بە هەرێم بوونی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان
Thursday, 19/12/2013, 12:00
ئەو راستیەی كە فكری مەركەزیەت ئەقلی دەسەلاتی سیاسی كوردیشی تەنیوە هەربۆیە بە پێویستیەكی سیاسی و كۆمەلایەتی و ئابوری و ئیداری دەبینم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ببنە هەرێمی فیدرالی سەربەخۆ. پارێزگای سلێمانی هەرێمێك بێت ، هەولێر ، هەروەها پارێزگای دهۆك ببنە هەرێمی سەربەخۆ. هەر پارێزگایەكی نوێ دروستبێت ببێتە هەرێمی سەربەخۆی فیدرالی. (هەمان ئەم مۆدێلە بۆ پارێزگای كەركوكیش لە ناوچە داگیركراوەكان). ئەم فرە هەرێمیە لەنێو فیدراسیۆنێكی سەربەخۆی كوردستان ، تەنانەت لە ئایندەدا لەنێو دەولەتێكی كوردیدا. بەلجیكا لە دوو فیدراسیۆنی هۆلەندیەكان و فەرەنسیەكان پێكهاتوە. هەر فیدراسیۆنێكیش پێنج پارێزگای هەیەو كراون بە پێنج هەرێمی سەربەخۆ لە نێو فیدراسیۆنە یەك نەتەوەییەكەدا و لەنێو دەولەتێكی ئیتحادی بەلجیكادا.
(سودەكانی فرەهەرێمیی فیدرالی لە هەرێمی / باشوری كوردستان)
لە سودەكانی ئەم فرەهەرێمیە فیدرالیە دەبێتە هۆی دابەشبوونی دەسەلات و رێگر دەبێت لە چربوونەوەی دەسەلات و مەركەزیەت لە دەستی لایەنێكدا. هەروەها دەبێتە بەهێزكردنی دیموكراسیەت و سەقامگیری سیستەمی سیاسی بەلام دیموكراسیەت و سەقامگیریی مەرجی پێشوەختیشن بۆ دروستبوونی ئەم سیستەمە لامەركەزیە. یەكێكیتر لە سودەكانی ئەم فرەهەرێمیە دروستبونی كێبركێیە لە نێوان هەرێمەكان و هەروەها بوارە جیاوازەكانی ژیان دەبوژێنێتەوەو دەبێتە هۆی ئاسانكردنی بەشداری سیاسی هاولاتیان. هەروەها بەرێوەبردنی هەرێمەكە لەلایەن خەلكی ناوچەكە خۆیەوە ئەنجام بدرێ كە لە رووی كەلتوری و كۆمەلایەتی و سیاسیەوە نزیكە لێوەی. هەر هەرێمە توانای بەسەر ئیدارەكەی خۆیدا باشتر دەشكێت و كاری دانیشتوان خێراتر دەروات و كێشەو پێداویستیەكان (ئابوری ، كۆمەلایەتی ، ئیداری ، پەروەردە..) باشتر دەبینرێن. لەم سیستەمی فرەهەرێمیە مەترسی لایەنێك بۆ سەر ئەوەی تر زۆر كەمە. لەم سیستەمی سیاسی فیدرالی هەرێمیەدا هەمان ئەو دەزگایانەیان هەیە وەك ئەوانەی لە ئیتحاد هەن (پەرلەمان ، حكومەت ، دادوەری...تاد). هەلبژێردەر هەر چوار سال جارێك لەنێو ئەو هەرێمەی تێیدا تۆمار كراوە پەرلەمانی هەرێمەكەی خۆی هەلدەبژێرێت. حیزبە سیاسیەكانی نێو هەرێمەكان دەتوانن چۆنایەتی سەركردەبوون لە هەرێمەكانیاندا تاقیبكەنەوەو بەم هۆیەوە دەتوانن مومارەسەی سیاسەت لەسەر ئاستی "ناوەند" بەرز بكەنەوە وەك ئەو پێكهاتە سیاسیە جیاوازانەی هەرێمی كوردستان لەبەغدا پیادەی دەكەن. بۆ كورد لە باشوری كوردستان پیادەكردنی فەرمانرەوایی سیاسی و مامەلەكردن لەگەل دەولەت و سیستەمی سیاسیدا لەسەر ئاستی هەرێم و بەتایبەت ئیتحاد ئەزمونێكی گرنگە دواتر بۆ مامەلەكردن لەگەل دەولەتی عێراقدا لە دوارۆژدا لە دەولەتێكی كوردیشدا. هاولاتیان دەتوانن بەهۆی كورتی رێگاكان لەم سیستەمی فرە هەرێمیە فیدرالیەدا زووتر پەیوەندی بە سیاسەتمەدارو دامودەزگاكانەوە بكەن و لە پرۆسەی سیاسی زۆرتردا بەشداربن. دیاردەیەك دەبێتە هۆی چارەسەركردنی زۆرێك لە گرفتەكان. هەر هەرێمێك لەوانە دەبێتە خاوەن پەرلەمان و حكومەت و دادوەری خۆی بێئەوەی كاریگەری نەگەتیڤ بكاتە سەر یەكێتی نیشتیمانی و هەست و هوشیاری نەتەوەیی و پاشە كشە نیە لە ئامانجە نەتەوەییەكان.
(رێگری یاسایی نیە بۆ بە هەرێمبوونی پارێزگاكانی باشوری كوردستان)
بەپێی دەستوری عێراق (ماددەی 119) هیچ رێگریەك نیە لە بریاری بە هەرێم بوونی پارێزگایەك بۆنمونە بەهەرێم بوونی پارێزگای سلێمانی. عێراق دەستورێكی هەیەو لەو دەستورەدا مافی فیدرالیزم بۆ پارێزگاكان چەسپێندراوە. هەر كاتێك پارێزگاكان هەست بكەن كە ماف و ئیرادەیان زەوت دەكرێت دەتوانن پەنا بۆ فیدرالی بەرن. بۆ رێگری لەو یاسایە بە پێی برگەی 3 ماددەی 2ی رەشنوسی هەرێمی كوردستان هاتوە "نابێت هەرێمێكی نوێ لەنێو سنوری هەرێمی كوردستاندا دابمەزرێت". بریارێك كە پێچەوانەی دەستوری عێراقە ، ئەو دەستورەی كە كورد خۆی دەنگی پێداوەو دەسەلاتەكەشی بەشداری كردوە لە دروستبونەوەی ئەم دەولەتەی عێراقدا دوای روخانی دەولەتی بەعس. ئەوە لە كاتێكدا كە دەستوری هەرێم راپرسی گەلی لەسەر نەكراوە بەواتا شەرعیەتی نیە كەواتە رێگریی دەستوریی نیە لەبەردەم یرۆژەی بە هەرێم بوونی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستاندا. بۆنمونە ئەگەر پارێزگای سلێمانی بیەوێت ببێتە هەرێمێكی فیدرالی سەربەخۆ ئەوا بەپێی ماددەی 120ی دەستوری عێراقی بۆی هەیە دەستوری خۆی هەبێت و هەروەها بە پێی ماددەی 121 ببێتە خاوەنی هەر سێ دەسەلاتەكان. بەم پێیەو بە پێی برگەی 3ی ئەو ماددەیە دەبێتە خاوەن بودجەیەكی خۆی لەلایەن حكومەتی ئیتحادیەوە ئەوەش بە پێی رێژەی دانیشتوانی هەرێمەكە. سامانە سروشتیەكان هی ئەو هەرێمەیە كەتێیدایە. بەلام ئەوەندەی سامانە سروشتیەكان زۆر جیاواز بەسەر هەرێمەكاندا دابەش بووبن دەبێت ناوەند یەكسانیەك بەدەست بهێنێت بۆ ئەو هەرێمانەی تر كە ئابورییان كورت دەهێنن. دروستبوونی هەرێمی فیدرالی زۆرتر لەعێراقدا فشارێك دەبێت بۆسەر دەسەلاتی ئیتحاد بۆ دروستكردنی ئەنجومەنێكی فیدرالی / هەرێمەكان. ئەو ئەنجومەنانەی كە هەرێمەكان تێیدا نوێنەرایەتی خۆیان دەكەن. ئەوە ئەوەندەی كورد بیەوێ لە نێو دەولەتی عێراقدا بمێنێتەوە.
(فیدرالی بۆ عێراق ، مەركەزیەت بۆ كوردستان)
لەم هەرێمەی كوردستان دوو حیزبی قائید حوكم دەكات لەسەر بنەمای دەسەلاتی خێزان و بنەمالە بە شێوازێكی ئۆتۆكراسی و حیزبی قائیدی كاریزما كە بریارو ئیرادەی سیاسی بەندە بە سەرۆكەوە. حیزبی قائیدیش هەمیشە بە ئاراستەی تاك حیزبی دەروات و هەربۆیە ناكرێ خەسلەتی دیموكراسی راستەقینەی پێوە دیاربێت. لەبەر رۆشنایی ئەم راستیە سەرجەم سێ دەزگاكەی ولات پەرلەمان و حكومەت و دادوەری لەلایەن حیزبی دەسەلاتەوە كۆنترۆل دەكرێن و بە جیانەبونەوەی ئەم سێ ئۆرگانە لە یەكتر خەسلەتێكی گرنگی دیموكراسیەت لەنێو دەبرێت. پارتی دیموكراتی كوردستان كار
لەسەر بە سولتان كردن و بە سعودی كردنی هەرێمی كوردستان و دەسەلاتی بنەمالەكەی دەكات. هەربۆیە كارێكی گرانە دەسەلاتێكی لەم جۆرە بروای بە سیستەمێكی سیاسی هەبێت لەسەر بنەمای لامەركەزی و فرەهەرێمی فیدرالیی دامەزرابێت هەربۆیە دروستبونی فرەهەرێمی لە كوردستانیشدا دەبێتە هۆی لاوازكردن و چربوونەوەی دەسەلات لەدەستی خێزان و بنەمالەكان و سەنترال خوازەكان. ناكۆكە بەخۆی ئەگەر هەرێمێك خۆی بەفیدرالی ناوببات و داوای فیدرالیەت بكات بۆ عێراق بەلام لە هەرێمەكەی خۆیدا بروای بەلامەركەزی پارێزگاكان نەبێت و ئەنجومەنی پارێزگاكان بێدەسەلات كرابن. یاسای پارێزگاكان وەك پێویستیەكی ئیداری گرنگ لەلایەن پەرلەمانەوە دادەنرێت. بەپەیڕەو نەكردنی سیستەمی لامەركەزی لە ولاتدا رۆلی ئەنجومەنەكانیش نامێنێت. سیستەمی لامەركەزی كە دەبێتە هۆی دابەشكردنی دەسەلاتەكان دەبێتە هۆی بەهێزكردنی دیموكراسی و سەقامگیری و كەمبوونەوەی گەندەلییش. سیستەمی لامەركەزی ئەمرۆكە لە جیهانی هاوچەرخدا مۆدێلێكی گونجاوی فەرمانرەواییە. مەركەزیەت نەك تەنها كۆی ئەقلی سیاسی و سیستەمی سیاسی دەولەتی عێراقی تەنیوە بەلكو لە هەرێمی كوردستانیشدا هێشتا لە ژیانی حوكمرانی و سیاسی و حیزبیشدا ئەقلیەت و سیستەمی مەركەزی و كەلتوری مەركەزی زالە. كارەكانی هاولاتیان و پارێزگاكان ئەمرۆكە لە سایەی ئەو دەسەلاتەی ئێستەدا لە هەرێمی كوردستان و بەپێی ئەزمونەكان لەسەر سیستەمی لامەركەزی نارۆن بەرێگاوەو سیستەمەكە سیمای سەنترالیزمی هەلگرتوە. ئەوە ناكۆكە بەخۆی دەسەلاتی كوردی ئیدیعای ئەوە بكات گوایە حوكمرانی مەركەزیی لە عێراقدا قبول ناكەن كەچی لە كوردستاندا خۆی مەركەزیەت پەیرەو دەكات. خۆئەگەر وەك واقیع بۆی بروانین هەرێمی كوردستان دوو ئیدارەیە. هەروەك ئەوەی دوو هەرێمی جیاواز بێت لەیەكتر هەرچەندە بەناوی یەك پەرلەمان و یەك حكومەتی هاوبەشەوە قسەدەكرێ. بادینان بە كردەوە لە لایەن پارتیەوە مامەلەی هەرێمێكی سەربەخۆی لەگەلدا دەكرێ و هەموو شتێكی لە سۆران جودایە. مەركەزیەت و دیموكراسیەت دوو شتی ناكۆكن بە یەك. هەتا ئەمرۆكەش هەندێك لە لایەنە عیراقیەكانیش كار بۆ دەسەلاتی مەركەزی دەكەن و دژ بە دروستبوونی هەرێمی فیدرالین. كورد لە مێژووی دەولەتی عێراقدا و لە نێو هەموو گەلانی تری نێو عێراق گرفتاری سیاسەتی مەركەزیەت و بەو هۆیەوە روبەرووی زیان بۆتەوە. هەربۆیە مەركەزیەت لە بەرژەوەندی كورددا نیە. فكری مەركەزیەت لە عێراق بەتەنها بۆ بەرژەوەندی نوخبەیەكی دیاری دەسەلات بووە.
[email protected] د. سالار باسیرە / پسپۆر لە بواری زانستە سیاسیەكان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست