کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌:تا ئێستا بڕیاری‌ كۆتایی‌ به‌شداریكردنمان نه‌داوه‌ له‌ كابینه‌ی‌ نوێی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم

Monday, 28/09/2009, 12:00


هه‌واڵده‌رێک سه‌ركرده‌یه‌كی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ له‌ كوردستانی‌ عێراق، رۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌، رایگه‌یاند تا ئێستا بڕیاری‌ كۆتایی‌ به‌شداریكردنیان نه‌داوه‌ له‌ كابینه‌ی‌ نوێی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، هۆكاری‌ ئه‌مه‌ش دواكه‌وتنی‌ وتوێژه‌ فه‌رمییه‌كانی‌ پێكهێنانی‌ كابینه‌كه‌یه‌.
تۆفیق كه‌ریم كه‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ شورای‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامییه‌، به‌ ئاژانسی‌(ئه‌سوات ئه‌لعێراق)ی‌ وت به‌ر له‌ جه‌ژنی‌ ره‌مه‌زان چه‌ندین وتوێژمان له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح‌و ئازاد به‌رواری‌ ئه‌نجامداوه‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌شداریكردنمان له‌ كابینه‌ی‌ نوێی‌ حكومه‌تی‌ به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ وتوێژی‌ فه‌رمی‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجامنه‌دراوه‌ تا ئێستا بڕیاری‌ كۆتاییمان له‌وباره‌یه‌وه‌ نه‌داوه‌.
وتیشی‌ به‌ هۆی‌ پێشبڕكێی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتیی‌ بۆ وه‌رگرتنی‌ پۆسته‌ سیادییه‌كان‌و یه‌كنه‌گرتنه‌وه‌ی‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌‌و پێشمه‌رگه‌ چه‌ندین به‌ربه‌ست روبه‌ڕوی‌ پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ نوێ‌ ده‌بنه‌وه‌.
روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ پێشبینیده‌كه‌ن هه‌ردوو به‌رپرسه‌كه‌ جارێكی‌ تر به‌ فه‌رمی‌ ئه‌م داوایه‌ له‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ بكه‌ن.
كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ته‌مووزی‌ رابردوودا‌ به‌شێك بوو له‌ لیستی‌ خزمه‌تگوزاری‌‌و چاكسازی‌ كه‌ له‌(یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌‌و حزبی‌ سۆسیالیست‌و حزبی‌ زه‌حمه‌تكێشان (ئاینده‌)پێكهاتبوو، ئه‌م لیسته‌ توانی‌ 13 كورسیی به‌ده‌ستبهێنێت، له‌م ژماره‌یه‌شدا چواریان به‌ر كۆمه‌ڵ كه‌وتوون.
لایه‌نه‌ جیاوازه‌كانی‌ نێو ئه‌م لیسته‌ له‌ دوای‌ ده‌ركه‌وتنی‌ ئه‌نجامه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ تا ئێستا چه‌ندین لێدوانی‌ دژیه‌كیان داوه‌ ده‌رباره‌ی‌ به‌شداریكردنیان له‌ كابینه‌ی‌ نوێی‌ حكومه‌تدا‌و نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ بڕیاری‌ كۆتایی‌ له‌و باره‌یه‌وه‌.
جێگه‌ی‌ باسه‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان رۆژی‌ 16ی‌ ئه‌یلول هه‌ر یه‌كه‌ له‌ به‌رهه‌م ساڵح‌و ئازاد به‌رواری‌ بۆ پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ نوێ‌ پاڵاوت‌و بڕیاریشه‌ له‌ چه‌ند رۆژی‌ داهاتوودا مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم به‌ فه‌رمی‌ هه‌ردوو پاڵێوراو بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ راسپێرێت.
تۆفیق كه‌ریم ئاماژه‌شیدا به‌وه‌ی‌ كه‌ تاكو ئێستا لایه‌نه‌كانی‌ لیستی‌ چاكسازی‌‌و خزمه‌تگوزاریی‌ بڕیاری‌ كۆتایان نه‌داوه‌ سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌ نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ دوا هه‌ڵوێستی‌ خۆیان، چونكه‌ را‌و بۆچونی‌ جیاواز هه‌یه‌، به‌و پێیه‌ی‌ كه‌ حه‌مه‌ی‌ حاجی‌ مه‌حمود‌و قادر عه‌زیز بڕیاریی‌ به‌شداریكردنیان داوه‌، هاوكا یه‌كگرتوو نایه‌وێ‌ به‌شدار بێت.
روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ی‌ لایه‌نه‌كانی‌ ناو لیستی‌ چاكسازیی‌ دوا هه‌ڵوێستی‌ لیسته‌كه‌ نییه‌‌و به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی‌ وتوێژه‌ فه‌رمییه‌كانی‌ پێكهێنانی‌ كابینه‌كه‌ دوا هه‌ڵوێستی‌ لیسته‌كه‌ به‌ده‌رده‌كه‌وێت.
ناوبراو ره‌خنه‌ی‌ له‌ بڕیار‌و هه‌ڵوێسته‌كه‌ی‌ هه‌ردوو حزبی‌ سۆسیالیست‌و زه‌حمه‌تكێشان گرت‌و وتی‌ ئه‌وان بێ‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لیستی‌ خزمه‌تگوزاریی‌ ئه‌م بڕیاره‌یان داوه‌، له‌كاتێكدا ئێمه‌ به‌و هیوایه‌ بووین ئه‌وان به‌م شێوه‌یه‌ بڕیار نه‌ده‌ن. روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ پێگه‌ی‌ لیسته‌كه‌ لاواز ده‌كات له‌كاتی‌ وتوێژكردنیان سه‌باره‌ت به‌م باسه‌.
ئه‌وه‌شی‌ وت كه‌ هه‌ڵوێستی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كه‌ بڕیاریداوه‌ وه‌ك كوتله‌یه‌كی‌ ئۆپۆزیسیۆن بمێنێته‌وه‌ هه‌ڵوێستێكه‌ له‌ناو یه‌كگرتوو خۆیدا‌و دوایین هه‌ڵوێست نییه‌، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیدا تا ئێستا له‌ قۆناغی‌ وتوێژكردنداین‌و نه‌گه‌یشتوینه‌ته‌ دوا بڕیار، هه‌روه‌ك سه‌رجه‌م ئه‌گه‌ره‌كانیش له‌به‌رده‌مماندا هه‌ن‌و چاوه‌ڕێی‌ سروشتی‌ پێكهاته‌‌و پرۆگرامی‌ كابینه‌كه‌ ده‌كه‌ین.
وتیشی‌ ئێمه‌ هیوادارین له‌به‌شداریكردن یاخود به‌شدارینه‌كردندا له‌گه‌ڵ یه‌كگرتوودا یه‌ك هه‌ڵوێستمان هه‌بێت.
ئاماژه‌شیدا به‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌وڵه‌كانی‌ پێكهێنانی‌ كابینه‌كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوو راسپێردراوه‌كه‌وه‌ خاون‌و تا ئێستا به‌ فه‌رمی‌ داوایان له‌لایه‌نه‌كان نه‌كردووه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌‌و ئه‌و شێوه‌ به‌شداریكردنه‌ی‌ كه‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ئاشكرا نییه‌.
هه‌ریه‌كه‌ لیستی‌ گۆڕان (25 كورسی‌)‌و یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ كه‌ شه‌ش كورسی‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌ده‌ستهێناوه‌ بڕیارییان‌ داوه‌ به‌شداریی‌ حكومه‌ت نه‌كه‌ن‌و به‌ ئۆپۆزسیۆن بمێننه‌وه‌. له‌هه‌مانكاتدا هه‌ردوو حزبی‌ سۆسیالیستی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و زه‌حمه‌تكێشان/ باڵی‌ قادر عه‌زیز رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌شداری‌ له‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە