راگەیاندنی رۆژنامەگەری ئەمرۆ د. فایق گوڵپی وەك یەكەمین شایەتحاڵی رووداوەكانی 17شوباتورۆژانی دواتر لەدادگا ئامادەبوو
Wednesday, 25/05/2011, 12:00
لەچوارچێوەی هەوڵەكانی ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی كوردستان بۆ بەدواداچوونو بەرەوپێشبردنی دۆسیەی تاوانبارانی رووداوەكانی 17 شوباتو رۆژانی دواتر ئەمڕۆ د. فایق گوڵپی وەك یەكەمین شاهید لەبەردەم دادگاو لیژنەی لێكۆڵینەوەی سلێمانی ئامادەبوو، ناوبراو وەكو شایەتحاڵێك لەرووداوی رۆژی 20 ی شوبات كەلەبەردەم خەستەخانەی ئەهلی سلێمانی روویداو بوو بەهۆی شەهیدبوونو برینداربوونی چەند كەس لەوانە شەهیدان سوركیو و شێرزاد شایەتی خۆی پێشكەشكردو بۆ دادگای روونكردەوە بەچاوی خۆی رووداوەكانی ئەو رۆژەو ئەو تاوانبارانەی بینیوە تەقەیان لەخۆپیشاندەران كردووەو بەهۆیەوە چەندین كەسیان بریندارو شەهیدكردووە..
هەڵبەت لیژنەی دادوەری لێكۆلینەوەی سلێمانی وتەكانی وەكو یەكێك لەشایەتحاڵە گرنگەكانی ئەو دۆسیەیە تۆماریكرد، لەبەرئەوەی تاكو ئێستا لەدۆسیەی 17 شوباتو رووداوەكانی دواترداو شایەتەحاڵی تر وەرنەگیراوە، بۆیە ئێمە وەكو "ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی كوردستان" بۆ سەرخستنی پرۆسەی دادگایكردنو رادەستكردنی بكوژان بە دەسەڵاتی دادوەری داوا لە هەموو ئەو كەسانە دەكەین كەبەچاوی خۆیان رووداوی تەقەكردنو برینداركردنو شەهیدكردنی هاوڵاتیانو خۆپیشاندەرانیان بینیوە هاوكاری دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی بكەن بەمەبەستی دەرخستنی راستیەكانو رادەستكردنی تاوانباران بۆ بەردەم دادگاو ساغكردنەوەی تۆمەتەكان لەسەریان بەپێی یاساو سەپاندنی توندتریان سزا بەسەریاندا، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی كاتی مەیدانی ئازادی بەیاوەریو هاریكاری پارێزەرە بەرێزە خۆبەخشەكان لەم دۆسیەیەدا هەموو ئەو شایەتحاڵانە دڵنیادەكاتەوە كە رێكاری یاسایی پێویست بەهاوكاری دادگاو لیژنەی لێكۆڵینەوەی سلێمانی دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی ناویانو مانەوەیان بەنهێنی لەحاڵەتی پێویستبوونیدا، وە داوا لەهەموو خەڵكی ئازادیخوازو عەدالتەخوازی شاری سلێمانیو دەوروبەری دەكەین كەبەدەم ئەم بانگەوازە بێنو بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندی بە ئەنجومەنەوە پێوە بگرن..
25/5/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست