووسەریش سەردانی تالەبانی دەکەن.
11. وەک نووسینەکانیان کە دەری دەبڕن زۆر دژی گەندەڵیین:پرسیاری ئێمە ئەوەیە، ئەگەر خۆیان یان ماڵپەر و ڕۆژنامە و کەناڵەکەیان، کارێکی گەندەڵی بکەن، ئایا ئامادەن نەک بڵاوکردنەوە، بەلکوو ئامادەن داوای لێبوردن بکەن؟ 2 سال لەمەوبەر، لەسەر گەندەڵییەکانی، رێکخراوی ئاسودە کەمپینیک سازکرا و ناوی بەندەشی تێدابوو. دەیان لەو ڕۆژنامەنووسانە کە زۆرینەی سلێمانیەکان بوون، بە سەرپەرشتی کەمال رەئوفی هاوڵاتی کەمپینێکی دژیان بەرامبەر کردین، گوایە ئەو ڕیکخراوە، گەندەڵ نییە بەڵکو پەیامی ئەوە راگەیەنرا کە ئەمە دەستیکی لەپشتە، بەڵام من لێرەدا داوا لە سەرنوسەری هاولاتی دەکەم ئەگەر بوێریت تێدایەو بفەرموو ڕاپۆرتی لیژنەی چاودیری دارایی سلیمانی لەسەر رێکخراوی ئاسودە بڵاوبکەرەوە، نەوەک داوایان لێ بکەی، کە رایبگرن.
لە کۆتایشدا دەڵێم رەخنەگرتنی من لەسەر ئەمانە هەرگیز لە بەر شتی شەخسی نییە، چونکە زۆربەیان دەناسم و هەیانە هاوڕێشمە، هەرگیزاو هەرگیزیش وەک زۆرکەس نییم لە خۆڕا پەلامار بدەم، چونکە بەویژدانەوە بڵیم هەموو لایەکیان کەم و زۆر ، بابەت و کار و چالاکی خۆم یان هی رێکخراوی چاک و گروپی 17 شوباتیان بڵاوکردۆتەوە و ئەگەر رەخنەکانم کەم بکەمەوە زیاتریش دەرگاکان بە روومدا دەکرێتەوە . بەلام پێم وایە رەخنە لێیان هەرگیز کوفری نووسین نییە، ئامانج لەم نووسینەش ئەوەیە بزانن، شەقام چوڵ نییە، کە بە بەئارەزوی خۆیان ئۆتۆمۆبیل لێ بخوڕن، دەبێت بزانن ترافیک هەیە! هەرگیزا و هەرگیز ناتوانم رۆلی ئەوانە لەق و ئازاردانیان بەدەست ئەو دەسەڵاتە فەرامۆش بکەم و کاریگەریان لە ناو رووداوەکان هەست پێنەکەم. بەلام نابێت موزایەدەی ئەوەشمان بەسەردا بکەن و پێمان بڵێن ئێوە لە ئەوروپاوە دانیشتون قسەی زل دەکەن، چونکە بەشێکمان جگە لەوەی دەستمان بۆ مەترسیدارترین دۆسیە بردووە، تا لە کوردستانیش بووین بەپێی ئەو ڕۆژگار لە سەنگەری یەکەمی دژایەتی رژێمی کوردی بووینە.
دلنیاشم بەشێکیان بە گیانێکی دیموکراسییەوە لە رەخنەکانم دەگەن و ئەوەی پێیان دروستبێت هەوڵی دووبارەنەکردنەوەی دەدەن، بەڵام تیاشیان هەیە ئەگەر بەردەستی بکەوم و بواری هەبێت دەمخاتە زیندانێکی هاوشیوەی قەڵاچۆلان و ئاکرێ وە.
کۆی ئەمانە کە ئاماژەم پێداوە لە مێدیاکاندا هەیە، وەک بەڵگە ئەگەر هەر کەسێکیان لاری لێبکات، ئامادەم لینکەکانیان بۆ بدۆزمەوە، هەرچەندە لای خوێنەری بەردەوامی میدیای کوردیی هەمووی لە هزریاندایە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست