ئاشكرا كردنی 3 بەڵگەنامە لەسەر مەسعود بارزانی
Monday, 21/03/2011, 12:00
- مەسعود بارزانی: سەدام حسێن زەمانەتی كوردە.
- نامەیەكی بارزانی بۆ سەدام لە 22ی ئاب.
- بەڵگەنامەی دادگایی كردنی بارزانی لەسەر كوشتنی 100 هاوڵاتی كوردستان.
مەسعود بارزانی لە دوو پۆستدا 40 ساڵە سەرۆكە
مەسعود بارزانی 33 ساڵە سەرۆكی پارتیەو ناوبراو لە 14ی یۆنیۆی 2005 كراوەتە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لە 25/7/2009 جارێكی تر بە سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرا.
واتە 7 ساڵە بارزانی سەرۆكی هەرێمە، باوكی پێش ئەو 33 ساڵ سەرۆكی هەمان حزب بووە.
مەسعود بارزانی 16/8/1946 لەشاری مهابادی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەدایك بووە، لەساڵی 1975 و دوای ڕێكەوتنی جەزائیرو نسكۆ لەگەڵ مستەفا بارزانی باوكی دەچێتە ئەمریكا، پاش كۆچی دوایی باوكی لەكۆنگرەی "9" ی پارتی دیموكرات دا لەساڵی 1979 دەبێتە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، سێ برای بەدەستی بەعس لەناوچووە "17" جار گوند و ناوچەكەیان لەلایەن بەعسەوە سوتێنراوەو 8 هەزار بارزانی بەدەستی ئەو ڕژێمە بێسەرو شوێن كراوە!!
بەڵام مەسعود بارزانی لەپاش ساڵێك لە ڕاپەڕینی گەلی كورد دەچێتە بەغداو لەدیدارێكی گۆڤاری ئەلف بادا دەڵێ سەدام زەمانەتی كوردە!!
هەر بارزانی بوو بەعسی هێنایەوە سەر شاری هەولێرو ئێستە فەرهاد پیرباڵ بەشانازییەوە مێژووی شاری هەولێر دەگەڕێنێتەوە بۆ 31ی ئابی 1996 .
جگە لەوە بارزانی لەدۆسیەی قەتڵ و عامی سورچییەكاندا وەك تاوانبار تەماشا دەكرێ كەتێیدا نزیكەی 100 هاوڵاتی كوژران.
بارزانی سوتانی جامانەی سوری بەلاوە گرنگترە لەڕشتنی خوێنی گەنجان
مەسعود بارزانی لەدواین وتاریدا كەلە 20/3/2011 پێشكەشی كرد بەهیچ شێوەیەك باسی خوێنی ڕژاوی 8 شەهید و 200 برینداری 17ی شوباتی نەكرد!! ئەوەی بەلایەوە گرنگ بوو هەواڵی سوتانی جامانەی سور بوو لەشاری سلێمانی، وا دەزانرا پارتی دیموكرات شوشەی لقی چواری بەلاوە گرنگتر بووە لە ڕشتنی خوێنی گەنجان!! بەڵام بارزانی كە وەك سەرۆكی هەرێم قسەی كرد نیگەرانی خۆی لەوە دەربڕی كەبیستویەتی لە ساڵی 2011 جەمەدانەی سور لەسلێمانی سوتێنراوە! لەكاتێكدا جەمەدانەی سور لەدەستورو یاسای ئەم وڵاتەدا هیچ بونێكی نییە، جگە لەوەی پەڕۆیەكەو دەبەسرێ بەسەرەوە هیچ مانایەكی تری نییە! بەڵام ئەوەی مانای هەیە مافی خۆپیشاندەرو مافی مرۆڤە لەیاساكانی هەرێم و سەرجەم یاسا نێودەوڵەتییەكان كە هەمووان قەدەغەی ڕشتنی خوێنی مرۆڤەكان دەكەنەوە بكوژانی هاوڵاتی مەدەنی ڕوبەڕوی توندترین سزا دەكەنەوە! بەڵام لە 17ی شوبات خوێنی 8 گەنج ڕژێنرا و 200ی تر بریندار كرا، بارزانی ئامادە نەبوو لەم وتارەیدا وشەیەكی لەسەر بڵێ، بۆیە من دەڵێم لام سەیر نییە مەسعود بارزانی خوێنی بەلاوە هەرزانتر بێت بە جەمەدانەی سور! چونكە خوێنڕشتنەكانی پێشووی مێژووی بارزانی و حزبەكەی شاهیدی ئەوەن، بەتایبەت دۆسێی قەتڵ و عامی سورچییەكان كە ئێستە دۆسێیەكە لە بەرتانیاو ژنێڤ و تێیدا داوای دادگایی بارزانی دەكرێ!!
بەڵام ئەوە سەیرە كە حزبەكەی بارزانی لە ساڵی 2011 دا لەبەرامبەر ناڕەزایەتی خەڵك بۆ داوای مافی خۆی چەكی قورس بەكاردێنن!
بارزانی پاش 50 هەزار ئیمزا بۆ وازهێنانی، موزایەدەیەكی نوێ دەكات!
هەر لەو وتارەیدا بارزانی دەڵێ بەو جۆرە سەرۆكایەتی هەرێمی قبوڵ كردووە بۆ ئەوەی شەڕی كورد كوژی نەهێڵێ!! ئەمە لەكاتێكدایە كە لە 17ی شوباتی 2011 ەوە 8 كەس بەدەستی كوردو 4 كەسیان بەدەستی ئەندامانی حزبەكەی ئەو شەهید كراون لەخۆپیشاندانەكانی سلێمانی و چەمچەماڵ و كەلار.
جارێكی تر بارزانی وتیەووە هەركات ئێوە هەست بكەن بونی من لەسەرۆكایەتی هەرێم ڕێگرە لەبەرەو پێش چوونی هەرێمی كوردستان من بۆ خۆم خواحافیزی دەكەم و جێی دێڵم، ئەمە لەكاتێكدایە كە لەشاری سلێمانی و دەوروبەری زیاتر لە 50 هەزار ئیمزا بە ناوو پیشەوە لەفۆڕمی تایبەتدا كۆكراوەتەوە ئاراستەی سەرۆكایەتی هەرێم كراوە بەناوی كەمپینی "سەرۆك تۆم قبوڵ نییە" ئەم هەوڵەش لەسەر بەڵێنێكی خۆی ئەنجامدرا كەلەوڵاتی ئیتاڵیا بڵاویكردەوە ئەگەر 50 هەزار كەس منیان نەوێت ئەوە لە سەرۆكی هەرێم وازدێنم، من چاوەڕوانم دەكرد سەرۆكی هەرێم وەڵامی ئەوە بداتەوە كە 50 هەزار لە خەڵكی كوردستان ئیمزایان كردووەو بەسەرۆك قبوڵیان نییە، بەڵام ئەوە نەبوو، جارێكی تر بەلۆژیكی بن عەلی و موبارەك ئەوەی بەخەڵك فرۆشتەوە كە ئامادەیە كورسییەكەی جێبهێڵێ زۆر بەئاسانی چونكە خۆی بەسەرۆك نازانێ!
ڕونتر بڵێم ئەوەی لەوتەكانی بارزانیدا بونێكی زۆر جوانی هەبوو وشەی "ئێوە" بوو بەواتای جەماوەر، بەڵام ئەوەی لەواقیعدا بونی لای ئەو نییە ئەو جەماوەرەیە كە ماوەی زیاتر لەمانگێكە لەخۆپیشاندان بەردەوامن و ئەو وەڵامی كردارییان ناداتەوە، جگە لەوە ئەوانەی خوێنی ئەو خەڵكەیان ڕشتووە لەئەندامە باڵاكانی حزبەكەی ئەون و كاتێك سەرۆكی حكومەت داوای لێكردووە بەرپرسی لقی چوار تەسلیم بەدادگا بكات ئامادە نەبووە! پێی وتووە تەسلیمی دادگای هەولێری دەكەم! ئەو هەولێرەی كە ئێستە باری نائاسایی تێدا پیادە دەكرێ تەنها لەترسی ئەنجامنەدانی خۆپیشاندانێك!!
لەوەش ڕونتر ئەوەیە كە ئێمە واتە "ئێوە" كەی بارزانی 50 هەزار ئیمزامان كردووە بەوەی تۆ واتە "بارزانی"مان ناوێ بەسەرۆك، بەڵام ئەو هێشتا موزایەدە بەقسە جوانەكانیەوە دەكات لەسەرمان!!
جگە لەوە بارزانی موزایەدەی ئەوەی كرد كە لیژنەیەك بۆ سكاڵاو ناڕەزایەتی هاوڵاتیان دروست دەكات تاكو هەموو شتەكانیان بگات بە سەرۆكایەتی هەرێم، ئەم یەك ڕۆژ دوای ئەوەیە كە 50 هەزار ئیمزا دەگات بە سەرۆكایەتی هەرێم بۆ وازهێنانی بارزانی!!
بۆیە وتەكانی بارزانی لۆژیكێكی زۆر توندڕەوانەی نامۆراڵی سیاسی و بێكرداری واقیعی لەخۆ گرتووە! چونكە ئەزموونی حوكمڕانی حزبی و حكومی بارزانی لەپێش چاوەو بەردەستە.
مەسعود بارزانی: سەدام حسێن زەمانەتی كوردە
مەسعود بارزانی لەدوای ڕاپەڕینی دووەمی خەڵكی كوردستان و لەكاتی دانوسانەكانی كوردو بەغدا لەیەكەم دیداری ڕۆژنامەوانی گۆڤاری "ئەلف با"ی حزبی بەعس لەساڵی 1992 پاش ئەو ڕاپەڕین و ئاوارەییەی گەلی كورد، پاش ئەنفال و كیمیاباران دەڵێ "سەدام حسین زەمانەتی كوردە" ڕەنگە ئەمە وەك دیدارێكی دبلۆماسیانە چاوی لێبكرێ بۆ ساتێك كە گەلی كورد كۆڕەوی ئەنجام دابوو، بەڵام بە كردار بارزانی ئەو وتانەی خۆی سەلماند كە سەدام زەمانەتە بەڵام بۆ كورد نا بەڵكو بۆ پارتی، وەك بینرا لە 31/8/1996 واتە دوای 4 ساڵ لەو وتانەی سەدام بەنامەیەك هەزارن تانك و سەربازی خستە خزمەتی بارزانی و شاری هەولێری بۆ داگیركرد لەدەستی تاڵەبانی و وەرگرتەوەو تەسلیمی پارتی كرد!
كەنعان مەكییە: لە(22)ی ئابدا بارزانی بەنامەیەك لەگەڵ شەیتاندا رێككەوت
(31)ی ئابی ساڵى (1996)ئەو مێژووەیە كەهەمیشە لەبەرامبەر پارتی دیموكراتدا بەمانای خیانەتی نیشتمانی وەبیر دەهێنرێتەوە، ئەو مێژووە هاتنی دەبابەو سوپای بەعسە بۆ گرتنەوەی شاری هەولێر، ئەمەش بەخواستی پارتی و لەسەر داوای نامەكەی مەسعود بارزانی بۆ سەدام، ئەو سەدامەی كە سێ برای مەسعود بارزانی كوشتووەو (8) هەزار بارزانیشی ئەنفال كردووە.
محەمەدی حاجی مەحمود لەكتێبی رۆژمێری پێشمەرگەیەك، لەبەرگی چوارەمدا دەڵێت: لەبەغدا نامەی سەرۆكی پارتی دیموكرات خوێندرایەوە كە لە(22/8/1996)دا بۆ سەرۆكی عیراقی نوسیبوو، داوای هێز دەكات و دەڵێت پارتی توانای مقاوەمەی نەماوەو ناتوانێت هیچ بكات و خاكی عیراق لەمەترسیدایەو لەلایەن ئێرانەوە هەڕەشەی لێدەكرێت، فریامان بكەون زۆر بەپەلە.
ئەمە ئەو رووداوە گەورەیە كەتاكو ئێستەش پارسەنگی هێزی سیاسی و سەربازی و ئابوری و جوگرافی (3) پارێزگاكەی كوردستانی تێكداوە، ئەو رووداوەیە كەهەموو كورد جگە لەسەركردەكانی پارتی دیموكرات زیانیان لێكردووەو تاكو ئەم ساتەش عەرەبەكانی نەیاری پێشووی سەدام و ئێستەی حوكمڕانی بەغدا بەڕووی بارزانیدا دەدەنەوە.
سەرۆكی دەزگای یادەوەری عیراقی كەبارەگای سەرەكی لەواشنتۆنە، دەربارەی (31)ی ئاب نوسینێكی لەڕۆژنامەی كوردستانی نوێ ژمارە (1377)ی (7/1/1997)دا بڵاوكردەوە كەتێیدا نوسیویەتی (مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی (1991) لەباكوری عیراقدا چاوم بەمەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كەوت كەجێمهێشت وام هەستكرد لەوە باشتر نابێت بۆ عیراقییەكان كەكەسێكی ئاوا سەرۆكایەتی بنیاتنانەوەی عیراقی دوای سەدام حسێن بكات، ئەوكات بارزانی پێی وتم برینی نێوان ئێمەو سەدام زۆر قوڵە، تەنانەت زانی نێوان ئێمەو هەندێك گروپی بەرهەڵستكاری عیراقیش بەسوێیەو تیماركردنی ئەو برینەش زۆر زەحمەتە، مەسعود بارزانی بەچاوی خۆی بینی سێ برای بەدەست سەدام حسێن كوژرا، من لەوبڕوایەدا بووم مەسعود بارزانی كەسێكە بڕوای بەوەفاو رێز هەیە كەهێمای شەرەفن لای كورد، لەسەرو هەموشیانەوە وامدەزانی كەخاوەنی قسەی خۆی بێت، كەهەمیشە بەئازارەوە ئاگای لەمیرات و ئەشكەنجەی گەلەكەی بێت، سەرسوڕمانم بەبارزانی كەبەوشێوەیە بوو، وەك یەكێك لەئەندامانی كۆنگرەی نیشتمانی یەكگرتووی عیراق (INC) دەمویست كاندیدی بكەم بۆ ئەوەی سەرۆكایەتیمانبكات، بەڵام بارزانی لە (22)ی ئابی ساڵى (1996) بەنامەیەك لەگەڵ شەیتاندا رێككەوت و داوای لەسەدام كرد بگەڕێتەوە بۆ هەولێر، من لەوبڕوایەدابووم بارزانی بڕوای بەشەرەف هەبێت، ناوەكەی ببوو بەڕەمزی خەبات دژی دیكتاتۆرییەت لەبەغدا، نازانم چۆن وابەهەڵەدا چوو؟!
(31)ی ئاب لەمیدیای جیهانییدا
نزار ئاگری لەڕۆژنامەی (النهار)دا لە(12/12/1996)دا نوسیویەتی (31)ی ئابی ساڵى (1996) ئەو مێژووەیە كەسەركردەكانی كورد دوا گولەو گولەی بەزەییان گرتە جەستەی كیانی شلۆقی كوردی، گولەیەك بوو تەواوی پڕۆژەی سەربەخۆیی كوردی لەگۆڕناو ساچمەكانی ئەو گولەیە ئیعتیباری دەولی مەسەلەی كوردی پێكاو پاشماوەی سۆزە جیهانییەكەی بەرامبەر كورد نەهێشت، لەوڕۆژەدا سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێز مەسعود بارزانی نامەیەكی دەستنوسی بۆ سەرۆكی عیراق سەدام حسێن ناردو داوای لێدەكات هێزی سەربارزی بنێرێت بۆ رووبەڕووبونەوەی هێرشی یەكێتی نیشتمانی كوردستان).
ناوبراو لەڕۆژنامەی حەیاتی لەندەنی لە(1/11/1996)دا نوسیویەتی (هاوپەیمانی دوێنێ و هاوڕێی یەك سەنگەرو براو شەریكی مەسەلە هاوبەشەكان بوو بەخائین و دووژمن، كەچی دوژمنی دوێنێ و دیكتاتۆری هەمەجی و بكوژو خوێنڕێژی ئەنفالەكان و قەیابی هەڵەبجە بوو بەهاوپەیمان و دۆست).
لەڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە(29/10/1996)دا عەبدولعەزم كورد نوسیویەتی (چەند هەفتەیەكی كەم پێش ئێستا بارزانییەكان بەیارمەتی راستەوخۆو تەدەخولی كاریگەری دەبابەو سەربازەكانی سەدام حسێن دەستیان بەسەر شاری هەولێردا گرت، ناكۆكی نێوان تاڵەبانی و بارزانی كۆنە بۆ ئەو رۆژانە دەگەڕێتەوە كە تاڵەبانی حزبەكەی دروستكرد لەساڵانى (1975-1976)، هەرلەساڵی (1977)دا بارزانییەكان سەدان كەسیان لەئەندامانی حزبەكەی تاڵەبانی لەقەسابخانەی بەناوبانگی هەكاری و لەنزیك سنورەكانی توركیا كوشت).
ولیەم پێری وەزیری بەرگری ئەمریكا: پارتی پەیمانێكی لەگەڵ سەدام ئیمزاكردو سوپای عیراقی هێنا
ولیەم پێری وەزیری بەرگری وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لە(3/9/1996) لەكەناڵی (CNN)ى ئەمریكى نیشاندرا، وتی: دەمێك ساڵە سوپاكەی سەدام خەریكی كوشتن و سەركوتكردنی گەلی عیراقە، سەدام هەزاران بەرهەڵستكاری كوشتووەو ملیۆنەها كوردی ئاوارەكرد.
سەبارەت بەشەڕی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكرات، ئەمریكا هەوڵیدا كۆتایی بەشەڕەكە بهێنێت و ئەو دوو لایەنە ئاشتبكاتەوە، یەكێتی یارمەتی لەئێران وەرگرت، كەچی پارتی سوپای عیراقی هێنا، پارتی پەیماننامەیەكی لەگەڵ سەدام ئیمزاكردووە، دوو هەفتە لەمەوبەر ئێمە بۆمان دەركەوت كەعیراق هێزی سەربازی كۆدەكاتەوەو ئاگادارمانكردەوە كەهێزەكانی نەهێنێتە سەر ناوچەكە، بەڵام بەقسەی نەكردین و بەهێزێكی (40) هەزار سەربازی توانی هێزی بەرگری یەكێتی نیشتمانی بشكێنێت كە لەچەند هەزارێك میلیشیای چەكدار پێكهاتبوو.
كلینتۆن: هاوكاریكردنی لایەنێكی كوردی لەگەڵ سەدام دا بۆ پەلاماردانی هەولێر هیچ پاساوێكی نییە
هەمان رۆژی موشەك بارانكردنی چەند بنكەیەكی سەربازی سوپای عیراق، بیل كلنتۆنی سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەلێدوانێكی فەرمیدا بۆ بڵاوكردنەوەی هەڵوێستی وڵاتەكەی لەبارەی پەلكێشی سوپای عیراقی بۆ گرتنەوەی شاری هەولێر، وتی: سەرەڕای وریاكردنەوەی بەردەواممان، سێ رۆژ لەمەوبەر حكومەتى عیراقی هێرشی سەربازی كردە سەر شاری هەولێرو كۆتایی بەدەسەڵاتی كوردەكان هێنا لەو شارەدا، پاشان هەواڵی پاشەكشەیان لەو شارە درۆ دەرچوو، هێشتا هێزەكانی سەدام لەحاڵەتی هێرش و پەلاماردانن، ئەمەش پێویستی كرد زەبرێكی سەربازی لەسەدام بوەشێنین.
هەرچەندە لایەنێكی كوردی هاوكاری سەدام دەكات، بەڵام ئەمە هیچ پاساوی نییە، بۆ ئەوەی سەدام پەلاماری هەولێر بدات و گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی بخاتە مەترسییەوە.
لە(31)ی ئابدا سەرجەم رێكخراوە ئەمریكی و بیانییەكان كوردستانیان جێهێشت
بەهۆی پەلاماری سوپای عیراق بۆ سەر شاری هەولێر لە(31)ی ئابدا زۆرینەی رێكخراوە جیهانییەكان بەتایبەتی ئەمریكاییەكان كوردستانیان بەجێهێشت و لەڕێگەی توركیاوە چوونە دەرەوەی كوردستان بەهۆی مەترسی گرتن و پەلاماردانەوە.
رۆژنامەی گاردیان-ی بەریتانی لەژمارەی (14/9/1996)دا نوسیبووی (بەفشاری ئەمریكا لەڕێگەی توركیاوە (2500) كوردی عیراقی كەبەشێك بوون لەكارەكانی پلانی ئەمریكا لەناوچەكە، چوونە دەرەوەی عیراق).
هەروەها رۆژنامەكانی نیۆرك تایمزو واشنتۆن پۆست و ئینتەرناشینال هیرالد تربیون لە(9/9/1996)دا لێدوانێكی فەرمی جەنەڕاڵ جۆن شالیكاشفیلی-یان بڵاوكردبویەوە كەدەڵێت: وەحدەیەكی سەربازی ئەمریكی لەباكوری عیراق بوو لەناوچەی زاخۆ نزیك بەەسنوری توركیا، كاری هەماهەنگی بوو، بەهۆی پەلاماری سوپای عیراقەوە بۆ ناوچەكە ئەو هێزە سەربازییەمان كشانەوە بۆ ناو خاكی توركیا.
رۆژنامەی تایمز لەهەمان رۆژدا بانگەوازێكی تاڵەبانی بڵاوكردەوە كەئاڕاستەی حكومەتی ئەمریكای كردبوو بۆ بەدەنگەوە هاتنی خەڵكی كوردستان لەبەرامبەر پەلاماری سوپای سەدام بەپێشڕەوی پارتی دیموكرات.
رۆژنامەكە ئەوەشی بڵاوكردبویەوە كە تاڵەبانی هەڕەشەی ئەوە دەكات ئەگەر ئەمریكا بەدەنگ نەیەت، ئەوا هانا بۆ ئێران دەبات.
ئاشكراكردنی بەڵگەنامەی دادگایی كردنی بارزانی لەسەر قەتڵ و عامی هاوڵاتیانی كوردستان
لەسەر تاوانی كوشتنی سورچیەكان لەگوندی كەڵەكن كە 16.6.1996 لەلایەن پارتی دیموكراتەوە ئەنجامدراو تێیدا نزیكەی 100 هاولاتی كوژران و نزیكەی 98 كەسی تریش دەستگیركران و ڕەوانەی زیندانەكانی پارتی دیموكرات كران لەئاكرێ، پێش ئەوەش لە 10.6.1996 لەبازگەی سپیلك هەوڵی كوشتنی حسێن ئاغای سورچی درا بەڵام سەری نەگرت، تاكو لەپەلاماری كەڵەكن دا بەبرینداری كوشتیان.
ئەم پەلامارەی پارتی دیموكرات بۆسەر سورچییەكان و پارتی پارێزگاران چەندین كاردانەوەی نێودەوڵەتی لێكەوتەوە. بەجۆرێك كەبەرپرسی مافی مرۆڤی پەرلەمانی بەریتانیا داوای بانگكردنی مەسعود بارزانی دەكات بۆ بەردەمی نەتەوەیەكگرتووەكان لەسەر ئەو تاوانەو داوی دەكات ئەمریكاو ئەوروپا تێبگەیەنرێ كەمامەڵە لەگەڵ بارزانی نەكەن.
لۆرد ئیڤبری لێپرسراوی مافی مرۆڤی پەرلەمانی بەریتانیا دەربارەی قەتڵوعامی سورچیەكان لەگوندی كەڵەكن نامەیەك بۆ جێرمی هانلی بەرپرسی كاروباری كوردستانی عێراق لەوەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا دەنێرێ كەتێیدا نوسیویەتی "مەسعود بارزانی نكولی لەو تاوانە ناكات كەتێیدا لەوانەیە زیاتر لە 100 كەس كوژرابن و 79 كەسی تریش دەستبەسەر كراون، بەپێچەوانەوە هەوڵی داوە پاكانەی بۆ بهێنێتەوە بەوەی سورچییەكان سیخوڕێكی یەكێتیان پەناداوە، سورچییەكان نكوڵی لەوە دەكەن و حسێن ئاغای سورچی سەرۆكی ناسراوی عەشیرەتەكە هەمیشە پیاوێكی ئاشتیخوازو ناوبژیوان بووەو هەرگیز لایەنی هیچ یەكێك لەو دوو حزبە سەرەكیەی نەگرتووە".
هەر لەو نامەدا هاتووە "حسێن ئاغای سورچی لەئەنجامی تۆپباران بریندار بووەو لەكاتێكدا پیاوەكانی هەوڵیان دەدا برینەكانی بۆ بپێچن، بەڵام هێزەكانی بارزانی كوشتیان. دواتر ماڵ و خانەوادەكەشیان تاڵان كرد، خانەوادەكەی یەك سەعات مۆڵەتیان پێدرا لەژێر هەڕەشەی چەكدا بەخاكی بسپێرن، دواتر 79 ئەندامی نێرینەی خانەوادەكەیان بەبارمتە گرت.
ژنان و منداڵان توانیان بگەنە هەولێر كەماوەی 100 كیلۆمەتر دورە لەشوێنی عەشیرەتەكەیانەوە، پێویستە كۆمەڵی نێودەوڵەتی هەوڵی ئازاد كردنی بارمتەكان بدات و لێكۆڵینەوەی خێرا لەو تاوانە دڕندانەیە دەست پێبكات.
لۆرد ئێڤبری لەدرێژەی نامەكەیدا دەڵێ "من پێشنیار دەكەم بەیارمەتی چاودێری نەتەوەیەكگرتووەكان لەسەر كوشتنی كوێرانەو بێ دادگایی كردن بەیارمەتی سەرچاوەكانی تر ئەم كارە ئەنجام بدرێت تاسەرەنجام ئەوانەی فەرمانی ئەو قەتڵوعامەیان داوە ئەوانەی جێبەجێشیان كردووە بەسزای خۆیان بگەن.
ناوبراو لەكۆتایی نامەكەیدا بۆ "جێرمی هانلی" لەنوسینگەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا نوسیویەتی "پێویستە مستەر بارزانی بانگ بكرێ بۆ مەڵبەندی مافی مرۆڤی نەتەوەیەكگرتووەكان لەژنێف و ڕاستی ئەم ڕوداوانە ڕوون بكاتەوە".
لەپاش نامەكەی جێرمی هانلی بۆ لۆرد ئیڤبری، لۆرد پرسەنامەیەك بۆ عومەر ئاغای سورچی دەنوسێ و نامەیەكیش ئاراستەی مەسعود بارزانی دەكات، بەڵام جێرمی هانلی نامەیەكی تر ئاراستەی لۆرد ئیڤبری دەكات و دەڵێ "مەسعود بارزانی هەمیشە ئامادە بووە بۆ بەكارهێنانی زەبری چەك بۆ گەیشتن بەئامانجە سیاسیەكانی".
ناوبراو لەو نامەیەی دووەمی دا دەڵێ "چۆن دەكرێ ڕادۆڤان كاراتزیجی كوردستان بەسەركردەیەكی سیاسی ڕەوا بناسین دوای ئەم كارانەی كەكردویەتی؟ بەئەوروپاو ئەمریكا ڕابگەیەنین كەهیچ جۆرە مامەڵەیەك لەگەڵ ئەم پیاوە نەكەن".
ئەو لێپرسراوەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی بەریتانیا داوای ئەوەشی كردووە كەپێویستە لەهەر دادگایەكی نێودەوڵەتی بێت، دادگایی مەسعود بارزانی بكرێ لەسەر ئەو كوشتارگەیەو بەبەرپرسی یەكەمی دەزانێ لەكوشتن و تاڵانكردنی سورچییەكاندا.
هیوادرام ئەم 3 دۆسیە گرنگە هەوڵی بەدادگایی گەیاندنی بارزانی لەسەر ئەنجام بدرێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست