نەخشە ڕێگای گۆڕان
Tuesday, 01/04/2014, 12:00
1827 بینراوە
گۆڕان لە ٣٠/٣/٢٠١٤ دا نەخشە ڕێگایەکی داڕشتوە کە پێك هاتوە لە ٤ بەند. وە هەر بەندێك چەندین بڕگە و لق و پۆپی لێ بۆتەوە. ئەم نەخشە ڕێگایە چەندین کەموو کوڕی لە خۆگرتوە. ئەوەی من ئارەزوو ئەکەم لەسەری بدوێم و تیشکی بخەمە سەر تەنها بڕگەیەکی بەندی یەکەمە کە بەم شێوەیە هاتوە: (١-٢-٦) واتە(بەندی یەك/ماددەی ٢/بڕگەی ٦) ئەڵێ(وەك خۆی ئەینووسمەوە) دژە وەستانەوە و بنبڕکردنی گەندەڵی سیاسی و دارایی و ئیداری لە ڕێی چالاك کردنی دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەست پاکی و داواکاری گشتی، سەرەڕای ڕۆڵی ڕەقابی پەرلەمان و دروست کردنی پشکنەرایەتی وەزارەتەکان و کرانەوەی زانیاری بەڕووی میدیادا.
گەر ئەو برگەیە شیتەڵ بکەین بۆ ئەوەی بزانین کەوا چۆن گۆڕان نەخشە ڕێگای هەیە بۆ نەهێشتن و بنەبڕکردنی گەندەڵی(سیاسی،دارایی،ئیداری) ئەوا میکانیزمەکان بەم شێوەیەن(چالاکردنی دیوانی چاودێری دارایی، چالاکردنی دەستەی دەست پاکی، چالاکردنی داواکاری گشتی) ئەمە جگە لە میکانیزمێکی تریش ئەویش(دروست کردنی ڕۆڵی ڕەقابی پەرلەمان و دروست کردنی پشکنەرایەتی وەزارەتەکان و هەروەها کرانەوەی زانیاری بەڕووی میدیاکاندا)
خوێنەری بەڕێز؛ گەر بەگەلێ ووردی لەو بڕگەیە بڕوانین و نەختێ خۆمانی لەگەڵدا ماندوو بکەین و بە حەوسەڵە و نەفەس درێژیەوە لێی بڕوانین، ئەوا ئەبینین کەوا میکانیزمی(سزا دان) بەر چاو ناکەوێ. واتا، ئەمان بۆ ئەوەی دژ بەگەندەڵی و پیسخۆری(بەهەر ٣ جۆرەکەیەوە) بجەنگێن، ئەوا تەنها بەتەمان بە میکانیزمی بەچالاکردن و بەچاودێری کردن دژی بوەستێنەوە. وە ئەمەش بۆ خۆی چارەسەری گەندەڵیەکان ناکا. لەبەرئەوەی بێ بوونی دەسەڵاتی دادگا و ناردنی پۆلیس بۆ دەستگیرکردنی (گەندەڵەکان) مەحاڵە گەندەڵی و گەندەڵ بنەبڕ پێبکرێ. ئێمە هەموان ئەزانین کاتێ یەکێ lلێرە بە تۆمەتی گەندەڵی و پیسخۆری ئەدرێتە دادگا، ئەوا دادگا سزای بەسەردا ئەسەپێنێ. ئەمە بەشێکی گرنگە لەپرۆسەی دژە وەستانەوەی گەندەڵی و هەر تاوانێکی تر کە تاك لەکۆمەڵگادا بیانکا. گەر بێتو ترسی سزا نەبێ، ئەوا نەگەندەڵ لە گەندەڵی خۆی ئەکەوێ و نە تاوانبارانیش لەدەست دادگا و پۆلیس ئەسڵەمنەوە.
جا ڕەنگە پرسیاری ئێمە لێرەدا ئەوەبێ، ئایا بۆ گۆڕان نەهاتوە لەم نەخشە ڕێگایەدا میکانیزمی (سزا) باس بکاو لەهیچ شوێنکی تری ئەم نەخشە ڕێگایەدا باس لە (سزادان) نەکراوە. ئەبێ هۆکارەکەی چی بێ؟ حەتمەن ئەم نەخشە ڕێگایە کەسی ناکارا و نا پسپۆر دای ڕشوە. دەنا هەروەك چۆن ئەڵێن؛ سەریەشە نابێ ،گەر سەر نەبێ. تەلاق نابێ،تا ژنهێنان نەبێ. ئاوهاش گەندەڵی نابێ گەر سزا نەبێ. برادەرانی گۆڕان چونکێ خۆیان بەشێکن لەو سیستمە گەندەڵ و پیسخۆرەی کوردستانی باشوور، بۆیە خۆیان لە قەرەی ووشەو میکانزمی(سزا)بەدوور ئەگرن، ئەگەر نا، ئەوا لە نەوشیروان مستەفاوە ئەبێ دەست پێبکەن وبڵێن(١٠)ملیۆن دۆلارەکەی لە تاڵەبانیت وەرگرت گەندەڵیە و پیوستی بەسزادان هەیە. داگیر کردنی گردی زەرگەتە کەموڵکی گشتیە، گەندەڵیەو پێوستە سزا بدرێت. ئەمە جگە لەماڵەکەی خۆی لە گردی عەلی ناجی و چەندین و چەندین موڵکی گشتی، یان دروستکردنی کارگەی چیمەنتۆ لەگەڵ فاروقی مەلا مستەفا و کۆمەڵێک شتی تر
ئێمە پێمان وایە گۆڕان تا هەنووکە جگە لە دەبڕینی چەند ڕەخنەو گازندەیەك هیچی تری نەکردوە. وەیان بەنووسینی چەند ووتاریك نەیتوانیوە ڕۆڵی پۆزەتیڤانەی (بەرهەڵستکار)ببینێ. لەڕاستیدا کوردستانپۆست چەندین هەنگاوی گرنگ و مێژوویی پیش گۆڕان کەوتۆتەوە. بۆیە پێوستە خەڵك بیر لەگۆڕنکاری لەدەرەوەی بزوونتەوەو حزبی گۆڕاندا بکەنەوە. بەداخەوە گۆڕان هاتوە تەنها بە قسەی زل و زارەوەی قورس نەخشەکەی داڕشوە، دەنا حەز ئەکەم ئەو برادەرانە پێمان بلێن کەوا (پسکنەرایەتی) چیەو مانای چیەو لەچ فەرهەنێگی کوردی دەریان هێناوە.