تهقهی خۆشیی و گەوجاندنى خهڵکی
Saturday, 18/05/2013, 12:00
لەگەڵ رێزم بۆ ههندێ له ئەندام و لایەنگر و دۆسته داماوهکانی یەكێتى ، بەڵام زۆر زۆر مایەى گاڵتە و پێكەنین و هەزەلیاتە ،كە بەپیشاندانى یەك دوو وێنەى پڕ لەگومانى تاڵەبانى ئاوا خۆش باوەڕ دەبن و قەناعەت دەكەن، لەسەر كەلتورە كۆن و سواو سەقەتەكەى جاران دەڕژێنە سەرشەقامەكان، لەولاشەوە چەكدار و پیاوكوژانى یەكێتى، بەعس ئاسا دەكەونە تەقەى خۆشى و بەهۆیەوه گیانى چەندین كەس دەكەنه قوربانى و , شینى شەپۆڕو مەرگ دەكەنە دیارى ، بە دوسێ وێنەى كۆن و ناراستى تاڵەبانى كەیف و خۆش و شادومان دەبن.
ئەم وێنانە جگە لە سەرانى یەكێتى و خۆشباوەڕانى،هیچ كەسى دیكە باوەڕو متمانەى پێناكات، لەبەر ئەوەى وێنەكە زۆر زۆر كۆنە و،وێنەى ئەو دەمەیە كە یەكەمجار تاڵەبانى نەخۆش كەوت وبەپەلە برایە نەخۆشخانە و چارەسەرى بۆ كرا. من یەك پرسیار لەو كەسە دەكەم كە وێنەكەى بڵاو كردەوە، ئەوەشى كە لاى وایە وێنەكە راست و دروستە، باشە ئەو نەخۆشخانەیەى كە تاڵەبانى لێ كەوتوە، فەنتەڵوسە یان نەخۆشخانەى ئەڵمانیا.ئەرێ كەس بینیویەتى نەخۆش لەنەخۆشخانە بەچاكەت و پانتۆڵەوەبێت؟بەتایبەتى نەخۆشێكى وەكو تاڵەبانى كه تادوێنێش نەیدەتوانى ببزوێت و ،تەنانەت چاویش هەڵبێنێت ،جوداى ئەوە، باشە تو بڵێى یەكێتى لەسەردەمى خەباتى شاخ ساڵانى حەفتاكاندا بێت؟ وا كامێرایەكى ڤیدیۆ یان شڕە مۆبایلێكى دەست نەكەوتبێت تا وێنەیەكى ڤیدۆیى تاڵەبانى پێ بگرێت؟ چى دەبوو ئەگەر بهاتایە تەنها بو ماوەى یەك دەقیقە لێدوانێكى تاڵەبانیان پەخش بكردایە و بەدەنگى خۆى سڵاوێكى تایبەتى بۆ تەقەكەرەكان و یاساشكێنەكانى ئەمشەو بناردایە تا ئێمەش ئەو گومانەمان لێ ببوایەتە واقیع؟
جارێكى دیكە بەداخەوە سەدان جار حەیف و ئەسەف بۆ ئەو كەس و بەڕێزانەى تا ئەمڕۆش بە درۆ قسە باقو بریقەكانى یەكێتى فریو دەخۆن،لەهەمومان باشتر واقیع و راستیەكە دەزانن،وەكو رۆژى رون لایان ئاشكرایە ،كە جارێكى دیكە تاڵەبانى ناتوانێت بێتەوە سەرشانۆى سیاسەت،پەلەقاژەو بێ سەروبەرى و فرەكوێخایى یەكێتى، باشترین گەواهیدەرى ئەوەن كە یەكێتى لە قەیران وپوكانەوەدایە، رۆژ بەرۆژ سست ولاواز و بێ دەسەڵات دەبێت، سەنگ وقورسایى وپایەى بەرەو هەڵدێر دەچێت ،بەڵام هەر لەخوتو خۆڕایى پێیان خۆشە خۆیان بگەوجێنن و لەرێگەى سیناریۆ و وێنەو شتى لابەلاوە قەناعەت بەخۆیان بكەن و، بڵێنن سبەى یان دوسبەى تاڵەبانى دەبێتەوە بەگوێزى ساغ.بەگۆچانە سیحراویەكەى بەكون فەیەكونێك هەموو شتێك یەكاڵا دەكاتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست