ژه‌نه‌ڕاڵه‌ خائینه‌کان

Monday, 21/03/2011, 12:00




له‌ هه‌موو چیرۆکه‌کانی ژیاندا، هه‌میشه‌ گروپێکی خائین و خۆفرۆش هه‌ن، که‌ بێ هیچ به‌ربه‌ستێکی ئایدیاڵی و یاسایی و بێ گوێدان به‌ پێگه‌ی مێژووییان له‌ چیرۆکه‌کاندا، خائینن، هه‌میشه‌ بێقه‌رار خۆفرۆش و بێ واده‌ ناکه‌س به‌چه‌ و ڕێگرن، گروپێکن که‌ هه‌رکاتێک ده‌ستیان بگات به‌ ده‌ستی ئه‌هریمه‌ن و داگیرکه‌ران، ته‌وقه‌ ده‌که‌ن و وێنه‌ی باوه‌ش پێکداکردنی خۆیان و که‌سانی وه‌ک سه‌دام حوسه‌ین بۆ یاده‌وه‌ری ده‌چرکێنن. گروپێکن که‌ به‌ناوی پارتی داکۆکی له‌ میلله‌ت و حیزبی دژایه‌تی کردنی ده‌ره‌به‌گ و پارتی کۆمۆنیزمی ئیسلامی نه‌ته‌وه‌یی و حیزبی یه‌کێتی دیموکراتی گه‌ل و پارتی پیرۆزی خاک و خۆڵی نیشتیمان و کۆمه‌ڵه‌ی جه‌نگاوه‌ره‌ ده‌ره‌جه‌ یه‌که‌کانی کوردستان و ...تادوایی، دێن و به‌رده‌وام ده‌مامکی ئه‌ستور تر و گۆچانی زه‌رده‌شتی تر ده‌گرن به‌ ده‌ستیانه‌وه، به‌کورتی ڕێوین و له‌ پێستی شێردا دێن و دز و خاک و خۆفرۆشن و له‌ شێوه‌ی شۆڕشگێڕ و پێشمه‌رگه‌ و سه‌ربازی میلله‌ت و سه‌رۆک و سکرتێردا دێن و که‌تافی و کورد پۆشی له‌ ڕواڵه‌تیاندا به‌ شێکه‌ له‌ نمایشی ده‌مامکه‌کانیان. گروپێکن که‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ شان به‌شانی مامه‌ڕیشه‌کان و شه‌هید ئارامه‌کان و چێ گیڤاراکان و غاندیه‌کان و که‌مپینه‌کانی مافی مرۆڤ و ئازادی دا ده‌رده‌که‌ون، به‌ڵام هه‌رزوو به‌ بێ ویستی خۆیان ده‌مامکه‌کانیان له‌ زۆر جێگه‌ی دیاردا لاده‌ده‌ن و ده‌ست ده‌که‌ن به‌ ڕاپۆرت نووسین بۆ نوسینگه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی موخابه‌راته‌ خوێناویه‌کانی وه‌ک که‌ی جی پی رووس و مۆسادی ئیسڕائیل و ساواکی جاران و ئیتڵاعاتی ئێستا و میتی تورک و غورفه‌ی موخابه‌راتی به‌عس له‌ به‌غداد و هه‌رچی ده‌وائیراتی موخابه‌راتی هه‌یه. گروپێکن له‌ ناو مێژوودا نامۆ نین، مێژوو پڕه‌ له‌ یه‌هوزاکان، ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان له‌ خاچ دانی مه‌سیحدا هه‌یه، ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان له‌ کوشتن و خستنه‌که‌مین و فرۆشتن و به‌ده‌سته‌وه‌دانی مامه‌ ڕیشه‌کان و عه‌لی بۆسکانیه‌کان و عه‌لی عه‌سکه‌ریه‌کان و عه‌لی کوڕی ئه‌بوتاڵیبه‌کان و عیسای مه‌سیح دا هه‌یه. گروپێکی ترسناک که‌ به‌خێرایی له‌لایه‌ن ده‌زگا به‌رژه‌وه‌ندی خوازه‌کانی دونیاوه‌ هاوکاری ده‌کرێن، به‌ خێرایی مێژوویه‌کیان له‌ وشکه‌که‌ڵه‌ک بۆ دروست ده‌کرێت و ده‌کرێن به‌ باوکی شۆڕشی ئازادی و باوکی ڕۆحی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌بنه‌ خاوه‌نی ناوی زل و قه‌به‌ و له‌ ناواخندا به‌تاڵ و خوێناوی و بێنوێژ.
بێگومان ئه‌م کۆمه‌ڵه‌ و حیزب و سه‌رۆک و سکرتێرانه‌ی که‌ له‌سه‌ره‌وه‌ به‌ گروپ ناوم بردن، کاریگه‌ریه‌کی گه‌وره‌ دروست ده‌که‌ن له‌سه‌ر سه‌رده‌مه‌که‌ی خۆیان و ته‌نانه‌ت ئاینده‌ش، وه‌ به‌شێوه‌یه‌کی ترسناک بۆمبی به‌هێز له‌سه‌ر بنه‌ما کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و کۆنتاکته‌ ئابوریه‌کان و ئاراسته‌ سیاسیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان داده‌نێن و زه‌بری گه‌وره‌یان پێده‌گه‌یه‌نن، وه‌ ته‌نها چاره‌سه‌ر بۆ کۆتایی ئه‌و زیانانه‌ی که‌ مشکی عه‌مباره‌کان له‌ ئازڵوقه‌کان ده‌ده‌ن، بێگومان وه‌ده‌رنانیانه‌ به‌هه‌ر ڕێگایه‌ک بێت، که‌واته‌ ته‌نها چاره‌سه‌ر بۆ ده‌رباز بوون له‌ بن عه‌لی و حوسنی مبارک و قه‌زافی و ئه‌مساله‌کانی وه‌ک ئه‌وان وه‌ده‌رنانیانه‌ له‌ سه‌ر زه‌مین و له‌سه‌ر کورسی و جبه‌خانه‌کانی کوشتار و سیخوڕی و چاڵه‌ نه‌وته‌کانی درا و کارت بانکی بازڵی سویسرا.
ئه‌گه‌ر ورد تر سه‌یر بکه‌ین ده‌بینین بۆ وه‌ده‌رنانی ئه‌و ڤایرۆسانه‌ی که‌ ده‌بنه‌ هۆی نه‌خۆشی له‌ له‌شی مرۆڤدا، له‌سه‌ره‌تادا دانپێدانانی نه‌خۆش به‌ نه‌خۆشیه‌که‌یدا له‌ هه‌موو شت گرنگتره، ئه‌مه‌ کاتێک ته‌رجه‌مه‌ ده‌که‌ین بۆ ده‌رباز بوون له‌ ڤایرۆسه‌ خائنه‌کانی ناو چیرۆکه‌کان، ده‌کاته‌ بڕی هۆشیاری کۆمه‌ڵگا، که‌واته‌ کاتێک له‌ چیرۆکه‌کاندا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و په‌ڕه‌گرافانه‌ی که‌ خائین و یه‌هوزاکان و خوێنڕێژ و نیشتیمان فرۆش و نه‌وت فرۆش و میلله‌ت فرۆشان و تیرۆریسته‌ ده‌مامکداره‌کان ده‌کرێن به‌ عیبره‌ت و ئیمزا بۆ وه‌ده‌رنانیان کۆده‌کرێته‌وه‌ و نامه‌ و ته‌کلیفه‌ سیاسیه‌کانیان ده‌خرێنه‌ ناو زبڵدانه‌کانی به‌رده‌رکی سه‌رای ئازادیه‌وه و حورمه‌ت و ناوی زل و مێژووی وشکه‌که‌ڵه‌کیان ده‌ڕمێ، ئه‌و ده‌مه‌ ئه‌و ساته‌ وه‌ختانه‌ن که‌ کۆمه‌ڵگاکان تیایدا بڕی هۆشیاری و تێگه‌یشتن و بیرکردنه‌وه‌ و خه‌یاڵیان ده‌گاته‌ ئاستێک که‌ له‌سه‌روو پلان و فێڵ و گه‌مه‌ی خائینانه‌وه‌یه، ده‌توانن به‌ئاسانی سه‌رۆکی خائین ببینن که‌ چۆن له‌گه‌ڵ موخابه‌راتی داگیرکه‌راندا ده‌ستی تێکه‌ڵکردووه‌ و له‌ژێر کۆنتڕۆڵی عیسا پژمانه‌کان و ته‌ها محێدین مه‌عروفه‌کان و ئه‌تاتورکه‌کاندان، تێده‌گه‌ن که‌ چ ئامانجێکی هاوبه‌ش هه‌یه‌ له‌ نێوان سه‌رۆک و فڕۆکه‌وانێکی تاوانباری کۆ کوژ و قواتی عابد عدنان حرس جمهوری و سوپای پازداران و قه‌رارگای ڕه‌مه‌زان و چه‌نده‌ها کۆڕ و ئاهه‌نگ و کۆبوونه‌وه‌ی ترسناکی نێوان شوان و گورگه‌کاندا.
بێگومان کاتێک کۆمه‌ڵگا پێکه‌وه‌ ده‌گه‌نه‌ ئاستێکی هۆشیاری وه‌ها که‌ خائینه‌کان ناتوانن کۆنتڕۆڵی بیرکردنه‌وه‌ و پرسیار و گومانه‌کانیان بکه‌ن و یه‌قینیان لێبشارنه‌وه، ئیدی له‌وێوه‌ کۆتایی ته‌مه‌نی پیاوه‌ گرگنه‌کان ده‌ست پێده‌کان و خۆری ئازادی له‌ چیرۆکه‌کاندا هه‌ڵدێت و ڕۆبنهوده‌کان له‌ ساته‌وه‌ختی مێژووی و هه‌ستیاریی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و فه‌رهه‌نگیدا ده‌رده‌که‌ون و تیری عه‌داله‌ت ئه‌نێن به‌ گوریسه‌که‌نی سێداره‌ و خنکاندنی ئازادی و عه‌داله‌ته‌وه‌ و مێژوو له‌ بن هه‌نگڵی پاوان خوازان و خوێن مژ و خاوه‌ن زیندانخانه‌ سیاسیه‌کان و خائیناندا ڕزگار ده‌که‌ن و شکولاته‌ به‌سه‌ر مناڵانی وه‌ک گه‌رمیانه‌کان و ڕێژوانه‌کاندا ده‌به‌خشنه‌وه‌ و کۆتای به‌ ته‌قه‌ی بیکه‌یسیه‌ گێل و کاڵفامه‌کانی کۆتایی سه‌ده‌ی بیست ده‌هێنن.
کاتێک که‌ سه‌رنج له‌ مێژووی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک بده‌ین، تێده‌گه‌ین بۆ ئێستای له‌م ئاسته‌دایه‌ و ده‌شتوانین پێشبینی ئاینده‌شی بکه‌ین، ئه‌مه‌ بۆ یه‌ک مرۆڤیش مانای هه‌یه‌ و پێگه‌ی خۆتت له‌ ناو چیرۆکه‌که‌دا پیشان ده‌دات، بۆیه‌ له‌ کۆتایدا ده‌توانین بیر له‌وه‌ بکه‌ینه‌وه‌ که‌ مێژوو چ مه‌دالیایه‌ک ئه‌کات به‌ به‌رۆکته‌وه و چیت به‌ش ده‌دات و چۆن ئه‌تگێڕێته‌وه؟ یان ماهیه‌تی تۆ له‌ به‌رده‌رکی سه‌رای ئازادیه‌کانی هه‌رجێگه‌یه‌ک وه‌ک هاوڵاتیه‌ک چیه‌ و گرنگی که‌سێک که‌ به‌بارته‌قای هه‌زار پیاوی عه‌نتیکه‌ گومان و پرسیار و فایلی خوێناوی و زیندانی سیاسی و ئه‌نواع و ئه‌شکاڵ جۆر مه‌دالیای ئێرانی و تورکی و عه‌ره‌بی و ئیتاڵی و ئه‌مه‌ریکی به‌دوای خۆیدا ڕاده‌کێشێت، چییه؟ ئه‌م پڕسیاره‌ و وه‌ڵامه‌که‌شی بۆ تۆ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بابه‌ته‌که‌ دور نه‌که‌ومه‌وه.
له‌کۆتایدا بیری دێڕه‌ شیعرێکی حاجی قادری کۆیم ده‌که‌وێته‌وه‌ که‌ باس له‌و بێ ناو و گرگنانه‌ ده‌کات که‌ سه‌وادی ئه‌عزه‌می قوسته‌نتنیه‌ کردوونی به‌ سه‌دڕی ئه‌عزه‌م و ئه‌ڵێت: (سه‌وادی ئه‌عزه‌می قوسته‌نتنیه، گه‌لێ بێناوی کرده‌ سه‌دڕی ئه‌عزه‌م)
مێژووی ئێمه‌ش و چیرۆکی ئێمه‌ش له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێکدا بێ ڕۆڵی گه‌وره‌ی خائینان و ناکه‌س به‌چه‌ و خاکفرۆشان تێنه‌په‌ڕیووه و له‌ مێژووی میرنشینه‌کانه‌وه‌ بۆ کۆنتر و بۆ نوێ تر و تا هه‌نوکه‌ش به‌رده‌وام ئه‌و گروپ و سه‌رکرده‌ و ژه‌نه‌ڕاڵ و سه‌رۆک عه‌شره‌ته خائینانه‌ له‌ مه‌یدانه‌کانی سیاسه‌ت و ئابوری و حکومڕانی و فڕۆشتنی خاک و نه‌وت و ته‌نانه‌ت له‌ هه‌موو جێگه‌یه‌کدا هه‌ن، به‌ڵام جیاوازیه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌مڕۆ ئالیه‌تی چه‌واشه‌کاری و خۆسه‌پاندنه‌کانیان له‌ کۆتایی کارکردندایه‌ و به‌هۆی فراوان بوونی ته‌کنه‌لۆژیای په‌یوه‌ندیه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانه‌وه، گرنگی ڕاپۆرته‌ سیخوڕیه‌کانیشیان له‌ بچوکبوونه‌وه‌یه‌کی خێرادایه‌ و زه‌مه‌نیان له‌م به‌شه‌ی چیرۆکه‌که‌دا به‌ره‌و کۆتایی و ئاوابوون و نغرۆ بوون ده‌چێت، به‌هۆی فراوان بوون و گه‌شه‌ی هۆشیاری سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵگای کوردی و تێپه‌ڕاندنی ئاستی بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌وگروپانه‌ له‌لایه‌ن شه‌قامی کوردییه‌وه. چونکه‌ له‌ ئێستادا شه‌قامی کوردی له‌ئاستێک گه‌وره‌ی هۆشیاریدا بیر ده‌کاته‌وه‌ و به‌ بڕوای من نابێته‌ موجامه‌له‌ ئه‌گه‌ر بڵێم شه‌قامی کوردی له‌سه‌راکانی ئازادیدا، له‌یاستێکی داهێنه‌رانه‌ی سه‌رده‌میانه‌دا بیر ده‌کاته‌وه‌ و خواست و ستراتیژ ئاراسته‌ی ئامانجێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ ده‌که‌ن، وه‌ قوڵتر له‌ ئاستی بیرکردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌ جوڵاوه‌کانی ئێستای وه‌ک تونس و میسڕ و لیبیا و یه‌مه‌ن و تادوایی.. بیرده‌کاته‌وه‌ و هۆشیارتره، بۆیه‌ له‌م ساته وه‌خته‌وه هه‌ڕه‌می گروپه‌ ده‌مامکداره‌ باج وه‌رگره‌ خائینه‌کانی کورد ڕووی له‌ داڕمانێکی خێرای کۆمیدی و دڵخوشکه‌ره‌ و شه‌قامی کوردیش به‌حه‌سره‌ته‌وه‌ خه‌ریکن له‌ مه‌یدانه‌کانی ئازادییه‌وه‌ سه‌یری دیمه‌نی ڕوخان و که‌وتنی بتی خۆسه‌پێنه‌ر و ده‌مامکدار و تیرۆرست و ده‌سه‌ڵاته‌ گرگنه‌که‌ ده‌که‌ن که‌ ده‌ستی له‌ خوێنی هه‌زاره‌ها ڕۆڵه‌ی کوردایه‌ و به‌ زمانی کوردی و کورد پوشیش ئه‌دوێت.
‌ ‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە