سوجدە بردن :لە محرابەوە بۆ مەیخانە...!
Sunday, 22/09/2013, 12:00
2155 بینراوە
دوا داهێنان و شاکار لە ڕیسواییدا لە لایەن کاندیدێکی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستانەوە لە ساتە وەختەکانی کۆتایی بانگشەی هەڵبژاردنە عاجباتی یەکەی کوردستان سوجدە بردن بوو لە یەکێک لە مەیخانەکانی شاری سلێمانی. ئەمەش بە ئومێدی بە دەسهێنانی دەنگی مەیفرۆش و مەیخۆرەکان کە لە ڕوانگەی مەبدەئی ئەم ئیسلامی یانەوە ئەوانە ئەهلی فسقوفجورو فەسادن و قەتلوعامیان حەڵاڵە . لە کاتیکدا هەمو لایەک ئەوە باش دەزانێت کە ئەم کەسانی مەیفرۆش لە کەسە بێ زیانەکانی کۆمەڵگان و هیچ کات نایانەوێت لە ڕێگای دزی و گەندەڵی و سەرکوتەوە بژێوی خۆیان و خانەوادەیان پەیدا بکەن وەک ئەم ئیسلامی یانە.
بە ڕاستی ڕیسوایی یە بۆ لایەنێک کە تا پێش هەڵبژاردن لە محرابی مزگەوتەکانەوە بانگشەی قەدەغەکردنی مەیفرۆشی و سزادانی مەیفرۆش و مەیخۆرەکان دەدەن بەڵام ئامادەن لەسەرو بەندی هەڵبژاردن لە مەیخانەدا سوجدە بەرن وکڕنوش بەرن تا دەنگی زیاتر بەدەست بێنن ئەمەش بەناوی ئەوەی ئیسلامی میانەرەو و دیموکراسین و لە سایەی دەسەڵاتی یاندا هەمو کەس بە جیا لە بیروباوەرو پیشەیان دەتوانن ئازادانە بژین.
بەڵام ئەم دوو ڕویی یە لە سوجدە بردنی محرابەوە بۆ مەیخانە نەک هەر مانای بەهێزی یان نی یەو ژێر پێی یان بەهێز ناکات لەنێو کۆمەڵگای ئازادیخوازی کوردستان بەڵکو نیشانەی لاوازو ڕیسوایی یانەو بگرە ڕیسوا تریان دەکات و دەبێتە یەکێکی تر لەو هەزاران بەڵگانە کە چۆن ئەمانە لە پێناوی بەشداری لە دەسەڵاتێکی سەرکوتگەرو گەندەڵدا ئامادەن بازرگانی بە پیرۆزترین بیروباوەرە بنەمایی یەکانی خۆیانەوە بکەن .
هەڵبەت جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان کە ئەم کارەیان بە داهێنانێکی نوێی سەردەمی هەڵبژاردن ناوبرد باش دەزانن کە ئیتر ئەم ئیسلامی یانە جگە لە کۆمەڵە بازرگانێکی خوێنی بودەڵە بە ژیانی خەڵکەوە زیاتر شتیکی ترنین و هیچ شتێک کۆیان ناکاتەوە لەگەڵ ئەم کۆمەڵگایەداو تەنها ئامرازێکن بە دەست ڕژێمە کۆنەپەرستەکانی ناو چەکە و جهان لە ئێران و تورکیاو سعودیەو قەتەرەوە تا ئەمریکا هاوپەیمانەکانی بۆ سەرکوتی کردنی هەر دەنگ و ڕەنگ و بزوتنەوەیەکی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی.
هاوکات هەمو لایەک باش دەزانێت گەر ئەمانە لە دەسەڵاتدا بن هەر وەک دەسەڵاتە کۆنەپەرستەکانی ئیران و سعودیەو رژێمە کۆنەپەرستەکانی تر دەبن بەڵام ئەمرۆ تا گەیشتن بە دەسەڵات ئەم جۆرە لە سوجدە بردنیشیان پێویستە.
بۆیە ئەوەی کە گومانی تیادا نی یە لێرەدا ئەوەیە کە بەهەر ڕادەیەک کۆمەڵگا لە دەستی ئەم ئەم ئیسلامی یانە، لە ڕویی فکری و سیاسی و کەلتوری یەوە، دورە بێت بەو پلەیە ئازادی و یەکسانی زیاتر دەستەبەر دەبێت بۆ مرۆڤەکان.
٢٠-٩-٢٠١٣