کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئیدانەى هەڵوێستى سە رۆكى لیژنەى داكۆكیكردن لە مافى روژنامەنووسانى دهوك و لقى زاخۆى سەندیكاى رۆژنامەنوسان دەكات

Monday, 29/06/2009, 12:00


گۆڤارى لڤین بەوپەرى سەرسوڕمانەوە نیگەرانى خۆى لە مەڕ هەڵویستى نوێنەرى سەندیكاى رۆژنامەنوسانى كوردستان لە زاخۆ (فەرهاد حاجى) و سەرۆكى لیژنەى داكۆكى كردن لە مافى رۆژنامەنوسان لەپارێزگاى دهۆك (بەهجەت هرورى) رادەگەیەنێت كە لەكەناڵەكانى راگەیاندندا لێدوانیانداوە و ئەو هەواڵانانەیان شیواندووە كە گۆڤارى لڤین لە زاخۆ دەستى بەسەردا گیرابێتو سوتێنرابێتو خاوەنەكەشى 24 كاتژمێر لە زیندان توندكرابێت و بەكەفالەت ئازاد كراوە و بەڵێننامەى لێوەرگیراوە كە جارێكى تر نەیفرۆشێت.
ئێمە لەكاتێكدا رایدەگەیەنین كە هیچ جۆرە ئیعتبارێك بۆ شاهیدى ئەوان لەو مەسەلەیەدا دانانێین، لە هەمانكاتیشدا پێمانوایە ئەوان بەم كارەیان سەندیكاى رۆژنامەنووسانى كوردستانیان لە دهۆكو زاخۆ كردە لقێكى حیزبىو هیچ حورمەتو رێزێكیان بۆ نەهێشتەوە، چونكە لە كاتێكدا ئەو روداوە بەبەرچاوى هەموو دونیاوە رویداوە تەنانەت لیژنەى داكۆكى لە مافى رۆژنامەنووسان لە سەندیكاى رۆژنامەنووسان و خودى سەرۆكى لیژنەكە بەرێز زیرەك كەمال بەدواداچوونى وردیان بۆ روداوەكە كردووە و راستى روداوەكەیان سەلماندووە ، هەربۆیە لە راپۆرتى پێشێلكارییەكاندا سەندیكاى رۆژنامەنوسان بەرونى ئیدانەى ئەو كارەیان كردووە و داواشیان لە دەسەڵاتدارانى زاخۆ كردووە كە لێپێچینەوە لەو بارەوە بكەن.
ئێمە لەگەڵ ئەوەى سوپاسى ماندوبوونى ئەنجومەنى باڵاى سەندیكاى رۆژنامەنووسان دەكەین كە راستىو دروستى هەواڵەكەیان بۆ هەموو لایەك ساغكردۆتەوە و بەوەش لێدوانى بەرپرسانى سەندیكاى زاخۆ و دهۆكیان بەدرۆخستۆتەوە.لە هەمان كاتدا پێمانوایە دەبێت سەندیكا كارێكى دیكە بكات كە سزادانى ئەو دوو بەرپرسەى خۆیەتى لە دهۆكو زاخۆ، لەبەرامبەر ناراستگۆبوونیانو بەكارهێنانى پۆستى سەندیكا دور لە هەموو ئەخلاقیاتو پێودانگێك بۆ مەرامى حیزبى ناشیرینو وەستانەوە بەرامبەر بە پیشەى رۆژنامەگەرى و هاوپیشەكانیان. لەم پێناوەشدا بە ناوى سەندیكاوە درۆى شاخداریان بڵاوكردووەتەوە.
سەندیكاى رۆژنامەنوسانى كوردستان بۆ پاراستنى حورمەتى خۆىو بۆ ئەوەى نەتوانرێت لە گەمەى حیزبیدا بەكاربهێنرێت پێویستە بە شەفافانەو بەپێى پرەنسیپەكانى خۆى ئەو دوو بەرپرسەى سزا بداتو لە پۆستەكانیان دوریان بخاتەوە ، چونكە لێدوانەكانى ئەوان نەك هەر دژى ئازادى بیرورا و دژى گۆڤارى لڤینە، بەڵكو دژى هەڵوێستى كۆتایى سەندیكاى رۆژنامەنووسانى كوردستانیشە كە بە رەسمى ئەو روداوەى ئیدانە كردوە.
بۆیە ئێمە چاوەڕێى هەڵوێستى رونو شەفافو راستگۆیانە و ئازایانەى سەندیكاى رۆژنامەنووسان دەكەین و بە پێچەوانەشەوە هەموومان ناسنامەكانمان تەسلیم دەكەینەوە و رازى نابین ئەندامى سەندیكایەك بین كە كەسانێكى تێدابێت لە پێناوى بەرژەوەندى حیزبى هەموو ئەخلاقیاتێكى شەخسى و پیشەیى لەدەست بدەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە