سه‌فه‌رێک بۆ هه‌ڵه‌بجه له یادی بیست و دوو ساڵه‌ی مه‌رگێکی ئه‌رخه‌وانیدا
Saturday, 13/03/2010, 12:00
ئه‌م یاده‌یان وه‌ک جارانی پێشوو ناکه‌م ، وتار و بابه‌ت نانووسم ، ئه‌م جاره‌یان دادگا بۆ هیچ که‌س دانانێم ، بۆ ئه‌م یاده بۆ قیبله‌ی دڵ ، بۆ هه‌ڵه‌بجه سه‌فه‌ر ئه‌که‌م ، سه‌فه‌ر له‌گه‌ڵ بۆنی ڕۆح و زریکه‌ی ماندوویه‌تی ڕێگه ، سه‌فه‌ر له‌گه‌ڵ پهلهقاڕهی هه‌ناسه‌و ده‌ست بردن بۆ سه‌وزی چواله . بۆ ئه‌م یاده دڵم پڕه‌و ده‌روونم به‌یه‌کجاری که‌یله ، بۆ ئه‌م یاده ده‌مه‌وێت به‌ئه‌سپای ببمه‌وه به‌خۆم و ته‌نها بۆ یه‌ک شه‌و بگه‌ڕێمه‌وه ، ئه‌مشه‌و یان من ده‌ڕۆمه گه‌روی شار یان هه‌موو شار دێنه ژووره بچکۆلانه‌که‌م ، یان من ئه‌بمه میوانی ناوه‌ختی گوێ ئاگردان ، یان پێنج هه‌زار گه‌ڵا ده‌بنه سابات و که‌پری دابڕان . ئه‌مشه‌و هه‌ڵه‌بجه نایه‌ڵێت من بخه‌وم ، من ئه‌مه‌وێت سه‌ری کاسی خۆم بگرم و بۆ چه‌ند ساتێک وهنهوهوز بده‌م ، به‌ڵام قاقای پێکه‌نینی مناڵه هارو جل شڕه‌کانی گه‌ڕه‌ک ڕێم پێناده‌ن ، من ئه‌مه‌وێت چاوه‌کانم دابخه‌م و گه‌شتێک به ته‌نهایدا بکه‌م ، به‌ڵام شمشاڵه‌که‌ی (مینهی لولک ژه‌ن و سه‌نتوره‌که‌ی ئاراسی شێخ جه‌مال) لێم ناگه‌ڕێن . ئه‌مشه‌و ئه‌مه‌وێت شار تهی که‌م ، کون و قوژبنی بگه‌ڕێم ، ئه‌مشه‌و ئه‌مه‌وێت به په‌نجه‌کانی (هیوای حیلمی) ته‌مه‌ن بۆ جارێکی‌تر بنووسمه‌وه ، ئه‌مه‌وێت جوانی شار وه‌ک پرچه زه‌رد و ئاڵۆزکاوه‌کانی (به‌ناز و به‌سۆز) بهۆنمه‌وه، ئه‌مشه‌و ئه‌مه‌وێت ته‌قه له‌ده‌رگای هه‌موو ماڵه‌کان بده‌م ، ئه‌مشه‌و ئه‌مه‌وێت ئاره‌قه‌ی ماندووبوون و تۆزی غه‌ریبی خه‌ڵکی شار بسڕم ، ئه‌مشه‌و ئه‌مه‌وێت کۆرپه‌یه‌ک له (عومه‌ری خاوه‌ر) بگرم بۆ ئه‌وه‌ی زۆر هیلاک نه‌بێت ، چونکه سه‌فه‌ره‌که‌ی یه‌کجارییه ، ئه‌مشه‌و گالیسکه‌ی خه‌یاڵم زۆر خێرایه ، ئه‌مشه‌و بیره‌وه‌ریه‌کانی شارم زۆر له‌لایه . من ئه‌مه‌وێت سه‌فه‌ر بکه‌م بۆ دڵی شار ، من ئه‌مه‌وێت ئه‌ملاولای شنروێ و باڵانبۆ ماچ بکه‌م ، باوه‌ش به‌خه‌ڵکی هیلاکی شارێکی ڕه‌نگ پهڕیودا بکه‌م ، په‌ساپۆرتی ئه‌م سه‌فه‌ره یادگاری و خۆشه‌ویستی خه‌ڵکه ، هه‌نگاوه کورت و خێراکانم بۆ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکه . من بۆیه سه‌فه‌ر ئه‌که‌م بۆ ئه‌وه‌ی بێمه‌وه لاتان ، لێتان ناشارمه‌وه بیرتان ئه‌که‌م ، بیری هه‌مووتان ئه‌که‌م ، بیری مامۆستای خوێندنگا ، بیری دوکانداره‌کانی گه‌ڕه‌ک ، بیری توڕه‌بوونه‌که‌ی باپیرم و پاروه شیرینه‌کانی ده‌ست دایکم ، بیری ساحه خوار و خێچه‌کانی گۆڵ گۆڵێن ، بیری ڕۆشتن بۆ سینه‌ما به دزییه‌وه ، بیری داگرتنی جۆلانه‌که‌ی ماڵی (سهربهناز) ، بیرتان ئه‌که‌م بیری (وه‌ستا عه‌ولی خه‌یات و حاجی لایه‌قی دوکاندار) بیرتان ئه‌که‌م بیری (پیرۆزی شهوڕن و پوهره زه‌یتون و ناهی خان) . ئه‌مشه‌و حه‌ز ده‌که‌م ببمه دڵۆپێکی باران یاخود شنه‌بایه‌کی ده‌م ئێواران ، ئه‌مشه‌و حه‌ز ئه‌که‌م لای ههمووتانبم ، یان هه‌مووتان هه‌ر وه‌ک برژانگ له‌سه‌ر سه‌کۆی چاوه‌کانم له‌نگه‌ر بگرن ، من حه‌ز ئه‌که‌م ئه‌مشه‌و له‌جیاتی (شێخ وه‌لی) ئاوپرژێنی گوڵه‌کانی ناو دڵی هه‌مووتان بکه‌م . ئه‌مشه‌و ساقی دادم نادات ، کوڵی گریان و شه‌سته‌ی فرمێسکم وشک ناکات ، من په‌له‌مه و پێوویستی زۆرم به سه‌فه‌ره ، من ڕێگام دووره‌و باوه‌شی گه‌رمی (کانی عاشقان) چاوه‌ڕێمه ، من ئه‌مه‌وێت ئه‌مشه‌و ، به‌ڵێ ئه‌مشه‌و هه‌موو شته‌کان بچنه‌وه جێگای خۆیان ، من ئه‌مه‌وێت هه‌ڵه‌بجه ئاوه‌دان بێت ، کار ئاوهڵاو ژیان بۆ هه‌مووان ئازاد بێ ، (کانی عاشقان) پڕ له عاشق و (کانی قوڵکه) پڕ له‌تریقه‌ی پێکه‌نین بێت ، من ئه‌مه‌وێت (تیپی هیوا و تیپی کاوه) یاری بکه‌ن ، من ئه‌مه‌وێت (عه‌بدوڵای حه‌مه‌لاو و ڕێبواری نوری) شانۆ بۆ خه‌ڵک پێشکه‌ش بکه‌ن ، من ئه‌مه‌وێت (هوشیاری حه‌مه فه‌ره‌ج) (کاڵێ بار مه‌که) بڵێ و (سه‌لاحه ڕه‌شیش) (ئه‌م زامه ساڕ‌ێژ نابێت هه‌تا سه‌رمایه مابێت) بدات به گوێی ده‌سه‌ڵاتا ، من ئه‌مه‌وێت (ساڵح هه‌ژار) شیعر بڵێ و (عوسمان کهیمنهی) چه‌مه گیان . بڕواناکه‌م ئه‌مشه‌و بگه‌مه جێ ، بڕواناکه‌م ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌وێت بیکه‌م بۆم بکرێ ، من ئه‌مه‌وێت له‌گه‌ڵ هاوڕێکانی مناڵیم یاری بکه‌م ، دواتر له‌ژێر په‌رژینه‌که‌ی باخی میردا بۆ چه‌ند ساتێک پشووبده‌م ، من ئه‌مه‌وێت کارتی مه‌کته‌ب ببمه‌وه بۆ باوکم و ئه‌ویش له‌باوه‌شم بگرێ ، من ئه‌مه‌وێت له گه‌ڵ (سه‌رهه‌نگ و به‌رزان و ئیقباڵ) پیاسه‌یه‌کی ڕه‌نگ هه‌ناری گه‌ڕه‌کی (سه‌را) بکه‌م ، من ئه‌مه‌وێت تێربم له‌بۆنی خواردنه‌کانی وه‌ستا (ئیمام) چاوه‌کانم پڕبن له دوکه‌ڵی که‌بابه‌که‌ی (حه‌مه میرزا) ، من حه‌ز ئه‌که‌م (حه‌مه‌ی سافه) شوتیه‌ک بشکێنێت و ته‌نها قاژێک بدات به من ، من حه‌ز ئه‌که‌م (عه‌لی غه‌فور) چایه‌کی یاقوتیم بۆ تێکا ،من حه‌ز ئه‌که‌م (حاجی مه‌حمو) به تویوتاکهی بمبات بۆ خه‌سته‌خانه‌و (سه‌ی جه‌میل) ده‌رزیم لێبدات ، (پوره عه‌ینا) ترشیاته‌که‌ی پێ بگات و بۆ ئه‌خیر جار دۆلکهیهکم بۆ پڕبکا . بیرتان ئه‌که‌م هۆ خه‌ڵکی شار ، بیری بۆن و به‌رامه‌تان ، بیری ئینسانهت و هاورێیه‌تیتان ، بیرتان ئه‌که‌م (عه‌لی مامه سه‌عه ، مامۆستا له‌تیف ، شاهۆ گیان)، بیرتان ئه‌که‌م هاوڕێکانی ساته‌وه‌ختی زۆر تهنگانیم (سمه‌ی گۆڵچی ، سمه‌ی جه‌میل ، فه‌لاح گیان) ، بیرت ئه‌که‌م قه‌یسه‌ری (حامی به‌گ) (گۆمه‌که‌ی) پشت ماڵی خۆمان ، ماڵی پاشا ، گوڵان ، بامۆک ، چاوگ و باوه‌کۆچه‌کی ڕه‌نگین ، بیرتان ئه‌که‌م کوڕه قسه خۆشه‌کانی شار ، کچه عاشق و شه‌رمنه‌کانی گه‌ڕه‌ک ، پیاوانی به‌رده‌م مزگه‌وت و سێبه‌ری ژێر داره میهره‌بانه‌کان ، بیرتان ئه‌که‌م ژنانی هه‌موو دایکی شار (دایه توبا ، دایه فاتم ، دایه ئامین ، دایه نه‌جیبه) بیرتان ئه‌که‌م هۆ خه‌ڵکی شار پڕ به ویژدان بیرتان ئه‌که‌م .
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست