کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تیرۆر و ره‌شه‌كوژی له‌ ژێر سێبه‌ری حكومه‌تی به‌بارمته‌گیراوی هه‌رێمی كوردستاندا!

Saturday, 07/12/2013, 12:00




مرۆڤه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان له‌ نه‌بوونی یاسادا له‌ گورگه‌ هار و هاجه‌كان ده‌چن، كه‌ بۆ تێركردنی حه‌زی خۆیان خاك، نه‌ته‌وه‌ و گیانی تاكه‌كان قوربانی ده‌كه‌ن. ئه‌و مرۆڤه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ كوردانه‌ی، كه‌ به‌ رواڵه‌ت خۆیان به‌ پیاوچاكی سه‌ده‌ پێشان ده‌ده‌ن، له‌ كرده‌وه‌دا بۆنی وێرانی و مه‌رگ و سه‌ره‌ڕۆییان لێدێ.
تیرۆر و ره‌شه‌كوژی تاكه‌كان له‌ باشووری كوردستاندا ئاماژه‌یه‌كی راسته‌وخۆ به‌ نه‌بوونی یاسا و رێزنه‌گرتن له‌ تاك و كۆمه‌ڵگایه‌. له‌ ژێر سێبه‌ری پارته‌كاندا یاسا له‌ داوه‌ڵێكی بێ گیان ده‌چێ، كه‌ هه‌ژارانی نیشتمانی پێ كۆت و زنجیر ده‌كه‌ن. حكومه‌تی كوردان له‌ باشوور له‌ ده‌هۆڵێكی شڕ ده‌چێ، كه‌ به‌ ده‌ستی سه‌ره‌ گه‌وره‌ی پارته‌ سیاسیه‌كان له‌ ده‌نگ كه‌وتوه‌ و نۆزه‌ی نایه‌. حكومه‌تێك كه‌ یاسا ناناسێ و له‌ سه‌ر لاقی خۆی نه‌وه‌ستاوه‌ و به‌ بارمته‌گیراوه‌. تیرۆر له‌ باشوور و پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستاندا له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارته‌ سیاسییه‌كاندا دوێنێ و ئه‌مڕۆ به‌ زه‌قی دیتراوه‌ و قوربانی لێكه‌وتۆته‌وه‌.
پارته‌ كوردییه‌كان به‌ داخه‌وه‌ له‌ كۆنه‌وه‌ و به‌ مه‌به‌ستی تایبه‌ت و ته‌نانه‌ت له‌ نێو ریزه‌كانی خۆیاندا و دژ به‌ ئه‌ندامی پارته‌ كوردییه‌كانی دیكه‌ له‌ چه‌كی تیرۆر كه‌ڵكیان وه‌رگرتوه‌. بۆ كۆتایی هێنان به‌ تیرۆری مرۆڤ له‌ كوردستان به‌ ده‌ستی پارته‌ سیاسیی و چه‌كداره‌كانیان، كورده‌كان پێویستیان به‌ ده‌سه‌ڵاتی یاسا و خه‌ڵكه‌. پارت و سه‌رۆك پارته‌كان ده‌بێ به‌ هێزی یاسا كۆت بكرێن و ده‌سه‌ڵاتی ره‌ش و نایاسایی بنه‌ماڵه‌، سه‌رۆك پارت و ده‌زگا تۆقێنه‌ره‌كانیان له‌ كوردستاندا نه‌مێنن.ده‌سه‌ڵات مرۆڤ له‌ خشته‌ ده‌با و هیچ تاك و بنه‌ماڵه‌یه‌ك نابێ و ناكرێ خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی بێ لێپرسینه‌وه‌ بێ.
كوشتن و تیرۆری هاوڵاتیانی باشووری كوردستان به‌ ده‌ستی ره‌شی تیرۆر په‌ڵه‌یه‌كی شه‌رم و مێژوویه‌كی تاڵ له‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی پارته‌ كوردییه‌كان پێشان ده‌دات. خه‌ڵكی كورد له كوردستان بۆ ده‌ربازبوون له‌ چنگی دیكتاتۆره‌ ده‌ره‌كی و نێوخۆییه‌كان پێویستیان به‌ وریابوونه‌وه‌ی زیاتره‌. كولتوری تۆقاندن، كوشتن، ره‌شه‌كوژی و زیندانی كردن دژ به‌ هاوڵاتیانی كوردستان پێشانده‌ری ئه‌وه‌یه‌، كه‌ مرۆڤه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان له‌ نه‌بوونی یاسادا ئه‌گه‌ر كوردیش بن، له‌ گوركێك ده‌چن كه‌ بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان له‌ ده‌رفه‌تی پێویستدا ده‌لوورێنن و بانگی نه‌مان ده‌ده‌ن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە