هۆیه‌کانی پێشنه‌که‌وتنی کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری- بەشی یەکەم
Saturday, 03/08/2013, 12:00
1935 بینراوە
کوردستان وڵاتێکی کۆڵۆنیکراوه و داگیرکه‌ران بواریان بە گه‌لی کورد نه‌داوه که خۆی پێشبخات و وه‌ک نه‌ته‌وه‌کانی تر به شێوازێکی پێشکه‌وتوخوازانه داکۆکی له ناسنامه و بونی خۆی بکات.
کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری هه‌مو ڕێگاکانی پێشکه‌وتنی لێگیراون، هه‌ر بۆیه له بواره‌کانی ئابوری، ته‌کنیکی، ڕامیاری، فه‌لسه‌فی، کولتوری و کۆمەڵایەتی وه‌ک پێویست پێشنه‌که‌وتوه.
داگیرکه‌رانی کوردستان بۆ گه‌یشتن به به‌رژه‌وه‌ندیه ئابوریه‌کانیان به پیلانێکی هاوبه‌ش و تۆکمه‌کراو خۆیان به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا سه‌پاندوه. هه‌ر کوردێک هه‌وڵی دابێت له بوارێک‌دا خۆی یان کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری پێشبخات، ڕاسته‌وخۆ له لایه‌ن نه‌یارانی کۆنه‌په‌رست و داگیرکه‌ری کوردستان به شێوازی کوشتن، زیندانیکردن، بێسه‌روشوێنکردن و دورخستنەوە سه‌رکوتکراوه. به‌م شێوه نه‌یانهێشتوه کورد بگاته ئامانج و وه‌ک گه‌لانی تری جیهان له پێشکه‌وتن و شارستانیه‌ت و ئارامیدا بژیت. داگیرکەرانی کوردستان بونه‌ته هۆی نه‌خوێنده‌واری، نه‌زانی، په‌ره‌ستاندنی فه‌رهه‌نگی خێڵه‌کی، دروستبونی ڕێکخراوە و هێزی زۆردار و که‌سایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیخواز له ناو کۆمه‌ڵگەی کورده‌واریدا.
کوردستان تا چوار پارچه بێت و ڕێکخراوه‌کانیش له‌بواری ڕامیاری و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانه‌وه ده‌یان پارچه بن، ئیتر کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری هه‌ر به‌و شێوه‌یه له دواکه‌تویی و ژێرده‌ستیدا ده‌مێنێته‌وه.
کوردستان کاتێک پێش ده‌که‌وێت که هه‌مو ڕێکخراوه‌کانی به کرده‌وه بۆ بەدەستهێنانی ناسنامه‌ی نەتەوەیی و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و یه‌کسانیخواز تێ‌بکۆشن.
جێگای ئاماژه‌یه کە گه‌لی کورد چه‌ند هه‌لی به‌نرخی بۆ ڕه‌خساوه که سه‌رکه‌وێت و بگاته ئامانجه‌کانی به‌ڵام هه‌ر جاره چه‌ند تهنگوچهڵهمەیەکی ڕۆژگار له پێشی بونه‌ته ئاسته‌نگ. ئه‌و فاکته‌رانه‌ی خواره‌وه بونه‌ته هۆی سه‌ره‌کی که کورد نه‌توانێت بەم جۆرە کە پێویستە له دەرفەتە مێژویه‌کان که‌لک وه‌رگرێت:
١- نه‌بونی دامەزراوەیەکی نه‌ته‌وه‌یی کوردی که بتوانێت له ناو کوردستان و له ئاستی جیهانیش نوێنه‌رایه‌تی گشت گه‌لی کوردستان بکات.
ئه‌و ڕێکخراوە نه‌ته‌وه‌ییه ده‌بێ تایبەتمەندی و توانای یەکخستنی ڕیزەکانی گەلی کوردستان هەبێت و بۆ ناساندن و جێخستنی ناسنامه‌ی کوردستانی لە ناوخۆی وڵات و لە ئاستی جیهانیدا تێبکۆشێت. تا ئەمڕۆ له کوردستان وەها دامەزراوەیەکی خاوەن کارێزمای مه‌زن نه‌بوه.
له ساڵی ١٩٩٩ کۆنگرەی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان له بروکسێل دامه‌زرا و مانیفێستی نه‌ته‌وه‌یی به‌گوێره توانای ڕۆژه‌ڤ گه‌ڵاڵه کرد. ئه‌گه‌رچی نه یتوانیوه لە ئاستی پێویستدا کاریگەریی هەبێت، به‌ڵام ده‌شێ کار بۆ گەشەستاندنی بکرێت.
پێویسته کوردستانیان و ڕێکخراوه‌کانی کوردستان پشتگیری دامەزراوەیەکی نیشتمانپه‌روه‌ر بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له قه‌یران و کێشه‌کان، ئه‌رکی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان چالاکانه به‌ڕێوه‌به‌رن. پشتگیری هه‌مو لایه‌نەکانی نیشتمانپه‌روه‌ر له دامەزراوەیەکی نه‌ته‌وه‌یی ده‌بێته هۆی پته‌و بونی دۆزی کورد له ئاستی ناونهتهوەییدا. چونکه ئەو دامەزراوەیە نەتەوەییە دەتوانێت به‌یه‌ک بەرنامە و ستراتژی بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان کار و خه‌بات بکات.
٢- نه‌بونی یه‌کیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی کورد یان نه‌بونی ته‌بایی و ئاشتی له نێوان ڕێکخراوه ڕامیاریه‌کانی کوردستان.
به هۆی لێکداپچڕاندنی گه‌لی کورد و دابه‌شکردنی کوردستان به سه‌ر چوار داگیرکه‌ری دڕنده (هۆڤی)دا تا ئێستا یه‌کیه‌تیه‌کی به هێزی نه‌ته‌وه‌یی کوردی پێکنه‌هاتوه که وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ناسنامه و که‌سایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی کورد بێت. هه‌ر ئه‌و لێکدابچڕاندنهش بۆته هۆی دروستبونی ڕێکخراوی جۆراو جۆری کوردستانی که هێندێکیان ته‌نیا بۆ گه‌یشتن به به‌رژه‌وه‌ندیه شه‌خسی و حیزبیەکانیان ناوی کوردستانیان له‌سه‌ر خۆ داناوه. به‌شێک له‌و ڕێکخراوه به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه‌ی کورد، نه‌ته‌نیا له چاره‌سه‌ری دۆزی کورد دا ڕۆڵێکی ئەرێنیان نەبوە، به‌ڵکو بونەتە کۆسپ و کێشه‌ی فراوانتری وه‌ک شه‌ڕی براکوژیان ناوەتەوە و تەنانەت له دژی ڕێکخراوەێکی تری کوردستانی هاوکاریی داگیرکه‌رانی کوردستانیان کردوە.
٣- سیاسه‌تی به‌رته‌سکی ڕێکخراوەیی و شه‌خسی له ناو هێندێک ڕێکخراوه‌کانی کوردستان.
هه‌بونی سنوری ده‌ستکردی داگیرکه‌ران له نێوان چوار پارچه‌ی کوردستان و شه‌ڕی نێوان ده‌سته‌ڵاته‌کانی داگیرکه‌ری کوردستان له‌گه‌ڵ یه‌کتر و له‌گه‌ڵ گه‌لی کورد، بۆته هۆی دروستبونی ڕێکخراوه‌ی جۆراو جۆر لە کوردستان. هێندێک له و ڕێکخراوانە ته‌نیا له بیری به‌ژه‌وه‌ندی شه‌خسی خۆیاندا بونە و به ناوی کوردایه‌تی بازرگانیان کردوە. ئه‌و ڕێکخراوانه نه‌ته‌نیا کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر ناکه‌ن، به‌ڵکو به هۆی هاوکاریی و گرێدراویان به یه‌کێک یان هێندێک له داگیرکه‌رانی کوردستان، بونه‌ته هۆی سه‌ره‌کی ئاڵۆزتربونی دۆزی کورد و نائارامی کوردستان. سیاسه‌تی ئه‌م ڕێکخراوانه سهرناکەوێت و پێویسته سه‌رکرده و کادره‌کانیان له دواڕۆژی خۆیان باشتر بیر بکه‌نه‌وه و بزانن دۆزی نه‌ته‌وه‌کەمان به‌م جۆره سیاسه‌تانه هه‌ر پاش ده‌که‌وێت و له ئاکامدا هه‌مو گه‌لی کورد زه‌ره‌رمه‌ند دەبێت. ئه‌گه‌ر قازانجی لایه‌نێکیشی تێدابێت، ئه‌وه کاتیه و له کۆتاییدا خودی ئه‌و لایه‌نه‌ش زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت.
هه‌ر وه‌ک له مێژوی گه‌لی کورد دا نه بونی ڕامیاریەکی دروست و پاکی هێندێک ڕێکخراوەی کوردی له به‌رانبه‌ر دۆزی کورد دا بۆته مایه‌ی بێهێزبون و تێکچونی ئه‌و ڕێکخراوانه. ئه‌رکی مێژویی و به‌رپرسیاره‌تی هه‌ر ڕێکخراوێک و هه‌ر ئه‌ندامێک یان لایه‌نگرێک ئه‌وه‌یه که بیر له چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد بکاته‌وه و ڕامیاری و کاریان له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی و به‌ها نه‌ته‌وه‌یه‌کانی گشت گه‌لی کوردستان دابێت. ده‌بێ هەر تاکێکی کوردستانی له به‌رژه‌وه‌ندی ڕێکخراوەیی و شه‌خسی دوریبکات. پێویسته که هه‌ر کوردێک و هه‌ر ئه‌ندامێکی ڕێخراوه‌یه‌کی کوردی، کاتێک به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وەیی له مه‌ترسیدا دیت، ڕێنوێنی سهرکردهکەی بکات یان لانیکه‌م دوای سیاسه‌تی چه‌وتی ئه‌و نه‌که‌وێت. به‌تایبه‌تی سیاسه‌تێک که ببێته هۆی شه‌ڕی براکوژی به هه‌ر ناوێک یان بیانویه‌ک بێت هەرگیز پەسەند ناکرێت. ئه‌رکی هه‌ر تاکێکی کورده که له به‌شداریکردن یان پشتگیریکردنی پیلانی کوردکوژیی خۆی دوربگرێت.
جێگای ئاماژه‌یه که شه‌ڕی ناوخۆ له به‌رژه‌وه‌ندی کورد دا نیه، چونکه له لایه‌ک داگیهکهران که‌لکی ڕامیاری خۆیانی لێوه‌رده‌گرن و له لایه‌ک ده‌بێته پاڵپشتێک بۆ به‌دیهاتنی به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی کەس، بنه‌ماڵه و ڕێکخراوێک. له کۆتاییدا سه‌رکرده‌ی ڕێکخراوه‌کانی شه‌ڕکه‌ر به بێ ئه‌وه‌ی زه‌ره‌رمه‌ند بوبن یان که‌سێک له بنه‌ماڵه‌یان کوژرابێت و پاش به‌کوشتدانی هه‌زاران کورد به‌ده‌ستی یه‌کتری، خۆیان ئاش ده‌بنه‌وه. بۆ وێنه سەیری ئەو شەڕانەی خوارەبکەین:
- پارتی دێموکڕاتی کوردستان و یەکیەتی نیشتمانی کوردستان کە لە ماوەی چەندین شەڕی براکوژیدا بە هەزاران کوردیان تێداکوشت، بەڵام پاشان بارزانی و تاڵەبانی ئاشبونەوه و هیچکامێکیان زەرەرمەند نەبون، بەڵکۆ بەو شەڕە براکوژیانە بازرگانیەکی زۆریشیانکرد و ژماره بانکەکانی خۆیان پڕکردن لە دراوەکانی ئێران، تورکیە و ئێڕاق.
- شەڕێ براکوژی نیوان کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی ئێران و حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران کە بەهەزان کەسی تێدا کوژران، بەڵام هیچ زەرەرێک بە بنەماڵەکانی دوکتۆر عەبدوڕەحمان قاسملو، عەوڵای موهتەدی، برایم عەلیزادە و مەنسور حیکمەت نەکەوت.
- هەروەها لە شەڕەکانی نێوان حدکا و حدکاڕێبهرایهتی شۆڕشگێڕ‌دا، بنەماڵەکانی عەبدوڵڵا حەسەنزادە و جەلیل گادانی پێدەوڵەمتر بون و لەخۆگەیاندە ئەوروپا و دابینکردنی ئاسایش بۆ منداڵەکانی خۆیان ڕکەبەرەکیان دەکرد، لە هەمان کات دا بە سەدان ڕۆڵەی کوردیان بەدەستی یەکتر بەکوشت دا و پاش چەندساڵ دیسان ئاشتبونەوە.
- شەڕەچەقوەکان و مشتومڕی نێوان حدکا بەڕێبەرایەتی مستەفا هیجری و حدک بەڕێبەرایەتی عەبدوڵڵا حەسەنزادە کە تێیدابۆتە دوبەرەکی نانەوەی ناو گەل بەڵام، سه‌رکرده‌کان خۆیان کاسبی پێوەدەکەن. هاوکات بە چەواشەکاریەکانیان مێشکشۆری کۆمەڵگە دەکەن و بۆ زڕاندنی ناسناوی خۆیان یەک لە دوای یەک ژیاننامە و بەسەرهاتەکانی پڕ لەخەیانەتی خۆیان بە دروست بەسەر کۆمەڵگە دادەسەپێنن.
هاوڕێ قەندیل
تێبینی: بۆ خوێندنەوەی زیاتری ئەم بابەتە بە زاراوەکانی سۆرانی و کرمانجی سەیری ئەم پەڕتوکانەی خوارەوە بکە لە کتێبخانەی کوردستانپۆست:
ناسنامەی کوردستان