وەڵامی خەڵکی کوردستان بەبڕیارەکانی بارزانی، توندکردنەوەی خۆپیشاندانەکان و ناڕەزایەتیەکانمانە!
Thursday, 31/03/2011, 12:00
پاش دوو هەفتە لە بەڵێنی چاکسازی و داواکردنی مۆڵەتی ٣ مانگ بۆ ئەنجامدانیان، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆمەڵێک بڕیاری دژ بە خەڵکیدا تاریکی بەڵێنەکانی ئایندەی چاکسازیەکانی خۆی ئاشکرا کرد. بارزانی لەو بڕیارانەدا کە بە ناونیشانی سەرۆکی هەرێم ئیمزای کردووە، فەرمان بە سەرۆکی حکومەت دەدات کە هەموو ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکان و هەموو گەنجانی توڕە لە دەسەڵاتی ئەو و حزبەکەی و هەموو ئەوانەی لە مینبەری خۆپیشاندانەکانەوە پشتیوانیان لە جووڵانەوەی ئازادیخوازانە و شۆڕشگێڕانەی کوردستان کردووە دەستگیر بکات و لە زیندانیان قایم بکات. لە پێنج بڕیار کە لە لایەن ئەوەوە دەرکراوە جگە لە بڕیارێکی تەماویی و ناڕۆشن کە سەبارەت بە تەقەکردنە لە خۆپیشاندەران، بڕیارەکانی تر لە دژی جەماوەرەو سێ بڕیاریان بە ڕۆشنی هەڕەشەو پەلامارە بۆ سەر جەماوەری ناڕازی کوردستان.
گومان لەوەدا نیە کە ئەگەر ئەم فەرمانانەی سەرۆکی پارتی شانسی جێبەجیکردنیان هەبێت، ئەوا جەماوەر لەگەڵ دەورەیەکی تر لە سەرکوت بەرەوڕوو دەکاتەوە، هەر بۆیە بڕیارەکانی بارزانی بۆنی شەرێکی خوێناویان لێ دێت. ئەم هەنگاوەی بارزانی لە هەلومەرجێکدا دێت کە لەلایەک دەسەڵات بە هاوکاری دەوڵەتانی کۆنەپەرست و تا ئانیشک لە خوێنەکانی ناوچەکە پشت ئەستورە و لە لایەکی تریشەوە وەها دەردەکەوێت کە بە دانیشتن و گفتوگۆو هەوڵی ژێربەژێر بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆندا، وە پشت بەستن لە بێ دەنگی ماناداری گۆڕان و پشتیوانی ئاشکرای یەکگرتووی ئیسلامیە کە سەرۆکی پارتی فرسەتی عەرزی عەزەڵات و شمشیر بادانی هەیە.
بەلام وا پێدەچێت سەرۆکی هەرێم ئەو ڕاستیەی لا ون بووە کە جووڵانەوەی جەماوەری بەشوێنێک گەیشتووە کەهەرەشەو سەرکوت ناتوانێت بیگێڕێتە دواوە و ناچار بە تەسلیم بوونی بکات و بێ دەستکەوت خەڵک رەوانەی ماڵەوە بکات، ئەم سیاسەتە شەر ئامێزەو دژی خەڵکیەی بەرزانی دەتوانێ بڵێسەی خۆپیشاندانەکان و ناڕەزاییەکان گەشت ترو شێوازەکەی توندتر بکاتەوەو ناچار بە راپەرینی بکات هەتا ئەگەر توندوتیژی بێ هەوساری دەسەڵاتیش سەرەنجام بۆ ماوەیەکی کورت خۆپیشاندانەکان سەرکوت بکات، لە کۆتاییدا جەماوەری توڕە بەهێزتر و شێلگیرتر بۆ وەلانانی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دەهێنیتەوە مەیدان. پێچەوانەی ئەم لێکدانەوەیە تەنها دەتوانێت زادەی کورت بینی سیاسی هێزەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بێت.
جەماوەری ئازادیخوازو راپەریوی کوردستان!
لە کاتێکدا بارزانی ئەم بریارانە دەردەکات، و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش لەدەوری مێزی گفتوگۆدان لەگەڵ دەسەڵات، کە هێشتا بکوژانی خۆپیشاندانەکان، لەگوڵ کالتریان پێنەوتراوە، کە هێشتا وەڵامی بەکردەوە بەهیچ کام لە داخوازییە رەواکانی خۆپیشاندەران و خەلکی کوردستان نەدراوەتەوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ئەم دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنە ئەوەی بۆیان گرنگ نییە ئیرادەی ئێوە خەڵکی ڕاپەریوی و خوازیارانی نان و ئازادی و گیڕانەوەی ئیردەی و توانایی جەماوەریتانە. نیشانەی ئەوەیە ئەم دەسەڵاتە ئامادەیی تیا نییە و نایەوێ وەڵامی بەکردەوە بە داواو داخوازییە ڕەوکانتان بداتەوە. ئەوەی دەبێت هێزە شۆڕشگێڕەکان و جەماوەری ناڕازی نیگەران بکات، ئەو ڕاستیەیە کە فەرمانەکانی سەرکوت خەڵک بۆ شێوازی توندتر هان دەدات و لە ئەنجامیشدا خوێن و قوربانی و زیانی زۆرتر بەسەر کۆمەڵگا و جەماوەری کوردستاندا دەسەپێنێت.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان وێڕای ئیدانەی توندی ئەو فەرمانی سەرکوتانەی سەرۆکی پارتی و بێ دەنگی و لایەنگیری ئۆپۆزیسیۆن لێیان، داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات لە بەردەوامی بە خۆپیشاندانەکان بدەن و فراونترو سەراسەری و رێکخراوترو لیكهەلپێکراوتری بکەن، هەر ئەمەشە دەتوانی دەسەڵات ناچار بکات رێز لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بگریت و پاشەکشەی هەنگاو بەهەنگاوی بەسەردا بسەپێنێ. هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش بە بێ دەنگیان یان پشتیوانیان لەو بڕیارانە بیانەوێت و نەیانەوێت دەکەونە بەرەی دژی جەماوەرەوە. چونکە ڕەوتی ئاڵوگٶڕی سیاسی لە کوردستاندا بێ گەڕانەوەیەو زامنی ئەوەی کە ئەم پرۆسەیە بە کەمترین زیان و قوربانیەوە بە ئەنجام بگات، بەرپەرچدانەوەی جەماوەری و سەرتاسەریی هەر هەنگاوێک و سیاسەتێکی سەرکوتگەرانەی دەسەڵاتە.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
2011-03-31
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست