بەرپرسە بەعسیەكانى خانەقین و جەلەولا
Monday, 19/11/2012, 12:00
رایەڵ ناوى بەرپرسە بەعسیەكانى خانەقین و جەلەولا بڵاودەكاتەوە
ئا: رایەڵ
ژمارەیەك لەو كەسانەى یەكێتى و پارتى لەناوچە دابڕاوەكان بەتایبەت قەزاى خانەقین و ناحیەى جەلەولا پۆستى حیزبی و حكومیان پێدراوە پێشتر بەعسی یان نزیك بوون لەبەعسەوە.
ئەو كەسانەى پێشتر بەعسی بوون و ئێستا پۆستیان هەیە، بەشێكیان تا ساڵی (2003) كاتى ڕووخانى بەعس خزمەتى ڕژێمیان كردووە ، بەشەكەى تریشیان تا پێش ڕاپەرین بەعسی بوون.
پێدانى پۆست بە بەعسیە كۆنەكان بەتایبەت ئەوانەى تا پێش (2003) بەعسی بوون لە رووى دەرونییەوە كاریگەرى هەبووە لەسەر ئەو خەڵكەى كە پێشتر بەدەست بەعسەوە چەوسێنراونەتەوە.
دیارترین كەسی بەعسی لەقەزاى خانەقین ئیبراهیم عەلی رەزایە كە نوێنەرى ئێستاى تاڵەبانی یە، كە تا پێش (2003) لە خانەقین بووەو نزیكترین كەسی سەباح میرزاى پاسەوانى تایبەتى سەدام حسێن بووە.
سەرچاوەیەكى بەرپرس لە قەزاى خانەقین كە نەیوست ناوى بڵاوبكرێتەوە ، وتى ((خەڵكى خانەقین كاتێك ئیبراهیم دەبینن لەگەڵ بەرپرساندا دەسوڕێتەوە تەواو نیگەران دەبن)).
سەرچاوەكە وتى ((چۆن نیگەران نەبن كە تادوێنێ بەعسی بووە ئێستا كوردایەتیان پێدەفرۆشێت)).
هەروەها (سەرچڵ عەدنان) یەكێكى ترە لەو بەرپرسانەى كە تا پێش (2003) لە جەلەولا بەعسی بووە، بەڵام دواى (2003) لەلایەن یەكێتیەوە هەر لەو قەزایە كراوەتە بەرپرسی كۆمیتە.
بە پێی زانیاریەكانى رایەڵ ، ساڵی (2008) كاتێك عەمید چەتۆ هێزى پۆلیسی بردە ناوچەى تبج خۆرئاواى جەلەولا ، ئەم بەرپرسەى بەسیفەتى بەرپرس كۆمیتە لەگەڵ خۆیدا گەڕاندووە.
سەرچاوەیەكى تایبەت بە رایەلى راگەیاند ((رۆژێك عەمید چەتۆ لە گوندى شێخ باوە كۆبوونەوەى بە ژمارەیەك عەرەب كردووە و لەو كۆبوونەوەیەدا سەرچڵی لەگەڵ بووە)).
بەوتەى سەرچاوەكە، لە كۆبوونەوەكەدا سەرچڵ هەستاوە قسەبكات و ویستوویەتى وەكو بەرپرسێكى كوردى جەلەولا خۆی دەربخات. سەرچاوەكە وتى ((لەوكاتەدا عەرەبێك هەستاوە و وتوویەتى مەگەر تۆ تاساڵی (2003) لەگەڵ ئێمە بەعسی نەبوویت)).
عەقید سەڵاح رەشید بەڕێوەبەرى ئاسایشی گەرمیانى پارتى كە بارەگاكەى لە خانەقینە، یەكێكى ترە لەو بەرپرسانەى كە تاپێش ساڵی (1991) مستەشار بووە.
بەپێی بەڵگەنامەیەك كە لای گۆڤارى رایەڵ پارێزراوە ، عەقید سەڵاح لە بڵاوكراوەكانى سەردەمى بەعسدا وەكو مستەشارێك وێنەى دانراوەو شانازى بە مستەشارێتى خۆیەوە دەكات.
جگە لەوانە مامۆستا یاسین كە بەرپرسی كۆمیتەیە لە قەزاى خانەقین یەكێكى ترە لەو بەرپرسانەى تا پێش رووخانى بەعس جلی سەوزى لەبەر بووە و بەعسی بووە.
هەروەها بەڕێوەبەرى نوسینگەى لێكۆڵینەوەى تاوانە گەورەكانى خانەقینیش بەهەمان شێوە لەسەردەمى بەعسدا بەعسی بووە و پلەى سەربازیشی هەبووە.
بەدەر لەو بەرپرسانە عەمید حسێن كە ئێستا ناوى خۆی ناوە عەمید ((حسێن تاڵەبانى)) بەرپرسی پۆلیسی فریاكەوتنى گەرمیان پێشتر لە سوپاى ئێراق دا تا ساڵی (2003) ئامر سریەى سوپا بووە.
بەدەر لەو بەرپرسانە ژمارەیەكى زۆر لە ئەندام و كارگێر ناوچەى پارتى پێشتر بەعسی بوون و بە ئاشكرا لەناو ریزەكانى پارتیدا لەخانەقین بە (بەعسیەكان) ناو دەرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست