تەنزى سیاسیى حەیا لە بوون ئەتكێ
Wednesday, 14/10/2009, 12:00
بێ ئافات بێ خوایە! چیبوە؟ خەریكە خۆتمان لێ ئەكەی بە بەرپرسى كەشناسى خۆ ئیشەڵڵا بەو دوو تنۆك باران بارینە ناڵێى شەپۆلێكى باران بارین لە دەریاى ناوەڕاستەوە هەڵدەكات و ئاسمانى هەرێمیش بە پێى میزانیەى لە 17%ى فیدراڵى عێراق كاریگەرى لەسەر دەبێت، بۆ ماوەى دوو هەفتە شەپۆلى بارانبارینەكەى بەردەوام ئەبێ و تەواوى دەریاچە و روبارەكانى كوردستان پڕ ئەبێتەوە و چیدى پێویستمان بە نەخشەى كارەباى وەتەنى هەرێم و مۆلیدەى جاشایەتى نامێنێت!! نا بابە نا.. مەترسن ئەى خۆ خۆتمان لێ ناكەى بە ئالووسیە پشت كووڕەكەى كۆنى كەناڵى ANN تا پێشبینى خۆت لەسەر رووداوەكانى ئایندە باس لێوەبكەیت؟! دوایى بە هۆى ئەو كەناڵەوە بە پرسێكى دەوڵەتى عەرەبى بتكڕێ و بتكات بە راوێژكارى پێشبینى و لە كۆشكێكى تایبەتا داتنێ! ئەرێ دەنا زۆر قسە ئەكەى! وەڵڵا وتیان خۆى كەم قسە ئەكا! نیولاپەڕە ئەنووسێ و هێشتا هیچى دیار نییە! ئاخر كوڕى باش بابەتى وا ئەیەوێ، دە فەرموو بچۆ ناو مەوزوعەوە و مێشكم تەقى..
دەمێك بوو ئەمزانى رۆژێ دادێ ئەو رۆژنامەنووسە ئەقڵ (خڕنوكە) بیر لە ئایندەى خۆى ناكاتەوە و پێچەوانەى هەڵسوكەوت و كردارەكانى و زیاد لە تواناى خۆى دێتە ئاخاوتن و حەیای ئەبێتە قەترەیەك و وەك دڵۆپە لێى ئەچێ! جا ئەڵێى چى نەتبیستووە، كە ئەڵێن لە شوێنێك كە ئەزمەى پیاو بوو ناچارى بەو بڵێى (بڵقاسم)! ئەرێ بە راست تۆ مەبەستت كێیە؟! بۆ ئەوەنە بە لوغز شت ئەنووسى؟! نابێ تێمانبگەیەنى؟! جارێ پێش هەمووشتێ گرنگ ئەوەیە و مەبەستمە كە خۆى تێبگا! بەڵام ئەوەى باشە چونكە هێندە دوو روو و بارنەبەرە لە قسەو هەڵسوكەت و مەعریفەتیدا، لە فیكەى خۆى تێدەگا!! تێگەیشتم لەگەڵ كێتە.. ئەرێ بە راست ماوەیەكە لە نووسینەكانیا باس لە (مەعریفە) ئەكا!! باسیش لە نووسینى هەندێ لە كەڵە نووسەرە عەرەبى و بیانیەكان ئەكا ئەبێ وابێ؟! نا.. نا.. خۆشباوەڕ مەبە ئەو... ئەو بارە نییە.. بەڵام ئەیەوێ لەو پەنجەرەیەوە دڵدارى لەگەڵ خۆرى بیرمەندەكان و موفەكیرەكان بكا! ئەوەتا هێشتا هیچ فێر نەبووە، هەیتا..هەیتا.. لە پێناو گەرمكردنى گیرفانى بە موكافەئەى ئاغاكانى كلكى خستوەتە سەر پشت و جار جارەش بە هەق و ناهەق لە پێناو رەسەنایەتى پاسەوانیەتیدا زمان بە مەڵاشوویەوە ئەنووسێنێ و هێرش ئەكاتە سەر كۆمەڵێ كەسى بە تواناى رۆشنبیرى ئەم نیشتیمانە!! كە گوایا ئەیەوێ لە دیدى رەخنەوە فیشەكى ژهراوى خۆى باوێ..بەڵام قەیچێكا كورد درۆى نەكردووە كە ئەڵێ "فیشەكى بایزئاغا و تەق لە كەنداڵى"! بەخوا كارەساتە كە ئەمڕۆ مرۆڤ لە سنوورى تواناى خۆى دەربچێ و بیەوێ لەو روانگەیەوە خۆى بە خەڵكى بناسێنێ!
جا ئەگەر مێژووى تواناى ئەو وەك ئەو هاوڕێیەم بۆى باس كردم ئاوابێ! ئەوا نەك ئابڕووى خۆى، بەڵكو هى گەڕەكەكەشیانى بە خۆیەوە نەهێشتووە!! هاوڕێكەم وتى: "ئەو رۆژنامەنووسە لە ژیانیا ئەلف و بێى عەرەبى نازانێ و هەرگیز لە قسەكردنیشا زۆر سەغى عەرەبیە و جیاوازى نێوان نێر و مێ ناكا، بەردەوامیش سەرى لە (مزاف و مزاف الیە)ش شێواندووە، هەركاتێكیش چوبێتە سەفەر یان لە كتێبخانەكانى هەولێر كتێبێكى نووسەرە ناودارەكانى عەرەبى یان بیانى كڕیبێ، ئەوا لە ماڵەوە بە باوكى خوێندوەتەوە، چونكە خواهەڵناگرێ باوكى مامۆستایەكى بەتواناى زمانى عەرەبیە، لە دوایشدا شەرحى ئەو كتێبە لە رووى ناوەرۆكەوە بە كوردى بە باوكى ئەكا، لە پاشاندا لەناو خەڵك بەگشتى و رۆشنبیران بە تایبەتى باس لە جەوهەرى ئەو كتێبە ئەكا و بۆ ئەوەى سەرنجى خەڵك بۆ لاى خۆى رابكێشێ و خۆى وا دەردەخات، كە كەسێ:ى زمانزانە و هەمیشە بە دواى خوێندنەوەى بابەتە فكریەكانى بیرمەندەكانەوەیە"! ئێ ئیتر خۆت بۆ ناڕەحەت ئەكەى.. ئاخر حەیاى چى.. حەیا لە شتێك ئەتكێ كە هەبێ!! ئاخر ئەگەر ئەو حەیاى هەبوایە ئەمە خۆ تواناكەیەتى، ئیتر بۆ وەك.......هەوشار پەلامارى خەڵك ئەیا؟! ئاخر ئەم كارەساتەیە كە لە پێناو ململانێى سیاسیى لەم نیشتیمانەدا دەبەنگ ئەقڵ ژەنگاویەكى وەك ئەو بەگژ روناكیدا دەچێ! ئاخر ئەو جۆرە بە ناو نووسەر و رۆژنامەنووسانەش ئایندە مێژوو هەر ئەوەیان پێ ئەڵى تاكەى دەبنە پشتەماڵ و عەیب و عارى ئایدۆلۆژیا دەئەپۆشن؟! ئەزموونى دەسەڵاتى سیاسیى و ئیدارى ئا ئەم جۆرە كەسانە تیابوونەتە كوێخا، بۆیە خەریكە ئاوایى سەرەونگوم ئەبێ و ئەم بەدفەڕانەش لە ئایندە تەنها وەك بەرچاوەشێك لەناو شاردا ئەیاندۆزیتەوە!! هەربۆیە دەسەڵات سەرى لێشێواوە رۆژانە سەرى زمان و بنى زمانى پاراستنى ئاسایشى نەتەوەییە! لاى دەسەڵات وایە پاراستنى ئاسایشى نەتەوەیى تەنها حیمایە كردنى شەخسى كۆمپانیایە! تێناگا كە ئاسایشى نەتەوەیى سەرەتا لە ئابوورى و بەرهەمى نەتەوەییەوە ئەبێ بێ جیاوازى دەست پێبكرێ، كەچى بە دەست ئەم شەونامەنووسانەى خۆیەوە سەرى لێتێكچووە ئەوەتا تەعمیمێك لە یەكێ لە وەزارەتەكان بۆ بەڕێوەبەرایەتیەكان نێردراوە، داوا لە فەرمانبەران ئەكا "كە لە سۆپەرماركێت و بازاڕدا تەنها (ئاوە تەماتەى هەریر) بكڕن!"، كورە بە فەخرى عالەم حەیا نەماوە.. ئاخر تۆ چۆنت زانى خۆ تۆ لە وەزارەتى كشتوكاڵ نی؟! كوڕە خۆزگە تەعمیمەكە لە وەزارەتى كشتوكاڵەوە دەرچوایە.. بۆ.. یەعنى لەوێوە دەرنەچووە؟! كوڕە نەوەڵڵا..ئاوا بڕوا بە چەند سەت هەزارێك دواى ساڵێكیكە فیستیڤاڵێك لە دەشتى بیتوێن و هەریر بۆ ئاوە تەماتە ساز ئەكرێ! ئەى باشە چۆنت زانى؟! كوڕى باش دەردى فارس ئەڵێ "حكومەت سخن سخن است" یەعنى كون كونە.. ئەى ماڵى وێرانم بۆ ئەم حكومەت و ئەزموون و دەسەڵاتە، هەتا كونێ ئەگرى دە كونى ترى تێ ئەبێ! جا كوا ئێمەى رۆژنامەنووسى ناوخۆ شتەكان وەك خۆى ئەبیستین؟! ئەگەر ئەچیتە ئەو وڵاتە دراوسێیانەى خۆمان ئەوجا لەوێ شتى ناوخۆى خۆمان ببیستە كە چ كارەساتێكە...!!!! ووس... ووس.. بە فەخرى عالەم زیاتر قسە بكەى حەپەلوشت ئەكەن!! وەڵڵا خۆ راستەكەى كاكە قەڵا قوپ...
[email protected] تەنزى سیاسیى: گۆشەیەكى مانگانەیە لە گۆڤارى چاوگ بڵاو دەبێتەوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست