بەیاننامەى ژمارە (3) بۆ سەرجەم مامۆستایانى هەرێمى كوردستان
Sunday, 13/09/2009, 12:00
سڵاوى پەروەردەوزانست
مامۆستایانى بەڕێز :
بەبۆنەى ساڵی نوێى خوێندنى 2009- 2010 پیرۆزبایی كردنەوەى دەرگاى قوتابخانەو خوێندنگەكانتان لێدەكەین ، هیوادارین ساڵی نوێ، ساڵی نەهێشتنى گەندەڵی و بەرەوپێشچوونى پرۆسەى پەروەردە بێت ، هەر بەوبۆنەیەوە وەك مامۆستایانى بزووتنەوەى گۆڕان سەرنجتان ڕادەكێشین بۆ ئەوەى، پشتگیرو پشتیوانمان بن بۆ بەگژداچوونەوەى ئەو هەموو كێشەو گیروگرفتو بیانوپێگرتنانەى، كەلەلایەن دەسەڵاتى ئێستاى هەرێم بەتایبەتى حیزبی دەسەڵاتەوە، بەرامبەر بەژمارەیەك لە مامۆستایانى دڵسۆزوخەمخۆر دەكرێت و ئەو ڕێكخراوەى كە دەبێت داكۆكیكاربێت لە مامۆستا جگە لەوەى گوێی خۆى لێخەواندوە، هاوكارى دەسەڵاتە بۆجێ بەجیكردنى مەرامەكانیان،بەدەر لەمەش سەربەخۆیی خۆیان لە دەستداوە لە پێناو مانەوەیان لەجێگاكانیانداو تەنها كاریان دەسكەوتى تایبەتیە .
مامۆستایانى بەڕێز :
دواى پرۆسەى هەڵبژاردن ودواى ئەوەى كە مامۆستایان ئەركى پیرۆزى خۆیان بە ئەنجامگەیاند لەبەڕێوەچوونى پرۆسەى هەڵبژاردن بەشێوەیەكى پاك و بێگەرد، بەتایبەتى لە سنورى پارێزگاى سلێمانى ودواى دەرچوونى ئەنجامى هەڵبژاردنەكان كەلیستى دەسەڵات زانى شكستیهێناوە، كەوتوونەتە بیانوو لە بەڕێوەبەڕو یاریدەدەرەكانى قوتابخانەو خوێندنگەكانو بەمەشەوە نەوەستاون و كار گەیشتوەتە ئەوەى ئەندامانى ئەنجوومەنى تەنفیزى یەكێتیی مامۆستایان كە بەدەنگى زۆرینەى مامۆستایان دەرچوون لاببەن، وەك بەڕێزان مامۆستا(ئەحمد حمە سعید) ومامۆستا (رووناك مستەفا) ، هەروەها لابردنى ئەندامانى لقەكانى یەكێتیی مامۆستایانو لیپرسراوى كەرتەكانى مامۆستایان وەكو بەڕێزان :
1- مامۆستا سەردار سادق ئەندامى لقی سلێمانى (ی.م.ك)
2- مامۆستا عبدالرحمن سدیق ل 0 كەرتى مامۆستایانى چەمچەمال
3- مامۆستا خالد حمە امین ل0 كەرتى مامۆستایانى بازیان
بەبڕیارى مەكتەبى سیاسیومەكتەبی ڕێكخراوە دیموكراتیەكانى(ی.ن.ك) وەك ئەو بەڕێزانە ئاگادار كراونەتەوە وسەرۆكى یەكێتیی مامۆستایان، مامۆستا (عەفان نقشبەندى) لە ژمارە(188) رۆژى 1/ 9/2009 لە رۆژنامەى ئاوێنەدا ئاماژەى پێداوە.
بەرامبەر بەم كارە هەر لە سەرۆكى (ی.م.ك) و ئەندامانى سكرتاریەت وئەندامانى لقە جیاوازەكان، بەهیچ جۆرێك هەڵویستیەكیان نەبووە بەرامبەر بەم كارە نابەجێیە ، بەڵكو خۆیان بە پاشكۆى حیزب دەزاننو سەلماندیان كە ئەوان بارەگایەكى كۆمیتەو ناوچەى هەردوو حیزبی دەسەڵاتن .
مامۆستایانى هێژا :
سەبارەت بەلابردن و بوختان هەڵبەستن بۆ بەڕێوەبەرو یاریدەدەرە بەرێزەكانیش، ئەوەتا بەسكاڵایەكى نادروست لە لایەن مامۆستایەكەوە بەڕێز مامۆستا (محمد رحیم رحمان) بەڕێوەبەرى قوتابخانەى سەیوانى بنەرەتیان لابرد ، كەماوەى سى ودووساڵە بێماندوو بوون، خزمەت بە پرۆسەى پەروەردە دەكات وە بەدەستى حیزب و بەفشار خستنە سەر پەروەردە بەفەرمانێكى ناوەڕۆك سەقەت لە 27/ 7/2009 فەرمانى لابردنى دەرچووە هەر بەوەشەوە نەوەستاون لە جیاتى سوپاسو ڕێزگرتن گواستویانەتەوە بۆقوتابخانەیەكى دیكە دواى ئەوەى وەك مامۆستایانى گۆڕان سەردانى لقی سلێمانى یەكێتیی مامۆستایانى كوردستانمان كرد، زۆربەراشكاوانە ئەندامێكى لقی سلێمانى) مامۆستا حكمت هیندى)كە نوێنەرى(ی.م.ك) كوردستانە لە لیژنەى لیكۆڵینەوە كەدا لەبەرچاوى هەموان وتى ئەوكێشەیە كێشەى لیستى(54)و(57)ە نەك مامۆستا محمد ، بەڵكو هەمووتان لادەبرێن، واتە ئەوەى لەهەڵبژاردنەكاندا كارى بۆلیستى كوردستانى نەكردبێت لادەبرێت .بۆسەلماندنى ئەو قسەیە كە ئەم بڕیارانە بە ئیعازى حیزب دەدرێت ڕۆژى 6/9/2009 (25) بەڕێوەبەرو یاریدەدەر لەسنورى پەروەردەى دوكان لادران و لە ڕۆژى 8/9 (4) بەڕێوەبەرلە سنورى پەروەردە مەڵبەندى سلیمانى لابراون و بەوەشەوە نەوەستاون گواستراونەتەوە بۆ قوتابخانەیەكى كە ، ئەگەر شارەزایەك لەبوارى كارگێڕى دا ناوەرۆكى ئەو دوو نووسراوە ببینێت دەزانێت لە ڕووى كارگێریەوە وهونەرى نووسراوەكانەوە چەند مال وێرانە ئەم پەروەردانە وایان كردووە كە بەرامبەر بێ تاوان وخۆیان تاوانباربن وە ئەم هەڵسو كەوتەیان بەقسەى خۆیان بەردەوام دەبێت ..
ئێمەى مامۆستایانى بزوتنەوەى گۆڕان، جگە لەوەى هەموو ئەوكارانە مەحكوم دەكەین، داواكارین هیچ اعتبارێك بۆ(ی.م.ك) وفەرمانەكانى پەروەردەكان دانەنرێت و ئێمە بەڕێكخراو بەڕێوەبەرێتى پەروەردەى خۆمانى نازانین، بەڵكو بە پاشكۆى حیزبی دەزانین وهیچیان بێگەڕانەوە بۆحیزب، خاوەنى خۆشیان نین ، بەڵگەش بۆ ئەوە، لیژنەیەكى لیكۆڵینەوەیان لەسەربەڕێوەبەرى ناوەندى زاموا هەیە كە سەر بە لیستى كوردستانى یە، بەڕێوەبەرى پەروەردە تەلەفونى بۆلیژنەكەكردوە ، كە مەڵبەند دەڵێن نابێت لاببرێت وتویانە ئێمە ئەمرى مەڵبەند جێبەجێ دەكەین،و بەلیژنەكەى وتوە لەلێكۆڵینەوەكەدا نەنووسن ئەو بەڕٍێوەبەرە لاببرێت، بەڵام رازى نەبوون، پاشان یەكێك لە جێگرانى مەڵبەند وتویەتى دەبێت بیخەنە شوێنى بەڕێوەبەرێكى گۆڕان . لەكاتێكدا زیاتر لە دە مامۆستا بەڵگەى هەیە لەسەرئەو بەڕێوەبەرە، كە دەستكارى نمرەى تاقیكردنەوەو كارى تریشی كردوە . مامۆستایانى هێژا بۆ بەرچاو ڕوونى زیاترتان:
1- ئەوانەى ئێستا لە (ی.م.ك) كاردەكەن زۆربەیان پلەى كارگێڕىو پۆستى بەرزیان هەیە لە وەزارەت و پەروەردەدا كەئەمە دژى پەیڕەوى ناوخۆى (ی.م.ك)
2- ژمارەیەكى زۆریان ناونیشانى پیشەكانیان گۆراوە بۆ فەرمانبەر بەپلەى بەڕێوەبەرى جێبەجێ كردن هیچ مەرجێكى كارگێڕى و دارایی و بروانامە وخزمەتیان نى یە چۆن دەبێت ئەمانە لەو ڕێكخراوەدا نوێنەرمان بن.
3- مانگانە بی َویستى مامۆستا وەلەیەكەم وەرگرتنى مووچەدا دواى دامەزراندن حەوت ێەدو پەنجا دینار ئابوونەى لى دەبردرێت بێئەوەى هیچ پشتیوانیەكى مامۆستایان بكەن ئەم ڕێكخراوە .
4- زۆرێك لەو بەڕێزانەى كە ئێستا لە پەروەردەدا پلەى كارگێریان هەیە و لە یەكێتیی مامۆستایانیشدا پلەیان هەیە و هەم لە حیزبدا بەنایاسایی پلەیان داونەتێ و مال بەمال دەگەرێن و هەموو پۆستە جیاوازەكانى حیزبی وحكومى و ڕێكخراوەیان بەكاردەهێنن بۆ ترساندنى بەڕێوەبەر و یاریدەدەرە بەڕێزەكان ،بۆ ئەمە مەبەستەش بەڵگەمان لایە بەوێنەوكاتو شوێن وناوى ئەوكەسانەى كە ئەمە دەكەن .
5- هەندێك لەو بەڕێزانە كاریان لە لیژنەكانى گواستنەوەو دامەزراندنى مامۆستایان وخەرجكردن و كرینى كەلو پەل دەكەن بۆ قوتابخانەو خوێندنگەكان ولیژنەیەكى سووتەمەنى كە ساڵانە بڕێكى زۆر نەوت گل دەدەنەوە بۆخۆیان و بەرپرسانى سەرووخۆیان.كە چەندین ساڵە هەرئەوانەن لەماوەیەكى زۆر كەمدا بارى داراییان زۆرباش دەبێت و هەلئاوسانێكى ئابوورى سەیر لەبارى خێزانیاندا ڕوودەدات ودوا مودێلى سیارە لە ژێریاندا دەبینرێت وقاتى خانووەكانیان دەگاتە كەشكەلانى فەلەك بە پارەیەكى خەیاڵی لەگەلأ كۆمپانیاكاندا شەریكن وبۆ ئەم كارانەش بەڵگەمان لایە كە نامانەوێت جارى بیخەینە ڕوو، داواكارین لە وەزارەتى پەروەردە لیژنەیەكى نەزاهە درووست بكات و لەم كەسانە بكۆڵێتەوە كەلەو ماوە كورتەدا ئەو هەموو سەروەت وسامانە زۆرەیان چۆن پێكەوەناوە .
6- داواكارین لە دەسەڵات تاكۆنگرە، كارى سكرتاریەتى یەكێتیی مامۆستایان و لقەكان هەڵپەسیرێت یان چۆن دوو كەسى كەیان خستۆەتە جێگەى هەردوو بەڕێزان(مامۆستا احمد و مامۆستا رووناك) ئاوا ئەوانەى كەماون لە سكرتاریەت ولقەكاندا لایان ببات.
7- داواكارین لە دەسەڵات بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى سلیمانىو گشت بەڕێوەبەرى پەروەردەكانى سنورى ئەو پارێزگایە بگۆڕن، لەبەر ئەوەى ناشەرعی وخزم خزمێنە و واستەو واستە كارى و (باند) دروست كردن لەناو مامۆستایانوفەرمانبەرانى ناودیوانى پەروەردەكان.و مامەڵەى نادروستى زۆرێك لە فەرمانبەرە نزیكەكانى بەڕێوەبەرى گشتى و بەڕێوەبەرى پەروەردەكان واى كرد كە لیستى كوردستانى شكست بهێنێت ، ئایا دەكرێت خاوەنى شكست بێتە خاوەنى باشكردنى ئەم كارە بەهەمان دەموچاو و عەقلأ و هەڵس و كەوتەوە .
لەكۆتاییدا جارێكى دیكە پیرۆزبایی لەمامۆستایان و قوتابیان وخوێندكاران وكەسوكاریان دەكەین و داواكارین لەگشت چینو توێژەكان، بۆ نەهێشتنى ئەو كارە نابەجێیانەى كە بەرامبەر بەمامۆستایان دەكرێت، پشتیوانمان بن بۆ ئەوەى لە ڕۆژانى داهاتوودا هەڵوێست وەربگرین بەرامبەر بەم كارەنارەوایانە و رێپیوانێكى جەماوەرى سازبكەین، بۆ بەردەم بەرپرسان، دووپاتى دەكەینەوە لە شارى ڕۆشنبیرانو شارى هەڵمەتو قوربانىو شارى كاك ئەحمدى شێخ و پیرەمێردى هەمیشە نەمرو چەندان پیاوماقول و زانا، كە گۆڕان زۆرینەى دەسەڵاتە ونابێت بێدەنگ بین بەرامبەر ئەو كردەوانە وناكرێت ئەوانەى كەمینەن، سنگ وشانیان دەرپەرێنن بەسەرماندا ، لێیانقبوڵ بكەین ،داواكارین لە دەسەڵات ئەم كارەنابەجێیانە رابگرن وە هەڵویستى بەردەواممان دەبێت ئەگەر بەزووترین كات بەخۆیاندا نەچنەوە ودەستى حیزب نەبڕنەوە لەناو پەروەردەو (ی.م.ك) دا
هەر داگیرساو بێت مۆمى گۆڕان
دەستەى مامۆستایانى گۆڕان
/9/2009
وێنەبۆ /
پارلەمانى كوردستان ، نوسینگەى بەڕێز سەرۆكى پارلەمان بۆ ئاگادارى و بەدوادا چوون
نوسینگەى سلێمانى پارلەمانى كوردستان بۆ ئاگادارى و بەدواداچوون
وەزارەتى پەروەردە / نوسینگەى بەڕێز وەزیرى پەروەردە -
گشت بەڕێوەبەرێتى كشتیەكانو بەڕێوەبەرێتى پەروەردەكان بۆئاگاداریتان
گشت باخچەى ساوایان و قوتابخانەو خوێندنگاكان- بەمەبەستى خۆ ئامادەكردنو بەگژداچوونەوەى دەسەڵات
گشت ڕۆژنامە و كەناڵەنى ڕاگەیاندن / بەمەبەستى بڵاوكردنەوەى ، لەگەل ڕێزدا
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست