روونكردنەوەیەك لە نووسینگەى هەڤاڵ مەحمود سەنگاوییەوە
Monday, 02/03/2009, 12:00
1279 بینراوە
لەم رۆژانەدا دەنگۆیەك بڵاوبووەتەوە گوایە گرژییەك لەنێوان بەڕێزان (كۆسرەت رەسوڵ عەلى) جێگرى سكرتێرى یەكێتى نیشتمانى كوردستان و جێگرى سەرۆكى هەرێمى كوردستان لە بارەگاى مەكتەبى سیاسى یەكێتى نیشتمانى كوردستان و (مەحمود سەنگاوى) روویداوە.. ئێمە هەموو لایەك دڵنیادەكەینەوە ئەوە هیچ بنەمایەكى نییە و دوورە لە راستییەوە و هەڤاڵ (مەحمود سەنگاوى) هەمیشە بە چاوى رێز و خۆشەویستییەوە دەڕوانێتە كەسایەتى بەڕێز (كۆسرەت رەسوڵ عەلى) وەكو سەركردە و هەڤاڵێكى ماندوونەناسى كۆڕى خەبات و تێكۆشان.. ئەگەر لە دانیشتنێكیشدا قسە و باسێك هاتبێتە ئاراوە و رایەك دەربڕابێ، ئەمە ناكاتە ئەوەى هەڵەكراوە و گرژى كەوتووەتەوە كە هەندێك پێیانخۆشە وەكو پڕوپانگەندە بڵاویبكەنەوە بەتایبەتى هەندێ لە میدیاكان دێوەخانى بابەتەكانیان بە جۆرەها قسە و باسى تەنانەت نەشیاویش دەڕازێننەوە.. ئەمەش جگەلە ناشیرینكردنى كەسایەتى مرۆڤى كورد شتێكیتر نییە. جارێكیتریش هەموو لایەك دڵنیادەكەینەوە كە شتى وا نەبووە و ناشبێت و یەكێتى نیشتمانیش لەوە گەورەترە بەوجۆرە پڕوپاگەندانە دابچڵەكێ و نێوان هەڤاڵەكانى بپسێ.