کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئێزیدیه‌کانیش بون به‌ گۆڕان میره‌كه‌یان به‌جێیهێشتن ئێزیدییه‌كان له‌یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ تووڕه‌ن

Thursday, 12/11/2009, 12:00


ئێزیدییه‌كان وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن رۆژێكی‌ ره‌ش تێكه‌وتون، له‌هه‌نگاوێكی‌ چاوه‌ڕواننه‌كراودا میره‌كه‌یان به‌جێیهێشتن‌و داوای‌ مافی‌ په‌نابه‌ری‌ له‌ئه‌ڵمانیا كرد، گه‌نجه‌كانیشیان كۆچبه‌ری‌ به‌رده‌وامن‌و روه‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات سه‌ری‌ خۆیان هه‌ڵده‌گرن، ئێزیدییه‌ك ده‌ڵێت "ئێمه‌ له‌پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ تووڕه‌ین".

ئێزیدیی‌.. مێژووییه‌كی‌ خوێناوی‌
ئێزیدییه‌كان كه‌ ئێستا ژماره‌یان له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا 500 تا 600 هه‌زار كه‌سه‌‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌شارۆچه‌كه‌كانی‌ شه‌نگال‌و شێخان‌و لالش‌و باعدریه‌‌و مهاتدا نیشته‌جێن، رابردوویه‌كی‌ خوێناوی‌ له‌دوای‌ خۆیانه‌وه‌ به‌جێده‌هێڵن، به‌درێژایی‌ سه‌دان ساڵ‌ به‌هۆی‌ جیاوازی‌‌و شاراوه‌یی‌ بیروباوه‌ڕی‌ ئاینییه‌كانه‌وه‌ كه‌وتونه‌ته‌ به‌ر شاڵاوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عوسمانی‌‌و به‌شێك له‌میره‌ كورده‌كان‌و ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌. له‌دوای‌ روخانی‌ رژێمی‌ سه‌دامیشه‌وه‌ ناوچه‌كانیان زۆرترین رێژه‌ی‌ ته‌قینه‌وه‌‌و گه‌وره‌ترین كوشتاری‌ له‌عێراقدا به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌.
قادر سه‌لیم شه‌مۆ، كه‌ به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئێزیدییه‌‌و مامۆستای‌ زانكۆی دهۆكه‌، ده‌ڵێت "تا دێت ژیانی‌ ئێزیدی‌ ناخۆشتر ده‌بێت‌و ره‌وشی‌ ژیانیان تا بڵێی‌ ناله‌باره‌".

به‌ لێشاو كۆچ ده‌كه‌ن
"ئێزیدییه‌كان له‌كۆچێكی‌ به‌رده‌وامدان"، خێری‌ شه‌نگالی‌ كه‌ ئێزیدییه‌كی‌ چالاكه‌‌و ساڵانێكه‌ له‌سلێمانی‌ نیشته‌جێیه‌، به‌ئاوێنه‌ی‌ راگه‌یاند، هه‌زاران گه‌نجی‌ ئێزیدی‌ له‌تاوی‌ بێكاریی‌ روویان له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات كردووه‌‌و به‌رده‌وام ده‌ڕۆن‌و سه‌ری‌ خۆیان هه‌ڵده‌گرن، "ئێستا سه‌دان گه‌نجی‌ ئێزیدی‌ له‌یۆناندان‌و ده‌یانه‌وێ‌ بگه‌نه‌ ئه‌ڵمانیا‌و له‌دۆزه‌خی‌ ژیانی‌ ئێره‌ رزگاریان بێت، چونكه‌ سه‌ڕه‌رای‌ ئه‌وه‌ی‌ زانكۆش ته‌واو ده‌كه‌ن، بێكارن‌و به‌هه‌فته‌ دینارێكیان له‌گیرفاندا نییه‌".
ئه‌و وتیشی‌ "ئێزیدییه‌كان له‌نێوان دوو ئاگردا ده‌سوتێن: حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌لایك‌و حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ به‌غداش له‌لایه‌كی‌ تر، حكومه‌تی‌ به‌غدا ئیشوكاریان بۆ ناكات، ده‌ڵێت ئێوه‌ كوردن بڕۆن با حكومه‌تی‌ كوردستان بۆتان بكات، حكومه‌تی‌ كوردستانیش ده‌ڵێت، هێشتا ماده‌ی‌ 140 جێبه‌جێ‌ نه‌بووه‌!".
قادر سه‌لیمی‌ مامۆستای‌ زانكۆش پێیوایه‌ لایه‌نی‌ ئابووری‌ گه‌نجانی‌ ئێزیدی‌ زۆر خراپه‌، جگه‌ له‌وه‌ش به‌بڕوای‌ ناوبراو ئه‌وان به‌دوای‌ ئازادیدا وێڵن "له‌م چه‌ند ساڵه‌ی‌ دواییدا به‌ده‌ست ئیسلامیه‌ توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌ ژیانمان ته‌واو لێهه‌راسان بووه‌‌و به‌سه‌دان كه‌سمان لێكوژراوه‌".

میره‌كه‌شیان به‌جێهیێشتن
له‌چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا، هه‌واڵێك كۆمه‌ڵگه‌ی‌ ئێزیدییه‌كانی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان‌و سه‌رتاسه‌ری‌ دونیادا هه‌ژاند: میر ته‌حسین به‌گ، میری‌ ئێزیدییه‌كان داوای‌ مافی‌ په‌نابه‌ری‌ له‌ئه‌ڵمانیا كرد.
ئه‌م رووداوه‌ به‌لای‌ نزیكترین كه‌سه‌كانی‌ میریشه‌وه‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراو بوو، راوێژكاری‌ میر ته‌حسین (كه‌ریم سلێمان) به‌ئاوێنه‌ی‌ راگه‌یاند "هه‌تاكو ئێستا نازانین بۆچی‌ چووه‌؟! ته‌نها ده‌ڵێت پاشه‌ڕۆژ دیار ده‌بێت بۆچی‌ هاتومه‌ته‌ ئه‌لمَانیا؟"
راوێژكاره‌كه‌ی‌ میر وتیشی‌ "ئه‌وه‌ی‌ میر ته‌حسین كردی‌ شتێكی‌ عه‌فه‌وی‌ بوو، ئێمه‌شی‌ ئاگادار نه‌كردوه‌ته‌وه‌! نازانین بۆ رۆشتووه‌، ئایا ده‌گه‌ڕیًَته‌وه‌ یان له‌وێ‌ ده‌بێت؟! خۆشی‌ هیچ ناڵێت، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت ده‌ڵێت پاشه‌ڕۆژ ده‌زانن".
سلێمان ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد كه‌ مانه‌وه‌ی‌ له‌وێ‌ زیانی‌ ده‌بێت بۆ ئێزییه‌كان، چونكه‌ له‌خه‌ڵك‌و نیشتمانی‌ خۆی‌ دورده‌كه‌وێته‌وه‌و میر ئاگایان له‌په‌یڕه‌وانی‌ ئاینه‌كه‌ی‌ نابێت".
قادر شه‌مۆی‌ مامۆستای‌ زانكۆش وتی‌ "رۆشتنی‌ میر ته‌حسین به‌گ پرسیاری‌ لای‌ هه‌موو ئێزیدیه‌كان دروست كردوه‌، چونكه‌ ئه‌و میری‌ هه‌موو ئێزیدیه‌كانی‌ جیهانه‌‌و قه‌دری‌ زۆری‌ هه‌یه‌، لای‌ حكومه‌تی‌ كوردیش به‌هه‌مان شێوه‌ رێزی‌ ده‌گرن، به‌ڵام له‌م هه‌ڵوێسته‌ی‌ تێناگه‌ین، چونكه‌ هیچ شتێك بۆ ئه‌و له‌كوردستان خراپ نه‌بوو، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و داوایه‌ی‌ ئه‌و، هۆكاری‌ خۆی‌ هه‌یه‌‌و ئه‌ویش ئاشكرا ده‌بێت".
به‌ڵام خێری‌ شه‌نگالی‌ پێیوایه‌ "عه‌یبه‌ بۆ میرێك داوای‌ مافی‌ په‌نابه‌ریی‌ بكات، ئاخر ئه‌و میری‌ هه‌موو ئێزیدییه‌كانی‌ جیهانه‌".
خێری‌ وتی‌ "میری‌ ئێزیدیان ره‌گه‌زنامه‌ی‌ به‌ریتانی‌ له‌گیرفانیدایه‌، سه‌ركرده‌یه‌كی‌ بێتوانایه‌‌و خزمه‌تی‌ ئێزیدییه‌كانی‌ نه‌كردووه‌ وه‌ك میر، بۆیه‌ به‌رامبه‌ر به‌حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش زۆر لاوازه‌‌و به‌و شێوه‌یه‌ كه‌سایه‌تی‌ خۆی‌ له‌ده‌ستداوه‌".
هه‌روه‌ها وتیشی‌ "به‌پێی‌ زانیاری‌ من كاتێك به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی‌ چووه‌ بۆ لالش، پێی وتووه‌ شه‌ش كه‌سی‌ ئێزیدیم بۆ ته‌رشیح بكه‌ بۆ په‌رله‌مان، كه‌چی‌ ته‌نها كوڕه‌كه‌ی‌ خۆی‌ ته‌رشیح كردووه‌، بزانه‌ چه‌ند خۆپه‌رسته‌".
میری‌ ته‌حسین ماوه‌ی‌ 65 ساڵه‌ میری‌ ئێزیدییانه‌، ئه‌وكاته‌ی‌ ته‌مه‌نی‌ نۆ ساڵ‌ بووه‌ له‌ 1945دا بووه‌ به‌میر‌و مایه‌ن خاتون داپیره‌شی‌ بووه‌ به‌ڕاوێژكاری‌ (وێیه‌)، تا ئێستا رووی‌ نه‌داوه‌ له‌مێژووی‌ ئێزیدیاندا كه‌ بتوانن میره‌كه‌یان بگۆڕن، ئه‌و تا ده‌مرێت میریانه‌و له‌دوای‌ خۆشیه‌وه‌ به‌میرات‌و پشتاوپشت میرایه‌تی‌ بۆ كوڕ یان یه‌كێك له‌براكانی‌ به‌جێده‌هێڵێت، شه‌نگالی‌ وتی‌ "به‌پێی‌ بیرو بۆچوون‌و نه‌ریتی‌ ئێزیدییه‌كان میر ده‌بێت له‌دایك‌و باوكه‌وه‌ میر بێت‌و كه‌س توانای‌ گۆڕینی‌ نییه‌".

ئه‌ڵمانیا.. مه‌ڵبه‌ندی‌ ئێزیدییان
ئێستا زۆرترین ژماره‌ی‌ ره‌وه‌ندی‌ ئێزیدی‌ له‌وڵاتی‌ ئه‌ڵمانیا كۆبووه‌ته‌وه‌، ئه‌وان به‌چه‌ند قۆناغێك روه‌و ئه‌و وڵاته‌ كۆچیان كرد، له‌حه‌فتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوودا ئێزیدییه‌كانی‌ باكوری‌ كوردستان زۆربه‌یان چوونه‌ ئه‌ڵمانیا، پاشان ئێزیدییه‌كانی‌ كۆماره‌كانی‌ یه‌كێتی‌ سۆڤیه‌تی‌ جاران په‌نایان برده‌ ئه‌و وڵاته‌‌و ئێستاش ئاڕاسته‌ی‌ كۆچی‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌و ئێزیدیانه‌ی‌ له‌هه‌رێٍمی‌ كوردستان هه‌ڵدێن ئه‌ڵمانیایه‌.
خێری‌ شه‌نگالی‌ به‌ئاوێنه‌ی‌ راگه‌یاند كه‌ "له‌و كاته‌وه‌ ئه‌ڵمانیا لۆبییه‌كی‌ ئێزیدی‌ به‌هێزی‌ تیایه‌، هه‌ر كه‌سێك بڕۆیشتایه‌ بۆ ئه‌وێ‌ پێشوازی‌‌و خزمه‌تیان ده‌كردو حكومه‌تی‌ ئه‌ڵمانیاش ئاسانكاری‌ بۆ كردوون، چونكه‌ له‌هه‌لومه‌رجی‌ ژیانی‌ ئه‌وان تێده‌گه‌یشت، كه‌ كه‌مایه‌تییه‌كی‌ ئایینی رۆژهه‌ڵاتن‌و له‌به‌رده‌م مه‌ترسی‌ له‌ناوچوون‌و فه‌وتاندان".
به‌پێی‌ زانیاریی‌ ئاوێنه‌ ژماره‌ی ئێزیدییه‌كان له‌ئه‌ڵمانیا نزیكه‌ی‌ 45 هه‌زار كه‌سه‌و خاوه‌نی‌ چه‌ندین رێكخراوه‌و سه‌نته‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و كلتوری‌ تایبه‌ت به‌خۆیانن‌و له‌م چه‌ند ساڵه‌ی‌ دوایشدا كچێكیان به‌ناوی‌ (فه‌له‌كناس ئوجه‌) بووه‌ به‌ئه‌ندام په‌رله‌مانی‌ ئه‌وروپا.

ئێزیدیه‌كانیش بوون به‌ "گۆڕان"
ئێزیدییه‌كان كه‌ خه‌ڵكێكی‌ كرده‌ن‌و به‌شدارییه‌كی‌ كارایان له‌شۆڕشه‌كانی‌ كورددا كردووه‌، هه‌میشه‌ چاوی‌ حیزبه‌ كوردییه‌كانیان له‌سه‌ر بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌لای‌ خۆیاندا رایانكێشن، به‌تایبه‌تی‌ له‌دوای‌ روخانی‌ رژێمه‌وه‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ ویستویانه‌ ئه‌وان بكه‌ن به‌به‌شێك له‌پێكهاته‌ی‌ خۆیان، به‌سه‌رنجدان له‌وه‌ی‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا خاوه‌نی‌ ژماره‌یه‌كی‌ به‌رچاون‌و ناكرێت نادیده‌ بگیرێن. له‌چوارچێوه‌ی‌ ئه‌م هه‌وڵانه‌شیاندا پارتی‌ (میر ته‌حسین به‌گ)ی‌ كردووه‌ به‌هاوكاری‌ خۆی‌‌و یه‌كێتیش (بابه‌ شێخ)، كه‌ به‌كه‌سی‌ دووه‌م داده‌نرێت له‌نێو ئێزیدییه‌كاندا له‌ڕووی‌ گرنگییه‌وه‌.
به‌ڵام به‌مدواییه‌ چه‌ند كه‌سێكی‌ چالاكی‌ ئه‌وان له‌بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان نزیكبوونه‌ته‌وه‌، كه‌ یه‌كێكیان خێری‌ شه‌نگالییه‌‌و باس له‌وه‌ ده‌كرێت بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتووی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق كاندیدی‌ لیستی‌ گۆڕان بێت.
شه‌نگالی‌ وتی‌ "ئێزیدییه‌كان له‌یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ توڕه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كورد گرنگی‌ به‌ئێزیدییه‌كان ناده‌ن‌و فه‌رامۆش كراون، له‌كاتی‌ هه‌ڵبژاردندا دێن ده‌ستیان ماچ ده‌كه‌ن‌و به‌ڵێنیان پێده‌ده‌ن، كه‌چی‌ دوایی‌ به‌ڵێنه‌كانیان ئه‌ساسی‌ نییه‌".
ئه‌و وتیشی‌ "هیچ پڕۆژه‌یه‌كی‌ ستراتیجی‌ له‌ناوچه‌كانی‌ ئێزیدی‌ نه‌كراوه‌، ده‌بوایه‌ شه‌ش ئه‌ندامی‌ ئێزیدی‌ له‌په‌رله‌مان هه‌بن، كه‌چی‌ ته‌نها كوڕی‌ میریییان كرد به‌ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مان، ته‌نها گرنگی‌ به‌ماڵی‌ میر‌و بابه‌ شێخ ده‌ده‌ن، به‌مه‌رجێك خه‌ڵكه‌كه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ نییه‌ وه‌ك سه‌ركردایه‌تی‌ كورد بیری‌ لێده‌كاته‌وه‌".
شه‌نگالی‌ هۆكاری‌ ئه‌وه‌شی‌ ئێزیدییه‌كان شوناسی‌ ئایینیان ده‌خه‌نه‌ پێش شوناسی‌ كورد بوونیانه‌وه‌، گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ هه‌ڵه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌‌و وتی‌ "كاتێك یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ چوونه‌ ناوچه‌ی‌ ئێزیدییه‌كان منافه‌سه‌ی‌ یه‌كتریان كردو فه‌راغێك دروستبوو تا (حركه‌ ایزیدیه‌ من اجل الاێلاح‌و تقدم) دروستبێت كه‌ له‌عه‌ره‌ب‌و به‌عسییه‌كان‌و لیستی‌ حه‌دباوه‌ نزیكن".
هه‌روه‌ها وتیشی‌ "پێموایه‌ ئه‌مجاره‌ لیستی‌ گۆڕان فشارێكی‌ زۆر ده‌خاته‌ سه‌ر لیستی‌ كوردستانی‌، خه‌ڵك توڕه‌یه‌ له‌یه‌كێتی‌‌و پارتی‌‌و ده‌نگ به‌گۆڕان ده‌ده‌ن".


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە