کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


"ماریانا خارونتاکی" چۆن مووان دەپسێنێ لە خەڕەکی ماڵی کورددا

Thursday, 01/12/2011, 12:00






بەشی یەکەم
١-٢
(کورد و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان) ناوی کتێبێکە کە لە بنەریتدا دکتۆرانامەیەکە، خانمی یۆنانی رەگەز "ماریانا خارانتوکی" نووسیویەتی. قەبارەی کتێبەکە ٥١٦ لاپەڕەیە و نۆڤەمبەری ٢٠١٠ چاۆە ئنگلیزیەکەی بلاوبۆتەوە و دەزگای ئاراس لە هاوینی ئەمساڵدا لە هەولێر چاپ و بڵاوی کردۆتەوە. بەڕێز "مامکاک" لە زمانی ئینگلێزیەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
بۆ بە تەنها ئەم دکتۆرانامەیە؟ ئەمە پرسیارێکە لەوانەیە بێتەپێش:
یەک: پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان، لە نێویشیدا کورد وەک یەکێک لەو ئەڵقانە، بابەتێکە هەمیشە وێڵم بە دواییدا.
دوو: ئەو کتێبە بە دیاری پێشکەشم کرا، بە تایبەت کەسەکە دەزانێت کە من شەیدای ئەو بابەتەم.
سێ: لەبەر چەند هۆیەک کە دیارن، ئەو ماستەر و دکتۆرانامانەی لە کوردستان دەدرێن یان وەردەگیرێن زۆربەی زۆریان تا بڵێی لاواز و ئاست نزمن. جا کاتێک ئەم دکتۆرایەم دیت، تایتڵەکەی باسێکی گەورەیە و ناوی کەسێکی بیانی لەسەرە و هەر لەو ساڵەدا چاپ کراوە و هەر ئەو ساڵەش داواکرا کە بە زوویی تەرجەمە بکرێ و بایەخێکی زۆریشی پێدرا لە راگەیاندنە کوردیەکاندا، گوتم بزانم نهێنیەکەی لە چیدایە، هەرچەندە خەریکە خوێنەری کورد ئەو هەستەی جارانی نامێنێ بۆ قەلەمە بیانیەکان ، جاران دڵخۆش دەبووین گەر کەسێکی بیانی لە بارەی کوردەوە شتێک بنوسێ بەڵام ئێستا هێندە بێ لەزەت بووە زۆر کەم ئەو قەلەمە بیاناینە شایستەی ئەوە هەن بیانخوێنیتەوە. بەهەرحاڵ...
کەوتمە وێزەی خوێندنەوەی کتێبەکە. ئەمەمانەم تێدا بەدی کرد کە لێرەدا بە کورتی شتێکی لەسەر دەنووسم.
میدیا کوردیەکان بە هەردوو زمانی کوردی و ئنگلیزیەوە بایەخێکی ئێجگار زۆریان بەم کتێبەدا بەوەی چەندان گفتوگۆیان لەگەڵ ئەو خانمەدا سازکرد. بایەخدان بەو کتێبە کەمتر لەو روانگەیەوە دەهات لەوەی کتێبەکە بە نرخە بەڵکو زۆرتر لە کڵاورۆژنەیەکی ترەوە دەهات. ئەو کڵاورۆژنەیەی دەستی لە قوڕگی هەر تیشکێک گیرکردووە گەر بیەوێ رۆشنایی راستەقینە پەخش بکات.
خانمی یۆنانی "ماریانا خارانتاکی" بە ئاسانی ئەو دکتۆرایەی بۆ تەواو نەدەکرا و کتێبەکەشی ئاوا بە ئاسانی بۆ جاپ نەدەکرا و بە زووییش بۆی تەرجەمە نەدەکرا گەر رەحمەتێک لەو کڵاورۆژنەیەوە نەهاتایەتە دەرەوە بۆی. لەوێدا هێند بە نەرمی ستایشی دەسەڵات و سەرکردەکانی دەکات خوێنەر راستەوخۆ درکی ئەوە دەکات کە ئەم ماستە بێ موو نیە.
دەڵێن، لە دەمانی بەعسدا، ئەوە زۆر باوبوو کە خەڵکانی بیانی بەتایبەت ئەوانەی لە عێراق دەیانخوێند، هەر بۆ ئەوەی بڕوانامەیەک بەدەستبهێن دەهاتن خەریکی پیاهەڵدان و ستایشی سەدام و بەعس دەبوون. لە بەرامبەر ئەمەدا پارەیەکی مفتیان وەردەگرت لەگەڵ هەندێ بەخشیشی و شتی تریشدا. دەڵین، هندیەکان زۆرترین کەسان بوون ئەم کارەیان کردبوو بە پیشە. دەتوانین بڵێین خانم "خارانتاکی" شێوەیەک لەم نموونانەی پێ دەبڕدرێت، بەتایبەت کە لێکچوونێکی ئێجگار تەواو هەیە لە نێوان دەسەڵاتی کوردی و دەسەڵاتی بەعسی عێراقدا بۆیە ئەم کارە تەواو ئاوها کەوتۆتەوە.
پێویست بە هیچ بەڵگەداریەکی حازر بەدەست ناکات بۆ سەلماندنی ئەوەی ماریانا خارانتاکی لەسەر هەمان رەوت و لە نێو هەمان رەوشدا خوێندن و بڕوانامەکەی بەدەستهێناوە . هەموان دەزانین لە کوردستان، وەک هەر جێگەیەکی تری ناوچەکە، گەندەڵی بە هەموو رەنگاڵەییەکەوە دەستی لە بینی کۆمەڵگە گیرکردووە و حزب و سەرکردە باڵادەستی ئەو رەوشەن، جا لە وڵاتێکی وادا هەموو جۆرە ئاستێک لە ژیان پەیوەست دەکرێتەوە بەو گەندەڵیە رەنگاڵەیی و دەسەلاتەکەیەوە. خوێندن و بروانامەکان بەرهەمی دۆخێکی ئاوها دەبن و لەسەر ئەم بنەمایانە دەدرێت نەک لەسەر بنەمای کارامەیی و قاڵبۆوە لە زانست و زانیاری و مافڕەوایی کەسەکان. ئەم رەوتە لە خوێندن ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە لە لایەن دەسەلاتەوە نێردراون بۆ هاندەران بۆ خوێندن. هەموو ئەو بڕوانامانەی لەسەر ئەو بناغەیە وەردەگیرێن یان دەدرێن بێ کەڵکن وەک دکتۆرانامەکەی ماریانا خارانتاکی.
هەرچەندە بڕوانامەی ماستەر یان دکتۆرا پێوانە نیە بۆ ئەوەی هەموو هەڵگرەکانی بلیمەت و ژیر یان دانا و رووناکبیر بن. ژمارەی ئەو کەسانە زۆرن کە رۆژانە لە جیهاندا ماستەر و دکتۆرا وەردەگرن بەڵام ژمارەی هەڵگرانی ئەو بڕوانامانە زۆر کەمن کە داهێنان دەکەن لە بوارە ئەدەبی و زانستیەکاندا. بوونی ئەم بڕوانامەیە بە مانای ئەوە نایات زانست و زانیاری لە هەڵگرەکانی دەچۆڕێت، گەر وابوایە ئەوا کوردستان لە زانست و زانیاریدا غەرق دەبوو چونکە ئەوەندە ماستەر و دکتۆرای ناشایستە و ئاست نزم و بە ناهەقی تێدایە دەبوو ئەو وڵاتە شین بکاتەوە لە مەعریفەدا کەچی دەشتێکی کاکی بە کاکیە لەو رووەوە.
زۆربەی زۆری ئەو ماستەر و دکتۆرایانەی لە دوای راپەڕینەوە لە کوردستان دراون لە ئاستێکی ئێجگار نزمی ئەکادیمی و بێ کەڵک و پڕ خەوشی ئەپیکسی نووسیندان. خەڵکان هەن هەلگری ئەو بروانامان بەڵام کەمتر شوێنیان دەبێتەوە لە ناو دەسەلات و حکومەتەکەیدا. ئارام ناگرن یاخود دەدەپەڕێنرێن لە جێگەکەیان یاخود ولات بەجێدەهێڵن یان دەگەڕێنەوە بۆ ئەو ولاتەی لێوەی هاتوونەتەوە. نموونە زۆرە و پێویست بە هێنانەوەیان ناکات.
ئەم ئاماژە کردنەم بە خوێندن و بروانامەسازی بە پیویست زانی تاکو بزانین بۆ ئەو دکتۆرایە بۆ لاوازە، بۆ بێ کەڵکە، بۆ وێرانە، بۆ داماوە. بۆچی؟ چونکە خانمێکی ئاوها، وەک ئەوانی پێشووتر، دێت بۆ کوردستان جێگە و رێگەیەکی باشی بۆ دابیندەکرێ، خەرجیەکی باشی دەدرێتێ لەگەڵ هەندێ ئیمتیازاتی تر، بابەتێک لە ژیر ناوێکی زل و دێیەکی وێراندا دەنووسێ و هەموان چاوپێکەوتن و گفتوگۆی لەگەڵ دەکەن وەک ئەوەی ئەو وڵاتە خەڵکانی ژیر و سیاسەتزانی تێدا نەبێ. ولاتێک سەنتەرێکی ستراتیجی یان بنکەیەیکی لێکۆڵینەوەی سیاسی سەربەخۆ و کارامەی تێدا نەبێت و شان بە شانی دەسەلات قسە و باسی خۆی نەکات و گوێی لێ رانەگیرێت و ئەوەی بۆ دەسەڵات گرنگ نەبێت ئەو مەسەلەیە بێت ئەوا هەر خەڵکانی وەک ئەم خانمە تەراتێنی تێدا دەکەن.
سەبارەت بە دکتۆرانامەکە...
ئەو دکتۆرانامەیە هەرگیز لەوەناچێ کەسیک نوسیبێتی کە تۆزێک قاڵبووبێتەوە لە سیاسەت، تەنانەت لەوانەیە سێ و جوار گفتوگۆی سیاسی نەکردبێ. ماریانا خان لە قوتابیەکی دەچێ هەموو شتێک نەقڵ یان کۆپی بکات یان لەو قوتابیە دەچێت کە تەنها دەزانێ تەحزیری دەرسەکان بکات. زۆرن ئەو کەسە جیهانی و خۆماڵیانەی لە قوتابخانەدا سەرکەوتوو نەبوون بەلام لە داهێناندا بلیمەت و هەڵکوتووبوون. تازەترینیان "ستیڤ جۆبز"ی ئەپڵە کە تەنانەت پەیمانگەشی بۆ تەواو نەکرا. "بیڵ گەیتس"ی داهێنەری مایکرۆسۆفت تەنها پەیمانگەی تەواوکردووە... چەندانی تر
بوونی سەرچاوە خاڵێکی پرشنگداری نووسینە بەلام دەشڵێن زۆری و بێ شوماری سەرچاوە لە نووسین و کتێبدا بە تایبەت بەوشێوەیەی ماریانا خان بەکاری هێناون مانای وجاخ کوێری نووسەر نیشان دەدات. کتێبەکە ٥١٦ لاپەڕەیە، نزیک دوو سەد لاپەڕەی تایبەتە بە سەرچاوە و بیبلۆگرافی و پاشکۆ. لەو کتێبەدا (١٣٨١) سەرچاوە بەکارهێنراون. هەر بۆیە دەبینین هیچ بڕگەیەک بە بێ سەرچاوە نەهاتووە. بگرە چەندان بڕگەی تیدایە کە هەمووی سەرچاوەیە، چونکە هەر دێڕێک تەواودەبێت خاڵێک دادەنرێت لەگەڵ ئەو خاڵەدا ژمارەی سەرچاوەیەک دیاری کراوە، کەواتە ئەو بڕگانە یان ئەو لاپەڕانە هیچیان قسەی نووسەر نین بەڵکو هەمووی نەقڵ کراو یان کۆپی کراوی ئەم سەرچاوە و ئەو سەرچاوەیە. هەر وەک نموونە، سەیری دوایین پەرەگراف لە لاپەڕەی ٢٣٤ و یەکەمین بڕگەی لاپەڕەی ٢٣٥ یاخود یەکەمین پەرەگراف لە لاپەڕە ٣٠٧ بکەن. یەعنی گرفتەکە لەوەدایە نیە تەنها ئاماژە بە سەرچاوە بێت و بەس بەڵکو لەوەدایە کە دێڕەکان یان ئایدیاکان گواستراونەتەوە کە لە هەندێکێشیاندا بە ناڕاست گواستراونەتەوە. خانم ماریانا لەوە ناچێ بۆ جارێکیش بەسەر دکتۆرانامەکەیدا چووبێتەوە ئەگەرنا لەوانەبوو هەندێ هەڵەیەکی راست بکردایەتەوە کە من لە ژمارە ١٠دا دامناوە.
لە دوو لایەنەوە دەمەوێ لەو دکتۆرانامەیە بدوێم. یەکێکیان هەڵە زانیاریەکانی ناویەتی. ئەوی تریان، هەندێ چەمک و بیر و ران کە پەیوەسەتە بە بیری سەرەکی کتێبەکەوە. لەم بەشەدا هەندێ لە هەڵەی زانیاریانە دەخەمە روو کە توانایی و لێهاتوویی ئەو خانمە بە تەواوی دەکەوێتە ژێر پرسیار وگومانەوە.
زانیاری هەڵە...
لە هەندی جێگەدا کە سەرچاوەی بەکارنەهێناوە تووشی چەندان هەڵەی زانیاری و راوبۆجوونی سەیر و سەمەرە بووە. ئەمانە یەک و دوان نین بەڵکو سێ و چوار و پێنج و شەش و ..هتد. هەروەها ئەوانە هەلەی چاپ نین چونکە بە کوردی نیە تاکو لێی بە گومان بین بەڵکو بە زمان ئینگلیزی نووسراوە و هیچ گومانێک لە چاپەکەدا نیە. ئەو هەڵانە ئەی بی سی دی هەر بابەتێکن و نەزانینیان بێ ئاگایی تەواوی نووسەرەکە دەگەێنێ. تەنانەت لە هەندێ شوێندا وەرگێر خۆی هەندێکیانی ئاماژە پیداوە. ئاخر کەسێک تەواوی دکتۆراکەی لەسەر میللەتێک بێت کەچی زانیاری ئاسایی و سانات لەسەر میللەتەکە نەبێت. یان، خۆت لە قەرەی باسێکی نێودەولەتی بدەیت کەچی بکەویتە کەندەڵانی نەزانی و بێ ئاگاییەوە.
یەکەم: کۆماری ئیسلامی ئێران بە درێژایی جەندان ساڵ ناوی کرماشانی گۆڕی بۆ باختەران بەهیوای ئەوەی مۆرکە کوردیەکەی پێوە نەهێڵی، کەچی خانم "خارانتاکی" کرماشان و باختەران بە دوو شاری کوردستانی ئێران تێگەیشتووە و نووسیویەتی : (کرماشان و باختەران لە باشوری وڵات) لاپەڕە ٩٢. هەر لەوێشدا هەڵەیەکلی تر دەکات کە دەڵێت: (نەغەدە و مهاباد و ورمێ وئازەربایجان لە باکوری رۆژئاوای وڵاتەکە) خانم ماریانا ئازەربایجان بە شارێک لە شارەکانی کوردستانی ئێران تێگەیشتووە لە کاتێکدا ئازەربایجان هەرێمێکە یان ئاستانەیەکە لە ئێران، کۆماری ئیسلامی ئێران دروستی کرد تاکو کوردستانی ئێران لە نەخشەی وڵاتدا نەهێڵێ و هەر شارە و ناوچەیەکی دابەشی بکات بەسەر چەند ئوستانێکدا و بە ئازاەرباینجان غربی ناوی دەبات.
دووەم: ئاگایی ئەو خانمە هەر ئەوەندەیە کە کوردەکانی لوبنان بە زۆرتر لە قەڵەم دەدات وەک لە کوردەکانی سوریا. لە لاپەڕە ١٠٠ دەنووسێت: (لە دوای کوردەکانی لوبنان، کوردەکانی سوریا بچوکترین کۆمەڵی کوردی لە رۆژەهەڵاتی ناوەڕاست پێکدەهێنن). هەموو کوردێکی چاودێر و سەرجاوەیەک ئەوە دەزانن کە کورد لە سوریا خۆیان لە قەرەی زیاتر لە دوو ملیۆن دەدەن لە کاتێکدا کورد لە لوبنان لە دەوروبەری ١٠٠ هەزار خەمڵێنراوە. دیارە سەرچاوەی جیاواز هەیە بۆ رێکی ژمارەکە بەڵام هەر لەو دورەدا دەخولێتەوە.
سێیەم: سەرەڕای ئەوەی خۆی گفتوگۆی لەگەڵدا هەندێ کەسایەتیدا کردووە کەچی خانمی دانیار ئاگاوی لەوەش نیە کە کەسایەتیە سیاسیەکان ئێستە شوێنگەیان چیە. ساڵی ٢٠٠٧ لە هەولێر گفتوگۆیەکی لەگەڵ محمود عوسماندا سازداوە کەچی نووسیویەتی (د. محمود عوسمان سەرۆکی حزبی سۆسیالیستی کوردستان و ئەندامی پەرلەمانی عێراق) لاپەڕە ١٠٨
ئەوە روونە کە محمود عوسمان لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە وازی لە حزبی سۆسیالیست هێناوە و بووە بە کەسێکی سیاسی سەربەخۆ لە رووی حزبیەوە.

چوارەم: لە لاپەڕە ١٦٢دا دەڵێ (لەبەرئەوەی واشینگتۆن گەرەکیەتی دەستی بەسەر هەرێمەکەدا بشکێ ، بۆیە هەستا سیاسەتێکی تایبەتی لێ پەڕەو کرد و دەولەتی ئیسرائیلی لە ١٩٤٨ لێ دامەزراند) ئەوەندەی من بیزانم وانیە، ئەوە بەریتانیای وازی چی سەرەکی ئەو دەمی ناوچەکە بوو دەولەتی ئیسرائیلی دروست کرد هەروەها ئەو دەم ئەو ولاتەش کە بە فەلەستین دەناسرا ئینتیدابی بەریتانیا بوو. مێژوی دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل زۆر کۆن نیە و بگرە دوێنێکە بوو جا بۆیە هەر کەسێک بیەوێت لێکۆڵینەوەی لەسەر بکات هێندەی خەرمانێک زیاتر زانیاری لەبەر دەستیدایە.
پێنجەم: گوایە دکتۆرانامەکە لەسەر پەیوەندی کورد و ئەمریکایە بەلام جیاوازی نێوان وەزیری دەرەوە و بەرگری ئەمریکا ناکات، گەر لێی تێکچووبێ ئەوە خراوتر. ئەوەتا لاپەڕە ١٨٧ دەنووسێ (بە بۆچوونی کۆڵن پاوڵ وەزیری بەرگری ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣دا) لە کاتێکدا "دۆناڵد رامسفێڵد" وەزیری بەرگری ئەمریکا بوو لەو دەمەدا و کۆڵن پاوڵ وەزیری دەرەوە بوو.
شەشەم: لە لاپەڕە ٢٣٨دا دوایین پەرەگراف، دەربارەی کێشەی کورد لە سەردەمی عەبدولکەریم قاسمدا ١٩٥٨-١٩٦٣ دەنووسێ: (کورد بوونە دوو بەش، بەشە پارێزەرەکان وەک سەلام عارف و مەلا مستەفا بارزانی و بەشێکی پێشکەوتووخواز وەک ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تالەبانی) ئەوەندەی زانیاریم هەبێ لەو دەمانەی پۆلیتبیرۆی پارتیدا و لە تەرەفەکەی مەلا مستەفادا هیچ کەسێکی کورد لەو پۆستەدا بە ناوی سەلام عارف بوونی نەبووە. ئەم زانیاریە سەرچاوەی ژمارە ٤٤ی لەسەر داناوە. لە سەرچاوەی ژمارە ٤٤دا ئاماژەی بە کتێبەکەی "دەیڤد ماکدواڵ" لاپەڕە ٣٠٢ و ٣٢٠ سەبارەت بە (مێژووی هاوچەرخی کورد) من پێش ئەوەی سەرچاوەکەش ببینم زانیم ئەوە هەڵەیەکی تری جەرگبڕی خانمی یۆنانیە کە ئاگای لەوە نیە سەلام عارف عەرەب بوو، یەکێک لە ئۆفیسەرە دەستڕاتەکانی قاسم بوو. پاشان کودەتای کرد بەسەر قاسمدا و خۆی بوو بە سەرۆکی عێراق لە ساڵی ١٩٦٣ تا رۆژی لە ناوچوونی لە ١٣ی ئەپریڵی ١٩٦٦
دواتر چوومە سەر کتێبەکەی دەیڤد ماکدۆواڵ، لە تۆڕی ئینتەرنێت، بە زمانی ئنگلیزی و لەو چەند لاپەرەیەی ئەو دیاری کردووە هیچ زانیاریەکی ئەوتۆم تێدا بەدی نەکرد. دیارە ئەو کتێبە بە کوردیەکەشی لام هەیە، ئەبو بەکر خۆشناوێک وەریگێڕاوە، بەڵام نیوەی ئەو کتێبە تەرجەمە نەکراوە و هەر لە فەهرەستەکەشدا ئاماژەی پێ نەدراوە.
حەوتەم: سەبارەت بە سەرکردە کوردیەکانی ئێرانیش دەنووسێت:(کوشتنی سەرکردە کوردەکان دیارترینیان عەبدولرەحمان قاسملو و سەرکردەی ئاینی شێخ عیزەددینی حوسەینی لە ئێران)لاپەڕە٢٧٢ لە کاتێکدا هەموو کەس ئەوە دەزانێت کە شێخ عیزەددینی حوسەینی تیرۆر نەکرا و مانگی دووی ساڵی ٢٠١١ بە مردنێکی ئاسایی مرد لە وڵاتی سوید و تەرمەکەیان هێنایەوە بۆ هەرێمی کوردستان. ماریانا خان دەبوو بیزانیایە ئەوە سادق شەرەف کەندی بوو دوای ٣ ساڵ لە تیرۆرکردنی قاسملو ئەویش بەدەستی جمهوری ئیسلامی تیرۆر کرا.
هەشتەم: دکتۆرانامەکەیەک دەربارەی کورد و ئەمریکا بێت کەچی نەزانرێت نوێنەرانی کورد کێ بوون کە لەگەڵ ئەمریکا دادەنیشتن. لە لاپەڕە ٣٥٤ دەنووسێت:(کورد و ولاتە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا لە دیسەمبەری ٢٠٠١ کورد "چەلەبی و زێباری" نوێنەریان بوون و لە لایەن ئەمریکاشەوە "نیگرۆپۆنتی بریکاری وەزیری دەرەوە و کرۆسمەن" ئامادەبوون.) ئاخر خانمی یۆنانی چۆن نابێ بزانیت چەلەبی کێیە. خۆ گەر لە سادەترین کەسی کوردستانت بپرسیایە پێیان دەگووتیت چەلەبی کێیە. ئەو ئەودەم سەرۆکی ئای ئێن سی بوو، کەسایەتیەکی بەرەگەز عەرەبە، سیاسیەکی بە ناو علمانی و بە ئاینزا شیعەیە.
نۆیەم: زانیاریەکانی ماریانا خان لە بارەی تورکیاوە هەر لەوانی تر دەچێ. دەربارەی حزبی رەفاه دێڕێکی نووسیوە خۆیشی نازانێت دەڵێت چی. لە لاپەڕە ٣٤١دا دەنووسێت:(لە دیسامبەری ١٩٩٧ کە ئەندامانی پارتی رەفا حزبی رەفایان دامەزراند و لە ناو ئەوانیشەوە ئەندامە چاکخوازەکان پارتی داد و گەشەپێدانیان دامەزراند) من ناتوانم لەم دێڕە تێبگەم ئەرێ کەسی تر دەتوانێ شتێک لەمە هەڵکڕێنێ؟
رووداوەکە ئاوهایە: حزبی رەفاه ساڵی ١٩٨٣ دامەزرا و ساڵی ١٩٩٨ قەدەغە کرا و داخرا. هەردوای ئەوە ئەربەکان حزبی فەزیلەی دامەزراند، ئەوەبوو ئەمیش ساڵی ٢٠٠٠ قدەغە کرا و داخرا. پاشان ئەردۆگان و عەبدوللا گوڵ خۆیان لە ئەربەکانی مامۆستایان جیاکردەوە و ساڵی ٢٠٠١ حزبی داد و گەشەپیدانیان دامەزراند.
دەیەم: ماریانا خارانتاکی مەسعود بارزانی دیوە و وێنەیەکیشی لەپاڵ وێنەکەیدا گرتووە کەچی نازانم بەهۆی چیەوە لێی تێکدەچێ لەوەی چ پۆستێکی هەیە. لە لاپەڕە ٣٨٥دا دەنووسێت:(بوونی مەسعود بارزانی بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ١٢ی حوزیرانی ٢٠٠٥دا) دیارە ئەو خانمە بۆ یەک جاریش بەسەر ئەو کتێبەدا نەچۆتەوە کە نووسیویەتی چونکە دڵنیام لەوەی ئەمەی هەر دەزانی کە مەسعود بارزانی وەک پۆستی سیاسی سەرۆکی هەرێمەکەیە نەک حکومەتەکەی.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە