ئەحمەد مەنسوور چۆن لە بەرنامەی بلا حدود کەناڵی (الجزیرە)دا، دکتۆرسائب عەرێقاتی سەرۆکی دەستەی گفتووگۆکانی فەلەستینی بە درۆزن دەرکرد؟!!
Thursday, 27/01/2011, 12:00
من دڵنیام بە لای سەرجەم دەسڵات دارە بێ مۆرالەکانی ئەم جیهانەدا،سەرۆکە ڕابردوو پیسەکانی ئەم جیهانەدا،ئەوانەی کە تەواوی ژیانیان تەنها بۆ جوانکردنی دەسڵاتو پێگەی هێزی خۆیان دژ بە جەماوەر بە کار دەهێنن و دەبەن،ئەگەر بکرێت و بۆیان بلوێت هەرچی هێزی بازووی پووچەڵیان هەیە لە گەڵ ئەو مێشکە پڕوو پوچەی کە بە درۆو داهێنانی نەخشەی لە خشتە بردن پەروەردەیان کردووە،دەیکەنە بۆمبێکی کۆککراوو لە بەردەم هەرچی دەرگاو فەرمانگەی ئەو راگەیاندنانەدا کۆکی دەکەن،کە دەورێکی باڵایان لە هەڵدانەوەی نهێنی یە شاراوەکاندا بینیوەو دەبینن،هەر لە ماڵپەڕی ویکی لیکس و، کوردستان پۆستو کەناڵی جەزیرەو چەندین دەزگای تری ڕاگەیاندندا ،کە لە جیهاندا لە پەخشکردنی بەرنامەو دیکۆمێنتە شاراوەکاندا دەوریان هەیەو پشکی شێریان بەر کەوتووە،لەدوو ڕۆژی ڕابردوودا لە لایەن کەناڵی جەزیرەوە زیاتر لە هەزار بەڵگە هاتە بڵاو کردنەوە کە تیایدا ئەو نهێنی یە شاراوانە هەڵ دەداتەوە کە دەسڵات دارانی فەڵەستین بۆ مەرامی تایبەتی خۆیانو لە دەست دانی چەند ناوچەیەکی فەڵەستین لە گەڵ ئیسرائیلدا لە دانیشتەنەکانیاندا گرێیان داوەو بە بێ ئەوەی کەس ئاگای لە بوونیان هەبێت ،لە کاتی واژۆکردنو نووسینیاندا لە ژووری ژوورەوەی ژوورە داخراوەکاندا،زۆرن ئەوانەی کە نیشتیمان پەروەریان وەک بازرگانی بە کار هێناوە بە مەبەستی دابینکردنی ژیانێکی ڕەناگاڵەیی و لەو لاشیانەوە بە ملیۆن لە دانیشتوانی ووڵات بە بەڵێنو گفتە ئێکسپایرەکان دەم داخراو دەکرێنو لە چاوەروانی هاتنی ڕەوشێک، کە ژیانیان لە مردنو برسی بوونو ئاوارەبوون بپارێزیت تەمەن دەگوزەرێنن وبۆ دوایش لەو سەری تەمەنی پیریەوە خۆیان دەبیننەوە،کاری نیشتیمان فرۆشی کارێکی نامۆ نی یە تا مرۆڤەکان هەست بە ئازاروو ئەنجامە نەرێنیەکانی نەکەن،لە هەر کوێدا بینیتان کەسێک یان دەسڵات دارێک گەزافو بەڵێنی زۆر دەدات دڵنیا بن لەوێدا کۆمەڵگەیە بە ئازارەوە ژیان دەکاو،لەوێدا نیشتیمانێک لە مەزادی هەڕاجو تاڵانکردندایە!!
ئەو بەڵگانەی کە جەزیرە یەک لەدوای یەک بڵاویان دەکاتەوە شەقامی عەرەبی تووشی بە خۆدا چوونو نا ئۆمێدی کردووە،کە چۆن تەواوی دانیشتوانی فەڵەستین زیاتر لە نیو سەدە بۆ ڕزگاری ووڵاتە برینداروو داگیرکراوەکەیان قوربانی دەدەنو لەو لاشەو لە نێوژوورە پڕ لەسەوداکانی نوێنەرەکانیاندا بازرگانە خوێن مژەکانی جێگەی بڕواو، دەم سپیانی بە ناو ئاساییشیی نەتەوەییو کەسو کاری قوربانییەکانەوە برەو بە سیاسەتی لە خشتە بردنیان دەدەن!
بەڵام ئەمڕۆ میدیاکان بواری ئەوە نادەن چیتر هاوشێوەکانی وەک سائیب عەرێقات بە ناوی خەبات لە پێناوی ڕزگاری ناوچە دابڕاوو داگیرکراوەکاندا زەمەنو تەمەنی ووڵاتێک بۆ مانەوە لە سەر پیشە ئابڕووبەرەکانیان وەک هۆکار بۆ خۆفرۆشی بە کار بهێنن،ئەو شەو ئەحمەد مەنسور کە بەرنامەی(بلا حدود) واتە بە بێ سنوور پێشکەش دەکات لە ڕووبەڕوو بوونەوەیەکدا کە لەشەڕ دەچوو توانی دەمی ناوبراو بکاتە تەڵەی تەقیوو لە ڕووی دەروونیەو بیخاتە ئەوجی بێ دەسڵاتیەوە،تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی بە ئاشکرا ووشەی درۆزنو درۆکردن بوو بە تەوەری بابەتەوەکەو عەرێقات لە دڵەوە خوازیار بوو کەی بەرنامەکە بگاتە دوا کۆتاو لە دەستی ئەحمەد مەنسور ڕزگار بێ،کە بەسەدان بەڵگەوە بەرۆکی بەر نەدەدا،دیار بوو پێشکەشکاری بەرنامەکە لەڕووی نەتەوەییەوە کاری تێکرابوو چۆن ئەم سەرکردانە بە ناوی گەلەوە سەروەتو سامان قۆرخ دەکەنو لەو لاشەو مساومە لە سەر بست بە بستی خاکەکەیان دەکەن کە خاکی عەرەبە،هەرچەندە بەڵگەکان لە بەردەستا بوو عەرێقات لە سەرەتاوە دانی بە تاوانو سازشەکانیاندا نا کە لە گەڵ ئیسرایلدا بە نهێنی کردوویانە ،بەڵام دوایی بە سیاسەتی ووڵام نەدانەوەی بۆ کوشتنی کاتو تەواو بوونی بەرنامەکە لە گەڵ بەرابەرەکەیدا جۆرەکردارێکی نیشان دەدا لە ڕووی ڕەوشتەوە شتێکی کەمتر نەبوو لەو کەسانەی کە پیشەیان تەنها خۆدزینەوەو کارکردنە لە بوارێک لە بوارە بێ برەوەکاندا،بۆ نموونە هەر چەند ساتێکی کەم لە بەر شڵەژان دەستی دەکرد بە گیرفانیداو مێمۆریەکی دەردەهێناو،داوای دەکرد کە کۆمەڵێک دیکۆمێنت کە لە گەڵ خۆیدا هێنای بوو لە ڕێگەی جەزیرەوە بڵاو بکرێتەوە ،بەڵام ئەحمەد مەنسور ڕازی نەدەبوو پێ دەگووت بیبە بەڕێگاوە لە گەڵ خۆت،جۆرێک بوو لە سەرکەوتنی ئەحمەد کە بە تەواوی کۆنترۆڵی بەرپرسە فەلەستینیەکەی کردبوو کە بۆ گفتووگۆکان لە گەڵ ئیسرائیلیەکاندا داسپێرابوو،هیوادارم وەک چٶن ڕۆژ بەڕۆژ دیکتاتۆرە بەساڵاچووەکان لە بەرچاوی جیهانو گەلەکانیاندا بەرەو خاشاک خانی مێژوو تووڕ دەدرێن ئاوهاش لە هەر کوێی کوردستاندا هاوشێوەکانیان ببنە پەندی ڕۆژگارو،نەهێنی یە شاراوەو گفتو بەڵێنە سواوەکان ببنە بۆمبێکی کوشندەو ،لە بەر دەرگاو ماڵی هاوشێوەو هاو مەرامەکانی سائیب دا بتەقنەوەو، بە سەروو ماڵو کۆشکەکانیانەوە بۆ هەتایی هەپرون هەپروون بکرێنو،پێشکەشکارە کانی هەرێمی کوردستان هەمان شێوە بتوانن لە کاتی ئینتەرڤیوەکانیاندا خۆیان لە سێبەری حیزبایەتیو سۆزوو ترس دوور بخەنەوەو، هەمان شێوەی ئەحمەد پیشەی ڕاگەیاندن بکەنە جۆرێک لە خەباتو لەڕێگەیەوە داکۆکی لە مافە نەتەوەییەکانمان کاری سەرەکیان بێتو، بە بێترس بڕواننە نێو چاوانی هەرکەسێک کە خیانەت لە گەلو نەتەوە دەکاتو،خەونی گەڕانەوەی ناوچەدابراوکانی وەک کەرکوکو،خانەقینو مەندەلیو بەدرەو شێخانو شەنگال و تەواوی ئەوناوچانەی کە بە سازش کردن بوونەتە دیلی دابڕان بۆ هەتایی ببێتە خەونی ڕاستەقینەو گەلو خاکی ووڵات دەست لە ملان بە یەکتر شاد ببنەوە.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست