کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لەڕانیە یەكێتى و پارتى بوو بەشەڕیان و مودیر عامێكی گەندەڵیش خەڵات كرا

Monday, 13/05/2013, 12:00


هەڵۆى كێوەڕەش

12 / 5 ڕۆژى جیهانى پەرستاران بوو ئەو توێژەى بەردەوام شەو ڕۆژ لەخزمەتى خەڵك و مرۆڤایەتیدان ، ئەم بۆنەیەش وەك بۆنەو یادەكانى تر غەیرى هەڵرشتنى قسەى گەورەو درۆى بریقەدار نەبێت لەلایەن دەسەڵاتەوە هیچى تر نەبوو ، ڕۆژى جیهانى پەرستاران لەشارى ڕانیە لەلایەن سەندیكا مشەخۆرە حزبیەكەوە كرایەوە بەڵام چۆن یاد و خەڵات دابەشكردن و ڕێز لێنانێك مەگەر هەر خۆیان سەرى لێ دەر بكەن ، لەیەكەم كاردانەوەدا كارمەندانى تەندروستى پارتى بایكۆتى یادەكەیان كردو گرژى كەوتە ناو ستافى سەندیكا حزبیەكەى پارتى و یەكێتیەوە لەهەمووشى ناخۆشترو كارەساتتر خەڵاتكردنى بەڕێوبەرى گشتى تەندروستى ڕانیە بوو لەلایەن سەندیكا حزبیەكەوە لەبەرامبەر ئەو هەموو بێ ڕێزى و سوكایەتیەیى ڕۆژانە بەكارمەندانى تەندروستى دەكات بەدان پیانانى خودى ستافى سەندیكا ، لەجیاتى ئەوەى لەم ڕۆژە ڕێز لەكارمەندانى ماندوونەناسى تەندروستى و پەرستارانى خۆڕاگر بگیرێت ڕێز لەدەسەڵات و حزب نرا ، لەجیاتى ئەوەى مامانێكى بەئەزموونى شارەكە بێت خەڵات دابەش بكات مامانێكى ڕێكخستنیان لەمەڵبەندەوە هێناوە خەڵات دابەش بكات ، لەجیاتى ئەوەى موژدەى زیادكردنى دەرماڵە و دابەشكردنى زەوى و یەكەى نیشتەجێ بوون بدرێت بەگوێی كارمەنداندا ستافە حزبیەكەى پارتى و یەكێتى شەڕیانە لەسەر ئەوەى كامەیان لەپێشەوە بێ ، لاى ئەم سەندیكا حزبیە تەنها 12 / 5 ئى پەرستاران و كارمەندانى تەندروستیە ڕۆژەكانى ترى ساڵ هى ئەوان نیە كەچى لەم ڕۆژەشدا مافیان پێشێل دەكرێ و پەرستاران دەبنە قوربانى شەڕى ناشەریفانەى حزبیانەى ئەوان .



تێبینى ..
زۆربەى زۆرى كەناڵ و سایتەكان باسى ئەم شەڕ و كێشەیەیان كرد ئەمەى خوارەوە لەسایتى هاوڵاتى بڵاوكراوەتەوە .
رۆژی پەرستاران كێشە لەنێوان یەكێتی‌و پارتی_دا دروست بوو
, , | 13. ئایار 2013 17:47

شێركۆ عەبدرەحمان
لەئاهەنگی رۆژی پەرستاران لەڕانیە لەسەر دابەشكردنی خەڵات كێشە لەنێوان نوێنەری پارتی و یەكێتی دروست بوو، نوێنەری پارتی لەسەندیكای كارمەندانی تەندروستی ڕێگری كرد لەدابەشكردنی خەڵات لەلایەن كارگێڕێكی مەڵبەندی 24ی رانیەی یەكێتی.
هۆڵی پێنجی ئازار لەڕانیە گەورەترین هۆڵی ناوچەكەیەو دوێنێ‌ یەكشەممە 12\5 لقی راپەرینی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی كوردستان لەرانیە ئاهەنگێكی بۆ كارمەندانی تەندروستی ناوچەكەو كۆلیژی پەرستاری زانكۆی ڕاپەرین رێكخست.
بەپێی كارنامەی ئاهەنگەكە بێجگە لە وتار خوێندنەوە، بریابووە خەڵات دابەشبكرێت‌و و پێشبركێ‌ لەنێوان كۆلیژی پەرستاری و كارمەندانی تەندروستی و سیمینارو ئاهەنگی گۆرانی و هەڵپەركێ‌ سازبكرێن.
بەڵام هەر لەسەرەتاوە‌و دوای خوێندنەوەی وتار لەدەستپێكی دابەشكردنی خەڵاتەكاندا كێشە لەنێوان یەكێتی‌و پارتیدا دروست بوو، ئەویش كاتێك بوو كە نوێنەری پارتی لەسەندیكای كارمەندانی تەندروستی ڕێگری كرد لەدابەشكردنی خەڵات لەلایەن كارگێڕێكی مەڵبەندی 24ی رانیەی یەكێتی.
بەو هۆیەشەوە بەرنامەی ئاهەنگەكە گۆڕانی بەسەردا هات هەرچەندە دواتر خەڵاتەكان دابەش كران بەڵام راستەوخۆ دوای دابەشكردنی چەند خەڵاتێك ئامادەبوان هۆڵەكەیان بەجێهێشت.
محەمەد ئەحمەد كارمەندی تەندروستی بەهاوڵاتی وتئەندامانی لقی رانیەی سەندیكا سەر بەهەردوو حزبی دەسەڵاتن بەڵام نوێنەری پارتی ڕێگری كرد لەدابەشكردنی خەڵات لەلایەن مریەم سەمەد كارگێری مەڵبەندی 24ی راپەرین، پاش چەند بێنەو بەردەیەك و تێكچونی ئاهەنگەكە ئینجا خەڵاتەكان دابەشكران.
پەرستاران لەوەش نیگەران بوون كە ئەو خەڵاتانەی دانراون بۆ پزیشك و مامۆستایانی زانكۆ بوون نەك بۆ ئەوان لەكاتێكدا رۆژەكە هی ئەوان بووە.
خەدیجە محەمەد موسا پەرستار بەهاوڵاتی وت سەرەتا ئاهەنگەكە مۆركی حیزبایەتی‌و بێ‌ بەرنامەیی زۆری پێوە دیاربوو هیچ بەوە نەدەچوو كە ئاهەنگی پەرستاران بێت ئەوانەی خەڵات كران یان دكتۆر بوون یان مامۆستای زانكۆز یان خەڵكی تایبەت.
وتیشی نەمان بینی پەرستارێك خەڵات بكرێت كە شەونخونی بەدیار نەخۆشەوە دەكات‌و تا بەیانی لەنەخۆشانە دەمێنێتەوە، هەربۆیەش بەشێكی زۆری پەرستاران ئاهەنگەكەیان بەجێهێشت.
خالید رەسوڵ لێپرسراوی لقی راپەرینی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی كوردستان سەبارەت بەدروست بونی كێشەی حزبی، رونیكردەوە كەسێك لەنوێنەرانی پارتی بەمەبەستی دروستكردنی فەوزاو ئاژاوە بەمیزاجی خۆی دەستكاری ناوەكانی كردبوو، لەكاتی خەڵات دابەشكردندا.
وتی ئەوەش وایكرد بەرنامەی دابەشكردنی خەڵاتەكان دوابكەوێت.
پێشیوایە ناكرێت ئەوە ناوبنرێت كێشەی حزبی چونكە لەوانەیە ئەوە بیركردنەوەی حزبەكەی نەبێت، دواتریش كێشەكەمان چارەسەر كردو خەڵاتەكان دابەشكران
لەبارەی نیگەرانی پەرستارانیش لە خەڵاتكردنی دكتۆر و مامۆستایانی زانكۆ لەبری پەرستاران، وتیئێمە بەرنامەمان دانابوو لەدوای چەند برگەیەكی تر وەك گۆرانی و پێشبركێ‌ بەشێك لەپەرستارانیش خەڵات بكەین بەڵام ئەوەبوو كاتەكە بەشی ئەوەی نەكرد سەرجەم برگەكانی ئاهەنگەكە تەواو بكەین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە