رێکەوتین لەسەر ئەوەی هەرگیز رێک نەکەوین !..
Friday, 04/10/2013, 12:00
1617 بینراوە
ئەم وتەیەی سەرەوە تایبەتە بە عەرەب بەڵام چونکە عەرەب هەرگیز بە ئێستاشەوە و وەک بەردەوام دەبینین و دەبیستین لە هیچ کۆنگرە و کۆبونەوەیەکی ناوخۆیی و دەرەوەیاندا نەیانتوانیووە لەسەر هیچ شتێک کۆدەنگ بن و رێکەون بەردەوام ناکۆک بوون گەرچی لە کۆبونەوەکانیاندا ئامادەگیەکی زۆر هەستی پێ دەکرێت بەڵام زۆرجار لەو کۆبونەوانەدا دەمەبۆڵە و دەمارگیری دروستبووە و هەندێکیان هۆڵی کۆبونەوەکەیان جێهێشتووە و بەردەوام گرفت نائارامی دەرونییان بۆ گەلەکانیشیان دروستکردووە و لە میدیا جیهانیەکانیشەوە بونەتە مایەی بابەتێکی کۆمێدی ،
من لێرە باسەکەم لەسەر عەرەب نیە چونکە ئەوان تەواو کلتور و داب و نەریت و بیر و بۆچونیان لە ئێمەی کورد جیاوازە بەڵام بێئەوەی هەست بکەین خەریکە یان هێندی نەماوە ئەم دەستەواژەیە بەسەر ئێمەشدا دەچەسپێت و لەوانەیە لە ئێمە زیاتر جوان بێت چونکە هەرچی بێت دەوترێت عەرەب 22 دەوڵەتن و ئاساییە گەر هەندێکیان بیروڕای لەگەڵ ئەویتر نەگونجێت ،
بەڵام ئەوەی جێگەی شەرمەزاری و نەشیاویە ئێمەی کوردین کە کەمینەین لەجاو ئەوان ، ساڵانێکی زۆریشە بە ئێستاشەوە سەرباری ئەو هەموو کۆبونەوە و گردبونەوە و کۆنگرە و هاتوچۆی ئەم بۆلای ئەوو ئەو بۆلای ئەم نەتوانراوە رایەکی یەکانگیر و کۆدەنگی و ئەنجاممان دەسکەوتبێت ، تاکی کوردی گەر ئاورێک لەم چەند ساڵەی ژیانی لە کوردستانی بەناو ئازاد و دیموکراسی وەک دەڵێن کە هەرگیز وانیە و ئەم قسەیە لەزۆر روەوە هەڵەیە گەر بە ویژدانەوە لێی بکۆڵیتەوە ، دەبینێت کۆبونەوە و دانیشتنێکی زۆرو زەوەندی سەرجەم لایەن و حیزبەکان ئەنجامدراوە بێئەوەی هیچ دەرەنجام و بریارێکی یەکلاکەرەوەی تیادا درابێت ، زۆرجار بینراوە لە شاشەی تیڤیەکانەوە کە لە فڵانە هاوینە هەوار یان بارەگای فڵانە حیزب یان لایەن یان بە ئامادەیی و چاودێری فڵانە دەوڵەت کۆبونەوە و دانیشتن گرێدرا و بەسترا و ئەوەندە کاژێر یان رۆژەی خایاند و کۆتایی پێهات بێئەوەی هیچ دەرەنجامێکی ببێت کە دواتر جێبەجێ بکرێت یان بخرێتە بەرنامەکاری ئەو لایەنانە لە هەموو ئەم کۆبونەوانەدا نەگەیشتن بە ئەنجام لەسەر بچوکترین خاڵ کە بە تەنازولێکی بچوکی لایەنێک تەنها لەبەرئەوەی لە بەرژەوەندی خودی ئەو لایەنە یان حیزبە نەبووە گەیشتووە بە بەربەست هەرچەند گەر ئەو تەنازولە بەرژەوەندی گەل و نەتەوەشی تیادابوبێت و دیرۆک لە بارەوە زۆر چیرۆک و بەسەرهاتی تیادایە
، گەلی کورد ئەزمونی تاڵ و ژەهراوی هەیە لەگەڵ کۆبونەوەی بێ ئەنجام و کات بەفیرۆدانێکی زۆر کە زۆرجار بەهۆیەوە زەرەر و زیانێکی زۆری ماددی و رۆحی و هەندێکجار گیانیشی لێکەوتۆتەوە ، پێویستە مرۆڤ و تاکی کورد لەو ئەعساب وشکی و دەمارگیریە خۆی رزگار بکات و چیتر بەرژەوەندی تاکلایەنە و خۆویستی نەکاتە بەرنامەی کاری ژیانی و رێکردن بەو ئاقارە چونکە تا بەو شێوەیە بیربکەینەوە کەواتە ئێمە بیرناکەینەوە ،
کەواتە ئێمە خۆمان دەگەوجێنین و کات و سات بەفیرۆ دەدەین ودواتریش تاوانەکە دەخەینە ملی یەکتر یان لایەنێکی گەلەکەمان ، هاوکۆکی و ئۆقرەگرتن لەبەرامبەر یەکتر و گوێگرتن لەیەکتر بێئەوەی قسە بە یەکتر ببرین و دەمارمان گرژ بکەین گومانی تێدا نیە لێک تێگەیشتن و دەرەنجامی بەکەلک و بەرژەوەندی گشتگیریانەی لێدەکەوێتەوە ، چیتر لە جیهاندا ئەو هەڵچون و دەمارگرژی و حساب نەکردن بۆ رای بەرامبەر و گوێنەگرتن لێی کاری پێ ناکرێت و لەمێژە بەسەرچووە ، تەنانەت ئەو دۆخە نالەبار و یەک لەدوا یەکانەی روبەروی گەلەکەمان دەبێتەوە و ئەم رۆژگارەی هێناوەتە پێش بە هەموو شکستەکانیشەوە هەمووی دەرەنجامی گوێنەگرتن و رێزنەگرتنە لە یەکتر و وەرگرتنی شتەکانە بەچاوێکی دوژمنکارانە و گوماناوی کەزۆرجار بەهەڵە شکاوەتەوە و باجەکەشی زۆر گران کەوتوو و هەموومان بە قاعد و قەواعیدەوە تیایدا زەرەر مەند بوین تا ئێستاش .