قۆناغی جەماوەر
Saturday, 02/11/2013, 12:00
1881 بینراوە
جەماوەر لەپێناسەی سیاسەتدا ئەکەوێتە قۆناغی سێیەمەوە.. قۆناغی یەکەم دەسەڵات و ئەو پارتانەی فەرمانڕەوان. قۆناغی دووەم کە ئەشێ وەك تارمایی دەسەڵات بێ، بریتیە لە ئۆپۆزیسیۆن، کە ڕەنگە هەندێ جار لەتەك حزبی فەرمانڕەوە پێکەوە ڕۆڵ و ئەرکی خۆی ببینێ و چاودێری پرۆسەی سیاسی بکات. لە دەرەوەی بازنەی فەرمانڕەوایەتی، جەماوەر ئەکەوێتە نێوان هێڵی تەماس و بەچاوێك سەیری پارتە دەسەڵاتدارەکان ئەکات و بەچاوی دووەمیش تەماشای پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان ئەکات. بەم جۆرە پرۆسەی سیاسی بەڕێوە ئەچێ و لە زۆربەی سیستمە مۆدرێن و دیموکرات و پێشکەوتوخوازەکاندا جەماوەر لە ڕێگای پارتە ئۆپۆزیسێۆنەکانەوە ئەو ڕۆڵەی خۆیان بۆ ئەوان جێدێڵن و خەریکی ژیانی سادەی خۆیانن، مەگەر چەند جاری گەر قەیرانێك بێتە ئاراوە، لێ لە زۆربەی کاتدا جەماوەر تەنها ڕۆڵی تەماشاکەر ئەبینین.
ئێمە وەك کەسی ڕەخنەگر و دڵسۆزرو خەمخۆری گەلەکەمان هەر لە سەرەتاوە دەستمان کرد بە دەست نیشانکردنی هەرچی دیاردەی نامۆ و پیسخۆریی و گەندەڵیی سیاسیی هەردوو لایەنی دەسەڵات (پارتی و یەکێتی). ئێمە گەلێ بەڕاشکاوانە و بێسڵەمینەوە هاتین و لە ڕێگای کوردستانپۆستی بوێرەوە دیواری ترس و وەهیمی سەرکردەی فشەڵی بارزانی و تاڵەبانیمان سووك و ڕیسوا کرد و هەرچی بن بەڕە بوو خستمانە سەر بەڕە. درێغیمان لە هیچ کام لەم دوو خیانەتکارانە نەکردوە و پڕ بە پێستی خۆیانمان بۆ گەلەکەمان باس کردووە.. ئەرشیفەکانمان گەواهیدەری ئەو ڕاستیەن و پێوست ناکات زۆر بگەرێنەوە بۆ دواوە. ئەوەی مەبەستی ئێمە بوو دەست خستنە سەر ئەو هەموو کەم و کوڕیی و نەهامەتیانەیە، کە ئەم دوو بنەماڵەیە بەسەر کوردیان هێناوە. بۆیە ناچار بووین بێدەنگی هەڵنەبژێرین لە ئاست ئەو هەموو ملهوڕی و زوڵم و ستمەی لەگەلەکەمانیان کردووە. ئێدی ئەمە کاری مرۆڤی دڵسۆز و خەمخۆرە و لەهەمان کاتیشدا ئەرکێکی نیشتمانی و مۆڕاڵی تاك بە تاکمانە بەرانبەر بە مێژووی خۆمان و گەلەکەمان. بۆیە ئەم کارەشمان هەڵبژارد تەنها بۆ ئەوەی میللەتی ئێمەش وەك میلەتانی تر خۆشبەختانە بژین و لە سایەی سیستمی یەکسانی و دیموکراتی ژیان بگوزەرێنن. دەنا ئەوەی مرۆڤێکی تر ووشیار بکاتەوە و هەوڵی فەراهەمکردنی ژیانی پڕ بەشایستەی مرۆڤایەتی بکات، ئەرکێکی مۆڕاڵی و مرۆڤایەتییە و بێ شك ئەبێ هەموو کەسێ بیانکات.
خۆشباختانە کوردستانپۆست و نووسەرەکانی توانیان لە ناساندنی قۆناغی یەکەم (قۆناغی دەسەڵات) گەلێ سەرکەوتوو بن و هەوڵەکانیان پشت بەست بە چەندین بەڵگەی مێژوویی و فاکتی سەردەم خستە سەر سینیەکی ئاڵتوونی و پێشەکەشی جەماوەرەکەی کرد. لە ماوەی کارکردنی هەردەم هەوڵی ئەوەمان داوە، کە ڕاستگۆ بین لەگەڵ گەلەکەمان و سازشمان لە سەر مافەکانی نەکردووە. بۆیە کێرڤی هەردەم لە هەڵکشاندا بووە و ڕۆژ دوای ڕۆژ خوێنەر و بینەر و بیسەری لە زیاد بووندایە. ئەم جۆرە لە خەبات ئەرکێکی گەورەتری خستبووە سەر شانی دوا بەیەکمان کەوا لەو هێڵە سوورە لانەدەین کەوا ناوی بەرژەوەندی گەلەکەمانە و واز لە مافەکانی نەهێنین.
پاش ئەو قۆناغە گرنگە، قۆناغی ئۆپۆزیسێۆن بوونمان خستە سەر سکە و هاریکاریمان کردن و وویستمان ئەو ئەزموونەش تاقی بکەینەوە کەوا کوردستان وەك هەر شوێنێکی تر پێوستی پێی بوو، ئەویش لەگەڵ بوونی دەسەڵات، بوونی ئۆپۆزیسێۆنیش. دیارە بۆ ئەمەش چەندین هەوڵی جدیمان دا و لەهەمان کاتیشدا باوەڕمان بەوە هەر هەبوو، کە ئەم دەسەڵاتە ناتوانێ لەگەڵ کەشی ئۆپۆزسێۆن بووندا هەڵبکات و گوێ لە داواکانیان بگرێ، چونکە ئەم دەسەڵاتە بنەماڵەییە هەروەك ئەوانەی سووریا و عێراقی سەردەمی سەدام و لیبیای قەزافی باوەڕیان بە چاکسازی نییە و هیچ ئامرازێکی لەو شێوەیەیان لا دەست ناکەوێ، لێ هەرچۆنێك بێ وویستمان گەلەکەمان هەندێ دەرفەت بەم قۆناغەی دووەمە (قۆناغی ئۆپۆزیسێۆن) بدات تا هەر هیچ نەبێ بۆ مێژوو بڵێن ئەمەشمان تاقی کردەوە. کەچی سەد حەیف ئەو قۆناغەی ئۆپۆزیسێۆن لەبەرئەوەی تەنها وویستیان دەنگی ناڕەزایی کپ بکەنەوە سەرقاپی بۆ دابنێن، کە ئەمەش کاری ئەوان بوو، بەڵکە ئەبوو دەنگە ناڕەزا و تووڕەکان ڕێك بخەن و بیخەنە سەر ویستگەی ڕاپەڕین و هەڵپژان. ئەمان ئەم کارەیان نەکرد و تەواوی پێچەوانەکەیان هەڵبژارد.. بۆیە هەنووکە ئەبینین کەوا ئەمانیش هەر لەخەمی پارە و پۆستن و وەك دەسەڵات خەریکی دزی و فزین. ئەوەتا ئەندام پەرلەمانەکانی ئۆپۆزیسیۆن وەك هی دەسەڵات پارەی خانەنشین و خەڵات وەرئەگرن، کە ئەبوایە کاری وایان نەکردایە. بۆیە ئێمە بۆ ئەم قۆناغەش قسەی خۆمان کرد و هەر زوو ئۆپۆزیسیۆنمان ئاگار کردەوە هەموو هەڵە و کەم و کوڕییەکانیانمان باس کرد و چیتر لێیانمان قبوڵ نەکرد و ئەوانیشتمان خستە بەر چەکوشەکەی کوردستانپۆست.
وا ئێستا بەتەواویی هەردوو قۆناغەکەی یەکەم و دووەم (دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆن) بۆ خەڵکی کوردستان ئاشکرا بوو، دەرکەوت ئەوانەی ئێمە لە کوردستانپۆست ووتوومانە هەموو ڕاست و دروست دەرچوو. بۆیە ئێدی کاتی ئەوە هاتووە جەماوەر دوا قسەی خۆی هەبێ و چیدی پەنا نەباتە بەر ئەو پەیام و پەیمانانەی هەریەك لە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن. باشتر وایە تۆپەکە لە گۆڕەپانی خۆی نەخاتە گۆڕەپانی کەسی ترەوە. ئیتر کاتی ئەوەیە قۆناغی سێیەم (قۆناغی جەماوەر) بەتەواوی دەست پێبکات و خۆیان بتوانن ڕۆڵی مێژوویی خۆیان ببینن و مافەکانی خۆیان بەشێوەیەکی ڕادیکاڵانە هەوڵی بۆ بدەن تا بتوانن مافەکانی خۆیان چنگ بکەوێت، نابێ ئەوەشمان لەیاد بچێت کەوا (ماف ئەسێندرێ، نادرێ).