پاكانە لە سەردەم
Thursday, 23/04/2009, 12:00
رۆژی هەینی ڕابوردو كارمەندێكی گۆڤاری (سەردەم)ی عەرەبی لە دەزگای چاپو پەخشی سەردەم ، بۆ دەربڕینی ڕاوبۆچونی خۆی سەبارەت بە سەردانەكەی رۆۆشنبیری ناسراو ئەدۆنیس، لە پێگەی ئەلكترۆنیی ئیلاف، بابەتێكی بە ناونیشانی كوردستان بەخێرهاتنی ئەدۆنیس ناكات، بڵاوكردەوە.
بڵاوكردنەوەی ئەم بابەتە لەلایەن كارمەندێكی دەزگای سەردەمەوە ، بەناوی ئاشكرای خۆی، ئەنجومەنی دەزگاكەی شڵەژاند. پاش 72 كاتژمێر لە بڵاوكردنەوەی بابەتەكەی ئیلاف، ئەنجومەنی دەزگاكە بۆئەوەی قەناعەتی نوسەری بابەتەكە لە "بەخێرنەهاتن لە ئەدۆنیس" بكەنە " بەخێرهاتن" كۆبونەوە.
ئامانجی كۆبونەوەكەیان بە سەركەوتوی هاتە دی، لە نێوان شەوو ڕۆژێكدا نوسەری بابەتەكە پۆزشێكی بە خەتی خۆی نوسیو پەشیمانیی خۆی سەبارەت بە نوسینی بابەتەكەی ئیلاف ڕاگەیاندكە كۆپییەكی لای ڕۆژنامەی هاوڵاتی پارێزراوە.
ناوەڕۆكی نوسینی كارمەندەكەی دەزگای چاپو پەخشی سەردەم پرسیاری لا دروست نەكردم ، هێنەدی پەشیمانبونەوەكەی پرسیاری دروستكرد، كە تیایدا داوای لێبوردن لە ئەدۆنیسو سەرجەم نوسەرانو ئەدیبانی كورد دەكات ، ئەوانەی لە نوسینەكەی ئیلافدا "بە عەرەبی نەزانو درۆزنو فریودەر " ناوی بردون.
ئەو كارمەوندەی دەزگاكە، نەهاتووە ڕەخنە لەو لێدوانەی ئەدۆنیس بگرێت كە لە رۆژنامەی (الحیاە) دا بڵاوكراوەتەوە، لەوێدا میوانەكەمان دەڵێت" لەو باوەڕەدام كە گەڵی عێراق بە توندوتیژیو كوشتار نەبێت هێشتا ئامادە نییە كە حوكمڕانی خۆی بكات"، یان نەهاتووە وەك جەمال جومعەی شاعیری ئێراقی، بابەتێكی رەخنەگرانە بەناونیشانی" مەیلی فاشییانە لە شیعرەكانی ئەدۆنیس"دا بنوسێت، ئیتر تێناگەم بۆچی ئەنجومەنی سەردەم تەنگەتاو دەبێتو كۆبونەوەی بۆ ساز دەكات.
ئەدۆنیسی میوانی بنكەی ئەدەبیو روناكبیری گەلاوێژ، لە نوخبەی ڕۆشنبیری شارەكەمان بە زانكۆ پێشكەوتوەكەیشیەوە جگە لە پیاهەڵدانو پێشكەشكردنی خواردنی چەورو خەنجەری كوردەواریو مەدالیای ئاڵتونیو دەوامپێكردنی كارمەندانی دەزگای سەردەم لە رۆژی پشوی ڕەسمیاندا، توێژینەوەیەكی لەسەر شیعرەكانی گوێ لێ نەبوو، كەسێك نەهات لەسەر كاروانی رۆشنبیریو فیكری نوسەر قسە بكات، ئەگەر كەسێكیش ڕەخنە لە داڕشتنی بەرنامەی میوانەكەمان بگرێت مافێكی سادەیەو دەبوو جێگەى ڕێز بیت نەك تانە!.
ئەنجومەنی سەردەم لەبری ئەوەی هەژاریی ژیانی ڕۆشنبیری، سستی چالاكیو پشتكردنە كتێبو چۆڵبونی هۆڵەكانی شیعرو دیداری ئەدەبیو رۆشنبیری "پایتەختی رۆشنبیری" نیگەرانی بكات، لە بری هەمو ئەمانە یەك هاوڵاتی كوردستان نیگەرانی دەكات كە پێی وایە ئەدۆنیس بۆ لای خەڵكی "عەرەبیی نەزانو رۆشنبیری لات" هاتووەو ئەوانیش جگە لە "هونەری پیاهەڵدان" هیچی تر نازانن!.
دەزگای چاپو پەخشی سەردەم ، كە باوەشی بۆ كتێبەكانی دیارترین ڕۆشنبیری كوردستانو عێراق كردۆتەوە، وای لێ چاوەڕوان دەكرێت مەعریفەو رۆشنبیریی شارستانی بەهەمبهێنێو بۆ ڕێزگرتن لە جیاوازی پێش هەموو دەزگاكانی تر بكەوێت،
دەبوو دوا دەزگایەكی نیمچە حزبی ئەم وڵاتە بێت ، كەلەسەر بیروڕای جیاواز پاكانە بە ئەندامەكانی پڕبكاتەوە.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست