کوردستان ئاشتبونەوەی دەسەڵات و خەلکی دەوێت
Saturday, 28/02/2015, 12:00
لە دوای راپەرینەوە تا ئەمرۆ،ئەگەرچی گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان بە کەمێک لە مافە نەتەوەییەکانی شاد بوە،بەڵام کێشەی شەری ناوخۆ و گرێدراوی حزبە دەسەلاتدارەکان بە سیاسەتی نادیمۆکراتی ولاتانی ناوچەکەوە وگەندەلی و پێشیلکردنی مافی تاک و کۆمەڵ،قەیرانی بەردەوام و چارەسەرنەکراوی هەرێمی کوردستان بوون.
لە سەرەتای سالی رابوردوشەوە،کێشەی بودجە و موچە رویکردە هەرێمی کوردستان و باری ئابوری کوردستانی تەواو لاواز کرد،لە ناوەراستی ساڵی رابوردوەوە هێرشەکانی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان هێندەی تر قەیرانی ئەمنی و مرۆیی و سیاسی هەرێمی کوردستانیان گەورە کرد.دەسەڵاتی کوردی ئەگەر رۆلی لە دروستکردنی ئەم قەیرانانەدا نەبوبێت،لە چارەسەرکردنی قەیرانەکاندا کارێکی وای پێنەکراوە.
هەرچی کۆمەلگای کوردستانیشە،لەبەر ئەوەی خۆی رێکنەخستوە و بە هزری دەسەلاتخوازی وەک دەسەلاتداران لە کیشەکان نزیکدەبێتەوە،وای بۆدەچێت ئەوەی لە دەسەلاتدا نەبێت ناتوانێت هیچ کارێک بکات و هەر چاوەروانی دەسەڵاتە کێشەکانی بۆ چارەسەر بکات.
خەلکی کوردستان بەرامبەر سیاسەتی حزبایەتی و گەندەلی و نادادپەروەری و شکستی ئەمنی و ئابوری هەرێم، زۆر نیگەرانە،چاوەروانی جوانیەک لەم دەسەلاتە خۆماڵیە کوردیە دەکات بۆ ئەوەی کەمێک پشو بدات و ماوەیەک بحەسێتەوە.لە چەند مانگی ئایندەدا دو بابەتی سیاسی گرنگ دەبنە رۆژەڤی خەلک و دەسەلاتی هەرێمی کوردستان،کە پیوەندیان بە سیستەمی سیاسی هەرێمەوە هەیە،ئەوانەش دەستوری هەرێم و هەلبژاردنەوەی سەرۆکی هەرێمن.یەک لە کێشە گەورەکانی هەرێم ئەوەیە تا ئەمرۆ خاوەنی دەستور نیە و بریارە چارەنوسسازەکانی هەرێم لە ژورە تاریکەکان لە لایەن سەرکردە حزبیەکانەوە دەدرێت،کێشەیەکی تر ئەوەیە کە ئەگەری زۆرە سەرۆکی هەرێم لە رێگەی رێککەوتنی حزبە دەسەلاتدارەکانەوە لە پەرلەمان بۆ دو سالی تر یان بۆ خولێکی تر هەلبژێرێتەوە و پایەکانی حوکمی حزبی بنەماڵەیی بە تەواوای جێگیربکرێت.
ئەگەر رەشنوسی دەستوری هەرێم بە پێی پێوانەی دیموکراتی و بەرژەوەندی نەتەوەیی خەلکی کوردستان چاکسازی تێدا بکرێت و راپرسی لەسەر بکرێت،هەرێم ببێتە خاوەن دەستور،دەسەڵاتی حزبی هەرێم کۆتایی بەلاوەبنرێتت،قەیرانی حوکمرانی هەرێم کەم دەبێتەوە و خەلکی کوردستان پشویەک دەدات و هەندێک لە قەیرانەکان دەخاتە لاوە.
ئەگەر مەسعود بەرزانی چاو لە کلتوری تورکیا و ئیران و عراقی نوێ بکات،خۆی و کەسی تر لە بنەماڵەکەی نەپالێویت بۆ پۆستی سەرۆکی هەریم،وەک چۆن کەمال ئەتاتورک لە جەنگی جیهانی یەکەمدا تورکیای رزگار کرد بەڵام دەسەلاتی تورکیای بەرەو دەسەلاتی بنەماڵەیی نەبرد،وەک چۆن ئیمام خومەینی سالی ١٩٧٩ رابەرایەتی شۆڕشی گەلانی ئێرانی کرد بەڵام هیچ کەس لە بنەمالەکەی نەبونە حوکمرانی ئایندەی ئیران،وەک چۆن لە دوای روخانی رژێمی سەدام (لەگەل کەم و کوری لە حوکرانی عراقدا) دەسەلاتی عراق قوناخی حوکمی بنەمالێی تێپەراند،سەرۆکی هەرێمیش ئەمجارە وابکات ولاسایی حوکمی بنەمالەیی ولاتانی کەنداو و لیبیاو نەکاتەوە، خۆی، یان کەسێکی تر لە بنەمالەکەی نەکاتە سەرۆکی هەرێم،خەلکی کوردستان هەناسەیەکی ئازادی هەڵدەکێشێت و گۆرانکاریەکی جدی لە سیستەمی حوکمرانی هەرێمدا ئەنجام دەدرێت.
خۆ ئەگەر رودەواکانی ئەم چەند مانگەی ئایندەی هەرێمی کوردستان بە دڵی خەلکی کوردستان نەبن و نەبینە خاوەن دەستورێکی دیمۆکراتی و قوناخی حوکمی حزبی و بنەمالەیی بەجێ نەهێڵین،کۆمەڵگای کوردستان لەگەل دەسەڵات ئاشت نابێتەوە و قەیرانی هەرێم هێندەی تر قولدەبێتەوە. ئیتر کۆمەلگای کوردستان دو بژاردەی لەبەردەمدایە، یان خۆی بدات بە دەست ئەم دەسەلاتەوە کە کۆمەلگا بەرەومردن دەبات، یان دور لە هزری دەسەلاتخوازی و لە دەرەوەی دەسەلات خۆی رێکبخات و کیشەکانی خۆی چارەسەر بکات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست