کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نامەیەكى كورت بۆ هێمنەرەش و ئاگادارى دڵسۆزانى گەلەكەمان

Sunday, 18/10/2009, 12:00


چوار بەشى نوسینەكەتم خۆیندەوە. هەنگاو بە هەنگاو راستیەكانت ئاشكرا كرد. زۆر یادگارى بەبیرمدا هێنامەوەو گەراندمیەوە كاتە ناخۆشەكان. بەڵام سەربەرزانەتر لە ئێستامان كەوا خەڵكانێكى خەمخۆر دەیانەوێت بە دادگاییمان بدەن.
دەمێكە ئەو هەستەى لە ناخمدا بەردەوام ئازارى دەدام و سەرى نەوى كردبوم لە ناو خەڵكدا. بیرى خۆمم بردبۆوەو هەمو كاتێك خۆم لێى دەدزیەوە. بەڵام ئێستا و لەپاش ئەو باسانەى لەو روداوە دروستكراوەى رابردو دێنە پێشەوەو لەگەل برادەرانى ئەو كاتە قسە دەكەین چیتر مایەى بێدەنگى نیەو كاتى ئەوە هاتوە تاوانبار دادگایى بكرێت.
ئەگەرچى منیش كەسێك بوم لەناو ئەو تاوانەدا بەڵام بێ ئاگاو دەسەڵات بوم. ئەمەش ئارامیم پێ دەبەخشێت چۆنكە نە تەقەمكرد نە ئاگاداریش بوم لێى بەڵكو لەناخەوە دەگریام بۆ ئەوەى كە روودەدات.
نوسینەكەت هەمووى راستن تا دەگاتە سەر روداوەكە و لە وێوە خۆت بێ ئاگا و بێبەرى دەكەیت لەو تاوانەى بوە مایەى شەرمەزاریمان چونكە ئێستا سیروان و رەفعەت و اسماعیل و ئەوان نەماون تاوانێكى دێكە ئەنجام دەدەیتەوەو هەمووى دەخەیتە ئەستۆى ئەوان كەوا نیە.
من دواتر بۆم ئاشكرابوو كەوا ئەمە پیلانەو خۆتیش نەخشەكەیت كێشاوە. چونكە لە رێگەى رەفعەتەوە ئەو پەیوەندیەت گرێدا لەگەڵ رژێمداو مەرجى ئەوانیش بۆ ئێوە تەسلیم كردنەوەى ملازم سەعدبوو بە زیندویەتى بۆیە كاتێك بوە تەقەو دەستڕێژ ملازم سەعدتان نەكوشت چونكە دەبوو بە زیندویەتى بیدەنەوە حكومەت.. چونكە كاتێك دەنگى قافڵەكەى رژێم هات و نزیكبونەوەو بینیمان بیرتە ملازم سەعد پێى وتى پیرۆزتان بێت ئەم جاشێتیە؟ لەبەرئەوە تۆ پێشتر بە ملازم سعدت گوت ئێمە بۆیە تۆمان گرتو برادەرانتمان كوشت چونكە حزبى ئێوە كۆمەڵێك برادەرى ئێمەیان شەهید كردوە ئەویش بەسزمانە بێ ئاگایى خۆى دەربڕى. قەت ئەوەم لەبیر ناچێتەوە كە ئێمەتان لەو پەڕى شۆڕشگێریەوە لە پێشمەرگەوە بە چركەیەك كرد بە جاشمەرگە. كاتێك ئێوە بە كۆپتەرو ئێمە بەسەیارە براین ئێستا نازانم كام لە برادەران بوو وتى ملازم سەعد بە ئاسپایى پێى گوتوم تكا دەكەم رێگەم بدە خۆم فڕێ بدەمە خوارەوە بۆ ئەوەى بمرێت و نەگاتەوە دەست دوژمن بە ساغى.
نازانم بەڵگەت چیە بۆ ئەوەى تۆو شوانە ئەو شتانەتان سوتاند؟ (هیوادارم برادەرانى حزبى شیوعی وەڵامى بدەنەوە، كە ئەگەر دواى روداوى تەسلیم كردنەوەى ملازم سعد كەسیان گیراوە لە رێكخستنەكانیان ئەوا دەفتەرى بەر باخەڵەكەیشیان تەسلیم كردوە).
چونكە ئەو نێچیرەكەیە دەبێت بە پەڕو باڵەوە بیدنەوە حكومەت. با ئەوەشم بیر نەچیت تۆ هەر بەتەنها نەبویت و ئێمە كە دواتر لەناوخۆماندا مەبەستم پێشمەرگە بێ ئاكانە قسەمانكرد گەیشتینە ئەو قەناعەتەى تۆ و شوان كادێر و حەبیب حەمە تۆپچى و رەفعەت و اسماعیل و جبار(چالاك) و كاوە و قادر مەملى و مەهدی ئەوان ئاگاداربون و دەورى سەرەكیتان هەبوو لە پیلانەكە و دەتانزانى چیدەكەن دڵنیام ئیچستاش هەر پێكەوە دەتانەوێت خەڵكى چەواشە بكەن بەم نوسینانە.
ئەوەش دەزانم سەعاتەكەى ملازم سعد كام لە ئێوە لە دەستیان كرد ئیتر ئەم شێواندنەى بۆچیە ئەوەندە توشى شەرمەزاریت كردین بەتایبەت لە چەمچەماڵ پێمان دەوترا شیوعى كوژەكان كە هەریەكەمان هەویەیەكى ئیستیخباراتى فەیلەقمان بۆ كرا. ئەگەر سیروان ئەو خیانەتەى بكردایە باشە ئەى دواى راپەڕین بۆ ئەو دەیان خاینەى كوشت كە دەستیان لە خوێنى شەهیداندا هەبو؟ خۆت ئاگادارى كە ئەو چى كرد و چەندى كوشت لەوانەى تاوانباربون.
من ئەم راستیانە بۆ مێژو دەڵێم نەك ئەوەى سبەى تۆ و پیلانگیرەكان كتێبێك بنوسیت و راستیەكان بشاریتەوە داواكاریشم هەموو دڵسۆزان هەموو ئەو پێشمەرگانە تاوانبار نەكەن كە ئەوكاتە لەو كارەساتەیا بون چونكە ئەوە ئەو چەند كەسەن و هەمو خەڵك دەزانێت و دەیاناسێت.
ئێمە هەمومان خاوەن شەهیدین و هیوادارم توانیبیتم بەم چەند دێرە روحى شەهیدانم ئاسودە كردبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە