کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


ڕۆژی بێوەژنان

Thursday, 25/04/2013, 12:00









هەموو سالێ لە24/4 دا یادی ئەو جینۆسایدە ئەکرێتەوە کەبەسەر ئەرمەنەکاندا هاتوە. لەنێوان ساڵەکانی 1918 تاوەکو 1923٣ بەچەندین قۆناغ تورك ڕەشەکوژیەکی دژ بە ئەرمەنەکان کرد کە بەملیۆنان کەس هەژمار کرا، بۆیە لەم ڕۆژەدا هەرچی ئەرمەنە لەسەر گۆی ئەم زەویە بەشێوەیەك لەشێوەکان یادی ئەو ڕەشەکوژیە ئەکەنەوە. لەم ڕۆژەدا دایك و باوك ئەو ڕووداوە جەرگبڕە بەمناڵەکانیان ئاشنا ئەکەن و چەند مۆمێك دائەگیرسێنن و شین و شەپۆڕ ئەکەن، مامۆستایان لە شوێنی خوێندگاکان ،خوێندکارەکانیان وا گۆش ئەکەن کە هەرگیز ئەو ڕووداوانەیان لەیاد نەچێ و هەرچەندە بۆیان بکرێ زیاتر لەهزرو بیریاندا ئەیڕۆینن و نایەڵن نەوەیەکی گێژو وێژ و بێئاگا لەم کارەساتە دروست بکەن. هونەرمەندان بەهونەرەکانیان، سیاسیەکان و توێژەکانی تر ئەوەی بۆیان کراو ئەوەی لەداهاتودا بۆیان ئەکرێ چەندین لۆبی و کەمپەین سازئەکەن و داوائەکەن زیاتر کەیسی کوژران و لەناوبردن و قەلاچۆکردنی هاوڵاتیانی سڤیل و بێ چەك لە نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەمریکاو ئەوروپا زیاتر بووروژێنن و پشتگیری بۆ پەیدا بکەن.
ئەرمەنەکان وەك کورد چەوسێنراو ،زوڵم لێکراو، ئەنفال و ڕەشەکوژ کراون لەلایەن تورکەکانەوە.کەچی ئەوەندەی ئەرمەنەکان لەهەوڵی ئەوەدان دۆسیەی تاوانەکانی تورك دەرهەق بە ژن و مناڵ و پیرو لاوانیان مەحکوم بکەن، کورد نەیتوانیوەو نەیوستوە بەهەمان قەوارەو قەبارەی ئەوا تاوانانە هەنگاو بنێ و سنورێ بۆ ئەو هەموو کارەسات و مرۆکوژیە دابنێ.
ئەرمەنەکان ئەوانەی خاوەن پیشەن لەم ڕۆژەدا دەرگای پیشەکانیان دائەخەن و مامەڵەی بازرگانی ئەوەستێنن، نەك هەر ئەمە، بەڵکە بەهیچ جۆرێ مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ تورکان ناکەن.
هەر ماوەیەك لەمەو پێش و لەیادی هەڵەبجەدا دەسەڵاتی کوردی بەتەپڵ و مۆسیقاو هەڵپەڕکێوە یادەکەیان سووك و ڕیسواکرد، هەروەك چۆن فڕۆکەوانەکەو چەندین بکەری ئەو تاوانە مەزنەیان ئاودیوو کرد و دواتریش لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوردەوە بەخشران و نەیان هێشت ئەو سزا ڕەوایە وەربگرن کەشایستەی ئەو هەموو تاوانانە بێ کە کردیان .
کەچی بەداخەوە کورد دوای ئەو هەموو ئەنفال و کیمیایی و گازە قەدەغەکراوەکان کەچی چ لەئاست تاکێکی ئاسایی و چ لەئاست سیاسیەکانمان تا ئێستا هەڵوێستێکی مەردانە نەنراوە دژ بەو گەلانەی کەهەستاون پاکتاوکردنی گەلەکەمانیان کردوە. کێ هەیە تا ئێستا بەقەد کورد لەلایەن عەرەب،فارس و تورکەوە ناڵانبێتی و هیچ جۆرە پەرچە کردارێکی وای نەبوە کە ئەبوو بکرایە.. دەبا وانەکەی ئەرمەن و جولەکەکان بەهەند وەرگرین و کەڵك لەئەزموونەکانیان وەربگرین تا جارێکی تریش کەس و تاقم و نەتەوەو گەلێك نەتوانێ وامان بەسەر بێنێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە