زەمین لەرزەکەی وان لەنێو موزایەدەی قەومپەرستاندا!
Friday, 28/10/2011, 12:00
ڕۆژی یەکشەمەی ڕابردوو کاتژمێر ١،٤٠ یەکو چل دەقیقەی پاشنیوەڕۆ بەکاتی تورکیا، بە گوڕی ٧.٢ پلە بە پێوەری ڕێختەر ناوجەرگەی شاری وانی تورکیا بوویە سەنتەری زەمین لەرزەیەکی بەهێز، کە دەیان گوندو شارۆچکەی دیکەی ناوچەکەی هەژاندووەو بەشوێن خۆیدا کارەساتێکی مرۆیی گەورەی لێکەوتۆتەوە. فەرمانگەی ڕووداوە لە ناکاوەکانی تورکیا بڵاویکردۆتەوە کە زیاتر لە ٢٢٦٢ تەلارو باڵەخانە خاپوور بوونو هەزاران بیناو خانوی تریش زەرەرو زیانی گەورەیان بەرکەوتووە.
کەشو هەوای زستانەی ناوچەکەو بارینی بەفرو بارانیش بە تەنیشت خاووخلیچکیو بێبەرنامەییو فەوزاو تەنانەت سیاسەتی فاشیستیانەی دەوڵەتی تورکیاوە بۆ ڕێگاگرتن لە گەیشتنی هاوکاری نێودەوڵەتی بە خەڵکی ناوچە لێقەوماوەکان، بە بەرچاو و لەبەردەم ویژدانی مرۆڤایەتیدا، قەبارەی کارەساتە مرۆییەکەی چەند بەرامبەر گەورەترو دەردناکتر کردووە.
بەگوێرەی زانیاریو ڕاگەیاندنی سەرچاوە فەرمیو نافەرمیەکان، توندی زەمینلەرزەکەو کۆنیی تەلارو ئاپارتمانەکانو نەبوونی کۆنتڕۆڵی جۆریی بۆ بیناسازی لەو شارو ناوچەیەو نزمی ئاستی خزمەتگوزاریو گرنگینەدانی دەوڵەتی تورکیا بە ناوچە کوردنشینەکان لە ڕووی شارستانیو ئاوەدانکردنەوەوە، هۆکاری سەرەکین بۆ ڕێژەی بەرزی قوربانیانو ئاستی گەورەیی کارەساتەکە.
هەزاران تەلارو شوقەی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانو بەشی ناوخۆیی خوێندکارانو ماڵو خانووی هاوڵاتیانی وانو دەیان گوندی دەوروبەری هەرەسیان هێناوەو هەزاران کەس بەزیندوویی بوونەتە ژێر داروپەردووی بیناو شوێنە داڕماوەکانەوە. دوایین هەواڵەکانی ئەژماری قوربانیانی ئەم تراژیدیا مرۆییە تا ئەم ساتە ٥٢٣ کوژراو و ١٦٥٠ بریندار ڕاگەیەنراوە، وە سەدان هەزار خێزانیش بێسەرپەناو لێقەوماونو پێویستیی فەوریان بە هاوکاری مرۆییو سازکردنی چادرگەو کەمپی فریاگوزاریو ئیمێرجنسی هەیە. سەرماو سۆڵەو نەبوونی ئاوی خواردنەوەو داوو دەرمانی پێویستو خواردنو شوێنی حەوانەوەش بۆیان بە دڵنیاییو بەداخەوە کارەساتێکی ترەو ڕووبەڕووی خەڵکی لێقەوماوی ناوچەکە بۆتەوە کە ڕاستەوخۆ دەوڵەتی تورکیا لێی بەرپرسیارە.
مامەڵەی خەمساردو بێدەربەستانەی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ کارەساتی زەمین لەرزەکەی شاری وان بەهەق سیاسەتێکی دژەمرۆییانەو شەرمهێنەرەو شۆڤێنیزمێکی دڕندانەی لێ ئەچۆڕێت! ئەم هەڵوێستەی حکومەتی تورکیاو گرتنەبەری سیاسەتی وێڵکردنی خەڵکی لێقەوماوی ناوچەکانی وانو دەوروبەری لەنێو کارەساتو بەهاناوەنەچووندا، وەکو تۆڵەسەندنەوەیەک لە کوردبوونی ناوچەکە دێتەبەرچاو کە خۆی هیچی کەمتر نیە لە ڕوانگەی نازیەکانی ئەڵمانیا. زاڵکردنی فەزای شۆڤێنیو ڕقلێبوونەوە لە خەڵکی کوردزمانی تورکیا بەسەر دامو دەزگا دەوڵەتیەکانیدا جێگای شەرمەزاریە بۆ دەوڵەتی تورکیاو بۆ شۆڤێنیزمی قەومی بە گشتی، وە شایستەی ڕەخنەو پرۆتێستۆکردنە لەلایەن جیهانی شارستانیەوە.
لەکاتێکدا دەولەتی کۆنەپەرستی تورکیا لەماوەی شەووڕۆژێکدا تواناییو ئیمکانیەتی سازکردنی هێرشو پەلاماری گەورەی سەربازی هەیە بە خەرجی ملیار ملیارد دۆلار بۆ سەر کوردستانو گوایا بەدژی پەکەکە، بەڵام بۆ بەدەنگەوەچوونی کارەساتەکەی شاری وانو لێقەوماوانی بێدەربەستیەکی ئاشکرا نیشان ئەدات بەرامبەر بەو تراژیدیا مرۆییەی کە خەڵکی کوردنشینی ناوچەکە بەرەوڕووی بوونەتەوە، ئەمە ئیتر جەرگەی یەقینە بۆ ڕاچەنینو باگاهاتنەوەی مرۆڤایەتیو ڕای گشتی ناوخۆی تورکیا بە کوردو تورکیشیەوە بەرامبەر بە شۆڤێنیزمی تەواو عەیاری دەوڵەتی تورکیا کە لە بەرامبەر بە خەڵکی کوردی تورکیا پیادەی کردووەو ئەیکات، لە هەمان کاتیشدا هاوڵاتیانی تورکیاشی لەگەڵ نەزعەیەکی مەزنخوازیو شۆڤێنیانە دەرگیر کردووە کە بۆتە سەرچەشمەی جەنگو پێکدادانێکی دەیان ساڵەی نێوان پەکەکەو دەوڵەتی تورکیا کە هەزاران کەس لە خەڵکی هەردوو نەتەوە تائێستا بوونەتە قوربانی.
ئەم سیاسەتە شۆڤێنیەی دەوڵەتی تورکیا پێویستە لە ئاستی کۆمەڵایەتیو ڕای گشتی ناوخۆی تورکیاو جیهانیدا وەڵام وەربگرێتەوە. مرۆڤایەتی نابێت ڕێگابدات لە سەردەمی مۆدێرنیزمو جیهانی شاستانیدا ئەم جۆرە سیاسەتانە کە بە تاکو بە کۆمەڵ مرۆڤ بێ بەهاو بێ نرخ وێنائەکات، کارەساتی مرۆیی بۆ مەرامی سیاسی ئەقۆزێتەوە لە نێو فەرهەنگی ئازادانەو ویژدانی بەشەرەفی باگادا سەربگرێتو جێگیرببێت. ئەم سیاسەتانە دەبێت لەگەڵ بانگخوازانیدا ڕیسواو مەحکومو پرۆتێستۆ بکرێن. لە جیاتی ئەوەی نەتەوەپەرستان شەرمەزارببن کە هۆکاری سەرەکی بوون لە هەڵایسانی شەڕو دەعوای قەومی نێوان تورکو کوردو هۆکاری سەرکی بوون لە برەودان بە کورتبینیی قەومی کە تائێستا هەزاران ئینسانی شەریفی تێدا بۆتە قوربانی بەڵام ئەبینین نەتەوە پەرستان بێشەرمانە موزایەدە بەسەر کارەساتەکەوە ئەکەنو بەردەوامن لە باوەشێن کردنی سۆزی نەتەوەچێتی.
ویژدانی ئازادی هاوڵاتیانو هێزو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی تورکیا ناتوانێت بەرامبەر بەم تاوانە بێدەنگ بێت. هاوڵاتیانی تورکی تورکیا نابێت بەشداری بکەن لە هەڵوێستێکی نامرۆڤانەو دژەئینسانیانەی وەکو ئەم سیاسەتە نازیانەیەی دەوڵەتی تورکیا. لە هەمان کاتدا خەڵکی کوردستانی تورکیاو بە تایبەتیش ناوچە کارەساتبارەکان جێگای خۆیەتی ویژدانی ڕای گشتی تورکیا بانگەواز بکەنو دەستو دڵی نەوعدۆستیو هاوسۆزی هاوڵاتیانی تورک لەئامێز بگرن لەم ڕۆژە سەختەدا.
ئەم سیاسەتو هەڵوێستەی دەوڵەتی تورکیا شایستەی ئەوەیە ویژدانی ناوخۆیی تورکیا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بەئاگابهێنێو ناوەندی شارە گەورەکانی تورکیا بکرێتە شوێنی ڕیسواکردنو مەحکومکردنی دەوڵەتی تورکیا. خەڵکی شەریفی تورکیاو ویژدانی ئازادانەی جەماوەری شارستانیو مۆدێرن تیایدا هەق وایە بەهۆی مامەڵەی زەبونانەو شۆڤێنیانەی لەگەڵ کارەساتی زەمینلەرزەکەدا بڕژێنە شەقامو ناو جەرگەی شارەکانەوەو خۆپیشاندانی گەورەی جەماوەری لەدژی دەوڵەتی تورکیا سازبکەنو خۆیان بەکردەوە بەشداری بکەن لە بەدەنگەوەچوونی لێقەوماوانی ئەو کارەساتە. تەوقی وەهمی شۆڤێنیزم بپسێننو باوەشی مرۆییو نەوعدۆستی بۆ خەڵکی ستەمدیدەی کوردی ناوچە کارەساتبارەکان بکەنەوە. بەم شێوازە دەتوانرێ بەر بگیرێت بە پەرەدان بە ڕقو کینەو دوژمنایەتی کوێرانەی نێوان نەتەوەی تورکو کورد لە تورکیا.
جەنگو کێبەرکێی نێوان دەوڵەتی تورکیاو پەکەکە لە واقعدا هیچ پەیوەندیەکی نەبووەو نیە بە زوڵمو ستەمی نەتەوەیی سەر خەڵکی کوردزمانی تورکیاوە، یاخود بە هەقانیەتی مەزنخوازی نەتەوەی سەردەست، بەڵکو جەنگە لەسەر هەرچی قووڵترکردنەوەی خۆشباوەڕی قەومی لەناو ویژدانی هاوڵاتیانی هەردوو نەتەوەدا هەتا سووکو ئاسان شۆڤێنیزمی تورکیو نەتەوەپەرستانی کوردی سواری شەپۆلی خۆشباوەری خەڵکی ببن بەم هێزانەو دەسەڵاتو موقەدەراتی ئەم خەڵکە لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژیای قەومییەوە بگرن بەدەستەوەو خۆیان بکەن بە نوێنەری مافو خواستو چاوەڕوانیەکانی نەتەوەکانیان. تاقیکردنەوەی دەیان ساڵی ئەم ململانێو دوژمنایەتیە سەلماندوویەتی کە لە ڕاستیدا جەنگی نێوان شۆڤێنیزمی تورکیو ناسیونالیزمی کوردی لە بنەڕەتدا بۆ گیرکردنی تەوقی قەومپەرستیە لە گەردنی هاوڵاتیانی هەردوو نەتەوەو برەودانە بە کورتبینی نەتەوەچێتی بۆ ئەوەی لە جەنگی دەسەڵاتدا وەکو هێزی زەخیرەی جەنگ هاوڵاتیانی نەتەوە جیاجیاکان لەدژی یەکتری بەکاربهێنن.
نەتەوەپەرستانی تورکی لە ئەوروپاش نیازیان خراپەو گەرەکیانە شارەکانی ئەوپاش بکەنە مەیدانی شەڕو دەعوای قەومیو یەکتربڕینەوەی نێوان کوردو تورک. بێگومان وەکو چۆن لە ناوخۆی تورکیادا دەیان ساڵە شۆڤێنیزمی تورکی هەوڵ ئەدات، سیاسەت دائەڕێژێو پیلانگێڕی سازئەکات بۆ دروستکردنی دوژمنایەتی کوێرانە لە نێوان هاوڵاتیانی کوردو تورکدا، هەروا خەریکن لەپای کارەساتێکی مرۆیی بێوێنەدا سیاسەتی شۆڤێنیانەی خۆیان بێشەرمانە تاوئەدەن. ئەم سیاسەتە دەبێت پووچەڵ بکرێتەوە لە هەردوو بەری دەعواکەدا. چۆن پووچەڵ دەکرێتەوە؟ بەمەی کە خۆشباوەڕی نەتەوەیی فڕێ بدرێو نەتەوەپەرستانی تورکیشو کوردیش لە هەموو شوێنێک ڕیسوا بکرێن. لە هەموو جێگایەک هەوڵی کۆکردنەوەی هاوکاری مرۆییو دروستکردنی هاوسۆزیو هاودڵی بۆ خەڵکی لێقەوماوی کوردستان بدرێت.
ئێستا کات کاتی بەدەنگەوەچوونی لێقەوماوانی کارەساتەکەیە. کاتی ئەوەیە هەرچی زیاترو زووترە هەوڵو تواناکان بۆ هاوکاریو گەیاندنی هاوکاری ماددیو تەندروستیو پێویستیە ئیمێرجنسیەکانی تر بە لێقەوماوان بخرێتە کار بۆ مەبەستی کەمکردنەوەی قەبارەو بارستایی قوربانیەکانو بەرگرتن بە فراوانتربوونی ئاستی تراژیدیاکە، نەک باوەشێنکردنی هەستو سۆزی نەتەوەپەرستانەو بەکاربردنی کارەساتەکە لەپێناوی مەرامو ئامانجی سیاسیدا لە هەر لایەکەوە بێت.
لە کاتێکدا دەوڵەتی شۆڤێنی تورکیا خۆی دەیان ساڵە بە ئاگرو ئاسن دڕندانەترین سیاسەتی سەرکوتو داپڵۆسینی لە دژی خەڵکی کوردستانی تورکیا گرتۆتەپێش، هەژاریو دواکەوتووییو پشتگوخستنی ناوچە کوردنشینەکانی وەکو سیاسەتێکی قەومپەرستانە پێڕەوکردووە بۆ ئامانجی هەرچی زیاتر برەودان بە دەمارگیری نەتەوەییو بەرجەستەکردنی هەرچی زیاتری مەیلو نەزعەی مەزنخوازی نەتەوەی تورکو خۆشکردنی ئاگری هەستو سۆزی نەتەوەپەرستانەو سەپاندنی پلەدوویی بەسەر نەتەوەی کورد وەکو نەتەوەی ژێردەستەی شۆڤێنیزمی تورکی، سەرەنجام سەرکەوتنی لە بەرجەستەکردنو قووڵترکردنەوەو توندترکردنەوەی ڕقابەریو کێبەرکێی نەتەوەیی لەنێوان کوردو تورکی ئەو ووڵاتەدا، تا ئەو شوێنەی کە حزبێکی پڕاوپڕ نەتەوەپەرستی کوردی چەشنی (پەکەکە)ی لێ بەرهەم هات. ئێستاش پاش زیاتر لە ٣٠سی ساڵ بەسەر کێبەركی لەگەڵ پەکەکەدا، دەوڵەتی تورکیا لەسەر وەهمی شۆڤێنیزمو سۆزی مەزنخوازی تورکچێتی لەسەر پێێ خۆی وەستاوەو نانی بانگەشەی فریودەرانە بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی خەڵکی تورکیا ئەخوات بۆ ڕاوەدوونانو لەناوبردنی پەکەکەو چەکدارەکانی، ئێمەو جیهان شاهیدی مانۆڕی سەربازی گەورەو بچووکی تورکیاین بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە لە چەکدارانی پەکەکە، بەڵام پووچیو بێبایەخی ئەم درۆ شاخدارە هێشتا بەهۆی تەسکبینیی قەومیەوە بۆ ڕای گشتی هەردوو نەتەوە ئاشکرا نەبووە. دەوڵەتی تورکیا هاوڵاتیانی خۆی لەنێو هەژاریو گرانیو قەیرانی ئابووریو گرفتی گەورەی بێبەهایی دراوی تورکیدا ڕاگرتووەو لە هەمان کاتیشدا ساڵانە بودجەی گەورەو گران بۆ شەڕ دژی پەکەکە تەرخان ئەکات! ئەمە سیاسەتێکی دووفاقیو دڕندانەو دژی هاوڵاتیانی تورکیایەو دەبێت ڕیسواو مەحکوم بکرێت.
پێش چەند ڕۆژێک بەر لە کارەساتی زەمین لەرزەکەی وانو دەورو بەری، دەوڵەتی تورکیا بۆ وەڵامی هێرشو کردەوەیەکی سەربازی چەکدارانی پەکەکە لە نزیک شاری هەکاری کە ٢٤ سەربازی تورکیای تێدا بووە قوربانی، سەرباری بۆردومانی هەواییو پەلاماری فڕۆکە جەنگیەکانی بۆ سەر خاکی هەرێمو ناوچەی چیاکانی قەندیلو سێکوچکەی نێوان تورکیا- عێراق- ئێران، بە بەشداری ١٠ دە هەزار سەربازی پیادە، تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی بە بیانووی ڕاونانی پەکەکەوە دەسپێکرد بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکانو تەنانەت سنوورەکانی هەرێمی کوردستانیشی بەزاند. بەڵام لەگەڵ ڕوودانی زەمین لەرزەکەی کوردستانی تورکیا، ئەمڕۆ بۆ خۆدزینەوە لە ڕەخنەو نەفرەتی ناوخۆو دەرەوە وەزارەتی بەرگری تورکیا کۆتایی ئەو ئۆپەراسیۆنەی ڕاگەیاند. لەکاتێکدا کارەساتی سروشتی خەریکە هاوئاهەنگ ڕۆڵی قڕکردنی هاوڵاتیانی کوردزمانی تورکیا ئەبینێو تائاستی سیاسەتی شۆڤێنیانەی دەوڵەتی تورکیا خەریکە ئاگری ڕقو کینەی قەومی خۆشتر ئەکات، بۆیە کۆتایی هێرشە سەربازیەکەی وەکو خێرێکو موزایەدەیەک بەسەر خەڵکی ناوچەکەدا ڕائەگەیەنێت.
سیاسەتی سەرەکی دەوڵەتی تورکیا هەتا ئێستاش هەرچی زیاتر درێژەپێدانو قووڵترکردنەوەی شەڕی نێوان کوردو تورکی ووڵاتە، بەپێچەوانەی سەرجەمی بانگەشەو ئیدیعاکانی تورکیاو ناوەندەکانی پەکەکەو تەنانەت هێزو حزبە ناسیونالیستیە کوردەکانی ناوخۆی توکیاش بۆ بوونی ئیرادەو نیشاندانی نیازچاکی خۆیان گوایا بۆ چارەسەری دیموکراسیانەی مەسەلەی کورد لە تورکیا. پەکەکەش بە هەمان ئەندازە ژیانی سیاسی خۆی لەسەر بەرامبەرکێی نەتەوەپەرستانەی کورد بەرامبەر بە تورک درێژەپێئەدات. مێژووی خولانەوە بەناو ئەم بازنەی جەنگو کێشمەکێشە قەومیە بێبڕانەوەیەدا لە تورکیا دوورو درێژە. ڕەنگە زەمینلەرزەکەی شاری وان ببێتە هۆکارێک بۆ ڕەوینەوەی خۆشباوەڕی نەتەوەیی لە هەردوو بەرەی قەڵشتی قەومیدا لە تورکیا ئەگەر ویژدانی مرۆییو جیهانی شارستانی بێتەمەیدان، هەروەکو چۆن ئەگەرێکیشە بۆ قووڵترکردنەوەی ئەو شەڕە کە ئومێد دەکەم ئەم دوایینەیان ڕوو لە خوارەوە بکات. بەڵام بەهەق نەتەوە پەرستانی کورد لە هەموو لاوە تا بگات بە شۆڤێنیەکانی تورکیا، هەر هەموویان بە یەک ستایڵو بە یەک نەغمە خەریکن موزایەدە بەسەر کارەساتی زەمین لەرزەکەوە ئەکەن لە جیاتی بەتەنگەوە چوونیان بۆ سووک تر کردنی قورساییو قەبارەی کارەساتەکە! قەوم پەرستان لەم کارەساتەی شاری واندا سەلماندیانەوە جارێکی تر کە ئەوان هێندەی باوەشێن کردنی سۆزو هەستی نەتەوە چێتی بۆیان گرنگو پڕبایەخە هەرگیز لێقەوماوانی زەمین لەرزەکە نە لە بەرنامەو نە لە ئەجێندایاندایەو نە بەلاشیانەوە هێندە جێگا سەرنجە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست