لەقۆزاخەدانی نێچیرەڤان بارزانی
Friday, 17/06/2011, 12:00
قۆزاخە بریتیە لە قۆناغێکی ناکامڵ بۆ هەندێ لە زیندەوەران کە تیایدا سووڕێکی ژیانیان تیا بەسەر ئەبەن و دواتر بەرەو قۆناغی کامڵ بوون و هاتنە نێو ژیانی ڕاستەقینەوە هەنگاو ئەنێن. هەمان شت ڕاستە بۆ مرۆڤ کاتێ بیەوێ بگات بەو قۆناغەی کە پێوستە بگاتە لوتکە، بۆ نمونە هونەرمەندێك، شاعیرێك، یاریزانێك وەیان کەسایەتیەکی ڕامیاری،، ئەگەر چی بوونی بەهرە تا ڕادیەك جێگای مشتمومڕێکی زانستیانەیە بۆ گەیشتن بەو لوتکەیە،لێ گەشە پێدان و هەنگاو نان ئەکەوێتە سەرژینگەو هەل و توانای ئەو کەسە تا لەقۆناغی قۆزاخەییەوە بگات بە قۆناغی زیاتر کامڵ بوون و ناوبانگ دەرکردن.
نێچیرەڤان بەحوکمی ئەو بنەمەڵەیەی لێوەی هاتوە، تا ڕاددەیەکی زۆر لەو قۆزاخەیەدا نەمایەو هەرزوو هاتە دەرەوەو توانی باڵە فڕکێ بکات. ئەوەی زیاتر وای لێ کرد کە باڵ بگرێ ، نزیك بونەوەی بوو لە مەسعودی خەزووری و مامی .پاشان خۆ دەوڵەمەندکردنی بەچەند بڕوانامەیەکی خوێندن و زانکۆ، بەتایبەتی ئەو دکتۆرا فەخرییەی کەلەیەکێ لەزانکۆکانی ئەمریکا وەریگرت(کڕی).
نێچیر دوای دەرکەوتنی وەك کەسایەتیەکی سیاسی و وەرگرتنی چەند پۆستێکی سیاسی و حکومی، بەهۆی ئەو ڕیکلامە زۆرەی بۆ کراو هەروەها بەهۆی ئەو هەموو سازشانەی تاڵەبانی بۆ پارتی و ئەو بڕە پارە زۆرەی کە لەدزینی گومرگەکانی برایم خەلیل و دواتر بودجەی لە ١٧% ی نەوت دەستیان بەسەرا گرت و تەرخانیان کرد بۆ ئەو مەبەستە، توانی ئەوەندەی تر پەڕو پۆ بەخۆیەوە بلکێنێ و زیاتر لەشەقەی باڵ بداو گەرمیان و کوێستان خێرا تر بکات، دیارە بۆ ئەوەی بتوانێ جگە لەئاسمانی کوردستان فڕکە فڕکی تیا بکات، پێوست بوو تواناکەی لەو سنوورە تێپەڕێنێ و درێژە پێبداو بەرەو دەوڵەتانی دراوسێش پەل وپۆ بهاوێ، بۆیە بۆ ئەمەش وەك جاشێکی موعتەبەر و تازە ئەزموون خۆی دایە پاڵ حکومەتی تورکیاو دەستی کرد بەکاری چاوساغی بۆ ژەندرمەو شەڕی پەکەکەی کرد، هەر بۆ ئەمەش لەزاری خۆیەوە ، دانی نا بەوەی کە زیاتر لە ٣٠٠٠ لەپیاوە ئەڵقە لەگوێکانی پارتی بۆ تورکیا بەکوشتداوە.
نێچیرەڤان ئەگەر چی لەساڵی ١٩٦٦ لەدایك بوە و گەلێ گەنجە، بەڵام وویستی هەر هیچ نەبێ چەند هانگاوێ بچێتە پێشەوەو پێشبڕکێ لەگەڵ مەسعودی مامیدا بکات، بۆیە بۆ ئەمەش هەستا دوای دروست کردنی بزووتنەوەی گۆڕان لەساڵی ٢٠٠٩ و بەدواوە ، ئەمیش وویستی جۆرێك گۆڕان و ڕیفۆرم لەناو ئۆرگانەکانی پارتیدا بکات، لێ نێچیر گەر لەوانەی سەرەوەدا سەرکەوتوبوبێ، ئەوا حەتمەن لەمەدا نەك هەر سەرکەوتوو نەبوو، بەڵکە مایە پووچ دەرچوو. وە هۆکاری ئەوەش دیارە ئەگەڕێتە بۆ زۆر هۆ، لەوانە ، ئەو سەردانەی مامی بوو بۆ تورکیاو تازەکردنەوەی چەندین ئەجندای(جاشێتی) ئابووری و سیاسی لەوانە ، تەرخانکردنی ٨٥% پرۆژەکانی هەولێرو بادینان بۆ کۆمپانیا تورکیەکان و گرنگ ترینیان ، فڕۆکەخانەی هەولێر کە داهاتەکەی تا چەند ساڵێکی تر بۆ تورکیایەو ئەوان بەڕێوەی ئەبەن. هەروەها پێگەی دەزگای میت و سوپای تورك و ڕەوتی ئیسلامی گولەن و پێگە قایم کردنیان ، ئەمانە ئەو بنەما سەرەکیانەیە کە وەك گرێبەستێکی مەرجدار تورکیا بەسەر خودی پارتی و مەسعودا سەپاندویەتی تا مەسعود زیاتر دەستی ئاوەڵا بێ لەناو پارتیداو بەکەسی نمرە یەك بمێنێتەوە.
هەموان ئەزانین کە ئیدریس بارزانی لەڕێگای مەسعودی برایەوە لەناو برا و کوردستان پۆستیش کاتی خۆی چەند دۆکیمێنتێکی لە توێی ووتارێکدا خستە بەردیدی خوێنەرانی، بۆیە نێچیرەڤان وەك تۆڵەیەك وویستی بەناوی ئەو ڕیفۆرمەوە کەبەنیاز بیکات، کوتلەیەکی تر لەناو پارتیدا قووت بکاتەوە، لێ توانای مەسعود بەپاڵپشتی زۆرینەی بنەمەڵەکەی بەگشتی و ڕۆڵی تورکیا بەتایبەتی ، هەر زوو توانیان ئەم جۆرە سیناریۆیە لەناو بەرن، ئەمە هەڵەی گەورەی نێچیرەڤان بوو، کە ئەبوو بیزانیانە شتێك کەناکرێ و شایەنی ئەوە نیە باسی لێوەبکرێ لەناو پارتیدا، ئەویش گۆڕان و گۆڕانکاریە.
بۆیە وەك دواتر دەرکەوت کە لەڕێگای ئەدهەم بارزانیەوە هەڕەشەیەکی موحتەرەمانەی لێکراو خەریك بوو بیکەن بەقوربانی فیشەکێکی ژەنگاوی، هەربۆیە دواتر لەکۆنسێرەتەکەی ١٣ دا، نێچیرەڤان هەستا بەدەستماچ کردنی مامی و سەرۆکی پارتی بۆ ئەوەی دەری بخا جارێکی تر کەس نەخەڵەتابێ باسی گۆڕان و کوتلەبازی لەنێو ئۆرگانەکانی پارتی بکات، بەمەش جارێکی تر ، توانیان بەهەڕەشە و توقاندن ئەو مەلە یاخیە بخەنەوە دۆخی قۆزاخەیی و ڕەنگە هەتا هەتایە لەو قۆزاخەیە نەیەتە دەرێ و هەر لەوێ چاوی نەپشکوێ و گەر هاتیشە دەرێ توانای فڕینی نەمێنێ. هەنووکە ئەبینین کە نێچیرەڤان لە مرۆڤێکی گەنج و سیاسیەوە گۆڕاوە بۆ مرۆڤێکی پیرو سرف عەشایر و کاری تەنها ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و تەشریفاتیە و کار وا بڕوا جێگای ئەدهەم بارزانی و ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و عەشایری پارتی و بنەمەڵە لەداهاتودا بۆ خۆیەتی و هیچ پێوستی بە دکتۆراو بڕوانامەش نابێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست