نە من بەم حاشاکردنە لە پیاوەتی دەکەوم و نە شیعرەکانمان فلسێکی قەڵب بۆ ژیانی ژنێکی زیندوو دەکات
Friday, 28/02/2014, 12:00
هەر پیاوە و جنێو بە پیاوەتی خۆی دەدات.. هەر پیاوەو حاشا لە پیاوەتی خۆی ئەکات.. هەموومان سەرکۆنەی ئەم ژنقڕانە دەکەین.. هەموومان شۆک ئەبین.. هەموومان جام ئەبین جام.. کەسێک نیە نکوڵی لەم وەحشیگەریە بکات.. کەس نیە بە ئاستەم بیانویەکیش بۆ ڕەواییدان بەم بێشەرەفیە بێنێتەوە.. ئەی کێ ئەمە دەکات.. ئەی ئەم کوشتارە کەی دەبڕێتەوە؟ شیعرەکانمان کافین بۆ ڕێگرتن لەم هەموو تاوانە؟ ئەی ووتار و چالاکیەکانمان؟ ئەی حکومەت و ئاسایش و دەزگا و ڕێخراوەکانی مافی مرۆڤ؟
بە دڵنیاییەوە هیچ مان نەکردووە و بەم شێوەیە هیچ ناکەین.. نە من لە پیاوەتی دەکەوم و نە شیعرەکانم فلسێکی قەڵب بۆ ژنێک دەکەن و نە چالاکی و خۆدەرخستنەکانمان بەردێک دەنێنە سەر بەردێک .. ئەی چی بکەین ؟؟؟
ئیتر وەختی ئاکشنێکی گەورەیە.. کاتی ڕاپەڕینێکی ئینسانیی و فکری و کۆمەڵایەتیە.. ئەمە نە ئیشی حیزبە و نە حکومەت و نە ڕێخراوەکان . نە بە نوسینی کاڵوکرچی ئێمەومانان دەکرێت و نە شیعرە عاتیفیەکانمان . نە ئەو بیست سی ژنە چالاکوانە داماوانە دەتوانن ئەمە بکەن.. ئەبێ هەموومان بێینە سەر خەت، پێویستە شەقێک لەو ئازادیە هەڵدەین و گوو بکەینە ئەو دیموکراسیە.. ئەبێ میز بکەین بە دیواری بینا شوشەکاندا و بە فکرێکی نوێ بەردبارانی هەموو ئەو نیشانانە بکەین کە پێمان وایە هێمای پێشکەوتن و شارستانین.. ئەمەش کردەیەکی دەستەجەمعییە و دەبێ قوربانی بۆ بدەین.. دەبێ دەستکاری ئازادی بکەین و دەستبخەینە ناو خێزانەکانەوە.. ئەبێ نەشتەرگەرییەکی فکریی لە هەناوی عەشرەت و خێڵ و خانەوادەکاندا بکەین.. ئەبێ ئەو شەرەفە نەعلەتییە لە جەستەی ژنەکان بکەینەوە و چیتر سڵ لە پیاوماقوڵ و سەرۆک عەشرەت و سمێڵ بابڕەکانی خێڵ و خێزان نەکەینەوە..
پێویستە پرسەی ئەو ژنانە بکرێنە کەرنەڤاڵ و لەجیاتی دوو ڕۆژ، دوو مانگ ژنەکانمان بنێرینە سەر شەقامەکان.. پێویستە بەردەرگای ماڵی هەر ژنێکی کوژراو بکرێتە سەکۆی مانگرتنی درێژ مەوادای ژنان و پیاوانی یەکسانی خواز.. پێویستە ئەو وشە قۆڕەی " سوڵحی عەشایەری " و دیوەخانی سوڵح و پێکهاتنی ناو حیزب و دیوەخانەکان لەبن دەربهێنرێن.. پێویستە لەم ڕۆتیناتە بێمانایانە بێینە دەرەوە، دەبێت واز لەو دەستەواژە ستۆکانە بێنین کە هەتا ئێستا کارمان پێکردوون وەک: هەفتەی ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و دەیان شیعاری بێگیانی ڕێخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژنان.. ئەبێ ئەم یەکەم هەنگاوە بنرێت.. هەتا شەرەف لەناو دەرپێی پیاوە بێشەرەفەکان دەردێنین..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست