کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یەكیتى نوسەرانى كورد.. تا ئێرە !!!

Thursday, 20/05/2010, 12:00


دواى بەیاننامەى 11ى ئادارى 1970 , لە ماوەى چوار ساڵى دانوستاندنى سەركردایەتى كورد لەگەڵ دەسەڵاتى ناوەندى عێراق ,كە لە لایەن حزب بەعسەوە حوكمرانى بەڕێوەدەبردرا, وێڕاى ئەوەى دانوستاندن شكستى خواردو دواتر شۆڕشى كوردیش هەرەسیهێنا , دیارە ژمارەیەك دەسكەوتى سیاسى, ئابورى, كولتورى بۆ گەلى كوردستان هاتنە دەست , كە راستەوخۆ بەرى تێكۆشانو قوربانییەكان بوینە, لەوانەش دامەزراوەى كولتورى گرنگ كە تا ئەمڕۆش بە بایەخ رۆلى كولتوریان هەرماوە , وەك یەكیتى نوسەرانى كورد , كۆڕى زانیارى كورد, , كۆمەڵەى رۆشنبیرى كوردى, كۆمەڵەى هونەرو وێژەى كوردى, تیپى مۆسیقاى باواجى كۆیە, تیپى موسیقاى زانكۆ, تیپى مۆسیقاى سلێمانىو.. تاد.. بەرهەمو چالاكی كولتورى , زانستى و ئەكادیمى ئەو دامەزراوە كولتوریانە, لە چەندان بواردا, نەباداش بوارى چاپەمەنىو بڵاوكراوەكان, لێتۆژینەوەو لێكۆڵینەوە, كۆنفرانسو فیستیڤالى ئەدەبىو هونەرى بۆ ئەمڕۆو نەوەكانى داهاتومان گەنجینەیەكى دەوڵەمەندى كولتورى نەتەوایەتى كورد پێكدێنن.
بەڵام لە دواى تێكشكانى دانوستانو هەرەسهێنانى شۆڕشى چەكدارى كورد, رەوشێكى رۆژ بە دوایى رۆژ نالەبارو دژوار هاتە پێشەوە, پێ بە پێ دەسەڵاتى ناوەندو رێكخستنەكانى بەعس خۆیان پەلكێشى نێو دامەزراوەكانى حكومىو مەدەنى دەكرد,دیارە سیاسەتى شوڤینستى نەتەوەى عەرەبى سەردەست كە لە لایەن بەعسەوە بەرنامە رێژى بۆ دەكرا, سەربارى بەڕەنگاریبونەوەى لە لایەن بەشێك لە نێوەندەكانى خەڵكى , وەلێ لێرەو و لەوێ لە هەندێ لە كەرتەكانى كارگێڕى, بەرهەمهێنان, پەروەردەوخوێندن, تەنانەت نێوەندى كولتورىو هونەرى باوەشى بۆ دەكرایەوە, دیارە لەونێوانەدا لاوانو نەوجەوانان بە ئامانج وەرگیرابون, بۆ ئەوەى بە بەرنامەى تایبەتو ژاراوى بەعس پەروەردەیان بكەن, ئەو رەوشەى من باسى لێوە دەكەم , هێشتا شەڕى یەكەمى كەنداو روینەداوە, خۆ لە ماوەى شەڕى یەكەمو دوەمى كەنداو , بەگشتى رەوشەكە بە جۆرێك تەشەنەى كرد, كە خەڵكى خاوەن شەرەفو هەڵویستى نەتەوەیىو مرۆیى, دوو رێگاى لەبەردەم مابۆوە , یان ئەوەتە دەست لە بەشى زۆرى بەرژەوەندىو خۆشییەكانى ژیانو داهاتوى بەربداتو بە شێوازى گونجاو روبەروى شاڵاوى رەگەزپەرستى رژێمى دیكتاتۆرى سەدام و دامەزراوە سەركوتكەرەكەى بێتەوە, یانیش ئەوەتە ملكەچىو دەستەمۆیبون قبول بكات, بە تایبەتیش نوسەرو روناكبیران ویژدانو قەڵەمەكەیان بفرۆشن, بگرە بۆ راپەڕاندنى پلانو نەخشەى گڵاوى رژێم بەكارى بێنن,كەم ناوەندى كولتورىو هونەرى مابۆوە بتوانێت تا سەر لە بەرانبەر سیاسەتى رژێم سەربەرزى تەواوى خۆى بپارێزێت, هەر بۆ نمونە لەشكرێك لە رۆڵەى كورد چەكى رژێمیان دژ بە رۆڵەكانى نەتەوەكەى خۆیان كردە شانو بگرە بە شێكیان لە شالاوەكانى ئەنفالو هێرش بۆ سەر بنكەكانى پێشمەرگەو راوەدونانى تێكۆشەرانى ناو شارو هەڵاتوانى سەربازى بەشداریان دەبو, لەو لاشەوە ژمارەیەكى بەرچاو لە نوسەرو هونەرمەندانى ناسراو لە بە هەڕمێنكردنى خەرمانە راگەیاندنى دیكتاتۆرىو شەر بەشداریان دەبو, تەنانەت چاپەمەنى, بڵاوكراوەو فیستیڤالەكانى ئەو رژێمە دژى گەلییەیان دەڕازاندەوەو بە دیمەنیان دەكرد, هەڵدانەوەیەكى ئەرشیفى ئەو نوسراوو چالاكیانەى كە لە زەمەنى دەسەڵاتى دیكتاتۆرى ئەنجامدراون, بە زەقى ناوى چەندان لەو كەڵەنوسەرو كاراكتەرانە دەبینرێن.
با بێینەوە سەر كرۆكى ئەو باسەى كە جێى مەستمە ,ئەویش سەبارەت بە یەكێتى نوسەرانى كوردە, كە یەكێكە لەو دامەزراوە گرنگانەى لە رابردودا سەكۆیەكى گەشاوەى كولتورو ئەدەبیاتى داهێنەرانە بوە, كارو چالاكیەكانى ئەو سەكۆیە هەر لەسەرەتاى حەفتاكانەوە, لەوانەش (فیسیڤالەكانى یەكەمو دوەمى شیعرى كوردىو دیدارو سمینارەكانى چیرۆك,گۆڤارى نوسەرى كورد, رەخنەو لێكۆڵینەوە .. تاد..)كە لە شارەكانى كوردستانو بەغدا سازدەدران, رویەكى گەشى ئەو رێكخراوە پیشاندەدەن, هەروا خۆڕاگرى نوسەران لە بەرانبەر شاڵاوى دامەزراوە كارتۆنیەكانى رژێم , كە تا كۆتایى هەفتاكانو سەرەتاى هەشتاكانى سەدەى رابردو لەسەر ئاستى مەڵبەندى گشتىو لقەكانییەوە درێژەى هەبو, تەنانەت شێوازێكى جوانى پوچەڵكردنەوەى نەخشەى سیاسى دامەزراوە كولتورییەكانى رژێمى پیشاندەدا لەو سەردەمەدا, دیارە دیمەنى گفتوگۆكانى كۆبونەوەى باخچەى ریستورانتى سكەى هەولێرو هەڵویستى جوامێرانەى نوسەرانى ناسراو لە مەڵبەندى گشتىو سەرجەم شارو شارۆچكەكانى كوردستان لە بیرناچن.
دواتر بە بڕیارو مەرسومى دیكتاتۆریانە كۆڕى زانیارى كوردو یەكیتى نوسەرانى كورد كران بە پاشكۆو بەشێك لە كۆڕى زانیارى عێراقو یەكیتى نوسەرانى عێراق!! سەندیكاى رۆژنامەنوسانى عێراقیش بە دەگمەن جێگاى قەڵەمى خاوێنى لێدەبۆوە, بەوشێوەیە نوسەرو روناكبیرانى كوردى خاوەن هەڵوێستو نەتەوایەتى هیچ رێگایەك لەبەردەم مانەوەیان لە شارو لە تەك ئەو رێكخراوە داتاشراوانە نەما, ئەوە نەبێ بەشێك لەو نوسەرانە چ لە پەراوێزى ئەو رێكخراوانە یان بە نهێنى لە نێو شارەكاندا سەربەرز دەژیان,هەر لەو روانگەیەوە نوسەرانى شاخو دەرەوەى وڵاتیش رویەكى گەشى ئەو خەباتەن, كە لە چوارچیوەى یەكیتى نوسەرانى كوردستانو چوارچیوەى دیكە درێژەیان بە ئەدەبى بەرەنگارى و كارى داهێنەرانە دەدا.
دیارە بارەگاى یەكیتى نوسەرانى كوردى كارتۆنى لە دواى هەشتاكانى سەدەى رابردو لە بەغداو شارەكانى كوردستان , وەك زۆربەى دامەزراوەى كولتورى, چاپەمەنىو هونەرییەكانى دیكەى هەرێمى بە ناو (ئۆتۆنۆمى كوردستان) زۆربەى كارو چالاكییەكانى لە چوار چیوەى پرۆگرامى سەقافى رژیم ئەنجام دەدرا, بەدەر لەوە چارەنوسى هەر دەنگێكى بوێرى وابەستە بە گەلو وڵات, ژیانیان پارێزراو نەبوەو لە دڵەڕاوكێى ترس ژیاون ,تەنانەت چارەنوسیان وەك شەهیدانى قەڵەم عەبدولخالق مەعروف, شاكیر فەتاح, رەئوف زوهدى حسین محەمەد سەعید,دڵشاد مەریوانى و...شەهیدە نوسەرەكانى شاخو چەندان نەمرى دیكە , هەمیشە لە مەترسیدابوە, چونكە شار لە زەمەنى دابلوسینى پۆلیسى رژێمە دیكتاتۆریەكاندا, هەمیشە قەبرێكە بۆ شۆڕشگێرانو خاوەن هەڵوێستەكان.
لەو لاشەوە , لە گەرمەى روداوو تراژیدیاكانى نەتەوەیى ئەنفالو قڕكردنى گەلى كوردماندا, نوسەرو هونەرمەندانى ناسراو لە بۆنەو فیستیڤالە نێوخۆیىو جیهانییەكانى بەغداى پایەتەخت بەشدارییان دەبو, لە كاتێكا كە یەكیتى نوسەرانى كورد, كۆڕى زانیارى كورد, دەزگاى چاپو بڵاوكردنەوەى كوردى, كۆمەڵەى هونەرووێژەى كوردى و سەرجەم تیپو كۆمەڵە ئەدەبىو هونەریەكان بە پیاوانى سەر بە رژیم پڕكرابونەوە, ئەمجار دامەزراوەى وەك دار ئەلسەقافەى جەماهیرى, ئەمانە ,عامەى سەقافەو شەباب, نەقابەى رۆژنامەنوسانى عێراق, مەسرەح ئەلریفىو چەندان ناوەندى دیكەى گومانلێكراو لە شارەكانى كوردستان بە قازانجى بەرنامەى سیاسى رژێم چالاكیان هەبو , تەنانەت كار بەوە گەیشت نوسەرو هونەرمەندى خاوەن هەڵوێست, تەواو خۆیان لەو نێوەندانە بە دوربگرن.
لە دواى راپەڕینى بەهارى 1991دا, دەبو زیاتر دەرفەت بۆ ئەو نوسەرو هونەرمەندانەو بۆ نەوەى نوێى دواى راپەڕین خۆشبكرایە تا بایەخ بە بوژاندنەوەى كولتورو ئەفراندنو بیناكردنى تواناكانیان بدەن, لە بەرەو پێشەوەبردنى كولتورى نوێو بوژاندنەوەى دامەزراوە كولتورییەكان بەشدارى بەرچاو ببینن, بەڵام هەر لە رۆژانى بەرایى راپەڕین, لە یەكەم كۆبونەوەى نوسەرانى كورد كە لە كتێبخانەى گشتى شارى هەولێر سازدرابو , جارێكى دیكە و بە پێچەوانەى ئەوەى چاوەڕوان دەكرا, هەمان دەموچاوو بگرە ژماەیەك قەڵەمى بێهەڵوێست لە تاوانەكانى رژێمو بگرە هاوكار لەگەڵ دامەزراوەكانى رۆشنبیرىو راگەیاندنى رژێمى پێشودەركەوتنەوە , دواتریش لە دواى كۆچڕەوى 1991 لە شارۆچكەى شەقڵاوە كۆنگرەى راپەڕینى نوسەران بۆ پشتیوانى لە راپەرین و بەرەى كوردستانى بەسترا, بەوەش جارێكى دیكە نوسەران خۆیان خستە بندەستى حزبەكانو چونە پاڵ بەرەى دەسەڵات, لە گەرمەى شەڕى نێوخۆیى دابەش بون, لە گشت روداو مەینەتییەكاندا نوسەران زیاتر لە هەر توێژێكى دیكە نازیان راگیرایەو ئیمتیازیاتیان هەبوە, بەشێكیان براگماتیگانە بەرژەوەندى خۆیان بۆ چەند ئیمتیازاتێك پاراستو ویستەكانى خۆیانیان خستە پێش ئامانجەكانى یەكیتى نوسەرانى كورد, نەیانتوانى سەربەخۆیىو یەكگرتویى رێكخراوەكە وەك نێوەندێكى كولتورى خاوەن دەنگى تایبەتو هەڵوێستى ئازادانە سەربەرز رابگرنو لە لەتبونو سڕبونو دەرگاداخستن وەدورى بگرن.
هەر لە كۆنەوە, لە هەڵبژاردنەكانى یەكێتى نوسەرانى كورددا, وەك سەرجەم رێكخراوو سەندیكا پیشەیىو جەماوەرییەكان هەمیشە لیستى حیزبىو هاوپەیمانى لە هەلبژاردنەكان رەچاو كراوە, ئەو شێوازەش زیانى زۆرى بە مافو ئازادى نوسەران گەیاندوەو دەرگاكانى بەشداریبونى لەبەردەم چالاكوانو داهێنەرانى بوارى كولتورو میدیا بەر تەسك كردۆتەوە.
ئەوەتانێ لە دواى راپەڕینیش ئەو شێوازە نادیموكراتو پاشكەوتوە شكڵى گرتوە, زیاتر لە هەر دامەزراوەیەكى مەدەنى (یەكیتى نوسەرانى كوردو سەندیكاى رۆژنامەنوسانى كوردستان) بوینە ئەسیرى ئەو شێوازە, بە تایبەتیش یەكیتى نوسەرانى كورد(لقى هەولێر) كە بە ئەشكرا لە دوا كۆنفرانسى خۆیدا, بە ئاشكرا خۆى راگەیاندو وەلائى رەهاى بۆ حزبو دەسەڵات لێوەشایەوە, چونكە لەو هەلبژاردنە كۆنتڕۆلكراوەدا , كە تەواو لە ژێر چاودێرىو دەستێوەردان بەڕێوەچو بە قازانجى یەك لیست كە حیزبو دەسەڵات كاریان بۆ دەكرد, ئەویش لیستى پارتى بو, بێئەوەى هیچ لیستێكى ركابەر لە بەرانبەرى هەبێت, هەر بۆیە ئەو لقەى یەكیتى نوسەران وەك لقێكى سست لە كارو چالاكى دەبینرێت , رەنگە زیاتر لەوە دەبێ چالاكییەكانى چەند بن, ئەمجار لە كاتێكا بە پێى رێككەوتننامەى پارتىو یەكێتى دەبو سەرجەم رێكخراوو كۆمەڵەكان یەكبگرنەوە, ئەگەر نا پاداشتى مانگانەیان دەبڕدرێت , خێر تەنها لقى هەولێرى یەكێتى نوسەرانە, كە یەكناگرێتەوەو پاداشتەكەشى نابڕدرێت, ئەگەر مەرامى سیاسى لە پشتەوە نەبێت , دەبێ چیتر هەبێت.
لەو رۆژانەدا , دەنگۆى ئەنجامدانى كۆنگرەى گشتىو لقەكان دەبیسترێتەوە, دواى ئەوەى زیاتر لە دوو ساڵە نوسەرانى پارتىو یەكیتى لە گفتوگۆ و دایەلۆگى بناوبن دان, پێدەچێ ئاكام لەسەر چوارچیوەیەكى رانەگەیەنراو رێككەوتن كرابێ, بێئەوەى گوێ بگرن لە گلەیىو راوبۆچونى نوسەرانى بێلایەنو لایەنەكانى دیكەى كوردستان بە تایبەتیش ئەندامانى شەرعى ئەو رێكخراوە, كەواتە هەمدیسان هەمان كولتورى سەقەتو ناشیرینى رابردو دوبارە دەكەنەوە, لێناگەڕێن هەستیارترین توێژى كۆمەڵگە بە ئازادى مومارەسەى مافەكانى خۆى بكاتو لە هەلبژاردنێكى ئازادو كراوەو رۆشەن ئایندەى رێكخراوەكەى خۆى بە كەسانى شیاوو گونجاو بسپێرێتو لە گوشارو دەستێوەردانى حیزبو دەسەڵات رزگار بكرێت.
لە سەرو بەندى دوا هەڵبژاردنى لقى هەولێرى یەكیتى نوسەرانى كورد كە لە 2007 لە هۆڵى هەورەمان ئەنجامدرا, من وەك ئەندامێكى ئەو یەكێتییە, بۆ ناڕەزایى لە بەرانبەر لیستى حیزبى خۆم پاڵاوتو راشكاوانە لە بڵندگۆى كۆنفرانسو دواتریش بۆ كەناڵى كوردستانى تێ ڤێ بۆچونەكانى خۆم پەیام كرد, بەڵام بە مۆنتاجكراوى مەبەستى خۆیان بە قسەكانى من پێكاند!! دەرفەت بر رونكردنەوەش نەبو !! كورتەى قسەكانى ئەو كاتەم لە سێ خاڵدا چڕ دەكەمەوە:
1- پێكهێنانى لیستى حیزبى لە نێو هەستیارترین توێژى روناكبیرى كە نوسەرانن.
2- جێگاى نیگەرانییە كە روناكبیران خۆیان لە نێو لیستی حیزبدا بدۆزنەوە.
3- لەوش نیگەرانتر ئەوەیە كە نوسەران دەنگ بە لیستێكى ئاوا بدەن.
ئەمڕۆش كەوا ئامادەباشى دەكرێت, بۆ بەڕێوەچونى هەلبژاردنەكانى دیاریكردنى نوێنەرانى كۆنگرەى گشتى و دواتریش كۆنفرانسى لقەكان , هەمان ئەو قسانەم دوپاتدەكەمەوە, بەو هیوایەى نوسەرانى بەڕێز ریكخراوەكەیان لە لەتبونو دەستێوەردان بە دوربگرن, تا ببێتە سەكۆیەكى ئازاد, وەك دەزگایەكى سەربەخۆ برەو بە كارو چالاكى داهێنەرانە بداتو لە بوژاندنەوەى ئەدەبوكولتورى سەردەمو بزاڤى تازەگەرێتى بە ئەركى خۆى هەڵسێت, چونكە دەمێكە ئەو سەكۆ گرنگەى نوسەران لە ئەركەكانى خۆى دور خرایتەوەو تەنانەت (جگە لە لقى دهۆك) لە دواى راپەڕینەوە دەرگا لەبەردەم نەوەى نوێو دەنگە تازەكان داخراوەو بەشێكى زۆر لە ئەندامەكان بە هۆى كەوتنە نێو تەمەنو روداوەكانى ژیانو كارەساتەكان یان هەڵوێست وەرگرتن لە سیاسەتى هەلسوڕێنەرانى رێكخراوەكەیانو هۆكارى دیكەوە خۆیان بە دور گرتوە,بۆیە دەبو بەر لەوەى بڕیار لەسەر گرێدانى كۆنگرەى گشتىو كۆنفرانسى لقەكان بدەن, بۆ ماوەیەك دەرفەتیان دروستبكردایە لەبەردەم گەنجانى نوسەرو ئەدیب , چونكە نزیكەى بیست ساڵە بە هۆى زاڵبونى نەفەسى حزبىو سیاسى بەسەر كاروبارى ئەو رێكخراوە ئەندامانى نوێ وەرنەگیراونو نەوەى نوێى دواى راپەڕین ئەو سەكۆیەى لە رو داخراوە , بۆیە كۆنگرەى داهاتو بێ وەرگرتنى ئەندامى نوێو بێ سازدانى زەمینەى گونجاو بۆ بەشداریبونى گشت ئەندامان بە تایبەتیش ئەندامانى دەرەوەى هەرێمو دەرەوەى وڵات ئاكامى كۆنگرە مانایەكى نابێتو گۆڕانو نوێبونەوەیان بەسەر نایەت, چونكە تەنها كۆنە ئەندامەكان) جێگۆڕكێیان پێدەكرێت !!
هەر وەك دەزانرێ, لەتبونى یەكێتى نوسەران, رۆژنامەنوسانو گشت رێكخراوو سەندیكاكان .. تاد..بە هۆى شەڕى نێوخۆیىو ململانێى سیاسى و پاوانخوازى بوە, جێگاى سەرسوڕمانە كە بۆیە دوبارە لە یەكترگرێانەوەو كۆكردنەوەیان بە پێى رێككەوتنامەى سیاسىو بە پێى هەمان شێوازى پێشو , خۆى لەخۆیدا نەهێشتنەوەى بوارێكى راستەقینەیە لەبەردەم گشت ئەندامان نەباداش ئەندامە سەربەخۆكانو نەوەى نوێدا, بگرە سوڕانەوەیە بە دەورى بازنەیەكى بۆشدا , دوبارە بونەوەى مێژو وەك خۆى مانایەكى نوێ بەرهەمناهێنێ , باشتر وایە نوسەران بە ئاگاییو وریاییەوە لە چارەنوسى رێكخراوەكەیان بڕوانن,ئەو سەكۆیەى كە بەرهەمى خەباتو قوربانییەكانى نەوەى دوێنێى و ماندوبونى نەوەى نوێى خۆڕاگرە, با یەكێتى نوسەرانى كورد ئازادو سەربەخۆ بێتو بە ستایلو شێوازێكى مۆدێرنانە هەڵبسوڕێتو لە گەشانەوەى كولتورى سەردەمو ئەفراندن رۆڵى پێشەنگانەى خۆى وەربگرێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە