سوریا و هەژموونی ناوچەکە
Sunday, 01/09/2013, 12:00
سوریا بە هۆیی ستراتیجی و جێپۆڵتیکی لە خۆرهەڵاتی ناوڕاستدا و تاقە باوک کوژەیە کە دراوسێی ووڵاتی ئیسرائیل بێ، دەبێ خوێندنەوەیەکی تایبەت و دبلۆماسیانەی بۆ بکرێ، سوریا تاقە ووڵاتە لە ناوچەکەدا کە تا ئستاش ڕوسیا بە چاوی چگەر گۆشەی خۆی سەیریدەکات، سوریا تاقە ووڵاتە لە ناوچەکەدا کە ئێران بتوانێ هەڕەشەکانی خۆیی لەوێوە بنێرێ بۆ ئیسرائیل و لە هەمانکاتیشدا پردی پەڕینەوەیی لۆجستیکی حیزبوڵای لوبنانیی بێ، سوریا تاقە ووڵاتە لە ناوچەکەدا کە سنورێکی زۆری بە تورکیاوە هەیە و چەندین ساڵ مەڵبەندی پ ک کەی بووە لە ناوچەی دۆڵی بقاع و تورکیاش بە برینێکی ساڕێژ نەکراوی خۆی تێدەڕوانێ، سوریا دووای ڕوخانی ڕژێمی بەعسی عێراق ٢٠٠٣ زۆربەی ئەندامان و سەرانی سوپا بە عزەت دووریشەوە ڕویان لە سوریا کردو سوریاش شارێکی خۆیی پێدان بە ناوی بوکمال کە شاری بوکمال شارێکی سەر سنوری ئێراقە و بوو بە مەڵبەندی هەزرەها بەعسی و تێرۆریست و لە وێشەوە بۆ ماوەی هەشت ساڵ کە زۆربەی تێرۆریستەکان ڕویان لە عێراق کردوە لە سوریاوە دزەیان دەکرد بۆ عێراق، ئەمە بێجگە لە لانەی لە دایک بوونی ی ن ک، بۆیە دەبێ بۆ سوریا و پاشە ڕۆژی سوریا خوێندنەوەیەکی ژیرانەو دبلۆماسیانەی بۆ بکرێ، دووربێ لە تێڕوانینی سۆزو ئەندێشە، لە سیاسەتدا نە دووژمنی هەمیشە هەیە و نە دۆستی هەمیشە.
ئەمریکاو خۆرهەڵاتی ناوڕاست
پاش داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت بە هۆی جەنگی ساردەوە، ئەمریکا بە تەنها لە گۆڕەپەنەکەدا مایەوە و بە ئارەزووی دڵی خۆی بەرنامەی دادەڕشت، ئێرانیش لەو ماوەیی کە ئاخوندەکان هاتونەتە سەر تەخت، هێندەیی موویەکیش زەرەریان بۆ ئەمریکا نەبووە، ئەگەر جاربە جارێک گارەگارێکیشی کردبێت ئەوە سیناریۆبوە و سیاسەتی ڕۆژگار وادەخوازێ، یاخود ئەگەر هەندێک جاریش ئێران پێی لە بەڕەکە زیاد ڕاکێسابێ و هەڕەشەی کردبێتە سەر ئیسرائیل ئەوە دانیشتنە ژێر بە ژێرەکان گەرمتر بوەو ووشەی ئێمەی ئێرانی موسڵمانین، (سوونی نین) یان بەکار هێناوە، واتە ئێران میانڕەوە توندڕەونیە، ئەمە تا بەهاری پان عەرەبەیزم، واتە جیهانی ئیسلامی تەنها و تەنها، داڕشتنەوەی تیورەکانی سید قوگب و حەسەن بەناو، کە ئەمە خۆیی لە خۆیدا پارویەکە هەزمکردنی قابیلی قبوڵکردن نیە، چوونکە بە ئێستاشەوە ئەمریکا ١١ی سێپتەمبەری لە بیرناچێ، باشترین نموونەشم لادانی ئیخوان موسلیمنی میسرە، کە ئەمریکا کۆمەک و پشتگیریە لۆجستیەکانی چڕترکردەوە بۆ سوپایی میسر و ووڵاتانی کەنداویی عەرەبیش دەبێ خەمخۆربن، ئەگەر نا پریشکی تەندورەکە لەوانیش دەدات هتد.
سوریا و شەڕیی ناوخۆ
ماوەیی دوو ساڵە شەڕو پێکدادان لە نێوان سوپای سوریاو ئۆپۆزیسۆنی سوریادا بە تایبەت سونە دەمارگیرەکانی سوریادا ڕویداوە، کە تورکیا بەشی شێری بەردەکەوێ لە یارمەتیدانی ئوپۆزیسۆن و وەک تۆڵە سەندنەوەیکیش کە ساڵانێک هاوکاری پ ک کەی کردوە، ئەمە لە لایەک، لە لایەکتریشەوە خەونی تورکیا بۆ گەڕانەوەی عوسمانیزم یان تورکیا دەبێ سووری بەر لەشکری ئیسلامیبێ، ئەوەی لە جەنگی دووەمی کەنداو دۆڕانی، لەم جەنگەی سوریادا چ نێو خۆیبێ یان دەرەکی مایە قانزانج دەرچێ، ئەوەی ئستا کە زۆر بەتوندی سەرخان و ژێرخانی تورکیای هەژاندوە ووڵاتانی کەنداون بە تایبەت سعوود، کە سعوودیش نایەوێ ئێرانێکی تری لێقووت بێتەوە و پێشبڕکی پان ئیسلامیزمی لە گەڵ بکات، لێرەدا هاوکێشەکە بۆ ئەمریکا هەڵبژاردنی سعوودە، تورکیاش بۆ ئەوەی بارسەنگی هاوکێشەکان زیاتر قوڵتر و ئاڵۆزتربکات، لە ڕێی پ د ک و گروپی نوسرەوە ئاڵۆزیەکانی نێوخۆی سوریای زیاتر چڕکردۆتەوە بە تایبەت لەم دوو مانگەی ئێستادا، تورکیای فاشستیش زیرەکانە هات ڕێکەوتنێکی خەیاڵاوی لە گەڵ ڕێزدار ئاپۆدا واژو کرد کە تەنها کات بەفیڕۆدانەو هیچیتر، لە لایەک خۆیی بپارێزێ لە شەڕی ناخۆیی تورکیا و لە لایەکیتریش بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بڵێت ئێمەین پارێزەری ئاشتی لە ناوچەکەدا و ناتۆش بێ ئێمە بڵقی سەرئاوە.
بۆ هەموو لایەک ڕوون و ئاشکرایە کە سوپای بەشار ئەسەد چەکی کیمیاوی لەم جەنگەی نێوخۆی سوریادا بەکار هێناوە، ئەمریکا سەد لە سەد بەڵگەی لە بەردەستە چ لە ڕێی مانگە دەستکردەکانیەوە یان لە ڕێی ئەو تیمە نزیکانەی کە لە نزیکەوە چاودێری هاوکێشەکە دەکەن، ئەوەیی جێگای هەڵوێستەیە کە بەڕێز ێالح موسلیم نەئەبوایە لێدووانی بێئاگا بدات و بڵێ شکم هەیە کە سوپای بەشار ئەسەد چەکی کیمیاوی بەکار هێنابێ، بمانەوێت و نەمانەوێت دەچێتە خانەی بەرگریکردن لە فاشتێک یان دوژمنێکی ئیمڕۆ دوێنی کوردەوە، ڕاستە سیاسەت هەمووی تاکتیک و سترجیەتە بەڵام بۆ کەسێک کە سەرکردەبێت یان زمانحاڵی لایەنێکبێ هەموو هەنگاوێکی لەسەرماڵە، جارێکتر ڕاستە سوپای بەشار بەکەمترین قوربانی لە کوردستانی ڕۆژئاوا دەرچوەتەدەرەوە، ئەمە مانایی ئەوەنیە نەرمیی بەرامبەری بنوێرێ چوونکە دوژمن هەر دوژمنە، نەیار هەر نەیارە لە ژێر هەر پاساوێکدابێت.
کورد و هاوکێشەکە
ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە لەم کێشەیەدا کە خەریکە کێشەکە دەبێتە کێشەیەکی نێودەوڵەتی، سەرکردەکانی کورد حەکیمانە هیچ پلانێکیان دانەڕشتوە، بە تایبەت بۆ کوردستانی ڕۆژئاوا کە وەک پردێک وایە بۆ پەڕینەوەیی خەونەکانمان، ئەگەر بەتەمایی پەیمان و درۆی دوژمنانی کوردن، دەبێ هەر دەستبیحی ئەبڵەق بڕێسنەوە، یان ئەوەتا بوێرانە دەنگتان بکەن بەیەک دەنگ و بەیەک هەڵوێست و جاڕنامەی سەربەخۆیی کوردستانی ڕۆژئاوا بەیان بکرێ، ڕاستە ئەرکێکی تابڵێی قورسە بەڵام هەرچەندە قورسیشبێ هاوکێشەکە ئەوە دەخوازێ، چوونکە هیچ ووڵاتێکی ناوچەکەو دەرەوەیی ناوچەکە لەبەر کێشەکانی خۆیان سەربەخۆیی تەواوی کوردستانیان بەلاوە گرنگ نەماوە، ئەوەیی گرنگە بۆ ئیمڕۆیی کورد ڕێک نەکەوتنی سەرانی کوردە لە ناو خۆیاندا، کە من چەندین نموونەم لایە کە بۆ ئەم نووسینەم ناشێت، چوونکە نامەوێوێت برینەکان زیاتر بکولێنمەوە.
دەبێ سەرکردەکانی کورد هەموو کێشە ئەدمۆسفیریەکانی خۆیان بخەنە کەنارەوە، چوونکە بەرژەوەندی نەتەوایەتی لە سەروویی باڵای هەموو یاسای حیزبیی و کەسایەتی یەکەوەیە، کەسایەتی و حیزب میوانی ڕۆژن، بەڵام بەرژەوەندی نیشتمانی ناسنامەی هەموو تاکێکی کوردە، بە چەپ و راستەوە، بە هەژار و زەنگینیەوە، بە ئاین پەروەر و ماتریالستیەوە، ئەوەیی ناسنامەیی نەتەوایەتیی نەبێ دەبەنگە، بیمۆڕاڵە، ترسنۆکە و زۆریتریش.
هەر وەک لەسەرەوە پەنجەنومام بۆ کرد، سەرکردەکانی کورد لە هەر پەرچەیەکی کوردستان بن، ئەرکێکی مێژوویی قورسیان لەسەر شانە، بچوکترین هەڵەی ئەوان دەبێ هەموو کورد باجەکەی بدات، بۆیە دەبێ زۆر حەکیمانە معامەلە لەگەڵ ئەم هاوكێشە نوێیەدا بکرێ کە بە ڕێگاوەیە بۆ ناوچەی میسۆپۆتامیا، سونامییە* ئەگەر ژیر نەبیت لەگەڵ خۆیی دەتبات و ئاسەوارت بۆ بەجێناهێڵی، ئیمڕۆش نەبێ سبەینێ بێت دەبێ ئەم نەخشە نوێیە لە ناوچەی خۆرهەڵاتی نێوڕاست سەقامگیربکرێت، ئافەرین سەرکردەکانی کورد تا چەند بەرپرسیار دەبن بۆ ئەم هەلە مێژوویە.
ئەمریکا و سوریا
ئەمریکا تا ئێستاش لە جەنگی دژە تێرۆر ڕزگاری نەبووە، بە هەزاران سەربازیی لە دەرەوەی ووڵاتە، ئەمە بێجگە لەوەی تلیۆن دۆلاریی لە زەریبەیی خەڵکی سیڤڵی ئەمریکی خستە ئاوەوە و بە هەزاران قوربانی و برینداری بۆ دا، بۆیە لەم کاتەدا ئاسان نیە لە یەک شەودا بڕیاری یەکلاکەرەوەی شەڕ بدات، بۆیە سەرۆک ئۆباما دەیەوێ شەڕەکە بکاتە ملی کۆنگریسی ئەمریکیەوە، کۆنگریسی ئەمریکاش تا٩/٩/١٣ کۆبونەوەکانیان هەڵپەرستوە، دەبێ تا ٩ ڕۆژیتر لە چەوەڕوانیدابێت، ئایە؟ لە ماوەی ئەم نۆ ڕۆژەدا سوپای سوریا جارێکیتر چەکیی کیمیاویتر بەکاردێنێ تا هاوکێشەکە بگۆڕی و سەرۆک ئۆباما ئەوکاتە دەتوانێ بێپرسی کۆنگرێس ڤیتۆ بەکار بهێنێ و جاڕنامەی شەڕ دژ بە سوریا ڕابگەێنێت،
یان ئۆباما لەم نۆ ڕۆژەدا لە چەوەروانیدا دەبێ، گریمان هەموو شتێک بە ئارامی ئەم نۆ ڕۆژەی گەوزان، ٩/٩/١٣ کۆبونەوەیی کۆنگریسی ئەمریکایە لە واشینتۆن و ئەبێ زیاد لە نیوەیی دەنگەکانی ئەندامانی کۆنگرس بهێنێت، بە هەموو جۆرێک زۆربەی کۆنگرسمانەکان بە نەخێر بۆ جەنگ وەڵام دەدەنەوە، هۆکان چین.
١- وەک لەسەرەتای نوسینەکەمدا ئاماژەم پێدا، سوریا بۆ ڕوسیا گرنگە، ڕوسیاش ئەو سۆڤیەتەی جاران نیە کەلە کەروێشکە خەودابێت، باری ئابوری باشتربوەو هەمان سوپا و چەکی ئەمریکایی هەیە، بگرە ووڵاتی ێینیش کەم تا زۆر پشگیری لێدەکات.
٢- بۆچی ووڵاتی بریتانیا پەرلەمانتارەکانیان بە نەخێر وەڵامیان دایەوە، کە شەڕ ناکەن دژی سوریا، چونکە دەزانن گۆمەکە چەندە قوڵتربێ زیاتر دەشڵەقێ، براوەکەش بە پلەی یەکەم تورکیا دەبێ ((بۆیە دەبێ سەرکردایەتی کورد لە گەڵ دۆڕاو نەبێ، دەتوانێ تەوقەی لەگەڵ بکات بەڵام دەستەکەی پێنەفرۆشی)).
٣- زۆربەی کۆنگریسمانەکانی ئەمریکا کۆماریەکانن و دەنگ بە ئۆباما نادەن بۆ جەنگ، ئەمە بێجگە لە دیموکراتیەکان کەلە حیزبەکەیی خۆین، چوونکە دیموکراتیەکان کۆنسێرفەتیڤ و ئاشتی خوازن. هەر لەکاتی جیمس کارتەر، بێڵ کڵینتن و ئۆباما خۆشیدا دژ بە شەڕ بوون.
٤- ئەگەر ئۆباما لە کۆنگریسی ئەمریکادا سەرکەوتنی بەدەست نەهانی، دەتوانێ بینێرێ بۆ سەنەت (ماڵی سەنەتۆرەکان کە لە سەد ئەندام پێکدێت و بەگەورەترین دەسەڵات دەژمێرێ)
ئەمەش لە چەند هۆیەکدا خۆیدەبینێتەوە، وەک
ێ- ئەمریکا یەکێکە لە ووڵاتانەی ئیمزایی کردوە، هەر ووڵاتێک چەکی کیمیا و بایۆلۆجی بەکار بهێنی، بۆی هەیە هەڵویستەی لەسەر بکات، چ سەربازی یان تیمی فریاگوزاری.
ب- بەرژەوەندی دەرەوەی ئەمریکا نەکەوێتە بەر هەڕەشەی نەیار و دوژمنەکانیەوە، وەک ئەم ووتانەی ئەم دوایەیی پۆتین، لە روسیا.
ج- توندڕەوەکان و تێرۆریستەکان دەست نەکێشن بەسەر ناوچەکەدا، کە ئەمەیان پێویستی بەکەس نیە ڕێگای پێبدات یان نا، سەرۆک کۆمار گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکراوە.
ماوێتی:-
تیشکۆ زەند
کالیفۆرنیا، ئەمریکا
سونامیی* لە کوردیدا ئەم ووشەیە بە، تسونامی دەنوسرێ، ڕاستە پیتی ت لە پێشدا دەنووسرێ، بەڵام ت کە ناخوێندرێتەوە، تسونامی هەڵەیە، دەبێ سونامی بنوسرێ، سونامیش واتە، زریانی دەریا. ووشە سیاسیەکەی مانایی گۆرانکاری ناوچەیی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست