سەرۆک وەڵامی دایەوە....سەرۆک بێدەنگیشە!
Monday, 28/03/2011, 12:00
سەرۆک وەڵامی دایەوە و بەڵێنیشی دا سێ تا چوار مانگێکی تر پرۆژە چاکسازییەکەی به جى بکات ، لە هەموو کاتێکیشدا سەرشاشەی تیڤیەکانی و بۆنە حیزبیەکانیان ، لێوان لێو دەبن لە وتەی نوێی سەرۆک ، وتەکان تەنها تیۆریە ، ناوەڕۆک؟!! ، لەزۆربەی کات و دیمانەکانیدا سەرۆک دەڵێت دەیکەین و بەڕێوەیە ، لە هەموو کاتێكدا سەرۆک باس لە ڕابردووی خۆی دەکات ، دوواتر دەڵێت لە داهاتوودا گەردەلولی چاکسازی و پرۆژەی خزمەت گوزاری بەڕێوەیە ، لەهەمووکاتێکدا دەڵێت گەندەڵی ناهێڵین و چینایەتی ناهێڵین و دەستی حیزب لە حکومەت جیا دەکەینەوە و هێزی پێشمەرگە یەک دەخەینەوە .. هتد .. بەم شێوەیە سەرۆک کاتەکانی بەڕێ دەکات ، پێم وایە سەرۆک بەم وتانە خۆی لە ڕاستی ئەم دۆخەی ئێستا دور دەخاتەوە ، ئەوەی لە ڕابردوودا بووە ناگەڕێتەوە بۆ ئەمڕۆ ، بەبڕووای من لە دۆخی ئێستادا باس کردنی سەرۆک له چاکسازیەکەی لە داهاتوودا خۆ دەر باز کردنە لە ئێستا ، چونکە گەل ئێستا لەسەر شەقامە و داوای ئێستاى دەکات ، لێوان لێو بووە لە وتە بریقەدارەکانی ڕابردوو ، چیتر خۆی نادات بە دەستی قەدەری داهاتووه وه ، به لكو خۆی داهاتووی خۆی دەنوسێتەوە ، هەر ئێستایش دەکات بە ڕابردووی سبەینێ ، بە دیدی ئەنشتاین : بههیچ شێوهیهك بیر لهداهاتوو ناكهینەوە، چونكه ههرچییهك بێت ئیتر روو دهدات، ئهو چركهساتهی كه ئێستا تێیدا دهژین نه دوێنێ و نه ئهمڕۆ ناتوانێت بیگۆڕێت، لهبهر ئهوه گرنگترین كات ئێستایه كه تێیدا دهژیت.سەرۆک لە هەموو کاتێكدا وتەی دوبارەمان بۆ دەڵێتەوە هەر بۆیە ئەنشتاین دەڵێت : ئهوه شێتییه كه ههمان شت چهندینجار دووبارهی بكهیتهوهو چاوهڕوانی ئهنجامێكی جیاوازیش بكهیت، چونكه چهندباره كردنهوهی شتێك ئهنجامێكی جیاواز نادات بهدهستهوه، ئهگهر دهتانهوێت ژیانتان بگۆڕن، ئهوا دهبێت سهرهتا خۆتان بگۆڕن ، وتەکانی سەرۆک و لۆژیکی سەرۆک هەر ئەوانەی ڕابردووەو باسی دەکاته وه ، هیچ گۆڕانێك لە زه ینی سەرۆک بەدی ناکرێت ، لەهەمان کاتدا دەیەوێت بەهەمان لۆژیک گۆڕان دروست بکات ، هەر ئەمڕۆیش باسی داهاتوو دەکاته وه ، لە دیدی سەرۆكدا ئێستا ونە ، چونکە ئێستاو هه رئیستا گەل داوای گۆڕان دەکات ، بەبڕووای من لەم ئان و ساتەدا هەر باس کردنێک و هەر بەڵێن دانێك بۆ داهاتوو لە گۆڕ نانی ئێستایە ، دەكرێت ئێستا مه یوو بکرێت و لە داهاتوودا گەل تیایدا هەناسەی شادی هەڵمژێت ، بەڵام به داخه وه لە ئێستادا سەرۆک باز دەدات ، گەل ئێستا لە ئاوێنەی ڕاستەقینەی خۆی ڕووکاری ڕاستەقینەی خۆی دەبینێت ، نەك لەئاوێنەی سەرۆک ڕوکاری تەنیا سەرۆک و حیزبەکەی سەرۆک ببینێت ، لەم چرکە ساتەی ئێستادا سەرۆک یان نابیناو کەڕە یان خۆی لە ڕەوشەکە بێئاگا دەناسێنێت ، دۆخێکی نائارام باڵی بەسەر کوردستاندا کێشاوە ، وه لەم چرکەساتەدا تراژیدیاکان لەژێر چەتری سەرۆکدایه ، بەڵام سەرۆک بێدەنگە ، بێدەنگی سەرۆکیش فەرمانی کوشتاری بەکۆمەڵە بۆ کۆمەڵگا بەگشتی ، دیدی سەرۆک ئەوەمان بۆ دەر دەخات گەل برسیەتی و هەموو هەوڵ و داواکاریەکی گەل بۆ نانە و سک تێر کردنە و کارەبا و ئاوە ، بێدەنگی سەرۆک لە ئاست ئەو تاوانە گەورانەی کە تاقم و گروپەکان دەیکەن کوشندە یە ، ئەمڕۆ لە هەولێر گروپەکەی سەرۆك خۆیان لە فۆرمی بەعسیزم دەخزینن ، بە تۆقاندنی گەنجان ، رۆژنامەنوسان ، دوکاندار ، کرێکار ، فەرمانبەر ، .... هتد .. کاتێك گەنجێك دەبردرێت پڕ ناخی دەکرێت لە ترس .. کاتێك بیرمەندو نوسەر و ڕوناکبیرە گەورەکان دەکەونە ژیر زەبرو زەنگی ترس ، بەڵام ئەم کاتە سەرۆک لێی بێدەنگە ، تا هەنوکە گروپەکەی سەرۆک بەردەوامە لە چاندنی ترس ، مارکس دەڵێت : مافی مرۆڤ سروشتێک نییه له سروشتهوه ، بهڵکو ئهنجامی ئهو ههوڵ و بهرهنگاری بوونهوهیه دژی ئهو ئیمتیازاتانهی که مێژوو لهوهچهیهکهوه بۆ وهچهیهکی تر گواستویهتهوه ، بهواتایهکی تر : مافی مرۆڤ بهرههمی بیرمهندی و هۆشمهندییه و ئهو کهسانه دهبنه خاوهنی که هۆشمهندن و بهردهوام ههوڵ دهدهن لهپێناوییدا ... هەنوکە گەل هۆشمەندەکەیە و دەیەوێت دەسەڵاتیش هۆشمەند بکات ،ئێستا تا ئەندازەیەک کە وێنە و ڕەنگ چاك و خراپ وەك خۆیان دەبینن گەل چیتر پێویستی بەوە نەماوە کە تاکە کەسێك لەبری ئه و بڕیار بدات، لەبری فەرمان بدات ، پێویستی بەوە نیە کەسێك هەستێت و پێی بڵێت کامە چاك و کامە خراپ و ... هتد ... لەم دۆخەدا گەل خۆی هەموو ڕووکار و ڕەنگەکان نیشانی دەسەڵاتی کوردی دەدات ، خۆی وێنە و ڕێگا ڕاستەکان نیشانی سەرۆک دەدات ، لە ئێستادا وێنەکان دەکێشێت ، خۆی دەستور بۆ سەرۆک دادەنێت ، نەك سەرۆک دەستور بۆ گەل دابنێت ، سەرباز و سامانی نیشتیمان دەبێت لە خزمەتی دا بێت، نەك لە خزمەتی سەرۆک و گروپەکانی سەرۆکدا بێت ، گەل ئیتر نایەوێت گوێ لەسەرۆک بگرێت ، چونکە 20 ساڵە گوێى لى دەگرێت ، جگە لە ماڵ وێرانی و نەهامەتی و کوشتار و خوێن ڕشتن هیچی دیکەیان لەسەرۆک نەبینی ، بۆیە لە ئێستادا خۆی نەخشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری خۆی ڕێک دەخات ، دەبێت سەرۆک گوێڕایەڵی گەل بێت ، چونکە گەل کورسی پێدەدات و هەر گەلیش بڕیاری لێسەندنەوەی دەدات ، لە دیدی خۆمەوە هەر یەک لە ڕۆشنبیرانی ئێستای کورد ئەوانەی پێنوسەکانیان ڕاست بێژن و بۆ دەربڕینی یەکسانی کاردەکەن ، بەڕۆسۆی کورد دەیان خەمڵێنم، چونکە پێنوس و دەنگە ڕاست گۆکان یەك وشەیان زەمینی ستەمکاران دەهەژێنێ ، لە دیدی ڕۆسۆوە :" هەر کاتێك نەتەوەیەک لە خواکان پێك بێت ، حکومەتەکەیان دیموکراسی پەتی دەبێت . حکومەتێکی ئاوەها بێ کەم و کورت بۆ رۆڵەکانی ئادەمیزاد دابین نابێت " بەڵام بەو سنور دارییانەی کە مرۆڤ هەیەتی دروست کردنی حکومەتێکی وا کە تا ڕادەیەک بێ کەمو کورت بێت کارێکی کردەییانەیە . بەر لەهەر شتێك دەبێت خەتێکی ڕاست و چەوت بەسەر مافی (خواییانە) ی دەسەڵات داران بێنرێت . دووەم جار دەبێت مافەکانی خەڵك دیاری بکرێت . سێهەم جار دەبێت بناغەی گرێبەستی کۆمەڵایەتی قایم بکەین واتا پێک هاتەیەکی یاسایی بێنینە کایەوە کە تیایدا ماف و ئەرکی هەمووان بە گوێرەی گرێبەست دیاری بکرێت . لە دیدی ڕۆسۆوە ئەمە تەنیا حکومەتێك دەبێت کە ئاغاو کۆیلەی تێدا دروست نابێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست