کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خه‌مساردی لیستی گۆڕان ، دووباره‌ ریگه‌ خۆشده‌کات بۆ ته‌زویر!.

Wednesday, 07/10/2009, 12:00


پێش هه‌ڵبژاردنی 25/7 ی په‌رله‌مانی کوردستان و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم ، لای زۆران ترسێکی زۆر هه‌بوو که‌ ده‌سه‌ڵات هیچی له‌به‌رده‌م نه‌ماوه‌ جگه‌ له‌ ته‌زویرکردن . ده‌سه‌ڵاتی هه‌ردوو بنه‌ماله‌ پێش ئێمه‌ باش له‌ لاوازی و بێ جه‌ماوه‌ری خۆیان گه‌یشتبوون و هه‌موو راپرسییه‌ نهێنییه‌کانیان به‌ تایبه‌تی بنه‌ماڵه‌ی مه‌سعود ده‌ریده‌خست که‌ به‌ته‌واوی له‌ خه‌ڵکی کوردستان دابراون و خه‌لکی ده‌نگیان پێناده‌ن ، بۆیه‌ وه‌ک پلان بۆ به‌رگرتن له‌ ده‌نگی ناره‌زایی سێ جۆره‌ پلانیان پپیاده‌ کرد و له‌ سێ قۆناخی جیاجیادا:
1- پێش هه‌لبژرادن بتوانن به‌ به‌کارهێنانی هه‌موو ئیمکاناتیکی ماددی و مه‌عنه‌وه‌ی ،خه‌ڵکی له‌ گۆران و لیسته‌کانی دیکه‌ بکه‌نه‌وه‌ و له‌ده‌وری خۆیان کۆی بکه‌نه‌وه‌ ، دیاره‌ کۆمه‌لیک ئیجرائاتیان ده‌کرد هی ده‌سه‌ڵاتێک نه‌بوو که‌ 17 ساله‌ حوکمڕانی ولاتێک ده‌کات ، به‌لکو هی گروپیک بوو که‌وه‌ک تازه‌ بویه‌وێت خۆی به‌ خه‌ڵکی بناسێنێت..ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بۆ بانگه‌شه‌ به‌رتیل و به‌شینه‌وه‌ی ده‌مانچه‌ و پاره‌ و شتی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ تا ده‌گاته‌ ماکسی ژنانه‌ به‌سه‌ر خه‌لکیدا ، ببوه‌ رووه‌تێکی دیاری ئه‌و بانگه‌شه‌. ته‌نازولکردنی جه‌لال و مه‌سعود بۆ ئاماده‌بوون له‌ ئاهه‌نگی عه‌زیز وه‌یسی و چۆپی و زه‌که‌ریا له‌ شوێنه‌ گشتییه‌کان ببوه‌ جێگه‌ی سه‌رسوڕمانی خه‌ڵکی ، چونکه‌ خۆ هه‌ر ئه‌وانه‌ن له‌ رۆژانی ئاسایی ته‌نانه‌ت ته‌نها له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌کان ده‌بینران ، له‌ بورجی عالیدابوون و ته‌نها خه‌ریکی دزی و تاڵانی و مۆرکردنی ژێر به‌ ژێری گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌کان بوون. بۆیه‌ پلانه‌که‌ ،‌ باناوی بنێین به‌ پلانی A، زۆر له‌سه‌ر بوودجه‌ی دزراوی خه‌ڵکی کوردستان که‌وت ، ئه‌مه‌ سه‌رباری پرۆسه‌که‌ به‌ خۆ سووکردنی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ی مافیا ته‌واو بوو. دیاره‌ باسی راگه‌یاندنه‌کانی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ش ئه‌گه‌ر بکرێت ده‌بێ بووترێت : له‌ نێو سه‌رلیشێواوی و بێ به‌رنامه‌یی ده‌خولانه‌وه ، نه‌یانده‌توانی هه‌ستونه‌ستی خه‌لکی بۆ لای خۆیان رابکێشن و به‌ جۆرێ ببوه‌ مایه‌ی بێزاری خه‌لکی و نه‌فره‌تکردن لێیان. جێگای ئاماژه‌یه‌ کۆمسیۆنی باڵا به‌ته‌وای که‌وتبووه‌ ژێر کۆنتڕۆڵی بنه‌ماڵه‌ی مه‌سعود و سه‌رۆکی کۆمسیۆنه‌که‌ش وه‌ک که‌سێکی سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵات هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌کرد ، خۆ ئه‌گه‌ر بایدن نه‌بوایه‌ به‌ ته‌مابوون ئه‌و ده‌ستوره‌ که‌ بۆ مه‌سعود نووسرابۆوه‌ ده‌خرا ریفراندۆم و به‌ ته‌زویریش دواتر په‌سه‌ند ده‌کرا!. هه‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی به‌رێوه‌به‌ری وێستگه‌کان و چاودێره‌کان و هه‌موو پێداویسته‌کان به‌ سه‌رپه‌رشتی ته‌واوی پاراستن ئه‌نجامده‌درا ، ته‌نانه‌ت ئه‌و مه‌ره‌که‌به‌ش وا دورستکرابوو که‌ له‌ گه‌ل فاسدا نه‌مێنیت بۆ جێبه‌جێکردنی پلانی B کار هاسانییه‌کی باش بوو ، ئه‌مه‌ وێرای فۆرمی 111 که‌ به‌ ژماره‌یه‌کی زۆر به‌سه‌ر لق و ناوچه‌کاندا دابه‌شکرابوو. به‌ مانایه‌کی دیکه‌ ده‌کرێت ناو له‌ کۆمسێۆنی هه‌ڵبژاردن بنیین: کۆمسیۆنی باڵای هه‌لبژاردنی سه‌ر به‌ بنه‌ماڵه‌ی مه‌سعود.
2- له‌ کاتی هه‌ڵبژاردن‌ ده‌سه‌ڵات گره‌وی زۆری له‌سه‌ر ته‌زویر ده‌کرد ، باش ده‌یزانی که‌ خه‌ڵکی ده‌نگ ناده‌ن به‌ لیستی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ ، بۆیه له‌ رۆژی هه‌ڵبژاردن 25/7 و‌ پاش سه‌عات چوار ئه‌و پلانه‌ که‌وته‌ واری جێبه‌جێکردن و هه‌ڵمه‌تی ته‌زویر ده‌ستی پێکرد ، به‌ جۆری کۆمسیۆنی بالای بنه‌ماڵه‌ش ئه‌ویش شه‌رعییه‌تی دا به‌و ته‌زویره‌ و بووه‌ هاریکاریکی باش و که‌ڤه‌رێکی یاسایشی بۆ دانا و سه‌عاتێک بێ هیچ پاساویک واده‌ی هه‌ڵبژاردنی درێژکرده‌وه‌ تا به‌ته‌واوی دڵنیابن له‌ ئه‌نجامدانی پلانی B . ده‌بی بووترێت له‌ ده‌ڤه‌ری سڵیمانی ، یه‌کیتی ئه‌و هێزه‌ی نه‌بوو وه‌ک ده‌سه‌ڵاتی مافیای مه‌سعود که‌ خیبره‌یه‌کی زۆریان هه‌یه‌ له‌ ته‌زویرکردن ، ته‌زویر بکه‌ن.
3- دوای ئه‌وه‌ی ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاوبۆوه‌ که‌ زۆرانێک له‌و که‌سانه‌ی که‌ ته‌زویریان کردووه‌ بۆ لیستی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ ، ده‌نگیان دووباره‌ به‌ گۆڕان و لیسته‌کانی دیکه‌ داوه‌ ، به‌ تایبه‌تی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم ، بۆیه‌ مه‌سعود له‌ رێگای پاراستنه‌وه‌ به‌ په‌له‌ که‌وته‌ ئاماده‌کردنی پلانێکی به‌ په‌له‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی کۆمسیۆنی باڵای ناسه‌ربه‌خۆ و توانیا له‌ شه‌وی 26/27-7 له‌ سیناریۆیه‌کی ئاشکرا که‌وتنه‌ ته‌قه‌ له‌ خه‌ڵکی هه‌ولێر و ره‌وشێکی گوماناوی و تیرۆرییان خوڵقاند ، وایانکرد که‌س نه‌توانێت سه‌ر له‌ ماڵه‌که‌ی خۆی ده‌ربکات و تا سه‌عات 4 ی شه‌و ته‌قه‌ی به‌ناوخۆشی به‌رده‌وام بوو ، به‌لام له‌ بنه‌ڕه‌تدا مه‌سعود ژووری عه‌مه‌لیاتی دانابوو و ده‌وری خوێندگای فاخیر مێرگه‌سوریان له‌ هه‌ولێر گرتبوو که‌ هه‌موو سه‌ندووقه‌کانی ده‌نگدان له‌وێدا کۆکرابونه‌وه‌ و به‌ هه‌وه‌سی خۆیان و به‌به‌رچاوی کۆمسیۆن و فه‌ره‌ج حه‌یده‌ری هه‌موو سه‌ندوقه‌کان پڕکرانه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌ک که‌ دلنیابن له‌ سه‌رکه‌وتنی مه‌سعود و لیستی هه‌ردووبنه‌ماڵه‌. کی بڕوا ده‌کات که‌ خه‌لکی هه‌ولێر و دهۆک رێژه‌ی به‌شدارییان له‌ سلێمانی زیاتربووه‌ ؟ ئه‌ی چۆن ئه‌و رێژه‌یه‌ لیکده‌درێته‌وه‌ که‌ که‌مال میرائاوده‌لی تا کۆیه‌ نزیکه‌ی له‌ 60% ده‌نگه‌کانی به‌ده‌ستهێنابوو ، که‌جی مه‌سعود له‌ نه‌تیجه‌دا بیباته‌وه‌؟ هه‌موو ده‌رهاویشته‌کان ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن ئه‌گه‌ر پلانی C ی پاراستن نه‌بوایه‌ ده‌رئه‌نجامه‌کانی هه‌لبژاردن به‌ ته‌واوی به‌شێوه‌یه‌کی تر ده‌بوو، به‌ مانایه‌کی دیکه‌ گره‌وی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر ته‌زویر گره‌وێکی راست بوو ، واته‌ ئه‌گه‌ر ته‌زویر نه‌بوایه‌ هه‌رگیز مه‌سعود سه‌رۆک نه‌ده‌بوو و په‌رله‌مانه‌که‌ش به‌شێوه‌یه‌کی دیکه‌ ده‌بوو.ئه‌و سه‌رۆکه‌ و ئه‌و ‌ په‌رله‌مانه‌ ته‌زویره‌ و هیج شه‌رعییه‌تێکی نییه‌ به‌ هه‌موو پێودانگه‌ دیموکراسییه‌کان ، ته‌زویر هه‌ر ته‌زویره‌ و به‌مانایه‌کی دیکه‌ ئه‌و په‌رله‌مانه‌ ته‌عبیر له‌ ده‌نگی خه‌ڵکی کوردستان ناکات ، باشترین به‌ڵگه‌شمان دیاره‌ برێتییه‌ له‌وه‌ی ئه‌وه‌ سێ مانگه‌ هه‌لبژاردن ته‌واو بووه‌ نه‌یتوانیوه‌ حکومه‌تیکی ته‌نانه‌ت ته‌زویریش پیکبهێنیت.
ئینجا بابینه‌ سه‌ر خه‌مساردییه‌کانی لیستی گۆران ده‌رهه‌ق به‌و پلانانه‌ی که‌ هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ی مافیا به‌کاریان هێنا.
ده‌کرێت بلیین لیستی گۆڕان تا سنووریکی باش بۆ هه‌رسپیهێنانی پلانی A ئه‌وه‌نده‌ زه‌حمه‌تی نه‌ده‌دی ، چونکه‌ خه‌لک تێکڕا له‌ دژیان خۆر‌سکانه‌ ورژابوو ، به‌لام ده‌کرێت ره‌خنه‌یه‌کی جددی ئاراسته‌ی هه‌ڵسوڕێنه‌رانی لیستی گۆڕان بکرێت به‌وه‌ی په‌ی به‌ مه‌رام و گره‌وه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی نه‌ده‌برد و بۆ ئه‌وه‌ش هیچ دژه‌پلانیکی نه‌ بوو ته‌نانه‌ت له‌ دانانی چاودێران، به‌ تایبه‌تی له‌ هه‌ولێر و دهۆک که‌ بووه‌ مایه‌ی شکستێکی گه‌وره‌ نه‌ک له‌ رووی نه‌بوونی ده‌نگی خه‌ڵکی به‌ڵکو له‌ رووی ته‌کنیکییه‌وه‌ چاودێره‌کان زۆر لاواز بوون نه‌یانتوانی به‌ر له‌و هه‌موو ته‌زویره‌ی لیستی بنه‌ماڵه‌ بگرن ، زۆریک له‌ بنکه‌کانی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌ولێر خه‌لکی که‌متوانا و نه‌خوێنده‌وار و ترسنۆک دانرابوون که‌ نه‌یانده‌توانی ببنه‌ ریگر له‌ ته‌زویر.
که‌واته‌ خه‌لکی کوردستان به‌وه‌فا بوو و ئازایانه‌ش ده‌نگی خۆیدا و تۆڵه‌ی خۆی له‌ده‌سه‌لات کرده‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌نگه‌کانی نه‌پاراست و به‌ خه‌مساردییه‌وه‌ نه‌یهێشت بگا به‌ ئه‌نجام دیاره‌ لیستی گۆڕان بوو.ئێمه‌ نابێت ره‌خنه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتێکی وا بێ که‌رامه‌ت و تاڵانچی و مافیا بگرین که‌ ته‌زویری کردووه‌ ، ئه‌و پێیوایه‌ کاتێ فێڵ له‌ خه‌لکی ده‌کات سه‌رکه‌وتنێکه‌ بۆ خۆی تۆماری ده‌کات ، بۆیه‌ ئێمه‌ روومان ده‌که‌ینه‌ لیستی گۆڕان که‌ هیچ ئیجرائاتیکی پێویستی نه‌گرته‌به‌ر بۆ پاراستنی ده‌نگی خه‌ڵکی کوردستان ، بۆیه‌ ئیستاکه‌ش خه‌ڵکی کوردستان دڵنیایه‌ نه سه‌رۆکاتییه‌که‌ی ‌ مه‌سعود و نه‌ په‌رله‌مانه‌که‌ش به‌ده‌نگی ئه‌وان نه‌بووه‌ .
ده‌بوایه‌ لیستی گۆران به‌وه‌نده‌ نه‌وه‌ستایه‌ که‌ 25 ئه‌ندام په‌رله‌مان بباته‌ په‌رله‌مان ، به‌لکو ده‌بوایه‌ له‌ هه‌وڵ نه‌که‌وتبایه‌ له‌ شکایه‌تکردن له‌ کۆمسیۆنی نابالا و له‌دادگایه‌کی عادیلانه‌ شکایه‌تی بکردایه‌ ، به‌ڵام حه‌یف ئه‌ویش به‌و به‌شه‌ که‌مه‌ رازی بوو و ده‌شبیت باجه‌که‌ی بدات ، جا چۆنی ده‌دات ئه‌وه‌ له‌ داهاتوویه‌کی زۆر دوورنا به‌ دیارده‌که‌وێت.
ئێستا هه‌لبژاردنه‌کانی عێراق و ئه‌نجومه‌نی پاریزگاکانی کوردستان له‌ ئارادایه‌ و بریاره‌ له‌ 16/1/2010 ئه‌نجامبدرێت. بۆ ئه‌م هه‌لبژاردنانه‌ پیویست ده‌کات وه‌کو جاری بۆرین لیستی گۆڕان خه‌مسارد نه‌بیت و رێز له‌ ئیراده‌ی خه‌ڵکی کوردستان بگرێت و رێگری بکات له‌ ته‌زویری هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ی مافیا .. ئێمه‌ به‌ مه‌زه‌نده‌ی تێڕوانینی خۆمان هه‌ندێ هه‌نگاو ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌ست ، دواکارین له‌ خه‌مخۆران و رۆشه‌نبیرانی وڵاته‌که‌م ئه‌گه‌ر بتوانن ئه‌وانیش بۆ پاکراگرتنی ئه‌و پڕۆسه‌ بنووسن و بۆمانی بنێرن:
1- کۆمسیۆنی باڵای ئێستا دووربخریته‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستان ، که‌سێکی دوور له‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ بهێنن بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ سه‌رپه‌رشتیار ، ئه‌گه‌ر بکرێت بیانی بێت و له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان بێت باشتر ده‌بێت.
2- به‌رێوه‌به‌ر ویستگه‌کان و فه‌رمانبه‌ری سه‌ر لیستی ده‌نگده‌ران ، له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و رۆژێک پێش هه‌ڵبژاردن بهێنرێنه‌ کوردستان و هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ش دابه‌ش بکرێن به‌سه‌ر بنکه‌کان، به‌ مانایه‌کی دیکه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک مامۆستا و کارمه‌ندانی هه‌رێم و سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵات دانه‌نرێن.
3- جاودێرانی لیستی گۆڕان با زیاتر خه‌لکی خاوه‌ن بڕوانامه‌ و خوێنده‌وار و جاونه‌ترس بن و باشتر وایه‌ کۆمیته‌ پشتیوانان له‌ لیستی گۆران له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و که‌نه‌دا نزیکه‌ی 2000 که‌سیک به‌ تایبه‌تی ژنان دابنێن بۆ هه‌ولیر و دهۆک و که‌رکوک پێش هه‌ڵبژاردن به‌ 2 هه‌فته‌یه‌ک بێنه‌وه‌ کوردستان و چاونه‌ترسانه‌ به‌شداری چاودیری بنکه‌کان بکه‌ن.
4- نه‌هێشتنی فۆڕمی 111 یا هه‌ر فۆرمێکی دیکه‌ .
5- قسه‌کردن له‌ گه‌ڵ ناوه‌نددا که‌ له‌ هه‌ر بنکه‌یه‌ک ئه‌فسه‌ریک و چه‌ند پۆلیسێک دابین بکات و له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بێت و ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی هه‌بێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هه‌رده‌ستێوه‌ردانێک.پۆلیسی هه‌رێم له‌ بازنه‌ی سییه‌م و چواره‌م بێت
6- ده‌نگدانی تایبه‌ت نه‌هێڵدرێت و هه‌موو به‌یه‌که‌وه‌ ده‌نگ بده‌ن ، یا ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش ئیمکان نه‌بوو ، ئه‌نجامی ده‌نگه‌ تایبه‌ته‌کان هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ بلاوبکرێته‌وه‌ و ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ش بۆیان نه‌بیت ده‌نگ بده‌نه‌وه‌ (بۆیه‌ خاڵی 2 و 5) گرنگه‌ بۆ پاککراگرتنی ده‌نگدانی تایبه‌ت.

ئه‌م خاڵانه‌ به‌رای به‌نده‌ زۆر گرنگن ، ئه‌گه‌ر لیستی گۆڕان و یا هه‌رلیستێکی دیکه‌ جگه‌ له‌ لیستی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ی مافیا به‌ هه‌ندی وه‌ربگرێت ، ده‌توانیت رێگری له‌ ته‌زویر بۆ رێژه‌یه‌کی زۆر بگرێت و ببیته‌ پاریزه‌ری ده‌نگه‌ شه‌رعییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە