کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەختیار عەلی و ئاراس فەتاح هیچ ئیزافه‌یه‌کی پۆزه‌تیڤیان بۆ سه‌رای ئازادی پێنییه‌!

Monday, 21/03/2011, 12:00


نامەوێت وتارێكی سەرپێ ی بنووسم، دوودڵ بووم لەناونیشانی ئەم وتارەو دەمویست بنوسم (سەردەمی نوخبە بەسەرچوو)، بەڵام نا.. بڕیارم دا ناوی خودی ئەو دوو كەسە بێنم كە لەوتارێكم دا ماوەیەك لەمەوبەر نوسیم (بەختیار و ئاراس و مەریوان كەوتونەتە بەردەم بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی)، لەو وتارەدا بەكورتی وتم مادام ئەو برادەرانە بەڵێنیان داوە بێنەوە، ئەگەر فریای فارغۆنەكانی ئەو شەمەندەفەرەی خۆپیشاندان نەكەون و سوار نەبن ئەوا بێگومان هەموو تەمەنی رەخنەگرتن یان یەكسان دەبێت بەهیچ و لەروانگەیەكی فەلسەفیەوە هیچیش مانای زۆری هەیە، هەروەك ئەو فەرهاد پیرباڵەی كە هەموو تەمەنی رەخنەگرتن بوو لەدەسەڵاتی سیاسی لەم هەرێم ئێستا خۆشی نازانێ چۆن باری لار و گلاوی راست كاتەوە.

ئەوەی هێدی هێدی لەقەناعەت من دێنێتە خوارەوەیە ئەم هاتنەوەیە لەمەغزای بابەتیبونی ژیانی خۆپیشاندەران ناگۆڕێ و ئەوەندەی تۆماركردنێكی مێژووە بۆ خۆیان ئەوەندە هاندان و خۆشدانی گەنجان نیە بۆ بەردەوامبون لەخۆپیشاندان، لەرۆژانی یەكەمی هاتنەوەكانیاندا هەستیان بەئەرك و بەرپرسیارێتی یەكی گەورەتر دەكرد تا ئەو ساتەی بەشێك بون لەو نامەیەی كە بۆ مام جەلال یان نوسی ، بەڵام رۆژانی دواتر كەش و روانینێكی تریان هەیە، ئەمە ئەو حاڵەتە ناتەندروستەیە كە رۆشنبیری كوردی تێكەوتووە بەتایبەتی نوخبەیەكی وەك ئەو دەستەبژێرەی كە نمونەیان ئەو دوو برادەرەن كە هاتنەوە، مەیدانی سەرای ئازادی گەواهی راستیەكن كە زۆر كەسی لەم دۆخەدا تاقیكردەوە، رۆشنبیر ناتوانێ لەلایەك خۆی بەشتێك بترسێنێ و لەلایەكی تریشەوە خۆی پێوە هیوادار بكا كە لەگەڵ بوونی هەڕەشەش خۆشی لەهەمان شت بەدوور بگرێ و یانیش نیازی بێ كە كارێكی بۆ بكەن و یانیش بۆی نەكەن، دژایەتیەكی ئاشكرا لەنێوان ئەم ئەنجامانەدا ئەوا رێڕەوی سەرخواردن دێنێتە گۆڕێ... ئەگەر بەختیار و ئاراس بیانەوێ لەرێگەی ئەو دەستەبژێریەوە دنیا وەرچەرخێنن.... زەحمەتە، ئەمە بۆ دوو ساڵ لەمەوبەر دەگونجا و كردیشیان، بەڵام بۆ ئەمڕۆ نەك ناگونجێ بەڵكو نەخوازراوە، ئەوكاتە بەختیار و ئاراس ئەو دوو رۆشنبیرە راستەقینەیەن كە داوا لەخەڵك بكەن بەردەوام بن لەو خەباتە مەدەنیەیان نەك لەدووری سەدان میلەوە كۆمەڵێ كۆكەنەوە و لەرێگەی ژمارەیەك لەو مایكە پڕ لە شەرمەزارانەوە نا كە لەناو هۆڵێكی داخراودا لەبەردەم 60كەسدا لەهۆڵی سۆڵیدارێتی لەسلێمانی كە ژمارەیەك لەوانەی دانیشتبون رۆژانە لە دوو میدیای مایكەكانی بەردەمیەوە سەدان سوكایەتی بەخۆپیشاندەر دەكرێ، بەڵكو لەسەر ئەو دوو رۆشنبیرە پێویستە ئەگەر رۆژانە هەریەكەیان بۆ دوو دەقیقەش بێت بەو گەنجە شۆڕشگێڕانە بڵێن بەردەوام بن خەباتی ئێوە خەباتێكە هەموو دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمەی تۆقاندووە... ئەگەر ئەوان سیاسەتی خۆ جیاكردنەوە لەخەڵك بەكاربێنن ئەوا دوور نیە سبەی نەهێڵن لەو مایكەی سەرای ئازادیەوە ئەوانیش دەنگیان دەرچێ.

سەیرم لێدێ كە ئەم دوو رۆشنبیرە هێشتاكێ ماهیەتی ئەم دوو حیزبەیان بۆ دەرنەكەوتوە، ئەگەر بیانەوێ ئەو شرۆڤەكاریە بۆ حزبی سیاسی و هەندێ لەكەسانی سیاسی بكەن و ئەم بزوتنەوە جەماوەریەیان تێبگەیەنن ئەوا بەدڵنیای تێناگەن ، چونكە ئەم دەسەڵاتە لەو هەموو رستانەی ئەم چەندین ساڵەی پێشوتان تێنەگەیشتن ئێستا لەوە تێدەگەن ، بەبیرم بێ ساڵانی 1997بوو كاتێك ئەم برادەرانەی رەهەند قسەیان دەكرد ، بەرپرسانی یەكێتی و پارتی لەكۆڕ و كۆبونەوەكان دا دەیانگوت ئەمانە دەستی دەرەكیان لەپشتە و لەئەوروپاوە قسەی زل دەكەن و نازانن ئەم ئەزمونە چۆن دروست بووە ، هانی خەڵكیان دەدا كە ئەمانە یاری بەخوێنی شەهیدان دەكەن ، ئێستا ئەم دوو برادەرە ئەیانەوێ وا نیشان بدەن بەم مانگ و دوو مانگە دەسەڵات بگێڕنەوە سەر رێگە راستەكەی خۆی، ئەگەر ئەم برادەرانە ترسیان لەوە هەبوو بێ لەرێگەی كەناڵەكانی راگەیاندنی ئۆپۆزیسیۆنەوە چاوپێكەوتن نەكەن و دیدار نەكەن ئەوا بە هەڵەدا چون تا ئەوپەڕی چونكە ئەوەتا هەر كەناڵە ئۆپۆزیسیۆنەكانە ئەو سیمینارانە پەخش دەكەن ، ئەوەش باشترین مژدە بوو بۆ ئەو رۆشنبیرانە كە تەنیا هەواڵێكی كرچ و كاڵیان لەسەر بڵاوكردنەوە و قسەكانیان لای میدیاكانی دەسەڵات خرانە تەنەكە خۆڵەوە و یەك فلسی سوری نەكرد... ئەمەیە كێشەی رۆشنبیری ئێمە تاكو ئێستا ماوەیەك دەبینێت لەنێوان دەسەڵات و جەماوەردا ، كە ماوەی تاڵە مویەكە ئیتر بێ ئەوەی بیر لەوە بكاتەوە دیوارێكی بەرز دروست بووە نە بەمان و نە بە هیچ هێزێكی تر ناتوانرێ ئەو دیوارە بڕوخێ و دەسەڵات و خەڵك لە مەیدانی ئازادی دا بەیەك شاد بكاتەوە ، هیچ شێوەیەكی دیالۆگ نەماوە لەگەڵ دەسەڵات دا چونكە ئەو دەسەڵاتە تا ئەم ساتە وەختە لەرێگەی كەناڵەكانی راگەیاندن یەوە گاڵتە بەعەقڵی ئێوەش و ئەو خەڵكەی بەردەركی سەرا دەكا ، ئەگەر بەختیار و ئاراس وا تێبگەن سوكایەتی كردن بە رێبین هەردی و شاهۆ سەعید و فاروق رەفیق سوكایەتی كردن نیە بەوان ئەوا هێندە ناڕۆشنبیرن كە لەساتێك لەساتەكاندا بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن دەكەونە بەر هێرشی ئەو میدیا حزبیەی كە كەسی لێناپارێزێ ئەگەر سوێند بە سەری دەسەڵات نەخوا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە