خەڵاتی نۆبڵی 2014 شایستەی کێیە ؟
Tuesday, 04/03/2014, 12:00
1702 بینراوە
(نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێز مەهاباد قەرەداغی)
دواین هەڵبژاردنەکانی عێراق، کە لە 7-3-2010دا ئەنجام درا ، ئەگەرچی لایەنە شیعەکان زۆرینەی دەنگەکانیان بە دەست هێنابوو ، بەڵام بەهۆی فشاری زۆری سونە توندڕەوەکانی عێراقەوە نە دەگەیشتنە ئەنجام بۆ پێکهێنانی حکومەت و ئەنجامی ئەو فشارهێنانەش چەندین مانگ کابینەکەی نوری مالکی دواکەوت، فشارهێنانی سونەکانیش هەمووی لەسەر مادەی 140 بوو ، چونکە سونەکان نەک هەر نەیاندەویست مادەی 140 جێبەجێ بکرێت بەڵکو دەیانخواست پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆکیش بخەنەوە ژێر ڕکێفی عێراقی عەرەبی. هەرچەندە لایەنە شیعەکانیش جیاوازییەکی ئەوتۆیان نەبوو لەگەڵ سونەکاندا دەربارەی دۆزی کورد، بەڵام بۆ پێکهێنانی حکومەت دەبوو لەگەڵ سونە و کورددا بگەیشتنایەتە ڕێکەوتنێک .
دواکەوتنی حکومەتیش هەمووی لە بەرژەوەندی کورداندا بوو، چونکە ماڵی دوژمن هێندەی نەمابوو بە یەکجاری هەڵوەشێت و کوردانیش بتوانن هەناسەیەکی شادی هەڵمژن؛ لێ بەڵێ لە بەدبەختی کورداندا مەسعود بارزانی (وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی) کەوتەخۆ بۆ سەریەک خستنەوەی ماڵی دوژمن و تەواوی لایەنە دژە کوردەکانی بانگێشتی هەولێر کرد و لە کورتترین ماوەدا پێکیهێنان بۆ دامەزراندنی حکومەت بە سەرۆکایەتی نوری مالکی.
سەریەک خستنەوەی ماڵی شێواوی دوژمن لە مەسعود بارزانی چاوەڕێ دەکرا، چونکە یەکەم جاری نەبوو کە کردەوەی وەها چەپەڵ ئەنجام دەدات و دەبێتە ڕێنیشاندەری دوژمنان بۆ شێواندنی ماڵی کوردان. کەچی سەرسوڕمان ئەوە بوو کە لە پای ئەو کردەوە قێزەونەدا ڕۆشنبیرێکی وەک "مەهاباد قەرەداغی" لە جیاتی ئەوەی خاوەن هەڵوێست بوویایە و ڕەخنەی لەو کردەوە نانیشتمانییەی مەسعود بارزانی بگرتایە ، کەچی ڕێک بە پێچەوانەوە نووکی پێنووسی خستە خزمەتی "کاکە!!"ی سەری ڕەش و دەیگوت (ئەگەر خەڵاتی نۆبڵی 2010 نەدرێت بە کاک مەسعود بارزانی ئەوا ئەو خەڵاتە هیچ بەهایەکی نامێنێت و بەخشێنەرانی خەڵاتەکەش غەدرێکی گەورە دەکەن).
بەڵام ئێستا کە نزیکەی 6 مانگ دەرباز دەبێت بەسەر هەڵبژاردنەکانی باشووری کوردستاندا و حکومەتیش دانەمەزراوە و هێشتاش نازانرێت چەندی دیکەش ئەم بێ حکومەتییە درێژە دەکێشێت کەچی "کاکە" نەک هەر هەوڵی پێکهێنانی لایەنەکان نادات بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵکو لەم پاشاگەردانییەدا مێشیش میوانی نییە .
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کە بەڕێز "مەهاباد قەرەداغی" هەڵوێست وەربگرێت لە بەرامبەر مەسعود بارزانیدا و بڵێت :- ئەرێ سەرۆکی هەرێم، وەک بۆ سەریەک خستنەوەی ماڵی شێواوی دوژمن هێندە کارا بوویت، ئەی چی ڕویداوە کە بۆ ئەم پاشاگەردانییەی باشووری کوردستان خاوەنی هیچ کردەوەیەکی جوامێرانە نیت؟