كۆنگرەی نوسەران یان كۆنگرەی حزب!
Sunday, 18/07/2010, 12:00
كۆنگرەی یەكێتی نوسەرانی كوردستان لە سلێمانی تەواوبوو، بەپێی هەواڵێكی سایتی لڤین پریس بەتەوافقی سیاسی و بێ ئەوەی هیچ ركابەرێكیان هەبێت یەكێتی و پارتی سەرۆك و جێگرەكەی و ستافەكانی دیكەیان دیاریكردووە.
راستییەكەی من تا ئەو كاتەی بانگەشەی ئەوەكرا كە كە یەكێتی نوسەران كۆنگرە دەبەستێ لەیادم چوبویەوە كە یەكێتیەكی وەهای نوسەران هەیە، ئاخر زاكیرەم ناهەقی نەبوو ئەم یەكێتییە چەندین ساڵە مردووە و هیچ چالاكییەكی نیە، تەنانەت وەك سەندیكا و رێكخراوە كارتۆنییەكانی دیكەش ناوو ناوبانگیشی نەبوو، نەشمدەزانی سەرۆك و جێگرەكەی كێییە و ستافەكەی خەریكی چین، خودا خێری ئەم كۆنگرەیە بگەیەنێت كە بیری خستینەوە سەندیكایەكی نوسەرانی وەها هەیە.
نوسەرانی ناو ئەم سەندیكایەیە رەنگە ژمارەیان زۆر نەبێت، بڕواشم وەهایە سەدەها نوسەر هەیە ئەندامی ئەم یەكێتییە نیە و ناشیەوێت ببێتە ئەندام، چونكە ئەگەر سەندیكایەك وەهابێت ساڵان و مانگان چالاكییەكی نەبێت نەبونی لەبونی باشترە.
من لەوە تێناگەم ئەم سەندیكایە بونی بۆچی زەرورە، یەكێتی نوسەران لەكوێدا و كەی هاتۆتە دەنگ لەكێشەیەكی نوسەرێكدا، ئەوە كەی بوو ئەم یەكێتی بەناو نوسەرانە
دژی زوڵمی دەسەڵات و گەندەڵی و بەتاڵانبردنی موڵكی میللەت وەستانەوە، ئەوە كەی بوو لەبەرامبەر سوكایەتیی بەردەوامی دەسەڵات بەرۆژنامەنوسان هاتە دەنگ، كەی تیرۆركردنی سەردەشت و سۆران رایچەڵەكاند.
یەكێتی نوسەران بۆ سەردەمانێك كە سەردەمی بەرگری دژی بەعس بووە وەك دەگێڕنەوە چالاكبوە، ئەو سەردەمانە كە سەردەمی خەبات و سەلماندنی نەتەوەیی بووە رەنگە زەرورەتێك بوبێت رێكخراوێكی وەها هەبێت، بەڵام ئێستا من نازانم زەرورەتی مانەوەی ئەم سەندیكا مردووە چییە، ئەم سەندیكایەی بەساڵ هەواڵی نیە.
پێشوتر لە وڵاتانی ئیشتراكی پێشوو بەگشتی و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەرەب بەتایبەتی باو باوی سەندیكای لەم جۆرە بوو، دەسەڵات و حزبی دەسەڵاتداریش هەمیشە سەندیكایەكی وەهایان دروستدەكرد تاوەكو نوسەران كۆبكەنەوە و بەشان وباڵی سەرۆكدا هەڵبدەن.
یەكێتی وپارتیش بەخەیاڵی ئەو سەردەمانە یەكێتییەكی وەهایان گەرەكە فزەی لێوە نەیەت و بەشان وباڵایاندا هەڵبدەن، بەڵام ئێستە كە دونیای ئەمرۆ كە دونیای خێرایی ئەلكترۆنی و رۆژنمەگەری ئازاد و نوسەرگەلێكی ئازادە بونی یەكێتییەكی وەها جگە لە دەستەمۆكردنی ئازادی و رادەربڕین و زیندوكردنەوەی كەلتورێكی كۆنی دیكتاتۆرییەت هیچی دیكە نیە.
كۆنگرەی یەكێتی نوسەرانی كورد بەهەق كۆنگرەی حزب بوو، كۆنگرەی پارتی و یەكێتی بوو، كۆنگرەی ئەو نوسەرانە بوو كە ئێستاش وادەزانن دونیا یەك رەنگ و یەك شێوەو یەك ئاراستەیە.
كۆنگرەی ئەوانەبوو دەیانەوێت حزب ئەلف و بێ نوسینیان فێربكات و حزب بیانگەیەنێتە داهێنان.
كۆنگرەی ئێمە نەبوو ئەونوسەرانەی دەمانەوێت كەس فیكرمان جڵەو نەكات و بەئازادی بیربكەینەوە، كۆنگرەی ئێمە نەبوو ئەوانەی دژی چەق بەستن و دژی پوكانەوەین.
كۆنگرەكەی سلێمانی بەهەق كۆنگرەی حزب بوو، پیرۆزە لەو نوسەرانەی كە ساڵانێكی زۆرە حەرفێكیان نەنوسیوە وتازە بەتازە دەیانەوێت رابەرایەتیمان دەكەن!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست