یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان بۆ؟ سەرنجدانێک لەپڕۆژەکەی گەڵاڵی

Thursday, 19/03/2015, 12:00


مێژووی دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان بەبەراورد لەگەڵ حزبەکانی دیکەی گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان مێژوویەکی کۆن نیە و جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا-ش لەیەکێتی و دروستکردنی بزوتنەوەی گۆڕان پاساوی تایبەتی خۆی هەبوو، کە ئەوکاتە نەوشیروان مستەفا بەچەندین وتار و چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانی و کتێب و نامیلکە ناڕەزاییەکانی خستەڕو، وەکو دەرکەوت خاڵی دیار و جەوهەری جیابوونەوەکە پەیوەندی بەگوێ نەگرتن بۆپڕۆژە چاکسازییەکانی نەوشیروان مستەفاوە هەبووە، بەتایبەت چاکسازی لەئاستی مەکتەبی سیاسی حزبەکەی، ئینجا ئەوە پاساوی لاواز یان ناڕەزایی جدی نەوشیروان مستەفا بوبێ یان نا، سەرئەنجام پڕۆژەیەک بوو خرایە بەردەم سکرتێری گشتی یەکێتی.

لەم قۆناغەشدا ناڕەزاییەکانی دوو جێگرەکە یەکێتی شەق کردووە، بەهەمان شێوەی هەشت ساڵی ڕابردوو ئەمانیش پڕۆژەی چاکسازییان بۆ حزبەکەیان هەیە، بەڵام ئایا گوێیان لێدەگیرێت یان جیابوونەوەیەکی تر ڕودەدات، ئەمە زەمەن یەکلایی دەکاتەوە.

لەگەڵ جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا لەیەکێتی و دروستکردنی بزوتنەوەی گۆڕان کەم تازۆر چەند جارێک باسی یەکگرتنەوەی ئەم دووحزبە کراوە، بەڵام باسەکانی یەکگرتنەوەی ئەم دوو حزبە هیچ کات وەکو ئێستا ڕاگەیاندنەکان و گوێی خەڵکی داگیرنەکردووە، بەجۆرێک کار گەیشتۆتە ئەوەی کەکادیرێک لەئاستی باڵای حزبی پڕۆژەی بۆ یەکگرتنەوەی گۆڕان و یەکێتی هەبێ، بێگومان ئەمەش ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەبارودۆخی ئێستای یەکێتییەوە هەیە.

بەهرۆز گەڵاڵی هەرچەندە کادیرێکی کەم دەرکەوتووی یەکێتییە، بەڵام سیاسەتێکی هێمنانە دەکات و خۆی چەقاندووە لەناو یەکێتیدا.
پڕۆژەکەی گەڵاڵی بۆ یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان لەژێر عاتیفەدا نوسرا بێ یان عەقڵ میوان بوبێ، چەند ئاماژەیەکی لێ دەخوێندرێتەوە:-
١- ئەم پڕۆژەیە ئەوەندەی وەڵامە بۆ سەرکردە ناڕازییەکانی یەکێتی، کەتەنها نەوشیروان مستەفا دەتوانێت لەغیابی تاڵەبانی ئیدارەی ئەم حزبە بدات و جێگرەوەبێت نەک ئێوە، ئەوەندە خەمی یەکگرتنەوەی لێ ناخوێندرێتەوە.
٢- دەکرێ ئەم پڕۆژەیە بۆدروستکردنی ترس بێت لەپای ئەو بێ منەتیەی پارتی کەبەرانبەر گۆڕان و یەکێتی و لایەنەکانی دیکەی حکومەتی بنکە فراوان هەیەتی، چونکە ناشاردرێتەوە کەپارتی هەمیشە ترسی لەیەکگرتنەوەی ئەم دوو حزبە هەیە.
٣- دەکرێ ئەم پڕۆژەیە مەبەست لێی نزیکبونەوەی بنکە جەماوەرییەکەی گۆڕان و یەکێتی یان بۆیەکخستنی هەڵوێستی پەرلەمانتار و سیاسییەکانی ئەم دوو حزبە بێت لەبەرانبەر پرسی تەواوبوونی ماوەی سەرۆکی هەرێم، چونکە ئەمجۆرە لێدوان و پڕۆژانە لەم سەرو بەندەدا کاریگەری کاتی دەبێت لەسەر یەکخستنی گوتاری ئەم دوو حزبە لەئاست ئەم پرسەدا.

٤- ئەوەی لەم پڕۆژەیەدا پەیوەندی بە خودی نەوشیروان مستەفاوە هەیە و دەبێتە پرسیار ئەوەیە: لەڕابردوودا مام جەلال سیاسییەک بووە بەهەموو سلبیاتێکیەوە توانای گوێگرتن و سیاسەتکردنی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا زۆر باشتر بووە لەسەرکردەکانی ئێستای ناو یەکێتی، بەو حاڵەشەوە جیابوونەوە ڕویدا.
ئێستا یەکێتییەک دوای دووساڵ لەنەخۆشکەوتنی سکرتێرەکەی، ئافرەتێک کە ئەلف و بێی سیاسەت نازانێ دەستی بەسەر تەواوی جومگەکانیدا گرتووە و هێز و دارایی یەکێتی هەڵدەسوڕێنێ، ئەو سەرکردە سیاسیانەشی کەنەوشیروان مستەفا لەناو یەکێتیدا کێشەی جدی لەگەڵیان هەبووە لەئێستادا دەوری سکرتێر و وتەبێژی یەکێتی دەبینن، ئایا عەقڵ ڕێگەدەدات کلیلی یەکخستنەوەو ئیدارەدانی یەکێتی بەمشێوەیەی ئێستا نەوشیروان مستەفا وەری بگرێت؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە