لە یادی بیست و یەکەمین ساڵرۆژی هەڵەبجەی شەهیددا
Monday, 09/03/2009, 12:00
1894 بینراوە
لەگەڵ ئەوەی لە بیست و یەکەمین ساڵڕۆژی ئەو کارەساتە دڵتەزێنەدا، سەری ڕێزو نەوازش بۆ شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە نەوی دەکەین ، هیوای چاکبونەوەی یەکجارەکیش بۆ بریندارەکان بە ئاوات دەخوازین . بۆ خەڵکی کوردستان بەگشتی و هەڵەبجەی هەمیشە زیندو بەتایبەتی ، پێشنیار دەکەین :-
با یادی ئەمساڵ کەمێك هۆشمەندانەتر بێت . واقیعانەترو وشیارانەتر بێ ، با قۆناغی شیوەن و گریان ، لاواندنەوەو سەردانی مەزاری شەهیدان ، بەستنی کۆڕی ماتەمینی و وتارو هەڵبەست خوێندنەوە بگۆڕین و هەوڵبدەین ڕێبازی قۆناغێکی نوێ بگرینە بەر . هەوڵبدەین بە خەباتی شارستانی ، داوا ڕەوا شارستانیتەکانمان بچەسپێنین ، فشاریان بۆ بهێنین و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکەین .
بەڕیزان خەڵکی شاری هەڵەبجەی قارەمان ، یەکێتی نانیشتمانی بیری چووەتەوە کە لەدوای ئاشبەتاڵەکەی بابی مەسعود ، کاتێك یەکێتی دروست بوو ، یەکەم مەفرەزەی چەکداری سەرەتایی هێزی بەناو پێشمەرگە ، هەموویان خەڵکی هەڵەبجەو شارەزوور بوون . بیری چووەتەوە کەیەکەم چالاکی بە ناو شۆڕشی نوێ دژی ڕژێمەکەی سەددام ، لەنێوان شاری هەڵەبجەو شارۆچکەی خورماڵدا لەلایەن هەمان مەفرەزەوە بوو . بیری چووەتەوە کە یەکەم شەهیدی یەکێتی کاکە فاتیحی شێخ عەیدەر بوو ، کە خەڵکی گەڕەکی مۆردانەی هەڵەبجە بوو.
کیمیابارانی هەڵەبجە تەنیا لەسەر دەستی سەددام و ڕژێمەکەیدا بە ئەنجام نەگەیشت، بەڵکو دەستی ڕەشی هەردوو نۆکەرو گەورە جاش ، تاڵەبانی و بارزانیشی تێدا بوو . ئێوە خۆتان لەهەموو کەس باشتر دەزانن ، ئەگەر پارتی و یەکێتی پێش سوپای پاسدارانی ئێرانی نەکەوتنایە ، بەو ئاسانییە هەڵەبجە نەدەگیرا ، ئەگەر شەوکەتی حاجی موشیرو قادر کۆکۆیی ڕیگەیان لەدەرباز بوونی خەڵك نەگرتایە ، ئەوەندە قوربانی نەدەبوو ، واتە ئەوان پشکۆی کورەکەیان بە گیانی پاکی پێنج هەزار پەپولە بڵێسە پێدا.
تاڵەبانی بارزانی تاوانبار باش دەزانن چییان چاندبوو ، بۆیە بێدەنگ بوون لەبەرامبەر لەسێدارەدانی هاوڕێ و هاوکاریان ، سەددامی دیکتاتۆردا . لە سێدارەدانی سەددام لە ماوەیەکی کەمدا جێی گومانێکی زۆرەو بێنهێنی نەبوو . ئەی عەلی کیمیاوی بۆ لەسێدارە نادرێت ؟! ئەی بۆچی پارێزگاریان لە نزار خەزرەجی کردو ڕزگاریان کرد؟! ئەی بۆ ئێستا هەوڵدەدەن کە سوڵتان هاشمی وەزیری بەگری ئازاد بکەن ؟! کەس گومانی هەیە لەوەی کە ئەویش کۆنە جەلالی بووبێت ؟! مامی خەڵەفاو کەسی دەست نەکەوت بیکاتە ڕاوێژکاری خۆی ، جگە لە تاوانبار وەفیق ئەلسامەڕڕایی ؟! ئەوانە هەموویان جێگەی گومان نین ؟! هەریەکەیان دەیان نهێنی هەڵناگرن ؟!
بۆیە پێویستە لەجیاتی ئەوەی داوای چاککردنی باری گوزەرانی خەڵکیان لێبکەن ، لە جیاتی ئەوەی داوای ئاوەدان کردنەوەی هەڵەبجەو شوێنەکانی تریان لێبکەن ، لە جیاتی ئەوەی داوای یارمەتی بۆ تیمارکردنی بریندارەکان بکەن ، هاوپشتی ئێمە بن بۆ ڕاپێچکرنی جەلال و مەسعودت خائن بۆ دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی لە ئەوروپا . ئێمە بەدوو قۆناغ جەلال و مەسعود دەدەینە دادگا ، ئێستا سکاڵامان دژی جەلالی خائن تۆمار کردووە ، لە داهاتوشدا دژی مەسعودی گەورە جاش تۆماری دەکەین .
ئێوەش باشترین بەڵگەو یارمەتین نەك بەتەنیا بۆ ئێمە ، بەڵکو بۆ دەسکەوتەکانتان ، بۆ هیواو خەونەکانتان ، بۆ مافەخوراوەکانتان ، بۆ خەمەکانتان ، بۆ ئاسودەیی ویژدانتان ، جگە لەوانەش بۆ ڕزگار کردنی یەکجارەکی گەل لەو دوو جانەوەرە .
بۆیە داواتان لێدەکەین ، لەیادی ئەمساڵدا ، بەشداری لە هیچ چالاکییەکی حزبیدا مەکەن ، ئەگەر دەتوانن ڕێپێوانێکی هێمنانە بکەن بۆ زیاتر شەرمەزارکردنی ئیدارەی مافیاکان یان مان بگرن و لەو ڕۆژەدا لەمالەوە مەیەنە دەرەوە ، سەرانی یەکێتی و پارتی نەفرەت لێبکەن .
سەروەرو پڕشکۆ بێت یادی بەرزی هەڵەبجەی هەمیشە زیندوو