کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كەركوك ئەو شارەی كە رۆشنبیران خوێندنەوەیان بۆی نییە؟!

Thursday, 17/09/2009, 12:00


من بۆ خۆم یەكێكم لەو خەڵكانەی كە تا سەر ئێسك سیاسییم، لێ لە بەر ئەوەی سیاسەت و ئابووریی و دادپەروەریی و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و ئاستی هۆشیاریی گرێدراوی سیستمێكن كە تا سەر ئێسك لە گەڵ بیركردنەوەو بیرۆكەی تێڕوانینی كۆمەڵگەدا بۆ ئەو چەمكانە یەكانگیر دەبن و دەبن بە بڕیاری كۆتایی و دەرەنجامێكی ئیجابی یان سلبی دەبێت لە سەر ئایندەی وڵاتێك یان شارێك یان رووداوێك یانیش كارەساتێك! تا سەبری ئەیووب ئامادەم بۆ خاتری ئەوەی مرۆڤێك تووشی دەمارگیری نەكەم نەكا شەیتان سواری سەری بێ و لە پێناو ئەوەی بە بەهەشتی بەرین رۆحی شاد بێت دەستەكانی سەوز بكات، تا ئەو تخووبەی شەرعی هەر شەرع دارێك رێگەی پێ دەدات گوێی خۆمی لە ئاست كەڕ دەكەم و خۆمیش بكەم بە كەسێكی نەدیو و نە ناسیاو، سەری بۆ بلەقێنم و هەرچی ئەو بیڵێت لە خەیاڵًدانی خۆمدا پێی بڵێم: "برای خاسم ها وە گوێی گایەلەكەوە"! رەنگە بۆ كەسێك لە واقیعی كەركوك نەگات، باوەڕ بە زۆر شت بكات كە لە حەقیقەتدا دوورن لە واقیعەوە!
ئایا زۆرێك لە كوردان ئەوانەی وا لە هەندەرانن، لە گەڵ رێزی زۆرم بۆ ئەوانەی وا لە ئەوروپا ژیان دەكەن؛ مەبەستم ئەوان نییە، بەڵكو هەندەران لێرە لە لای ئێمە تەنها یەك مەبەست دەپێكێت، ئەویش : " سلێمانی و هەولێرو دهۆك و زاخۆی دەلالە"! چونكە ئەگەر ئەوان خوێندنەوەیان بۆ ئایندەی كەركوكێك نەبێت كە لە چوار چێوەی وڵاتێكدان كە سێ هەسارەی روو كەش بە تەوێڵیەوەیەتی و بە ئەڵاهو ئەكبەرێك كە كورد لە ژێر پەرچەمیدا باجی هەڵەی تەكنیكی خۆی دەدات، دەیەوێت بە مافە سرووشتیی و نا سرووشتییەكانی شاد ببێت، چۆن و بە چ شێوەیەك لە دڵمان دێت گلەیی و گازندە لەو كەسانە بكەین كە بە یارمەتی شۆڕشی تەكنۆلۆژیاوە دەتوانن لەو كەسانە نێزیكتر بن، ئەگەر خۆیان بیانەوێت لە حەقیقەتی شتەكان بگەن، كە لە شارەكانی كوردستاندا ژیان دەكەن!
ئەمڕۆ بمانەوێت یان نا، پێمان خۆشبێت یان بە پێچەوانەوە، ئاستی هۆشیاریی و هۆشداریی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە هەموو كایەكانییەوە لە چارەنووسی كەركوكدا خۆی وێنا دەكات. هەر چەندە من لەوە دڵنییام ئەگەر مەسەلەی ماددە لە دۆزی كورد دەربكەین، وا بزانم دەبێت سەری خۆمان بە پارچە بەردێك بپلیشێنینەوە!
من زۆر بە رووداوە سیاسییەكان دڵگران نابم، چونكە بە چاكی لە حەقیقەتی سیاسەت لەم ناوچەیە گەیشتووم، لێ كاتێك دەبینم سیاسەت بە هەموو هەوڵ و تەقەلای خۆی لە هەوڵی گۆڕینی حەقیقەتی شتێكدایە، دەهری دەبم و نەفرەت لەو كەسانە دەكەم كە سیاسەتییان داهێناو لەو كەسانەش كە منیان بە سیاسەت ئاشنا كرد؟!
لە كاتێدا كە هەموو راستیی و درووستییەك لە زاری سیاسەتمەدارێكی وڵاتێكی بیانییەوە دەبینم، ئیستێك دەكەم و دەگەم بەو قەناعەتەی كە ئەوە ئێمەین ستەم دەرهەق بە هەموو چەمكەكان دەكەین!
لە دووای پرۆسەی ئازادیی ئێراقەوە، دزین، بە ماناو واتای " خەتف" دێت، بوو بوو بە شتێكی باو لە شاری كەركوكدا، هەر هەموو خەتفەكان خرانە ژێر پەرچەمی تیرۆرەوە، لێ لە دووای ئەوەی بە هەوڵی چەند خۆ نەویستێكی ئەم شارە ئەو باندە كوردییە كە ئیش و كاریان دزینی خەڵكی بێ دیفاع بوو، ئاشكرا كران، ئیدی ئەوەی ناوی "خەتف" بێ لە سەر رووبەری ئەم شارە بە هەوڵی قادر سڕدرایەوە؟!
تا ئەم ساتە وەختە ئەگەر سەركردایەتی سیاسیی كورد خاوەنی بردنەوەی كەیسی كووشتن و تیرۆركردنی رۆژنامەوانان ببوونایە لەم شارە، دەبووایە ئیجرائاتییان لە گەڵ ئەو جیهاتانەی خۆیان بكردایە كە پشكی شێریان بەردەكەوێت لە هەر تاوانێك كە ئاراستەی حیزبەكەیان لە هەر لایەن و لایەكەوە دەكرێت؟!
با كووشتنی ئەم ژن و سێ منداڵە، ئەو شیعرەی گۆرانی شاعیر بهێنێتەوە یادەوەریمان، كە نە ئەو بیری بەلایدا رۆیشت و نەش لە خەیاڵدانی كەسماندا توانیمان وێنەی جەللادێكی هاوشێوەی ئەو باوكە لە خۆماندا بەرجەستە بكەین!
كورد زوبانی بەوە پاراوە كە میللەتێكی ستەم لێكراوە، لێ كاتێك دێین لێكۆڵینەوە لە ئاستی ستەمەكان دەكەین، دەبینین قەبارەی هەرە گەورەی ستەمكاریی، چەند دوژمنانی زوڵمییان دەرهەقی كردووە، خۆیانیش بێ قسوور نەبوون!
با ئەو دێڕە شیعرەی "ئەبو قاسم شابی" بكەین بە سەر مەشقی هەر ئامانجێك كە بە راستیی ئیشی بۆ دەكەین، چونكە ئەگەر لە هەوڵی ئەوەدا نەبین كە ئەخلاق بگەڕێنینەوە بۆ ناو جەستەی میللەتەكەمان، ئەوا دەبێت زۆر بە راشكاوانە باس لە وەفاتی میللەتێك بكەین بە نێوی كوردەوە!
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە